بۆچی ھەڵبژاردنی ئەم خولەی پەڕلەمانی عێراق چارەنوسسازە؟

لەلایەن ستاندار Posted on 303 جار بینراوە

نەوزادی موھەندیس

لەدوای ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسی ێدامیەوە لەساڵی ٢٠٠٣وە تاکو ئێستا ٣ خولی ھەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق بەڕێوەچووە،و ئەم خولەی ئێستاش کە بڕیارە لە ١٢/٥/٢٠١٨دا ئەنجام بدرێت دەبێتە خولی چوارھەم و تا ساڵی ٢٠٢٢ دەخایەنێت.ئەوەی ئاشکرایە کە لەدەستوری ھەمیشەیی عێراقدا کەلەساڵی ٢٠٠٥دا نوسراوەتەوە دانی ناوە بەوەی کە سیستەمی حومکڕانی لە عێراقدا بریتیە لە سیستەمێکی پەڕلەمانی و فیدڕاڵی و تەوافوقی و دیمکوراسی و ئەم بنەمایانە کراونەتە بنەمای سەرەکی بۆ بەڕێوەبردنی عێراقی ئایندە، بەڵام لەسەر زەمینەی واقیع ھیچ کام لەو بنەمایانە تاکو ئێستا وەکو خۆیان و بەشێوەیەکی سروشتی و بێ گرفت جێبەجێنەکراون و ھیچ کام لە سەرکردە و حیزبە سیاسیەکان کاریان نەکردوە بۆ چەسپاندنیان، ئەوەی کە بەتەنھا ھەوڵی چەسپاندنیانی دەدا بریتی بوو لە کورد ،بەڵام ئەویش بەھۆی کەمی کورسی و ناتەبایی ناوخۆییان و پاشگەزبونەوەی برا عەرەبەکان ((بە سونە و شیعەیانە))وە لە بەڵێن و پەیمانەکانیان،نەیتوانیوزە جێبەجێیان بکات.

ئەوەتا لەماوەی ١٥ ساڵی ڕابووردوودا پەڕلەمانی ھێراق نەیتوانیوە یاسا گرنگەکان دەربکات و متمانە لە حکومەتە یەک لەدوایەکەکان بسێنێتەوە و دژی گەندەڵی بوەستێتەوە و داھات و خەرجی عێراق بەفیڕۆ نەدات و ھەژمونی خۆی بەسەر حکومەت و تەواوی ئۆرگانەکاا بسەپێنێت،ئەوەی لەبەرچاوە حکومەت وەک دەسەڵاتی جێبەجێکار باڵادەست و ئاکتیڤە و نەچۆتە ژێر باری یاساکانی پەڕلەمانەوە،چونکە زۆرینەی حکومەت لای عەرەبی شیعەن کە زۆرینەن و بەھێزیشن،بەھەمان شێوە دیموکراسی لە عێراقدا نەک نەچەسپیوە بەڵکو لە پاشکشەی بەردەوامدایە لە ڕووی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و ..ھتد.ھەموان بەئێستاشەوە حەز وخواستی تاکڕەوی و باڵادەستی و قۆرخکاری و پاوانخوازی لەدەسەڵاتدا دەکەن.ھەربۆیە دیموکراسیش تەنھا بۆتە دروشمێکی بێ ناوەڕۆک.ئەوەی کە ناوی تەوافوقی سیاسی و کاری پێکەویشە بۆتە دروشمێکی بێ بنەماو ھیچ کام لە حیزب و سەرکردەکان کاری بۆ ناکەن و تەنانەت لەناو ماڵی شیعیشدا باوی نەماوە و ھەموان کار تەنھا بۆ بەرژەوەندی حیزب و سەرکردە و بنەماڵەکانیان دەکەن و لەناو سونە و کوردیشدا بەھەمان شێوەیە،ھەربۆیە لە ئێستادا و لەناو پەڕلەمان و حکومەت و سیستەمی حوکمڕانی لەعێراقدا ھیچ کام لە پێکھاتە نەتەوەیی و ئاینی و مەزھەبیەکان کاری پێکەوەیی ئەنجام نادەن،تەنھا لەبارێکدا نەبێت کە بەرژەوەندیە ئابوریەکانیان لێک نزیک ببێتەوە.

ھەرچی مەسەلەی فیدڕاڵیشە،کەھەر لەسەرتاوە تەواوی عەرەبەکان و کەمینەکانی تریش لێی ناڕازی بون و تەنھا کورد داوای دەکرد،لە ئێستادا ئەویش کاری پێناکرێت و تەنانەت ھەوڵی سڕینەوە و ڕەتکردنەوەشی دەدرێت و ئەوەتا لەماوەی ئەم ١٥ ساڵەی ڕابووردوودا،کاری جدی نەکراوە بۆ پێکەوەنانی ھەرێمەکانی تر و دانەمەزاراندنی ئەنجومەنی ھەرێمەکان و کەوتوشنەتە لەقاڵبدانی دەسەڵات و سنورەکانی تاکە ھەرێمی فیدڕاڵی لە ھەرێمی کوردستانیشدا.

بەوم شێوەیە ئەو دەستور و بنەمایانەی بۆ عێراقی نوێ دانراوە ھیچ کامیان کاری پێناکرێت و عێراق بۆتە وڵاتێک کە تەنھا زۆرینەی باڵادەستی عەرەبی شیعە دەیبات بەڕێوەو ئەویش بەپێی نەک بەرنامەیەکی نیشتیمانی و نەتەوەیی عەرەبیو عێراقی بەڵکو بە پێی ئەجێندای دەەوڵەتانی دراوسێ لەتورکیا و بەتایبەتیش ئێرانی شیعە مەزھەب.بۆیە عێراقی ئایندە تەنھا دروشمێکی بێ ناوەڕۆکە و زۆر دوورە عێراقێکی ئاشتی و ئارامی و خۆشگوزەرانی و پێشکەوتوو و دیموکراسی ببینین کە تیایدا ھاوڵاتی و ھاونیشتیمانیان ھەست بە کەرامەت و سەلامەتی و پاراستنی ماف و ئازادیەکانیان بکەن لەسایە ی حومکڕانیەکی ئاینی و مەزھەبی توندڕەو و تەسک و دواکەوتوەوە.

ئەوەی لێردا بۆتە پرسیار ئەوەیە ،بۆچی ئەم ھەڵبژاردنە ھەموان بە چارەنوسساز لێیدەڕوانن و بەگەرمی ھەڵمەتی ھەڵبژاردنی بۆ دەکەن و گەرەکیانە زۆرترین ژمارەی کورسی بەدەست بێنن؟
بەکورتی و کرمانجی ھەموان لەھەوڵی بەدەستھێنانی پلە و پۆست و ئیمتیازاتی مادین و نیوھێندە بەتەنگ بەرژەوەندیە باڵاکانی نە عێراق و نەکوردستانیشەوەن، بەڵکو ھەموان گەرەکیانە خۆیان ببنە زۆرینەی پەڕلەمانی و حکومەت پێکەوە بنێن ،ئەوەی زۆر بەڕوونی ھەستی پێدەکرێت لەناو ماڵی شیعەکاندایە و بەتایبەتتریش لەناو حیزبی دەعوەدا وەک گەورەترین حیزبی سیاسی و ھەوڵی بەدەستھێنانی زۆرینەی پەڕلەمانی دەدات و بە ئاشکراش نوری مالکی ڕایگەیاندوە کە لەگەڵ حکومەتی زۆرینەدایە ئەمەش بەواتای ئەوە دێت گەر سەرکەوتنی گەورە بەدەستبێنێت ئەوا عێراقی ئایندە بەرەو دواوە دەگێڕێتەوە بۆ سەردەمی تاکڕەوی و تاک حیزبی و تاک سەرکردەیی بەھەمان شێوەی ڕژێمی بەعسی ێدامی.بۆیە بەڕاستی ئەم ھەڵبژاردنە دەبێتە خاڵی جیاکەرەوە و چارەنووساز بۆ ھەموان بە عەرەب و کورد و کەمینەکانی تریشەوە،و عێراق دەکەوێتە سەر دووڕیانی مانەوە وەک وڵاتێکی فیدڕاڵی و دیموکراسی و پێکەوەیی و پەڕلەمانی یاخود بەرەو تاکڕەوی و تاک حیزبی و تاک سەرکردەیی ھەنگاو دەنێت.

بۆیە عێراقی ئێستا و ئایندە دوای نەمانی یان لاوازبون و کزبوونی تیرۆر و تیرۆریستانی داعش و بەرزبونەوەی نرخی نەوت و دەستکردن بە ئاوەدانکردنەوەی وڵات و تاڕادەیەک ئارامی و ئاشتیەکی کاتی ھەیە و ھەستیپَدەکرێت،ھەموان گەرەکیانە زۆرترین سوود و قازانجی سیاسی و ئابوری و ئەمنی بکەن.و بۆ ٤ ساڵی ئایندە ببنە پاڵەوانی گۆڕەپانی سیاسی لە عێراق و ناوچەکەشدا. چونکە ئەوەی دەرکەوتوە حومکڕانانی عێراق لەماوەی دەسەڵاتیاندا ھێندەی بەتەنگ کۆکردنەوەی سەروەت و سامانەوەن نیوھێندە بەتەنگ ئایندەی گەلان و خاکی عێراقەوە نین.

ئەوەی لەسەر کەوردیش ماوەتەوە،ئەوەیە کە بەڕاستی ئەم خولەی پەڕلەمان زۆر گرنگ و چارەنوسسازە ـچونکە دوای تەواوبونی شەڕی داعش و دوای داگیرکردنەوەی نویوەی خاکی کوردستان و دوای ھەستکردن بەکەمکردنەوە و لەقاڵبدانی دەسەڵاتەکانی ھەرێمەوە دێت کەھەموان نیازی پاکیان نیە ،بۆیە دەبێت کورد بەیەک و یەکگرتوییەوە بچێتەوە بەغداد و پێداگیری لەسەر بنەماکانی سیستەمی حوکمڕانی بکات لە چەسپاندنی فیدڕاڵیەت و کاری پَکەوەیی و دیموکراسی و سیستەمی پەڕلەمانیداو ھەوڵی جدیش بدات بۆ جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ی دەستور کە زۆر گرنگە بۆ گەڕانەوەی خاکی لەدەستچووی کورد و گەڕانەوەی شکۆی کورد و ھێزی پێشمەرگەش بۆ ئەو ناوچانە.

ھەربۆیە ھەموان خۆیان لە ھەڵوێست و وێسگەیەکی گرنگ و ھەستیار و چارەنووسسازدا دەبیننەوە و ھەوڵی جدی دەدەن بۆ سەرکەوتن و تەنانەت دەوڵەتانی دەروردراوسێ بەشیعە و سونە و بە فارس و تورک و زلھێزەکانیش بەچاوێکی پڕ گومان و مەترسیەوە سەیری ئەم ھەڵبژاردنە دەکەن و ھەریەکەیان گرەوی لەسەر ئەسپێکی دیاریکراو کردوە کە چەند دەتوانێت لانی کەم بەرژەوەندیەکانیان لە ٤ ساڵی ئایندەدا بپارێزێت و مسۆگەریشی بکات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.