پاکدیاری گەشتـی کەشتـی بیری نەوشیروان مستەفا

لەلایەن ستاندار Posted on 288 جار بینراوە

سامانی وەستا بەکر

ڕێبازی شۆڕش لە ڕووی ئایدۆلۆژیاوە نەیتوانیوە ببێتە سێبەرێک بۆ ئەو خولیاو خەمە فکری و ڕامیاری ونەتەوەییانەیەی لەناو ناخی تاکـی کوردا جۆش ئەسەنـێ و قەتیس ماوە، تا لە سای سێبەری شۆڕشا ئایدیا جیاوازەکان کۆبکرێتەوەو ھەمووی پێکەوە ببەسترێنەوە و بخرێنە ژێر ڕکێفـی ئایدیای ڕزگاری و خودموختاری، بەجۆرێک دروست کردنـی دەوڵەتـی سەربەخۆ تاکە ئامانجـی شۆڕشبـێ لە پاڵ شۆڕشـی ھۆشیاری.

خـــیـــانـــەت وەک ھۆکاری سەرەکـــی و پرەنسیپـی پشت بە بێگانە بەستن و ھیوا ھەڵچنین و متمانە بەخۆ نەبوون و ڕەدوو کەوتنـی ھێـزی دەرەکـی و بێگانە، دووبەرەکـی نێوان حیزبە کوردیەکان و بەستنەوەو ھەڵگیـرسانی شۆڕش بە تاکە کەسێکەوە، لەدەستدانـی متمانەی ناوخۆی و جەماوەری، پەروەردە نەکردنـی ئەندام و کادێرو دروست نەکردنـی سەرکردەی بەتواناو شیاو دانەنانـی کەسـی گونجاو لە شوێنـی گونجاو، ھەمیشە لە مێژووی کۆن و نوێشماندا ئەو ھۆکارانە بوون کە شۆڕشـی کوردیان حەواڵەی بێدەرەتانی و بێ کەسـی و لە کۆتایشا شکست کردووە.

لەو سۆنگەیەوە ھەرەس بوارێک بۆ پێچەوانەکەی ناھێڵێتەوانـێ و بەمەش شۆڕش ھێـزە جەماوەرییەکەی لە چاوتروکانێکا بەرەو خاڵـی سفر شۆڕ ئەبێتەوە. ئیتر دوژمن و ناحەز مامەڵەیەکـی دوژمنکارانە لەگەڵ کۆمەڵگا ئەکەن و کۆی دەستکەوتەکان پوچەڵ و بۆش ئەکەنەوە، لەپاڵ ئەم ھەرەس و لە دەستدانەشا کۆمەڵگە تووشـی نائومێدیەکـی گەورەئەبـێ نەک ھیوا چۆڕان واتە ھەر لەوێوە ھیواکانـی بە جۆرێکیتـر لە خەبات ئەسپێـرێ.

ھەربۆیە لە ھەلومەرجێکـی ئاوا سەخت و دژواردا سەرکردەیەکـی لەخۆبوردووی پێویستە ببێتە فریادڕەس، کە تەواو جیاواز بێت و لەوانیتـر نەچێت کە چروزەی ڕسکانـی بیرو باوەڕێکـی تر سەرلەنوێ ڕاسان و شۆڕشێکـی تر بخوڵقێنـێ، بەو واتایەی ئەوەی ڕابەرو سەرکردەیەکـی لێھاتوو نەبـێ ئەستەمە توانا تێکشاکاوەکان و دەرونە شکست خواردووەکان لەفەزایەکـی ئەوپەڕی تێک شکاوا جارێـکـی تر ببزوێنـێ، خۆشبەختانە نەوشیروان مستەفا ئەمین ئەو کەسە بوو کە ئەمەی کرد.

لە زەمنێکـی نوزە لێبـڕاودا گەشبینـی گرنگە. ئەو دەم گەشبیبنـی لای نەوشیروان مستەفا نەبـێ لای کەسـی تر بەدی نەئەکرا، گەشبینـی سەرکردەش لە ھەومەرج و شوێنـی خۆیا گرنگە بەواتای ئەوەی گەشبینـی و ئیـرادە ئەو کاتە بایەخ پەیدائەکات و بەرھەمـی ئەبـێ کە بـێ ئومێدی و ڕمانـی وورە ئەبێتە حاڵەتێکـی بـــاو لەناو میلەتا کە ئەمەش حوکمی بنەماڵەی شکست خواردووی چەندین ساڵ خوڵقانبووی، کاتێکیش نەوشیروان مستەفا بیرۆکەیەکـی نوێ بۆ چاکسازی و ڕێفۆرم و ڕوئیایەکـی نوێ لە شێوەی ڕیتمێکـی جیاوازی حکومڕانی لای بەرجەستە ئەبـێ ئیتـر گۆڕانکاری و ڕۆژێکـی نوێ لەدایک ئەبـێ.

ھاوڕێکانی نەوشیروان مستەفا کە لە مێـژەوە وەک خۆی ناسـی بوویان و لە ئەڵقەیەکـی گەشبین و بـەئومێدا مابوونەوە بیرۆکەی نوێـی نەوشیـروان مستەفا ڕۆحـی تاودانەوە و ڕاسانێکـی نوێـی لاداھێنان، سەرەنجام لە مناڵدانـی ھزرو تێڕوانینـی گەشبینانەی نەوشیروان مستەفا بۆ چاکسازی بزوتنەوەی گۆڕان لە دایک بوو.

بزوتنەوەی گۆڕان خوێنـی ھەموو ئەوانەی گەرم کرد کە سووربوون لەسەر درێژەدان بە خەبات بەڵام بە ڕیتمێکـی نوێ و دنیای بینـی نەوشیروان مستەفا کە خۆی لە “ڕاستگۆی، دادپەروەری کۆمەڵایەتـی، چاکسازی بەردەوام، شۆڕکردنەوەی دەسەڵات بۆ گەل، نەھێشتنـی مەنسوبیەت و مەحوسوبیەت، کەم کردنەوەی جیاوازی مووچە لە نێوان پلە جیاوازەکانی کۆمەڵگە، پشت بەستن بە ھێزو بازو ووزەی ناوخـۆ، شەفافیەت لە بودجە و ئاشکراکردنـی بۆ میلەت، نەھێشتنـی حوکمـی بنەماڵە، دوور خستنەوەی دەستی حیزب لە حکومەت، ڕیگەدان و ھێنانە پێشەوەی گەنجان و سوود بینین لە ئەزموونـی بەتەمەنەکان، بڵاوکردنەوەی ھۆشیاری لەنێو کۆمەڵگە، ڕێگەدان بە ئەزموون کردنـی بیرو خوێنـی نوێ و چەندین چاکەی تریش.

نوێبوونەوە بووبووە پێوستییەکـی مێژوویـی لە ڕێبازی بەڕێوبەری وتەکتیک و ستــراتیـژی. گەوھەری ڕاستەقینەی لەدایک بوونـی بزوتنەوەی گۆڕان ڕێفۆرمـی جەوھەری بوو لە حوکمی جووت حیزبـی بنەماڵەیـی ساڵانـی ١٩٩١ تـا دروست بوونی بزوتنەوەی گۆڕان کە ئەم قۆناغە لە مێـژووی حوکمڕانـی باشوری کوردستانا دائەنرێ بە “بەرجەستەکردنـی گەوھەرەی نوێبوونەوە و شۆڕشـی وشیاری کۆمەڵگە”.

لە ڕاستییا دروست کردنـی بڕیاری سیاسـی و گۆڕانکاری بنچینەی و چاکسازی گشتـی و ڕێفۆرمـی سەرتاسەری پێویستــی بە ئیـرادەی ھەمووان یان لایەنـی کەم زۆرینەی ئیـرادەی ھەمووان ھەیە یان حیـزبـی ھاوچەرخـی تەواو عەیار دیموکراتـی کە بڕوای بە خەباتـی پەرلەمانی ھەبـێ و سیستمـی سیاسـی نوقسانـی نەبـێ لە دەستور و دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات، پەرلەمانیش کێڵگەیەک بـێ بۆ دەرخستن و پێھەڵاچوونـی توانای فیکری سیاسـی موحەنەکـی حیزبەکان.

وەرچەرخان لە دۆخێکـی ناجێگیرەوە بۆ دۆخێـکـی جێگیـر پێویستـی بە بڕیاری عەقڵانـی و ھەلومەرجـی گونجاو و پایەی کۆمەڵایەتـی وشیار ھەیە بەو واتایەی کە کۆمەڵگە ھەر خۆی جێگیـری سیاسـی و ناجێگیـری ئەچەسپێنـێ ئەگەر بە ھۆشیارییەوە بڕوانێتە بارودۆخەکە، چونکە لە نێوان وێستگەکانـی دوو ھەڵبژاردنا ماوەیەک ھەیە بۆ پێداچوونەوە، ئەو ماوەیە جەمسەرێـکـی لای ئەوانەن کە متمانەیان وەرگرتوەو حاکم و باڵا دەست و حوکمدارن و جەمسەرەکەی تریشـی لای ئەوانەیە کە دەنگـی تەواویان بەدەست نەھێناوە تا دەسەڵات بگرنە دەست.

گۆمەڵگەی چەلەنگ و ھۆشیار ئەگەر لەکاتـی دەنگدانا دەنگ بە ئاڕاستەی بەرژەوەندییەکانـی خۆیان بدەن نەک بەرژەوەندی حیزب ئەوا گرنگـی زانینـی نێوان ئەو دوو جەمسەرە یان وێستگەکانـی ھەڵبژاردن وائەکات ئەوانەی براوەی ھەڵبژاردن بوون و متمانەیەیان وەرگرتووە لەوە بگەن لە ئەو ماوەیەی لە پۆستەکانیانا کارئەکەن، کاری باش و ھەڵسوڕان و توانا و لێوەشاوەیـی سەنگـی مەحەکە بۆ مانەوەو بەردەوام بوون لە دەسەڵات و خەمـی یەکەمیان کاری باش کردن و چاکترکردنـی ژیانـی ھاوڵاتـی ئەبـێ، بــەڵام ھەرچـی جەمسەری دووەمە کە متمانەو دەنگـی تەواوی بەدەست نەھێناوە وەک ئۆپۆزسێۆن ئەبێتە باشترین ڕەقیب، بەم جۆرەش پایەکانـی دیموکراسـی و حوکمـی گەل ئەچەسپێت و گەشانەوەو ئاوەدانـی جێێەک بۆ پێچەوانەکەی ناھێڵێتەوە.

“دانکۆرت رۆستۆ” پێـی وایە سیستمـی دیموکراسـی بە چوار قۆناغا تێئەپەڕێ کە تێیدا وەرچەرخانـی دیموکراسـی ئەگەیەنێتە پنتەکانـی ڕاگیربوونەوە کە ئەونیش بریتین لە:

١.قۆناغـی دەستەبەربوونـی یەکێتـی نیشتمانـی، لەم قۆناغەدا ڕێکەوتنـی گشتـی نییە بەڵکو شوناسێکـی سیاسـی ھاوبەش تەشکیل ئەبـێ لەلایەن زۆرینەوە.

٢.قۆناغی ئامادەیـی کۆمەڵگا (اعداد)

“Preparatory phays”

بەمانای ئەوەی وڵات لەم حاڵەتەیا بە قۆناغی ململانێـی دوورو درێژو یەکلانەبوونەوەیا تێئەپەڕێ و دیموکراسـی لە مناڵانـی ململانـێ و تەنانەت جاری وا ھەیە توندوتیژیشا لە دایک ئەبـێ نەک بەرھەمـی پەرەسەندنی ئاشتینـێ.

٣.قۆناغی بڕیاردان

“Decision phays”

لەم قۆناغەیا لایەنە ناکۆکەنا بڕیار لەسەر ئەوە ئەیەن کە چارەسەرێک و بنەمای دیموکراسـی پەسەند بکەن کە تیایا ھەمووان مافـی بەشداری کردنیان پـێ بدرێ لە کۆمەڵگای سیاسیـا.

٤.قۆناغی ڕاھاتن “التعود”

“Habituation phyas”

لەم قۆناغەیا کە لایەنەکان بڕیاریان یاوە دیموکراسـی پەسەند بکەن بـێ ئەوەی قەناعەتیان ھەبـێ یان بـێ ئەوەی ململانێکانیان کۆتای پـێ ھێنابـێ بەڵام بۆ نەوە “جیل”ی دوای ئەوان ئەم جۆرە پێکەوە ژیانە ئەبێتە قەناعەت و بەمەش دیموکراسـی خۆی ڕاگرو جێگیرئەکا ئەمەش بە “لـبـرنـە”ی سیاسـی واتە بە لیبرالیزەکردنـی پرۆسەی سیاسـی لە قەڵەم ئەدرێ.

نەوشیروان مستەفا ڕێچکەکەی شکان و “نەخێـــر”ی کردە عورفێکـی ســروشتـی و ترس و تۆقانـی تا ئاستـی نەمان دوورخستەوەو بنچینەکانـی بوێری و دیموکراتـی و کۆمەڵگەی مەدەنـی گورج و گۆڵ کردەوەو قۆناغی یەکێتـی نیشتمانـی و شوناسێکـی ھاوبەشـی بۆ کۆمەڵگە تەشکیل کرد و پاشان دەستـی دایە قۆناغـی ئامادەکردنـی کۆمەڵگە “اعداد” کە بە بەشداری کردن لە چەند خولێکـی ھەڵبژاردنا بە ئازارو ژانێکـی زۆرەوە سەرەتاکانـی دیموکراسـی لە مناڵانـی کۆمەڵگەیا لە دایک بوو.

دواتر کۆمەڵگەو ڕەوتـی سیاسـی بردە قۆناغـی “بڕیاردان” بەجۆرێک کە خەڵکـی بڕیاری مافـی بەشداری کردنـییا و لە دوا قۆناغیشا کۆمەڵگەو حیزبە سیاسیەکانیشـی گواستەوە بۆ دوا قۆناغ کە قۆناغـی ڕاھاتن “التعود”ە کە لـێـرەیا لە ھەرێمـی باشوری کوردستان دیموکراســی پەسەند کراوە بـێ ئەوەی قەناعەتـی تەواو لای ھەموو لایەک ھەبـێ و ملاملانێکانیش بەردوامن کە ئەمە دوا قۆناغ بوو ڕەوان شاد “نەوشـیـروان مستەفا “کۆمەڵگەی پێگەیاند.

بەمەش ھەرچوار قۆناغـی ڕاگوزەری (یەکێتـی نیشتمانـی، ئامادەیـی، بڕیاردان و ڕاھاتن) بۆ گۆڕینـی (چەقبەستووی سیاسـی و حوکمـی بنەماڵەی بۆ دیموکراسـی و حوکمی گەل) بە سەرکەوتووی بە ئەمانەتەوە بەئەنجام گەیاند ھەر ئەوەش بوو کە لە ووتە بەناوبانگەکەی ڕەوانشاد وەک دوا پەیام ڕاگەیاند کە ئەڵـێ:

(وەکو ئەڵێن ئەم بەندەی خوایە ئەوەی کە واجب بووە لەسەر من واجبـی ئەخلاقی واجبـی سیاسـی واجبـی دینـی واجبـی نیشتمانـی واجبـی نەتەوەیـی ئەوەی کە من لە تواناما بووبـێ بە ھاوکاری ھاوکارەکانم کردوومانە بۆ ئەوەی خەڵک وشیاربکەینەوە لەسەر ئەوەی کە حقوق و واجباتیان چییە).

ئەمەش ھەمان ئەو پەیامەیە کە پەیامبەر و پێغەمبەری ئیسلامی گەیاندی پێش مردنی خۆی واتە نەوشیروان مستەفا ڕێگاکەی پاکدیار کرد و تەنھا ڕۆشتن تا کۆتایـی لەسەر ھەمان ڕێ کۆمەڵگە ئەگاتە خۆشگوزەرانـی و ژیانێکـی شایستە.

ئەکرێ بڵێیـن ئەتوانین گەشبیـن بیـن و کۆمەڵگەی لە خەمـی ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری قوتارکردو بە جۆرێک لە پاش چەند ساڵێکـی تر نەوەکانـی داھاتوو قەناعەتـی دیموکراسـی و دەستاودەست کردنـی دەسەڵات و یەکتـری قبوڵ کردنیان تیا وە لا جێگیـر ئەبـێ.

لە کۆتاییا ئەکرێ ئەم قۆناغی ڕاگوزەرە بەرەو دیموکراسـی ناوبنێیـن بە قۆناغی (گواستنەوەی کۆمەڵگە بەرەو دیموکراسـی لەسەر کەشتـی بیـری نەوشیروان مستەفا) ھەر لەو سۆنگەیەوە دروست بوونـی ھەر حیزب و ڕێکخراوێـکـی تر لە ھەرێـمی کوردستان بەمەبەستـی ڕێفۆرم بە بزوتنەوەی گۆڕانیشەوە بە درێژە پێدەرو و شوێن پێکەوتووی ڕەوان شاد نەوشیروان مستەفا ئەژمارەکرێ.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.