دادوەر و شەرعیەتی خۆپاڵاوتن لە ھەڵبژاردنەکاندا !!!

لەلایەن ستاندار Posted on 374 جار بینراوە

*دکتۆر دلێر سابیر خۆشناو
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی ھەڵبژاردن لە ھەر وڵاتێکدا کۆمەڵێک کاندید بەرچاودەکەون کە ھەڵگری نازناوی دادوەرن، جا چ ئەم کاندیدانە ئەندامبن لە خێزانی دەسەڵاتی دادوەری یان وەکو نازناو ھەڵگری ناوی دادوەر بن .
بێگومان عێراق دوای ساڵی ٢٠٠٣ سیستەمی سیاسی لەسەر بنەمای جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان لە یەکتری بنیاتناوە ، بەمەش پێویستە کاری دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری لە یەکتری جیابکرێنەوە، دیارە ئەم جیاکردنەوەیەش ھەردوو لایەنی وەزیفی و کەسی دەگرێتەوە بەجۆرێک کە کەسێک بۆی نیە ئەندامبێت لە دوو دەسەڵات لە یەک کاتدا .
ئەوەی جێگای گومان نییە ھەر کارێکی پەیوەندار بە دامودەزگاکردنی پێکھاتەکانی دەوڵەت پێویستە لە چوارچێوەی یاسادا ڕێکبخرێت . یەکێک لەم لایەنە گرنگانەی کە دەوڵەتی لەسەر بنیاتدەنرێت ھەڵبژاردندنی پەرلەمانییە بۆیە پێویستە لە چوارچێوەی یاسا کارپێکراوەکان بە ئەنجام بگەیندرێت.
بنەما دەستورییەکان جەخت لە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و دادوەران دەکەنەوە وە بە بنەمایەکی گرنگی دادەنێن بۆ بنیاتنانی دەوڵەتی یاسا، ھەر لە سۆنگەی ئەمەوە بێلایەنی و دەسپاکی دادوەران مەرجی سەرەکی ئەم سەربەخۆیەن . لێرەدا دوو پرسیار دێتە ئاراوە ئەویش ئەمەیە : ئایا دادوەر بۆی ھەیە بەشدار بێت لە ھەڵبژاردنەکان ؟ وە تا چەند گونجاوە نازنازی دادوەری لە بانگەشەی ھەڵبژاردن بەکار بھێنرێت ؟ .
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە یاسادانەری عێراقی و ھەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکەنەوە کە نابێت دادوەر بەشداری کاری سیاسی بکات لە نێوانیشیاندا خۆپاڵاوتن لە ھەڵبژاردنەکاندا ، وە ئەگەر نیازی بەشداریکردنی ھەبوو پێویستە دەسبەرداری کاری دادوەری بێت ئینجا بەشداربێت لە ھەڵبژاردن، بۆ ئەمەش پێویستە بە فەرمی دەست لەکاری دادوەری بکێشێتەوە . دیارە ئەم جەختکردنەوەی یاسادانەر پابەندبوونی ئەو دەسەڵاتەیە بە بنەما دەستورییەکانی تایبەت بە جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان لە یەکتری و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری وە لە نێوانیشیاندا ماددەی (٩٨) ی دەستوری ٢٠٠٥ ی عێراقی .
دوای دەسبەرداربوونی کاری دادوەری ئەو کەسە بۆی ھەیە بەشداری لە کاری سیاسی بکات بە گشت جۆرەکانی کاری سیاسی لە نێوانیشیاندا خۆپاڵاوتن بۆ ھەڵبژاردنەکان بەمەرجێک خۆی بە دوور بگرێت لە بەکارھێنانی نازناوی دادوەر لە ھەڵمەتەکاندا چونکە بە ئەنجامدانی ئەم کارە ھەم گومانێک دەخاتە سەر دادپەروەری کاری دادوەری، وە لە لایەکی تریش خەلکی گومڕادەکات بە ئاکارەکانی دادوەری لە کاری سیاسیدا کە ئەمەش پێچەوانەی بنەما دەستوری و یاساییە کارپێکراوەکانە . جا ئەگەر ئەمە جێبەجێ ببێت بەسەر دادوەرە دەست لەکارکێشراوەکان ئەوا بۆ ئەوانەی نازناوی دادوەری لە ھەڵمەتی ھەڵبژاردن بەکاردەھێنن بەبێ ئەوەی پێشتر دادوەر بووبن سەرپێچیەکەیان زەقتر و گەورەترە دەبێت .
لە دەرئەەنجامدا ئەوەمان بۆ دەرکەوت کە کاری دادوەری و نازناوی دادوەری بەستراوەتەوە بە دەسەڵاتی دادوەری، وە لە دەرەوەی ئەم دەسەڵاتە ھیچ کەس و لایەنێک بۆی نییە بەکاریان بھێنێت بۆ کارێکی ترو لەژێر سێبەری دەسەڵاتێکی تر ئەگینا بەرپرس دەبێت بەرامبەر یاسا کارپێکراوەکان .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.