پارتی و فۆبیای شەھید سەردەشت

لەلایەن ستاندار Posted on 354 جار بینراوە

ئارام قادر حەمەسور

دەسەڵاتە ستەمکارەکانی دونیا بۆ مانەوەی خۆیان ئامادەن ھەموو شتێک بکەن، ئامادەن ھەر کەسێک بکوژن کە ڕەخنەیان بکات و دژیان بێت، ئەمەش ڕووداوی سەیرنین و بەشێکی گەورەی سروشتی دەسەڵاتە خۆسەپێنەکانە.

لەناو دەسەڵاتە ستەمکارەکان ھەموو ڕەخنەیەک لە دەسەڵات و بنەماڵەکانی دەسەڵات جێگەی مەترسییە، لەبەر ئەوەی لەم ناوچەی ئێمەدا دەسەڵاتی سیاسیی تا ئێستاش عەقڵی خێڵچییەتی دەیجوڵێنێت، قبوڵنەکردنی ڕەخنە عەقڵیەتی خێڵەکانەو بەردەوام بەتوندی وەڵامی ڕەخنەچییەکان دراوەتەوە تا دەگاتە کوشتن، ململانێی خێڵچی و ڕەخنەچییەکان بەردەوامە لەگشت بوارەکانی ژیاندا.

سۆسیۆلۆژیای سیاسی دەسەڵاتی ھەرێمی کوردستان تا ئێستاش خێڵچیانە دەجوڵێت، یەکێتی و پارتی لە دوای شۆڕش و ڕاپەڕینەوە بونەتە خاوەنی نەوت و دۆلار، ئەم عەقڵیەتە خێڵگەرییە لە پێش ڕاپەڕینیش و لەناو شۆڕش و شاخیشدا بوونی ھەبووە، شتێک نیە دوای ڕاپەڕین دروستبووبێت. یادەوەری بەشێکی سیاسیەکان بخوێنەوە دەبینین ئەمانە چەند خێڵچی بوون و چەن خوێنڕێژ بوون لەھەندێ ڕووداودا.

کاری نوسین و ڕەخنە لەناو ئەم جۆرە دسەڵاتە زۆر دژوارە، بەردەوام ململانێی نوسینی ئازاد و دەسەڵاتی خۆسەپێن گەرموگوڕ بووە، قەڵەم و چەک لەم جۆرە دسەڵاتە ستەمکارانە پێکەوە ھەڵناکەن، کاری نوسین و ڕۆژنامەوانی ڕەخنەی و ئازاد قوربانی زۆری دەوێت. لێرەدا گرنگی نوسین دەردەکەوێت، نوسین دەبێتە چەکی بەرگری و بەردەوام دەسەڵات دەترسێنێت.

بۆچی نوسین گرنگە؟زۆر جار خەڵک دەڵێت نوسین چییە؟بەنوسین ھیچ نابێت! بەڵام ئەم پرسیارانە کۆتاییان دێت کاتێک ڕۆژنامەنوسێک لەسەر یەک ڕاپۆرت شەھید دەکرێت، لەسەر یەک وتار شەھید دەکرێت، لەسەر بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتێکی گەندەڵی شەھید دەکرێت، یان لەسەر یەک ڕەخنەی ڕۆژنامەوانی شەھید دەکرێت.
لێرەدا نوسین دەبێتەوە چەقی ڕووداوەکان و گرنگی نوسین دەردەکەوێت، ھەموو دەسەڵاتەکانی دونیا لە نوسین و کاری ڕۆژنامەنوسی ئازاد دەترسن، چونکە ڕۆژنامەنوس دیوە شاراوەکەی دەسەڵات و سەرکردەکان نیشان دەدات، ھەموو ماسکەکانی دەسەڵات لادەبات و دەسەڵاتە ڕەسەن و ڕەشەکە نیشان دەدات. بۆیە کاری ڕۆژنامەنوس و نوسەرانی ئازاد ھەڵدانەوەی ماسکەکانی دەسەڵاتە.

لەژێر دەسەڵاتی یەکێتی و پارتیدا چەندین ڕۆژنامەنوس شەھید کراون و بریندار کراون و سوکایەتیان پێکراوە، چونکە ئەو دەسەڵاتەی زۆر دژایەتی قەڵەمە ئازادەکان بکات خاوەن گەندەڵی و دەسەڵاتێکی فاشیلە.
بۆیە گۆبڵزی وەزیری پڕوپاگەندەی ھیتلەر دەیگوت ھەرکاتێ گوێم لە ناوی ڕۆژنامەنوس دەبێت دەست دەبەم بۆ دەمانچەکەم، واتا ڕوژنامەنوسی ئازاد بەردەوام خەلەل و عەیبەکانی دەسەڵات نیشان دەدات. دەسەڵاتی دیکتاتۆر و بنەماڵەیی و تاک سەرکردەیی بەردەوام چەک بەکاردەھێنێت.

سەردەشت عوسمان لەساڵی ٢٠١٠ لەبەردەم زانکۆکەی لەھەولێر دەڕفێندرێت و شەھید دەکرێت، تەنیا لەبەر ئەوەی بەئازادیی دەینوسی. بەڵام سەردەشت دوای مردنیشی ھەر پەلامار دەدرێت و کێلی گۆڕەکەی دەشکێندرت و ئەو کتێبانەی لەسەری نوسراون قەدەغە دەکرێن لەسنوری زەرد. ئەوە گرنگی نوسین و ڕەخنەمان بۆ دەردەخات، دەسەڵات تا ئێستاش سڵ لە قەڵەمە ئازاو ئازادەکان دەکاتەوە، ئەوە قەڵەمە ئازادەکان و میدیا ئازادەکانن بوونەتە ئۆپۆزسیۆنی گەورەی ئەم دەسەڵاتە.

کتێبی بەرگی دووەمی سەردەشت عوسمان لەسنوری پارتی قەدەغە دەکرێت و دەستی بەسەردا دەگیرێت و بە مەترسیدار دادەنرێت، ئەمە نیشانی دەدات پارتی تا ئێستاش چەند لەرزۆکە بەرامبەر شەھید سەردەشت، سەردەشت بەمردویش فۆبیای پارتییە، دەریدەخات ھێشتا نوسین و ڕەخنە کاریگەرن و دەسەڵات زۆر دەترسێت لە قەڵەمە ئازاد و ئازاکان. دیارە بیروڕای ئازادیش لەم ناوچەیەدا کارێکی قورسەو وەک کێڵگەی مین وایە، قەڵەمی ئازاو میدیا ئازادەکان چەندین ساڵە لەناو ئەم کێڵگەی مینەدا ئازایەتی نیشان دەدەن و قوربانی دەدەن، ئێستاش بەردەوامن و زۆرکات چۆکیان بەم دەسەڵاتە داداوە. سەردەشتەکان ھێشتا بەپێوەن و نوسینیش ھێشتا گەورەی خۆی نیشان دەدات لەم کێڵگەی مینەدا، وەک عەلی حەرب گوتی باسکرنی بیروڕای ئازادیش وەک چونە ناو کێڵگەی مینە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.