ستاندەر یەکەمین کۆنفرانسی ناوخۆیی خۆی سازدەکات و ڕاگەیەنراوێک لەو بارەیەوە بڵاودەکاتەوە

لەلایەن ستاندار Posted on 309 جار بینراوە

ستاندەر
دەزگای ستاندەر بۆ توێژینەوە و ڕاگەیاندن لەچوارچێوەی رێکخستنەوەی کارەکانی و دارشتنی پلانی ئاییندە یەکەمین کۆنفرانسی ناوخۆیی خۆی سازکرد.
لە ڕاگەیەنراوی کۆتایی کۆنفرانس دەزگای ستاندەر ڕایدەگەیەنێت بەھۆی رێگریەکانی دەسەڵات لە ھەولێر نەتوانرا کۆنفرانسەکە لەناو ھەولێر سازبکرێت و گواستراوەتەوە بۆ ناوچەی سماقولی کە پەناگەیەکی سەرەکی پێشمەرگە بوە لە سەردەمی شاخ و خەباتی دژ بە رژێمی بەعس.
لەبەشێکی تری راگەیەنراوەکە دەزگای ستاندەر ڕایدەگەیەنێت “لە ماوەی ڕابردوو سەرەڕای رێگریەکانی دەسەڵات دەزگای ستاندەر بەرەو پێشچونی گەورەی بەخۆوە بینیوە لە ڕووی چەندایەتی توانا مرۆییەکانی و چۆنایەتی چالاکیەکانی لە بوارە جۆربەجۆرەکان بەجۆرێک رۆڵی گرنگی گێراوە لە گۆڕەپانی سیاسی و میدیایی و ئەکادیمی و مەدەنی کوردستان”

دەقی ڕاگەیەنراوەکە بخوێنەوە
بەناوی خوای گەورە و میھرەبان
ڕاگەیەنراوی کۆتایی کۆنفرانسی یەکەمی دەزگای ستاندەر بۆ توێژینەوە و ڕاگەیاندن

دەزگای ستاندەر بۆ توێژینەوە و ڕاگەیاندنی یەکەمین کۆنفرانسی ناوخۆیی خۆی لە بەرواری ٥ / ٥ / ٢٠١٨ بەست، ئەگەرچی بڕیاربوو کۆنفرانس لە ھۆڵێکی شاری ھەولێر ببەسترێت بەڵام بەھۆی رێگری دەسەڵات لە ھەولێر وەک جارەکانی پێشوو دواجار کۆنفرانس لە ناوچەی سماقوڵی کە ناوچەیەکی گرنگی خەباتی بەرگری گەلی کورد بوە دژ بە رژێمی بەعس و پەناگەی پێشمەرگە دلێرەکانی خەباتی رزگاری خوازی گەلەکەمان بەسترا.
بەستنی یەکەم کۆنفرانسی دەزگای ستاندەر بە ئامانجی پێداچونەوە و گەشەپێدانی زیاتری کارەکانی، دوای ئەوە دێت کە لە ماوەی ڕابردوو سەرەڕای رێگریەکانی دەسەڵات دەزگای ستاندەر بەرەو پێشچونی گەورەی بەخۆوە بینیوە لە ڕووی چەندایەتی توانا مرۆییەکانی و چۆنایەتی چالاکیەکانی لە بوارە جۆربەجۆرەکان بەجۆرێک رۆڵی گرنگی گێراوە لە گۆڕەپانی سیاسی و میدیایی و ئەکادیمی و مەدەنی کوردستان، لە ماوەی ڕابردوو جگە لەکاری میدیایی چەندین توێژینەوەی گرنگی سیاسی و نیشتیمانی و ئابوری لە پرسە چارەنوسسازەکان ئەنجامداوە، جگە لەچەندین کۆنفرانس و سمینار و پرۆژە و خولی جۆراوجۆر لەناوچە جیاجیاکانی کوردستان.
بەخۆشحاڵیەوە ڕایدەگەیەنین کارەکانی کۆنفرانس بە سەرکەوتووی کۆتایی ھات و پێداچونەوەی ورد بە بەش و پێکھاتەکانی دەزگا کرا و، بەگوێرەی پێداویستیەکانی قۆناغەکەش بەرنامە و پلانی ئاییندە دارێژرا، ھاوکات لە پرۆسەیەکی دیموکراسیانە سکرتێری دەزگای ستاندەر متمانەی کۆنفرانسی پێبەخشرا کە بەریز د.رەعد رەفعە ئەو بەرپرسیاریەتەی پێ سپێردرا.
کۆنفرانس ھێلە گشتیەکانی ئامانج و کارەکانی دەزگای ستاندەری پەسەند کرد کە لەو خاڵانەی خوارەوە خۆی دەبینێتەوە:

١- بەردەوامیدان و برەودان بەکاری میدیایی دەزگا و پێدانی زانیاری و ھەواڵی دروست بە خوێنەران و ھاوڵاتیانی کوردستان لەرێگای ھۆکارە میدیایەکانی تایبەت بە ستاندەر، بەڕەچاوکردنی پڕەنسیپەکانی کاری میدیایی و سەوابتە نەتەوەیی و نشتیمانیەکان، بۆ ئەوەی ھاوڵاتیان لەسەر بنچینەی زانیاری و ھەوڵی دروست دنیابینی خۆیان بخەنە ڕوو.

٢- بڕەودانی زیاتر بە توێژینەوە و لێکۆلینەوەی سیاسی و ئابوری و نیشتیمانی وەک بەشێک لە ئامانجەکانی دەزگای ستاندەر بۆ خستنەڕووی راستیەکان و دیوە شاراوەکانی ڕووداوەکان، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەندی بە پاراستن و گەشەپێدانی قەوارەی سیاسی ھەرێمی کوردستان ھەیە و، دەبێتە فاکتەری دەرخستنی پیلانگێری دوژمنان دژ بە گەلی کوردستان.

٣- پاڵپشتی خەباتی مەدەنی و ئازادی رۆژنامەگەری و ھەر خەباتێکی تر کە لەچوارچێوەی بنەما دیموکراسیەکان و سەروەری یاسا و حوکمڕانی باش دایە.

٤- کارکردن و پاڵپشتی کردنی ھەر ھەوڵێک و کارێکی نیشتیمانی ھاوبەش و بەرەیی بۆ ھێنانەدی مۆدێلێکی نوێی حوکمڕانی لە کوردستان بەجۆرێک ئامانج لێی بەرژەوەندی گشتی بێت و، دوور بێت لەویستی حیزبی و تاکەکەسی.

٥- ستاندەر لەچوارچێوەی پرەنسیپە نەتەوەییەکان پشتگیری لە خەباتی بەشە جیاجیاکانی کوردستان دەکات و، بە گویرەی توانای خۆی ھانی لایەنە سیاسیەکانی ھەر چوار پارچە دەکات کە نەبنە بەشێک لە پیلانگێری دوژمنانی گەلی کورد دژ بە پارچەکانی تر کوردستان.

ڕاگەیەنراوی کۆتایی کۆنفرانسی دەزگای ستاندەر بۆ توێژینەوە و ڕاگەیاندن
٥ / ٥ / ٢٠١٨
سماقولی- باشوری کوردستان

 

Image may contain: 21 people, including Hassan Mahmud, Khasro Abdulrazaq, Yunis Heme, Ibrahim Khalil, Samih Sabr, Karkuk Ahmad, Rasty Masud, Kamaran Khder, Hawkar Yaseen and Ary Azad, outdoor

Image may contain: 4 people, people sitting

Image may contain: 3 people, people sitting

Image may contain: 4 people, including Kamaran Khder and Hawkar Yaseen, people sitting and indoor

Image may contain: 4 people, people smiling

Image may contain: 3 people

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.