ڕێككەوتنێكی نهێنی پارتی‌و یەكگرتوو ئاشكرادەبێت

لەلایەن ستاندار Posted on 387 جار بینراوە

ستاندەر

یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەر لە دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لیستەكەی لەنەینەوا كشاندووەتەوە تا ئەندامانی لەو سنوورە دەنگ بەلیستی پارتی دیموكراتی كوردستان بدەن، ئەوەش بەپێی ڕێككەوتنێكی نهێنیی نێوانیان، كە لەبەرانبەردا پارتییش لەكەركوك دەنگ بە لیستی یەكگرتوو بدات.

بە پێی ئەو زانیارییانەی، كە هەفتەنامەی ״ئاژانس״ ئەمڕۆ چوار شەممە لەسەرچاوەیەكی بەرپرسی یەكگرتووی ئیسلامییەوە بڵاویكردووەتەوە، بەر لە دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن یەكگرتوو لەنەینەوا لیست‌و ناوی كاندیدەكانی خۆی لە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان تۆمار كردووە، بەڵام دواتر كشاندوویەتییەوە.

ئەو سەرچاوەیە، كە نەیویست ناوی بڵاو بكرێتەوە بە ״ئاژانس״ی وت: ״كشانەوەی لیستەكەی یەكگرتوو بەڕێككەوتن بووە لەگەڵ پارتیدا، تا لایەنگرانی دەنگ بەلیستی پارتی بدەن لە نەینەوا و لایەنگرانی پارتییش لەكەركوك دەنگ بە لیستی یەكگرتوو بدەن”.

سەرچاوەكە وتیشی: “بەشێكی ڕێككەوتنەكەش ئەوە بووە، كە یەكگرتوو نوێنەری لەسەر سندووقی دەنگدانی ئاوارەكانی موسڵ نەبێت لەدهۆك، كە بەهای چەندین كورسییان تێدایە”.

لەو بارەیەوە ڕەمەزان ئەتریسی بەرپرسی هەڵبژاردنی یەكگرتوو لەبادینان دانی بەوەدا نا، كە لیستەكەیان لە نەینەوا كشاندووەتەوە، بەڵام بە ״ئاژانس״ی وت: ״كشانەوەكە بۆ ئەوە بووە، كە ئەو چەند هەزار دەنگەی بە دەستی دەهێنین نەفەوتێت‌و نەشچێت بۆ لیستەكانی تر، چونكە ناتوانین كورسی بە دەست بهێنین״.

ئەمە لەكاتێكدایە، پارتی دیموكراتیش لەپارێزگای كەركوك، بایكۆتی هەڵبژاردنی كردووەو وا چاوەرێدەكرێت، دەنگدەرانی پارتی دەنگ بەكاندیدەكانی یەكگرتووی ئیسلامی بدەن.

لەلایەكی ترەوە؛ هەر ئەمرۆ دەزگای هەڵبژاردنی  یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان رەتیكردەوە، حیزبەكەی هیچ رێككەوتنێكی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان هەبێت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.

دەزگاكە لەروونكردنەوەیەك رایگەیاندووە، كە لەژمارەی (87)ی 9/5/2018 ی هەفتەنامەی (ئاژانس) دا هەواڵێكی “چەواشەكارانە سەبارەت بە رێككەوتنێكی نێوان یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان بڵاوكراوەتەوە گوایە لەهەردوو پارێزگای نەینەوا و كەركوكدا دەنگەكانیان ئاڵوگۆربكەن”.

دەزگای هەڵبژاردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان راشیگەیاندووە “سەر لەبەری ئەو هەواڵە رەت دەكەینەوە كە هیچ بنەمایەكی نییە و درۆیەكی هەڵبەستراوە , بە شێكە لەپرۆپاگەندەی هەڵبژاردن, ئەگەر نا با بەڵگەكانیان بخەنە روو”.

هەروەها رایگەیاندووە “جەماوەری گەلەكەمان دڵنیادەكەینەوە، كە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان هیچ رێككەوتنێكی ژێربەژێری لەگەل هیچ لایەنێك و حزبێك و گروپێكدا نیە, بەپێویستیش دەزانین رایبگەیەنین كە ئەگەر (ئاژانس) ئە هەواڵە راستنەكاتەوە بە مافی خۆمانی دەزانین كە سكاڵای یاسایی لەسەریان تۆماربكەین”.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.