بۆچى ده‌نگدان به‌ گۆڕان؟

لەلایەن ستاندار Posted on 433 جار بینراوە

بۆچى ده‌نگدان به‌ گۆڕان؟

سەرتیپ قەشقەیی

له‌وڵاتانى ڕۆژئاواو هه‌ره‌ دیموكراسییه‌كان، له‌كاتى هه‌ڵبژاردنه‌كان زۆرێك له‌و ده‌زگایانه‌ى له‌لایه‌ن كه‌رتى تایبه‌ته‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێن، یاخود پێیان ده‌ڵێن ئه‌هلى، به‌ده‌گمه‌ن بێلایه‌ن ده‌بن، به‌ڵكو له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كى لۆژێكى پشتگیرى به‌رنامه‌ى لیست و پاڵێوراوه‌ك ده‌كه‌ن، كه‌به‌رنامه‌كه‌یان پێباشه‌. ئه‌م حاڵه‌ته‌ بۆ هه‌رێمى كوردستانیش به‌ هه‌مانشێوه‌ ڕاسته‌و ده‌كرێ پشتگیرى له‌به‌رنامه‌ى كه‌سێك، یاخود قه‌واره‌یه‌ك بكرێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ى شاره‌زایى له‌ میدیایى نێوده‌وڵه‌تى بێت باش له‌مه‌ ده‌گات، باشترین نموونه‌ش هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى ساڵى 2017ى ئه‌مه‌ریكا، كه‌ زۆربه‌ى میدیا ئه‌هلى و تایبه‌ته‌كان پشتگیرى خۆیان بۆ هیلارى كلینتۆن له‌به‌رامبه‌ر دۆناڵد تڕه‌مب ده‌ڕبرى پێیانوابوو: تڕه‌مپ ئه‌و كه‌سه‌ نییه‌ سه‌رۆكایه‌تى ئه‌مه‌ریكا بكات.بێلایه‌نى دامه‌زراوه‌یه‌كى میدیایى و ڕۆژنامه‌نووس جیاوازه‌ له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌خۆیى و پڕۆفێشناڵبوون له‌كاتى كاركردن.

هه‌رچه‌ند نه‌زه‌رییه‌كانى ” میكاڤیلى ” له‌ كات و شوێنى خۆیدا گرینگن و ده‌ڵێى بۆ ئه‌و سه‌رده‌مانه‌ نوسراون بۆ نمونه‌ قسه‌یه‌كى هه‌یه‌ ده‌ڵێت ” خه‌ڵكى عه‌وام ( ڕه‌شۆكى)، كه‌ زۆرینه‌ى كۆمه‌ڵگا پێكده‌هێنن مێشكێكى ئه‌رشیفیان نییه‌و ته‌نها دواین لاپه‌ره‌یان له‌ بیر ده‌مێنێت”، ئه‌مه‌ش بۆ زۆرێك له‌ ده‌نگده‌رانى كورد ڕاسته‌، به‌ڵام ئه‌و قسه‌یه‌ به‌ ڕه‌هایى ناكاته‌ ئه‌وه‌ى خه‌ڵكانێكى زۆر به‌ تایبه‌ت له‌ ماوه‌ى ڕابردوو له‌ هه‌رێمى كوردستاندا، حه‌قیقه‌تى زۆربه‌ى هێزه‌كانیان بۆ ده‌رنه‌كه‌وتبێت و نه‌زانن ده‌نگ به‌كێ ده‌ده‌ن.

ماوه‌ى 277 ساڵه‌ هاووڵاتیانى هه‌رێم ئاشنان به‌یه‌كێك له‌ پایه‌كانى دیموكراسى، كه‌ هه‌ڵبژاردنه‌، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستاسى له‌گه‌ڵدابێت پێوه‌ره‌كانى ده‌نگدان له‌سه‌ر بنه‌مایى (ئایدۆلۆژیا و بیروباوه‌ڕ، مه‌بادیئى كۆن، كۆمه‌ڵێك فاكته‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى، شۆرش و شاخ ، خزمایه‌تیه‌)، له‌ به‌رامبه‌ردا پێوه‌رى كارنامه‌و خزمه‌تكردن وه‌كو پێوسته‌ نییه‌و به‌ رێژه‌یه‌كى كه‌م كاریگه‌رى هه‌بووه‌.

بۆ هه‌ڵبژاردنى ئه‌مجاره‌ چوار نه‌وه‌ى نوێ له‌ موالیده‌كانى ( 1997، 1998، 1999، 20000) ده‌نگده‌ده‌ن، كه‌ڕه‌نگه‌ ئه‌مجاره‌یان به‌ رێژه‌یه‌كى كه‌م پێوه‌رى ئابوورى كاریگه‌رى خۆى هه‌بێت له‌سه‌ر ئه‌م توێژانه‌.

بۆچى گۆڕان ؟
پارتى و یه‌كێتى له‌ماوه‌ى 277 ساڵى ڕابردوو، له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێم و به‌غدا تاقیكراونه‌ته‌وه‌، ته‌نها له‌وكاته‌دا نه‌بێ كه‌ مام جه‌لال له‌ به‌غدابووه‌ توانیویه‌تى تاڕاده‌یه‌كى باش كاربكات بۆ به‌شێك له‌ مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانى هه‌رێم، به‌ڵام له‌مه‌ودوا به‌ تایبه‌ت دواى ڕووداوه‌كانى 16ى تشرینى یه‌كه‌مى 2017، هێزه‌ ته‌قلیدییه‌كانى هه‌رێم له‌ دوا تاقیكردنه‌وه‌دا به‌ ته‌واوى تاقیكرانه‌وه‌، پێویسته‌ به‌وه‌ناكات جارێكى دیكه‌ تاقیبكرێنه‌وه‌.

جاران یه‌كێتى له‌به‌رئه‌وه‌ى خاوه‌نى هێزو ئابووریه‌كى به‌هێز بوو، زۆرجار مانه‌وه‌ى وه‌كو هاوسه‌نگى هێز به‌رامبه‌ر پارتى گرینگ بوو، ئه‌گه‌ر حزبى بچووك دروستبووبێت له‌سه‌ر حسابى یه‌كێتى ئه‌وكات به‌ سلبى ده‌شكایه‌وه‌، به‌ڵام كرده‌وه‌كانى ئه‌م دوایه‌ى یه‌كێتى پێمانده‌ڵێن ئه‌م جاره‌ ئه‌و حزبه‌ په‌رته‌وازه‌یه‌، سزادانى پێویسته‌و پێناچێت له‌مه‌ودا بتوانێت وه‌كو هاوسه‌نگى هێزبمێنێته‌وه‌، چونكه‌ به‌شێك له‌و هێزه‌ به‌ته‌واوى چۆته‌ لاى هێزه‌كه‌ى به‌رامبه‌ر، كه‌ پارتى دیموكراتى كوردستانه‌.

هه‌رچى ئیسلامییه‌كانه‌ وه‌كو دوو هێزى كۆنسێرڤاتیزم، ڕێژه‌ى ده‌نگه‌كانیان ده‌توانین بڵێین له‌ هه‌ر بارودۆخێكدا بێت نه‌گۆڕه‌، له‌ ماوه‌ى ڕابردووش نه‌یاتوانیوه‌ به‌فۆڕمێكى نوێ وه‌كو به‌دیل خۆیان نیشان بده‌ن، به‌درێژایى چه‌ندین ساڵه‌ى ڕابردووش هه‌رجاره‌ى هه‌ڵپه‌ى لایه‌كیان هه‌بووه‌، هه‌ربۆیه‌ش نابنه‌ ئه‌و هێزه‌ گه‌وره‌ى كه‌ بتوانین پشتیان پێببه‌ستین.

له‌ به‌رامبه‌ردا “نه‌وه‌ى نوێ” وه‌كو هێزێكى نوێ كه‌ له‌لایه‌ن بازرگانێكه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تى ده‌كرێت، جگه‌له‌وه‌ى سه‌ركرده‌كه‌ى له‌ڕووى سیاسییه‌وه‌ كه‌سێكى لاوازه‌و ده‌یه‌وێ ئه‌زموونى سیاسى و بازرگانى تێكه‌ڵ بكات، له‌ هه‌مانكاتدا له‌ماوه‌ى چه‌ند ساڵى ڕابردوو تاقیكراوه‌ته‌وه‌ نه‌یتوانیوه‌ ئه‌و بازرگانه‌ بێت كه‌ به‌شێوه‌یه‌كى ڕاست و دروست مامه‌ڵه‌ بكات، سه‌ڕه‌راى بوونى تاقه‌و بوێڕى و ماندوو نه‌بوونى و خۆى ستافه‌كه‌ى، به‌ڵام ئامانجى سه‌ره‌كى ئه‌و هێزه‌ به‌ ئه‌نقه‌ست بێت، یاخود هه‌رهۆكارێك بێت، لێدانى زه‌ڕبه‌یه‌ له‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان، چونكه‌ ده‌نگه‌ خۆڵه‌ مێشییه‌كان ( ده‌نگى ڕاڕاو یه‌كلانه‌بوویه‌وه‌) زیاتر بۆ لایه‌نه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانى به‌رامبه‌ر پارتى و یه‌كێتى ده‌ڕوات، بۆیه‌ هێزێكى ئه‌وها بچوك له‌ كاتێكى هه‌ستیاردا ته‌نها ئامانج لێى په‌رتكردنى ئه‌و ده‌نگه‌ خۆڵه‌مێشیه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندى پارتى و یه‌كێتى.

له‌ حاڵه‌تى هێنانى ده‌نگ و كورسى له‌ لایه‌ن ئه‌و هێزانه‌ ته‌نها ده‌بنه‌ ژماره‌یه‌كى بچووك، ئه‌وكات جگه‌له‌وه‌ى له‌ به‌غدا سه‌نگ و قورسایان نابێت، له‌ هه‌ماتكادا له‌ لایه‌ن پارتى و یه‌كێتى به‌ ئاسانى قوتده‌درێن.

پارتى و یه‌كێتى له‌ نێوان نه‌وه‌ى نوێ و گۆڕان بێگومان شاسوارو حزبه‌كه‌ى هه‌ڵده‌بژێرن، چونكه‌ ئه‌وكات مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هێزێكى بچووكى وه‌كو نه‌وه‌ى نوێ هیچ كاریگه‌ریه‌كى ئه‌وتۆى نابێت، جگه‌له‌وه‌ش ئه‌و هێزه‌ یه‌كجار لۆكاڵیه‌و پێشبینیده‌كرێت ته‌نها له‌ سلێمانى ده‌نگ بهێن.

ئه‌و هێزه‌ بچوكانه‌ به‌پێى سیسته‌مى ” سانت لیگۆى ” هه‌ڵبژاردن ئه‌گه‌رى به‌ده‌ستهێنانى كورسیان كه‌مه‌و، به‌م كاره‌شیان ده‌بنه‌ هۆكارى په‌رتكردنى ده‌نگى ئه‌و هێزانه‌ى كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ى پارتى و یه‌كێتین له‌ نێویشیان گۆران.

هه‌رچى قه‌وارى هاوپه‌یمانیه‌ بۆ دیموكراسى و دادپه‌روه‌رى كۆمه‌ڵێك هۆكار هه‌ن كه‌ هێشتا ئێمه‌و به‌شێكى زۆر نه‌ هێناوه‌ته‌ قه‌ناعه‌ت بۆئه‌وه‌ى بكرێته‌ به‌دیلى هێزه‌كانى دیكه‌ ، ئه‌و هێزه‌ نوێییه‌ له‌ هه‌ناوى یه‌كێتى و كۆمه‌ڵێك سه‌ربه‌خۆو ئیسلامى میناڕه‌و پێكهاتووه‌، ناتوانرێ قه‌باره‌ى ئه‌و هێزه‌ بزانرێت.

هێشتا به‌رهه‌م ساڵح نه‌یتوانیوه‌ به‌ ته‌واوى خۆى یه‌كلابكاته‌وه‌، ئێستاشى له‌گه‌ڵ دابێت یارى ده‌كات هه‌مووكاتیش واریده‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ نێو یه‌كێتى به‌ تایبه‌ت دواى شكستى له‌ هه‌ڵبژاردن.

ئه‌گه‌رێكى تر ئه‌وه‌یه‌ به‌رهه‌م ساڵح و ئه‌وانه‌ى سه‌ركردایه‌تى ئه‌و حزبه‌ ده‌كه‌ن ڕه‌نگه‌ له‌ به‌غداو هه‌رێم ببنه‌ هاوپه‌یمانى ئه‌و هێزانه‌ى كه‌ پێشووتر ئێمه‌مانان و هاووڵاتیان ڕه‌خنه‌مان لێگرتوون.

به‌رهه‌م ساڵح، هێشتا نه‌چۆته‌ ژێر تاقیكردنه‌وه‌یه‌كى قورس، هیچ گه‌ره‌نتیه‌كیش نییه‌ ژماره‌یه‌كى زۆر بهێنێت كه‌ كاریگه‌رى دروستبكات، له‌وانه‌شه‌ له‌ حاڵه‌تى هێنانى ده‌نگێكى زۆر ببێته‌ هاوپه‌یمانێكى به‌هێزى هێزه‌ ته‌قلیدییه‌كانى وه‌كو پارتى و یه‌كێتى.

به‌رهه‌م ساڵح به‌هه‌مان شێوه‌ى نه‌وه‌ى نوێ جگه‌له‌وه‌ى ده‌نگى به‌شێكى یه‌كێتى و زۆر به‌كه‌مى پارتى ده‌بات، دیسانه‌وه‌ كاریگه‌رى زۆرى ده‌بێت له‌سه‌ر په‌رتكردنى ده‌نگه‌ ناڕازییه‌كان.

كه‌واته‌؛ به‌رهه‌م ساڵح و شاسوار به‌ بچوكى له‌ به‌غدا هیچیان پێناكرێت، چونكه‌ یه‌كێك له‌ پێوه‌ره‌كانى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هێزى سیاسى بوونى كورسى زۆره‌.
سه‌ڕه‌ڕاى دونیایه‌ك له‌ تێبینى له‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ، به‌ڵام ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ وه‌كو بزوتنه‌وه‌یه‌كى ڕادیكاڵى كه‌ له‌ هه‌ناوى خه‌ڵكى توڕه‌و نانخوراو هاتۆته‌ كایه‌وه‌، كۆمه‌لێك هۆكارهه‌ن بۆئه‌وه‌ى وه‌كو باشترین ئه‌لته‌رناتیف ده‌نگی پێبده‌ین.

ته‌مه‌نى بزوتنه‌وه‌ى گۆران بۆ 9 ساڵ ده‌چێت ڕاسته‌ كۆمه‌ڵێك تێبینى له‌سه‌ره‌، به‌ڵام گۆران وه‌كو تاكه‌ هێز ده‌كرێ پاڵپشتى زیاتر بكرێت بۆئه‌وه‌ى ببێت هێزێكى گه‌وره‌تر، لانیكه‌م پێش یه‌كێتى بكه‌وێت، بۆئه‌وه‌ى كاریگه‌رى هه‌بێت و هێزه‌كانى دیكه‌ له‌ نێویشیان پارتى به‌ ناچارى مل بۆ هه‌ندێ له‌ داواكارییه‌كانیان دابدات و بشتوانێت وا له‌ پارتى بكات به‌ ته‌نها له‌ به‌غدا بڕیار نه‌دات.

هۆكارێكى دیكه‌ ئه‌وه‌یه‌ گۆڕان تاوه‌كو ئێستاشى له‌گه‌ڵدابێت له‌سه‌ر ئامانجه‌ گشتییه‌كان لاینه‌داوه‌، وه‌كو حزبێكى خه‌ڵك ماوه‌ته‌وه‌، سه‌ربارى ئه‌وه‌ى تاوه‌كو ئێستا له‌سه‌ر ئاستى عێراق نه‌یتوانیوه‌ كاریگه‌رى گه‌وره‌ى هه‌بێت ، به‌ڵام ئه‌مشیان چاره‌سه‌ر ده‌كرێـت ئه‌گه‌ر ده‌نگ و كورسى زیاتر بهێنێت .

هۆكارى دیكه‌ى ده‌نگدان به‌ گۆڕان ئه‌وه‌یه‌، ئه‌و هێزانه‌ى ئێستا هاتوون خۆیان نمایشكردووه‌ نه‌یاتوانیوه‌ قۆناغى گۆڕان تێبپه‌رێنن و پشتگیرى بكرێن، ناشتوانن ئه‌وكاره‌بكه‌ن، چونكه‌ مانه‌وه‌ى گۆڕان به‌ گه‌وره‌یى په‌یوه‌ندى به‌ كاریزمایى نه‌وشێروان موسته‌فاو زیره‌كى ئه‌و كابرایه‌وه‌ هه‌بوو، تاوه‌كو ئێستاش ئاسه‌وارێكى باشى پێوه‌دیاره‌.

ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ى نه‌وشێروان موسته‌فا دروستیكردووه‌ ده‌توانین بڵێین نزیكترینه‌ له‌ خه‌ڵك و،بۆته‌ حزبى خه‌ڵك هه‌ركاتێك بمانه‌وێ ده‌توانى سزای سه‌ركرده‌كانى بده‌ین و بیانگه‌ڕێنینه‌وه‌ سه‌ر ڕێگا چاك و ڕاسته‌كه‌.

گه‌وره‌بوونى گۆڕان له‌ به‌غدا؛ واته‌ بچووكبوونه‌وه‌ى پارتى و یه‌كێتى له‌سه‌ر ئاستى عێراق و كۆتایهێنان به‌ قۆرخكارى و سه‌فقاتى ئه‌و دوو هێزه‌ له‌ به‌غدا.
گرينگه‌ ئه‌مجاره‌شیان ده‌رفه‌ت بده‌ینه‌ گۆڕان، جارێ باشترینى ناو باش و خراپه‌كانه‌.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.