پێشڕەو بابەشێخ
هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران لە ١٢ ی ٥ ی ٢٠١٨ و ئەنجامە بەراییەکان ئەوەی سەلماند کە یەکێتی و پارتی هێشتا دەستبەرداری تەزویر و گزی و دزینی ئیرادەی دەنگدەر نەبوون . هەمومان ئەو ڕاستیە دەزانین شێوازی پڕۆسەی هەڵبژاردن بە بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو پاکترین و جوانترین پڕۆسەی بەڕێوەچونی دەنگدان بوو . وەک چۆن بە پێچەوانەوە ئەنجامەکانی پیسترین و پڕ تەزویرترین ڕێکخراوی دەستکاری کراوی هەڵبژاردن بوو . دەکرێت ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بەو شێوازە بە کودەتایەکی ئەلیکتڕۆنی و هاککردنی دیموکراسی, دوو لایەنی سیاسی هەرێم و شەریکەکانیان و لایەنی تری ناوخۆیی عێراقی و هێزی تری نێودەوڵەتی بەسەر ئیرادەی دەنگدەر لە هەرێم بەگشتی و دەنگدەر و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی تر بە تایبەت ناو بنێین . ئەوەی من مەبەستمە هەڵوەستەی لەسەر بکەم, ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و ناڕەزاییەکانی دەنگدەر و لایەنە دژەکانی ئەم ئەنجامانەن . دەستکاری کردن و یاریکردن بە ئیرادە و دەنگی دەنگدەر لە لایەن چەند هێزێکەوە بوە مایەی ناڕەزایی لەلایەک و بێ ئومێدی بۆ دەنگدەرانی هەرێم لە لایەکی تر . لەم بێ ئومێدیەی پێشوتری خەڵک و ئەم دزینی ئیرادەی خەڵک و یاریکردن بە دەنگی دەنگدەر بێ ئومێدیەکەی گەیاند بە لوتکە و وای لێهات خەڵک بیر لە چارەسەری چەک بکاتەوە . ئەوەی بوە بە باس و خواس هەڵگرتنی چەکە ئیتر ئومێدێک نەماوە بۆ چاککبون . کەواتە پێش هەر جوڵەیەک دەبێت چی بکەین ؟
یەک / بزوتنەوەی گۆڕان و هێزە هاوپەیمانەکانی ڕێگە چارەی خۆپیشاندانی سەرتا سەری و بەردەوام و بێ پسانەوە بگرنە بەر . تا لەو ڕێگەوە دوبارە بە هەموو دنیای بڵێت ئێمە هاتوین چەک بگۆڕین بەدەنگ, لە ڕێگای ناڕەزایی سەرتا سەری و بەردەوام و بە بەرنامە ئامانجەکان دێنە دی .
دوو/ بزوتنەوەی گۆڕان و هێزەکانی تریش تا ئێستا بەڕەسمی و وەک حزب لە هەرێم داوای خۆپیشاندانیان نەکردوە, ئیتر کاتێتی لێرەوە وەک حزب و بەڕەسمی داوای خۆپیشاندان بکرێت, ئەو کات هەم گۆڕان و هەم هێزەکانی تر بەڕەسمی و بە ئاشکرا خاوەندارێتی خۆ پیشاندانەکان دەکەن . بە داواکردنی ڕەسمی خۆپیشاندان جگە لە بەرهەمداری بۆ گەڕانەوەی دەنگە دزراوەکان, ئیرادەیەک و هەڵوێستێکی تر لای دەنگدەر دروست دەبێت بۆ پارێزگاری لە دەنگەکانیان .
سێ / لە نەبونی هیچ ئەنجامێک بۆ دەنگی دزراو باشترین چەک بۆ دژایەتی کۆمیسیۆن و دەسەڵاتی بەغدا و دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی بایکۆتی پڕۆسەی سیاسی عێراقە, جگە لە بەردەوامیدان بە ناڕەزاییەتیەکان , لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێم و دروستکردنی لۆبی بەهێزی کوردانی تاراوگە هەر لە ڕێگای حزبە ناڕازیەکان و دۆست و لایەنگرانیان . وە لە ڕێگای ئازادیخوازان و دیموکراسی خوازان و ڕێکخراو و کەسە مرۆڤ دۆستەکان, کە دەبن بە پاڵپشتیەکی بەهێز .
چوار / چەک ئیرادە دروست ناکات بەڵام ئیرادە هێز دروست دەکات, ئەو ئیرادەی لە نێو بزوتنەوەی گۆڕان و هێزە هاوپەیمانەکانی هەیە هێزێکی پڕ ئیرادەیە, ئەو هێزە پڕ ئیرادەی بە گژ هێزی چەکدار دەچێتەوە . بۆ ئێستا بیرکردنەوە لە دروستکردنی هێزی چەکدار کوشتنی ئەو ئیرادە بەهێزەی دەنگدەرە. دەنگی بە ئیرادەی دەنگدەر فراوانتر و گوێ لێ گیراو تر و زوڵاڵ تر و بێ سنور ترە وەک ئەوەی لە هێزێکی چەکداری سنوردار.
پێنج / بە دروستکردنی هێزی چەکدار, چونمانە بەرەو یەکێتی و پارتی و لادانمانە لە ڕێباز و ڕێباوەڕی ڕەوانشاد و بیرو باوەڕەکانمان, بە مانایەکی تر بارگاوی بونمانە بە یەکێتی و پارتی و لە بری ئەوەی ئەوان بێنین و بارگاویان بکەین بە خەباتی مەدەنی خۆمان, گەڕانەوەمانە بۆ خاڵی سفری دەستپێک . جگە لە بەدەستەوەدانی زۆرترین بیانوو بە دۆستان و نەیارانمان لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق و وڵاتانی دونیای دیموکراسی . جگە لە تۆرانی بەشێکی زۆری دەنگدەرانمان و لایەنگرانمان لەوانەی دەستیان کردوە بە خەباتی مەدەنی, لە بەرامبەر خەباتی چەکداری توند ڕەوی .
شەش / کارکردن بۆ دروستکردنی کۆدەنگی بۆ بایکۆتکردنی پڕۆسەی سیاسی عێراق لەگەڵ هێزە ناڕازیەکانی تری عێراق و لە ناویشیاندا پێکهاتە جیاوازەکان و ئاین و ئایدیا جیاوازەکان . ڕەوەندی کوردی لە ڕێگای حزبەکان و کوردبون و نیشتمانی خۆیان گرنگ و کاریگەرن لە دەرەوە ببن بە پاڵنەری بەهێز بۆ وڵاتانی خانە خوێیان تا لەم دۆخەو لەم دەنگ دزینی ئیرادەیە بێنە دەنگ .
حەوت / لە کاتی بێ ئەنجام بوونی هەموو خەباتێکی مەدەنی و دەست بردن بۆ هەموو چلێکی دیموکراسی و تاقیکردنەوەی هەموو ڕێگا مەدەنی و دیموکراسی و جەماوەریەکان و بە لەبەر چاوگرتنی جوڵەی هێزی میلیشیایی و حزبی بەرامبەر و گوێ نەگرتن و هەڵکوتانە سەر خەڵکی مەدەنی و بارەگا بێ چەک و جبەخانەکان, بیرکردنەوە لە دروستکردنی هێزی خۆبەخشی بەرگریکاری دەبێت بە ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەیی و ئەخلاقی و مرۆیی . لە کۆتایی هەموو تاقیکردنەوەکاندا ئەگەر کۆتایی بەم یاریە ناڕەوایە نەیەت و نەبێتە هۆی گەڕانەوەی ئیرادە و دەنگ بۆ خاوەنە ڕەسەنەکان, ئیتر ئەوانە بەرپرسن لە دروستبونی دۆخی نەخوازراوی توندو تیژی و دروستبونی گروپی چەکداری خۆ پارێز و بارودۆخی شلۆق و تێکچونی باری کۆمەڵایەتی, کە هۆکار بوون لە هەموو دۆخە ئالۆز و خراپەکانی هەرێم و نوێترین ولە ترۆپک دا دزین و بردن و یاریکردن و ئەتکردنی ئیرادەی دەنگی دەنگدەر و دەوروبەری بوو .