ئایا ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن ھەڵدەوەشێنرێتەوە؟

لەلایەن ستاندار Posted on 440 جار بینراوە

شیکاری: یاسین تەھا
تا دێت گومان و ڕەخنەو سکاڵاکان لەسەر ئەنجامی ھەڵبژاردنی ١٢ ئایار چڕترو ئاڵۆزتر دەبن، UN داوای لێکۆڵینەوەی وردو گشتگیرو پەلە دەکات، لەناو کۆمسیۆنی بەغدا مشتومڕ تا ڕادەی شەڕە بۆکس و ھەڵکوتانە سەر ئۆفیسی یەکتر رۆشتوە، لەکەرکوک ئاشتی کۆمەڵایەتی کەتۆتە بەر مەترسی و گرژییەکان زۆر لەھەڵبژاردن گەورەتر بوون، ٨١ پەرلەمانتارو سەلیم جبوری شەممەیان داناوە بۆ گرێدانی دانیشتنێکی کتوپڕ لەبارەی سکاڵاکانی بەرێوەچوونی دەنگدان، لیستە سیاسییەکانیش بەتایبەت ئەوانەی ئەنجامەکەیان بەدڵ نییە لەپێش ھەموویانەوە حەیدەر عەبادی درێغی ناکەن لەھەوڵدان بۆ قڵپکردنەوەی دۆخەکەو بەڕوونی ئەمە لەھێرش و ھەنگاوەکانی سەرۆک وەزیراندا دژ بەکۆمسیۆن دیارە وەک: ھەواڵەکردنی دۆسیەی ئامێرەکان بۆ نەزاھە، ئاشکراکردنی خەمساردیی کۆمسیۆن لەئاست پشکنین و چێککردنەوەی ئامێرەکان، لەگەڵ بەرگری کردنی حکومەت لەسەعید کاکەیی کە درزی گەورەی خستە ھەڵوێستی کۆمسیۆنەوە. بەڵام ئایا ھەموو ئەمانە دەبنە ھۆی سفرکردنەوەی ئەنجامەکان و سپاردنی ھەڵبژاردنی داھاتوو بە دەزگایەکی نا حکومی و بیانی “دەزگای کارتەری ئەمەریکی بەنمونە” وەک ھەندێک داوای دەکەن؟ ئەمەیان سەرباری مەنتیقی بونەکەی قورس و ئاڵۆزەو سێ ئاستەنگی لەپێشە:
ـ کوێخاو دەمڕاستەکانی عێراق “ماکگۆرک و سلێمانی و سەبھان”، لەناوخۆشدا براوەی یەکەم “سەدر”، وەھا رەفتار دەکەن کە ئەنجامە راگەیەنراوەکان واقیع و کۆتایی بن و کەسیان نەیانوتوە با چاوەرێی سکاڵاکان بکەین، ئەوەشی بۆڵەو گلەیی و سکاڵای ھەیە زیاتر وا دەردەکەوێت کە بەدوای کورسییەک و دوواندا بگەرێت لێرەو لەوێ، ئەم کێشمەکێشەش زیانی بۆ پرۆسە گەورەکە نییە کە بەرێژەیەکی باش بەدڵی ئەمەریکاو سعودیەو لەھەمان کاتدا ئێرانیشە. جگە لەمەش ھەڵوەشاندنەوەی ھەر ئەنجامێک و کردنەوەی ھەر سندوقێک دەرگای دۆزەخ لەکۆمسیۆن و زۆر لایەنیتر دەکاتەوەو دەبێتە پێشینەیەک کە بۆ ماوەیەکی زۆر ناھێلێت ھیچ پرۆسەیەکی دەنگدان ئۆقرە بگرێت، بۆ بەرگرتن لەمەش لایەنە بنەڕەتییەکان لەژێرەوە زیاتر لەگەڵ “عفا اللە عما سلف” دان تا جێبەجێکردنی یاسا.
ـ سەبارەت بەپەڕلەمان زۆر قورسە ئەنجومەنێکی کۆتاییھاتوو ببێتە رێگر لەبەردەم دەرکەوتنی ئەنجومەنێکی نوێ کە ئەندامەکانی لەھەمان حیزب و ئاوازی خۆیانن، لەپاش ھەڵبژاردن پەرلەمان چیتر ھێزو سەنگ و قورسایی یاسایی و دەستوریی جارانی لەدەست داوەو ٣٠ حوزەیران کۆتا رۆژی تەمەنییەتی و ھێشتنەوەشی زیاتر بۆ دروستنەبوونی بۆشاییەو ھیچیتر، ئەگەر ئەم ئێوارەی ھەینی وەک بڕیارە کۆمسیۆن ئەنجامەکان رابگەیەنێت، ٣٢٩ پەرلەمانتاری نوێ پەیدا دەبن، ھەر جووڵەیەکی ئەمانەی ئێستاش لەدژیان زیاتر دەبێتە داخ لەدڵی و ھیچ کات وەک جاران بڕشتی نابێت، ھەندێکیش بەکوفری دیموکراسی دەزانن تۆ شەڕ بۆ مانەوەی خۆت بکەیت، یاساو دەستوریش پاش ئەنجامدانی ھەڵبژاردن دەست و پێی پەرلەمانی بەستووەو پەرلەمان چوار ساڵ ھیچی پێ نەکراوە بەرانبەر کۆمسیۆن چۆن لەم کۆتاییەدا دەتوانێت؟!.
ـ لەمێژووی پرۆسەی سیاسی عێراقدا، ھیچ شتێک بەیاساو رێککارە بنەڕەتییەکان یەکلایی نەکراوەتەوە، ھەمیشە تەوافوقات و “بۆم بپۆشە بۆت دەپۆشم” و “بەشی من و بەشی تۆ” و رێککەوتنی خولەکەکانی کۆتایی بڕیاردەرو سەروەر بووە، تەنانەت سەعید کاکەیی کە قەراربوو بن بەڕە بخاتە سەر بەڕە بەچەند ئاخ ھەڵکێشانێک ناڕاستەوخۆ پەیامەکانی گەیاند لەکاتێکدا ماڵی لەکەنەدایە، ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە لەسەر ھێزو کاریگەری پشت پەردە لەسەر ئەو ھەراو زەنایەی ئێستا ئەگوزەرێت، بێگومان ھەر ئەو پشت پەردەیەش ئەنجامی ھەڵبژاردن یەکلایی دەکاتەوە نەک بەیاننامەو شیکارە یاسایی و مەنتیقییەکان کە ھیچ لەبەرژەوەندی ھەڵبژاردنەکەدا نین و ئەگەر پشتیان پێ ببەسرێت نەک سفری دەکەنەوە بەڵکە وەک پەڵەیەکی رەش لەمێژووی نوێی عێراقدا ئەیھێڵنەوە چونکە چ لەھەندەران و چ لەناوخۆی عێراق چەندین فەرسەخ لە پاکوبێگەردییەوە دوور بووە.
سبەی شەممە زۆر شت یەکلایی دەبێتەوەو دەردەکەوێت رێککار سەردەکەوێت یان رێککەوتن، ئەو ھەواڵەشی ئەمڕۆ بەپارە دەستت ناکەوێت سبەی بەبەلاش کەس نایەوێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.