باشترین بژاردە نەچونە بەغداد.

لەلایەن ستاندار Posted on 323 جار بینراوە

ئارام قادر حەمەسور

دوای ئاشکراکردنی دەنگەکانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە وێستگەکانی دەنگدان، زۆربەی لایەنەکان توشی شۆک بون، بەھۆی پێشبینی نەکردنی ئەنجامی گەورە بۆ جوتحزبی دەسەڵات. گۆڕان و کۆمەڵ بەپشت بەستن بە ڕاپرسیەکان و بونی ھەڵوێست دژی دەسەڵات چاوەڕێی زیادبونی دەنگەکانیان دەکرد. پێشبینیەکان زیادبونی دەنگی ئەم دو لایەنەی دەردەخست. لیستی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسیش کە لە یەکێتی نیشتمانی جیابۆتەوە دەیویست خۆی بسەلمێنێت، چونکە بەشێکی زۆری دەنگی یەکێتی دەبات. کادیرانی یەکگرتوش چاویان لە زیادبونی دەنگەکان بو.

دوای چوارساڵی سەخت بۆ ھاوڵاتیان دەبو یەکێتی و پارتی سزا بدرێن و دەنگیان کەمبکات، بەتایبەتی دوای لەدەستدانی شەنگال و کەرکوک و پاشان ڕیفراندۆمە فاشیلەکەو چوارساڵی سەختی ئابوری و گرفتی موچەو پاشەکەوتی موچە و شەھید و بریندارکردنی خۆپیشاندەرانی برسی. بەڵام ئەنجامە سەرەتاییەکان دەریخست یەکێتی و پارتی دەنگی باشیان ھێناوە!؟ دواتر لەلایەن گۆڕان و کۆمەڵ و ھاوپەیمانی و یەکگرتو دەسەڵات تۆمەتبارکرا بە ھاککردن و پڕۆگرام کردنی ئامێرەکانی دەنگدان بۆ بەرژەوەندی خۆی، چەندین بەڵگەی ئاشکراش نیشاندراون، بەتایبەتی یەکێتی چۆن توانی لەکەرکوک پێنج کورسی بێنێت دوای ڕوداوی١٦ی ئۆکتۆبەر؟ یان پارتی چۆن زۆرترین دەنگی موسڵی ھێناوە دوای لەدەستدانی شەنگال؟ یەکێتی د.بەرھەمی لێجیابۆتەوە و لیستی ھەیە ئەی چۆن ئەم دەنگانەی ھێناوە؟ گۆڕان لەوپەڕی بەھێزیدابو چۆن دەنگی کەمی کردوە؟ پاشان نەوەی نوێ چۆن توانیویەتی دەنگێکی زۆر بێنێت؟ گومانەکان بۆ سەر ئەم ھەڵبژاردنە زیادی کردو ھەرێمی کوردستان و کەرکوک گومانی یاریکردنی بە دەنگەکان لێدەکرێت.

دوای شکات و بەدواداچونی ئەم چوار لایەنە لە کۆمسیۆن ئەگەر دەنگەکان دوبارە ھەژمار نەکرانەوە یان دوبارە ھەڵبژاردن نەکرایەوە لەم شوێنانەدا کەئەمەیان زۆر قورسە ئەوکات چ ھەڵوێستێک بنوێنن؟
باشترین بژاردە بایکۆتکردنی بەغدایە لەلایەن ئەم چوار لایەنەوە و نەچن بۆ بەغداد، با کورسی کورد کەمبکات لەبەغداد بەھۆی سیاسەتی تەزویرچیەکانەوە. پاشان ئەم چوار لایەنە ڕوبەڕوی تەحەدایەکی گەورە بونەتەوە بۆ نیشاندانی ھەڵوێیستێکی گەورە بۆ دەنگدەرانیان، چۆن ئەم دەنگانە بگێڕنەوە؟ بەتایبەتی بەھۆی نزیک بونەوە لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە ناوەڕاستی مانگی ئەیلول ئەنجام بدرێت. دەبێت ئەم ھێزانە متمانە بۆ دەنگدەران بگێڕنەوە تا خەڵک بتوانێت جارێکی تر دەنگ بدات، دەسەڵات بەم سیاسەتە دەیەوێت خۆی بەگەورە نیشان بدات و بە خەڵک بڵێت دەنگدان گرنگ نیە ھەرخۆم زۆرینەم، بەمەش سایکۆلوجیای دەنگدەر توشی بێ ئومێدی دەکەن، تا بەشداری دەنگدان کەمبێتەوە. بایکوتی بەغداد بکەن و بیر لە دەنگە دزراوەکان بکەنەوەو خەمی ھەڵبژاردنی داھاتو بخۆن، چونکە دیموکڕاسی لەھەرێمی کوردستاندا لەلایەن جوتحزبی دەسەڵاتەوە کە خۆیان بە دیموکڕات و سوشیال دیموکڕات دادەنێن ھاککراوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.