ساختەکاری و تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی

لەلایەن ستاندار Posted on 350 جار بینراوە

هیوا حەسەن عەلی
هەڵبژاردن یەکێکە لە پایە سەرەکیەکانی پرۆسەی دیموکراسی بۆ دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسڵات،کە ووڵات لەناسەقمگیری سیاسی دەپارێزێ. بەڵام لە ووڵاتە تازە پێگەیشتووەکان کە تازە بنەماکانی دیموکراسی تێیاندا چرۆ ئەکات، پرۆسەی ھەڵبژاردن دەکەوێتە بەردەم ئاستەنگی گەورە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بە شێوەیەک کە ڕەنگە سەرلەبەری پرۆسەکە بخاتە مەترسییەوە. دەوڵەتی عێڕاق بە ھەرێمی کوردستانیشەوە وەک یەکێک لەو ووڵاتانە ئەژمار دەکرێت کە پرۆسەی ھەڵبژاردنەکانی لەژێر پرسیاردایە،کە ئەگەر ووڵاتانی زلھێز نەبوایە بە تایبەتی ئەمەریکا ئەوا سەرجەم ئەو ھەڵبژاردنانەی کە کراون رەنگە ووڵاتیان بەرەو شەڕی ناوخۆو کارەسات ببردایە،بەھۆی ناشەفافی پرۆسەکەو دەستێوەردانی ئاشکرای دەسەڵاتداران.
باشترین بەڵگەیش ئەو ساختەکاری و تەزویرانەیە کە لەدوایین ھەڵبژاردنی ١٢ئایاردا لە عێڕاقدا ئەنجام درا بەتایبەتی لەلایەن ھەردو حزبی دەسەڵاتداری ھەرێمەوە، کە نمونەیەکی ناشرینیان پیشانی دونیادا، کە بووە ھۆی لەکەدارکردنی پرۆسەی دیموکراسی لەھەرێم و عێڕاقدا، نەک ھەر ئەوە ڕەنگە ناسەقامگیری سیاسی و ئەمنیش بەدوای خۆیدا ڕابکێشێ. باشترین بەڵگەش کاردانەوە جەماوەریەکانی دوای پرۆسەکە بوو لەسەر ئاستی ھەرێم و ناوچە جێناکۆکیەکان ،کەچۆن پەیوەندیەکانی نێوان حزب و لایەنە سیاسیەکان و چین و توێژاکانی کۆمەڵگای کوردی لەلایەک و ھەم پەیوەندیەکانی نێوان کوردو نەتەوەکانی تری وەک عەرەب و تورکمان لەلایەکی دیکەوە بەرەو چی ئاستێکی مترسیداردار برد . نمونەیش لێکترازانی زیاتری نێوان حزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان بە شێوەیەک تێکچوە کا لایەنەکانی بەسەر دوو بەرەی جیاوازدا دابەش کردوە ،بەرەی ساختەکاری و بەرەی دەنگخوراوەکان واتا غەدرلێکراوەکان، تەنانەت ناکۆکیەکان ئەوەندە قوڵ بۆتەوە کە ھەردو بەرە ئامادەنین گفتوگۆو دانیشتن لەگەڵ یەکتردا بکەن، ھەروەھا کاریگەری نەرێنی و لێکترازاندنی زیاتری خستۆتە نێوان چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کورداواریەوە.
بێگومان توڕەیی و ناڕەزایەکانی خەڵکی گەیشتۆتە ئاستێک کە ئەگەری ھاتنە سەر شاقامی خەڵک زۆر نزیکە ، لەو حاڵەشدا رەنگە دۆخکە بەرەو ئاڕاستەیەکی وا بڕوات کە کۆنتڕۆڵکردنەوەی زۆر گران و ئەستەم بێت، ھەروەکو چۆن لەشەوی ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەرەییەکانی ھەڵبژاردن لەلایەن ھێزێکی چەکداری لایەنێکی دەسەڵات ھێرشی کردە سەر مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان کە ئەگەر پشتێنەی جەماوەری نەبوایە ڕەنگە کارەساتێکی گەورەی لێبکەوتایەتەوە.
سەبارەت بەناوچە جێناکۆکیەکانیش ناڕەزایی و ھەڵچونی شەقامی عەرەبی و تورکمانیەکان لە لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە بە شێوەیەک رۆژانە گردبونەوەو خۆپیشاندان دژ بە ئاکامەکانی ھەڵبژاردن ئەنجام ئەدەن ،ڕەنگە ئەمە تەشەنە بکات بۆ ھەڵگیرساندنی شەڕی نەتەوەیی نێوان پێکھاتەکانی شاری کەرکوک یان لانی کەم ڕێگە خۆش بکات بۆ دەست وەردانی ووڵاتانی ھەرێمیی لە بارودۆخی ناوخۆی کەرکوک و نانەوەی پشێوی لەنێوان پێکھاتەکانی ئەو شارە بە جۆرێک کە کوژانەوەی ئەو ئاگرە زۆر ئەستەم بێت .
ئەمانە بەشێکن لەو مەترسیانەی کە رەنگە روو بدات لە ئەنجامی ئەو دزی و ساختەکاریانەی دەسەڵاتدارانی ھەرێم کردویانە لە دواین ھەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاق.
لێرەوە ئەگەینە ئەو ئەنجامەی کە ئەگەر ھەڵبژاردنێکی تا ڕادەیەک پاک و بێگەرد ببێتە ئامرازێک بۆ دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات و جێگیرکردنی سەقامگیری سیاسی کۆمەڵایەتی لە ووڵاتدا، بە پێچەوانەوە ھەڵبژاردنێک کە پڕبێت لە تەزویرو ساختەکاری ڕەنگە ووڵات بەرەو کارەساتێکی گەورەو شەڕی تایەفی و نەتەوەیی بببات ،بێگومان ئوباڵی ھەموو ئەوکارەساتانەش ئەکەوێتە ئەستۆی ئەوانەی ئەیانەوێ بەساختەکاری و لەژێر پەردەی دیموکراسیدا جڵەوی دەسەڵات بگرنەوە دەست. لەکۆتایدا ئەمەوێ بەو قسە باوە کۆتایی بەم نوسینە بێنم کە ئەڵێ دیموکراسی وەک خەنجەرێکی دوو دەم وایە ئەگەر خراپ بەکارت ھێنا خۆت ئەکوژێت .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.