گۆڕان و دەربازبوون لەو قۆناغە!

لەلایەن ستاندار Posted on 308 جار بینراوە

به‌ڵێن سابیر

بەشی دووەم

لە گەڵ قبوڵ نەکردنی ئەنجامەکانی ئەم ھەڵبژاردنە، شکات لە دادگای فیدڕاڵی عێڕاق و جیھان لەسەر کۆمسیۆنی باڵا سەبارەت بەم ساختەکارییە، کە ئەگەر دووبارە پشتگوێخستنەوە، چاکترین بژاردە لە بەردەم بزووتنەوەی گۆڕان بەژداری نەکردنە لە پێکھێنانی حکومەتی نوێ، ھەروەھا کشانەوە و دەستبەرداربوون لە تەواوی ئیدارەی حکومەتی کوردی، بەم رێکارە دەتوانن بۆ خەڵک و دەنگدەرانی گۆڕان روونبکەنەوە کە گۆڕان ئامادە نیە بەژداری پێکھێنانی دوو حکومەت بکات، حکومەتی یەکەم بە ساختەکاری و دەستکاری دەنگەکان بارسەنگی ھێز وەردەگرێت، ئەوەی دووەم، بێباک وەک ئەوەی کۆمەڵەی یەکەم مەقاشەکەیان بن، خۆیان گێژ و کەڕ کردووە!

یەکێک لەو ھەقیقەتانەی کە دەبێت ئاماژەی پێبدرێت، پارتی و یەکێتی جگە لە کردنی ئەو حەشامەتی مووچەخۆرە بە دەنگدەر، سوود بینینە لە دەنگدەری نەخوێندەوار. لە سەنتەری شارەکان دوور بکەرەوە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی نەخوێندەوار لە دێھات و گووندنشینەکان بە چڕ و پەرش و بڵاوی ھەن، بەشێکی زۆر لەمانە لە رۆژی ھەڵبژاردنەکان مافی دەنگدانیان دەبێت، ھەموو جاریش معادەلەی یەکلایی کەرەوە و ناوچە سەرەکییەکانی ئەو دوو پارتەن، تایبەتی پارتی، کارمەندێکی کۆمسیۆن لە یەکێک لەم ناوچانە لە رۆژی ھەڵبژاردن راپرسییەکی لە بنکەیەکی دەنگدان کردبوو، لەناو ٥٨٥ کەس، بە نزیکی ٣٥٠ کەسیان نەیزانیووە ناوی ئەو قەوارە و کاندیدە سیاسییە بدۆزێتەوە کە ویستیان ھەبووە دەنگی پێبدەن، ناچار مودیری بنکەکە لە گەڵ دوو چاودێری قەوارەی پارتی و یەکێتی، بە نۆبەت، یەک بۆ پارتی، یەک بۆ یەکێتی ڕێککەوتوون و قەڵەمیان لەسەر فۆڕمەکە داوە. لەسەر بزووتنەوەی گۆڕان پێویستە بە خێرایی سیمینار و پڕۆژەی مەعریفی و ھۆشیارکردنەوە لەو ناوچانە ئەنجام بدات.

بە ئەزموون لە شکستی ئەمجارە، ئەو قۆناغە دەبێت تێبپەڕێندرێت، ریفۆرم لە کاتێکی نزیک بکرێت و سەرجەم خاڵە لاوازەکان، یان ئەو خاڵانەی لە زھنی کۆمەڵانی خەڵک دروست بووە، کە بزوتنەوەی گۆڕان بە پارتە تەقلیدییەکانی دی دەچوێنێت بسڕێتەوە، پێویستە لە نێو ئەو رۆشنبیر و ئەنیستیتۆ و ژوور و ناوەندە لێکۆڵینەوەکانی گردەکە، ئەو زمانزان و ئەکادیمی و لێکۆڵەرانەی کە شەیدای بیروبۆچوونی خۆیان بوون، لە مەجالێکی ئەوەندە ووشک و تەسک و فەوزەویی شیکاریان کرد و بزووتەنەوەکەیان بە ئاراستەیەکی چەوت برد و باجی گەورەیان پێدا، بگڕێندرێنەوە و پەروەردە بکرێنەوە. پێویستە مەکۆ و رایەڵە و بازنەکان لە ناوەندی چەلەحانێ و دیالۆگی بێسوودەوە بکرێن بە ئەکادیمای پەروەردە و فێربوون. لە ناوەندی چا خواردنەوەوە بکرێن بە شوێنی جێبەجێکردنی بەرنامەکانی بزووتنەوەکە.

بۆ ریفۆرم دەکرێت ئەزموون لە تیۆریەکەی پەکەکە ببیندرێت کە لە سێ کات و قۆناغی جیا جیا ئەو پارتە گەیاندە تڕۆپکی کامڵ بوون، عقوبەی کەسانی باڵایان دا، زۆربەی کادیرەکانیان رەوانەی پەروەردە کردەوە، وەک ئۆجەلان دەڵێت: ئێستا ھەمووان دەزانن کە پارتی کرێکارانی کوردستان دەستی کردووە بە تێپەڕاندنی ئەوەی کە حیزبێکی سیاسی بێت. بێگومان مەبەستی ئۆجەلان ئەوەیە کە ئێستای پەکەکە بە تەنھا حیزبێکی سیاسی و نیشتیمانی نیە، بەڵکو مەدرەسەی پێگەیاندن و دروست بوونی تاکی ھۆشیارە. لەبەر ئەوە ناتوانن بە ئاسانی پێناسەی پارتی کرێکارانی کوردستان بکەین.

دووەم: گەڕاندنەوەی متمانەیە بۆ خەڵک، چونکم بەم میکانیزمەی ئێستا ئەستمە خەڵک جارێکی دی پەنجە بۆ حیزبێک مۆر بکات، دروستکردنەوەی ئەو متمانەیەش بێگومان بە پێکھێنانی بەرەیەکی ناڕازی ھەر شەش لایەنە غەدرلێکراوە، کە بە یەک لیست بەژداری پڕۆسەی ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ٣٠ی ٩ ی ھەرێمی کوردستان بکەن، ھەوڵی تەواو بدەن، رێگە لە تەزویر بگیرێت و ھەرچۆنێک بێت، دەسەڵات. لەم دوو پارتە وەربگرنەوە.

قۆناغێکی تر، بڕوا بوونی گۆڕانە بە مەسەلەی نەتەوەیی و داڕشتن و گرتنە دەستی کەیسی دەوڵەتی کوردییە، بێگومان ئەو دەوڵەتە وەھمییەی پارتی نا، کە بۆ مانەوە و بانگەشە جار نا جارێک بەکاریدێنێت، ئەو دەوڵەتە نا کە پارتی کەم کەم بە ھەزار فەرسەخ کوردی لەم دەوڵەتە دوور خستەوە، بەڵکو دەوڵەتێک کە راگیر و پایەکانی لە سەر ژێرخانێکی پتەو بوەستێت و دەعمی نێودەوڵەتی لەلایەن چەند دەوڵەتێکی زلھێزی ناوچەکان وەرگرتبێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.