نەوشیروانی بوون یا بوون بە نەوشیروان مستەفا؟

لەلایەن ستاندار Posted on 257 جار بینراوە

پێشڕەو بابەشێخ

نوسین و قسە کردن لەسەر ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا زۆر هەڵدەگرێ, بە لێکۆڵینەوە و شیکردنەوەی یەک لایەن لە لایەنەکانی ژیانی و لێکۆڵینەوە لەسەر هەر قۆناغێک لە قۆناغەکانی ژیانی و لە هەر یەک لەو قۆناغانەش, زۆر هەڵدەگرێت . بیرکردنەوە لە بیری نەوشیروان مستەفا خۆی لە خۆیدا دوورو قوڵە و بە ئاسانی و سادەیی تەواو نابێت . لە داهاتوی دوور و نزیکیشدا ئەمە دەبینین و دەبیستین . ئەوەی من لێرە مەبەستمە تیشکی بخەمەسەر خودی ئەو ڕێباوەڕی و ڕێبازەیە کە هەر تاکێک بتوانێت بیگرێتە بەر و بیکات بە ڕێچکەیەک بۆ ژیانی تایبەتی خۆی, کە نەوشیروانی بوونە و لە دواجاریشدا ڕەنگدانەوەی ئەرێنی بۆ سەر کۆمەڵگاو نەوەی داهاتوش ببێت . ئەوە ڕون و ئاشکرایە کە خودا یەکجار نەوشیروان مستەفای بەکورد بەخشی, ئیتر دروستبونی نەوشیروان مستەفایەکی تر لە ئارادا نیە و نابێتەوە .

نەوشیروانی بوون ڕێگایەکە یا ڕێباوەڕیەکە یاخود ڕێچکەیەکە هەر تاکێک لە ئێمە دەکرێت هەوڵی چون بەرەو ئەو ڕێگاو ڕێچکەیە بدەین . بە مانایەکی تر دەکرێت هەلی نەوشیروانی بوون هەبێت, بەڵام بوون بە نەوشیروان مستەفا ئەستەم و مەحاڵ بێت . نەوشیروانی بوون : نەوشیروانی بوون دەکرێت هەر تاکێک لە خودی خۆیدا بەرجەستەی بکات , لە هەڵسوکەوت , لە گفتوگۆو گوفتار و لە حەق بێژی , لە نوسین و لە وانە بێژی , لە کاری سیاسی و ئیداری و حوکمڕانیدا , لە دەستپاکی و داوێن پاکی, لە بەگژاچونەوەی ستەم و زوڵم و چونەوە بە گژ مەحاڵدا , بیری ئازاد و سەریح لە ڕادەربڕین , لە ژینگە دۆستی و هەژار دۆستی و خاکی بوون و سادەیی ژیان . لە پەیوەندی کۆمەڵایەتی و شێوازی ژیان . دەکرێت لە ڕێگای بە نەوشیروانی بوون فێربین بۆچی دەژین و لە پێناوی چیدا بژین, چۆن دەمرین و لە پێناوی چیدا بمرین . نەوشیروان مستەفا بەدەم ڕێگایەکی پیرۆز گوڵی دەچنی, کامە ڕێگاو کام گوڵ چنین ؟ ئەو بەدەم شۆڕش و خەباتەوە لە هەوڵی نوسینەوەی مێژوودا بوو, ئەو بەدەم بەگژداچونەوەی دکتاتۆریەت و زوڵم و زۆری دوژمنانی کورد, لە هەوڵی نوسینەوەی سەروەری نەتەوەیەک دابوو .

نەوشیروان مستەفا بەدەم ڕێگای رزگاری و ئازادی لە هەوڵی ناساندنی کلتور و فەرهەنگ و مێژوو و جوگرافیای نەتەوە و نیشتمانێک دابوو. ئیتر نەوشیروانی بوون بریتیە لە چاونەترسی و کۆتایی هێنان بەترس, نەوشیروانی بوون بریتیە لە دروستکردنی ئومێد لە بێ ئومێدی دا , جۆشدانەوە و هەڵسانەوەیە, دروستکردنی ئیرادەیە لە نەمانی ئیرادەدا. نەوشیروانی بوون ,نا, یە بەرامبەر نایەکسانی و نادادی کۆمەڵایەتی و نا دادپەروەری . نا یە بەرامبەر گەندەڵی, نا یە بەرامبەر بە بنەماڵەیی کردن . نایە بەرامبەر برسیکردن, نا یەکی گەورەیە بەرامبەر کورسی حوکمڕانی ناڕەوا و پشتاوپشت و هێنانە پێشی کوڕ و کوڕەزا و برازا . نەوشیروانی بوون دژی پاسەوانی زۆر و کەژاوەی ئۆتۆمبێل و خۆ جیاکردنەوە لە خەڵک و ژیانی شاهانەیە, دژ بە کۆشک و تەلار و دونیای سەرمایەداری و بردنی داهات و سامانی میلەتە, دژی خۆ دەوڵەمەندکردن و جیاکاری چینایەتە, دژ بە بەکارهێنانی پاسەوان و بندیوارە بۆ خزمەتی تایبەتی و منداڵ و خێزان لە بری خزمەتی گشتی .

ئیتر کەسانێک ئەمانە لە خۆیان دانەماڵن ناکرێت و ناتوانن لاف و گەزافی بیری نەوشیروانی بوون لێبدەن . نەوشیروانی بوون دژی خزم خزمێنە و پشک پشکێنە و وەلائی خزمایەتی و بنەماڵەییە لە شوێنی کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو , نەوشیروانی بوون کارپێدانە بە کوڕە هەژار و خوێندەوارەکان لە بری کوڕی دەسەڵاتدار و بنەماڵە . ناکرێت و ناگونجێت تۆ خۆت بە هەڵگری بیری نەوشیروان مستەفا دابنێیت, بەڵام ڕاستگۆ و حەق بێژ نەبیت بەرامبەر کۆمەڵگاکەت, دەوروبەرەکەت , هاوڕێکانت یا هاوپۆل و هاوپیشەکانت . سادەبوون و خاکی بوون و تێکەڵی بە جەماوەر و خۆ جیانەکردنەوە لە خەڵک نەوشیروانی بوونە . ئەوە بەرجەستە کردن و پیادەکردنی ڕێباوەڕی نەوشیروانی بوونە نەک قسەودروشم جۆرێک و کردار جۆرێکی تر . پەردەداری لە نەوشیروانی بوندا بونی نیە , ژیانی پادشا و گەدا بونی نیە, بەهەمان ئەندازەی نەبونی هەڵتۆقینی نوخبەیەک لە ڕێگای سیاسەت و دەسەڵات و پوکانەوە و داڕزینی ژیانی زۆرینەی کۆمەڵگا لە نەوشیروانی بوندا, دابینکردنی ژیانی شایستەو وەک یەک بۆ هەموان و نەهێشتنی جیاکاری چینایەتی و ڕێزگرتن لە جیاوازی بیروڕا و بەیەکەوە ژیانی ئاشتیانە لەم ڕێباوەڕەدایە . وەک چۆن لە خەباتی مەدەنی و حوکمداری باوەڕ بوون بەچەک و توندوتیژی بوونی نیە, بە هەمان شێوە کوشتنی ڕۆژنامەنوس و لێدان و ئازاردانی بیری ئازاد بونی نیە لەنەوشیروانی بووندا ئیتر ئەمەیە هونەری نەوشیروانی بوون نەک بە قسە و دروشم . هەرکەسێک بیەوێت دەتوانێت لە مەیدانی نەوشیروانی بووندا ئەسپی خۆی تاوبدا، بەڵام بوون بە نەوشیروان مستەفا ئەستەمە و خودا یەکجار نەوشیروان مستەفای بەکورد بەخشی و ئیتر تەنها خودا خۆی دەزانێت لە چ سەردەم و قۆناغێکی تر بەو گەلە ستەم دیدەی دەبەخشێتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.