ئەمریکا و ئێران؛پێکدادان یان ڕێککەوتن؟!

لەلایەن ستاندار Posted on 278 جار بینراوە

ڕەھبەر مسعود عبدالخالق

سیاسەتی دەرەوەی ئێستای ئەمریکا بە سەرکردایەتی پۆمپیۆ ووردە ووردە دیزایین و ناوەڕۆکەکەی شەفاف دەبێ،بونیادی گووتاری سیاسەتی دەرەوە بەرامبەر ئێران لەسەر بناغەی ھارد پاوەر(ھێزی ڕەق) خۆی نمایش دەکا،بۆیەش ھاتنە دەرەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنامە جیھانیە مێژووییە نەوەویەکە بێ پێشەکی و خۆئامادەکردن و موڕاعاتی ووڵاتانیتر و سیاسەتی پلەپلەیی،یەکسەر ھاتە دەرەوە،ئەمەش ئەو واتایە دەگەیەنێ دەرگای دایەڵۆگ و دیپڵۆماسیەتی لەسەر ئێران داخست.

ئیدارەی ئۆباما سیاسەتی دەرەوەی لەسەر بنچینەی سۆفت پاوەر داڕشتبوو،باوەڕی بە چارەسەری ھاوبەش و مامناوەند ھەبوو لەگەڵ دوژمنەکانی ئەمریکا،ئامانجیشی وەرچەرخاندن و گۆڕینی سستمی سیاسی ئێران نەبوو تەنھا ئامانجی گۆڕانکاری لە ڕەفتارەکانی ئێران بوو لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست،بۆیە ئێران نەرمی ئەم پاڕادایمەی ئۆبامای قۆستەوە و ووردە ئێکسپۆرتی بەھا سیاسی و کلتوری و پڕۆژەکانی خۆی دەکرد بۆ ناوچەکە و تا ئاستێکی بەرزیش سەرکەوتوو بوو لە کۆنتڕۆڵکردنی پێنج پێتەخت(عاصمة).

بەڵام ئیدارەی تڕەمپ تەواو پێچەوانەیە،حکومەتی ئێستای ئەمریکا ھەر بە وەستاندنی ڕەفتارە تەجاوزکاری و قێزەونەکانی ئێران لەدیدی ئەمریکاوە ناوەستێت،نایشیەوێت ئێران لە پەل و پۆ بخات لە چاڵاکی و پڕۆژەکانی بەڵکو بەڕای من ئەمجارە ئەمریکا ھەوڵی ستڕاتیژی ھەیە بۆ گۆڕانکاری لە سستمی سیاسی و لەگۆڕنانی دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیھ،بەڵگەش بۆ ئەمە جۆر و ستایلی تووندی لێدوانەکان و ئەو سزا ئابووریە تاقەتپڕۆکێن و پشتشکێنانەیە کەلە ئاییندەیەکی نزیک ڕووبەڕووی ئێران دەبنەوە،ئەمریکا دەیەوێت لە دەرەوە ئێران بخنکێنێت تا لە ناوەوە خەڵکە تووڕەکەی ئێرانیش شۆڕش و ڕاپەڕین بەرپا بکەن،لەبیرمان نەچێت کۆمەڵگەی ئێرانی ئەزمونی نزیکی ھەیە لە ئینقلاب و ڕاپەڕین لەساڵی ١٩٧٩.

ڕاستە یەکێتی ئەوڕوپا دڵگران و ناڕازیە بەرامبەر ئەو ھەنگاوە گەورە و ترسناک و تاکلایەنانەی ئەمریکا دژی ئێران بەڵام دەبێ ئەوە لەبەرچاو بگرین کە قەبارەی بەرژەوەندیە زەبەڵاح و ستڕاتیژیەکانی یەکێتی ئەوڕوپا زۆر زیاتر و گەورەترە لەگەڵ ئەمریکا لە قەبارەی بەرژەوەندیەکانی لەگەڵ ئێران.سەرەڕای ئەوەش یەکێتی ئەوڕوپا و کیشوەرەکەی ئێستا چووەتە قۆناغی پیری و قەیرانی سەخت جەستەکەی دەھاڕی بە تایبەتیش بڕیاری کشانەوەی بریتانیا لە یەکێتیەکە بۆیە بێ ئەمریکا یەکێتیەکە بەرەو ھەڵوەشانەوە دەڕوا.

ھاوکێشە سیاسی و سەربازیەکان ئێستا لە یەمەن و عێڕاق و سوریا تا ڕاددەیەک گۆڕاون،دۆخی حوسیەکانی یەمەن زۆر خراپە و لە پاشەکشەی بەردەوامن و توانا سەربازیەکانیان تا ئاستی بەرز تێکشکاوە،لە سوریاش ئیسڕائیل تەنگی بە ئێران ھەڵچنیوە و جوڵە سەربازی و چاڵاکیەکانی میلیشیا ئێرانیەکانی سنوردار کردووە،لەولاشەوە فشاری ڕووسیا و داواکاریەکانی لە ئێران زیادی کردووە بەمەش دۆخی میلیشیا ئێرانیەکان تەواو تێکچووە،لە عێڕاقیش پاش ھەڵبژاردنەکان و سەرکەوتنی لیستی سەدر(وەک نەیارێکی سیاسەتی ئێران و پاشکۆکانی) تاڕاددەیەک باڵانسی ھێز دەگۆڕێت دژی ئێران،ئەوانە ھەمووی ئاماژەی نەرێنین بۆ ئێران.

جا ئایا ڕووسیا و چاینە دەتوانن ئەو بۆشایی و کێشە و قەیرانە ئابووریانەی بەرۆکی ئێران دەگرن پڕ بکەنەوە یان نا؟!ئایا ئێران ستڕاتیژی بەرەنگاری داڕشتووە یان ئەڵتەرنەیتیڤی ھەیە بۆ بۆشاییەکان یان نا؟!
بەڕای من خۆپیشاندانە جەماوەریەکەی پێشتری ئێران دۆخی ئەو ووڵاتەی پیشاندا کە تا چ ڕاددەیەک وێران و کاول بووە،خەڵکی ئێران لەوە گەیشتووە پارە و پوول و سامانی ووڵات ھەمووی لە جەنگەکانی سوریا و یەمەن و عێڕاق سەرفکراوە و گەلی ئێرانی لێبێبەشکراوە،ئەوەش خاڵی ھەرە لاوازی ئێرانە لەم قۆناغە سەخت و ھەستیارەدا،بۆیە وا پێدەچێ ئێران لە ئاستی دوور مەودا تووشی شکستی گەورە ببێ.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.