عێراق لەبەردەم قەیرانی (ڕەوایەتی)دا

لەلایەن ستاندار Posted on 295 جار بینراوە

سمیع صابر

ڕەوایەتی یەکێکە لە چەمکە گرنگ و سەرەکیەکانی زانستی سیاسی وە بەیەکێک لەو چەمکانە ھەژماردەکرێت کە سیستەمی سیاسی و حوکومەتی دروست و نادروست لەڕێگەی ڕەوایەتی و ئاستی ڕەوایەتی جیادەکرێتەوە، چونکە بنەمایی ڕەوایەتی لە دونیایی سیاسی مۆدێرن ھاوڵاتیانن واتە ئەوە ھاوڵاتییە دەنگ دەدات بەوەی کە کێ مافی ئەوەی ھەیە حوکومڕانی بکات بۆ ماوەیەکی دیاریکراو، ڕەوایەتی لەلای سیستەمە سیاسییە دیموکراسیەکان گرینگیەکی جەوھەری ھەیە،چونکە ھەر سیستەمێکی سیاسی کاتێک ڕەوایەتی مسۆگەر دەکات ئەوا بەڕێژەیەکی زۆر سەرکەوتویی خۆی و حوکومەتەکەی مسۆگەر دەکات.
ڕەوایەتی سیستەمی سیاسی واتە ھاوڵاتیان ئەم سیستەمە و حوکومەت و دامەزراوەکانی حوکومەت بەھی خۆیان بزانن و بەرگری لێبکەن لە ھەر مەترسیەکی ناوخۆیی و دەرەکی، بەمانایەکی تر کاتێک ھەڕەشە دروست دەبێت لەسەر حوکومەت و دامەزراوەکانی لەبەرانبەردا ھاوڵاتیان وەڵامی ڕاستەوخۆیان دەبێت لەبەرانبەر ھەڕەشەکان ھەوڵی بەرگری دەدەن بەھەموو توانایەک، چونکە ھاوڵاتیان دڵنیان لەوەی کە ھەر مەترسیەک لەسەر بەرژەوەندیەکانی حوکومەت و دامەزراوەکان مەترسیە لەسەر بەرژەوەندیەکانی ئەوان، ھەروەھا بوونی ڕەوایەتی وادەکات یەکگرتوی (اندماج) دروست بێت لەنێوان حوکومەت و ھاوڵاتیان، ھەروەھا ئاتی متمانەی حوکومەت و ھاوڵاتی پەیوەندی بە ڕەوایەتی ھەیە ئەو حوکومەتەی بنەمایی ڕەوایەتی نەبێت متمانەی ھاوڵاتیان لە دەست دەدات، بۆ نموونە لەو ووڵاتانەی کە بنەمایی ڕەوایەتی نیە کاتێک حوکومەتی ئەو ووڵاتانە تەنانەت دەیەوێت چاکسازی بکات ھاوڵاتیان بە ترس و بێ متمانەیەوە تەماشایی پڕۆسەکە دەکەن.
ھەروەھا ڕەوایەتی ھۆکاری سەرەکی سەقامگیری سیاسییە گەر تەماشایی ئەو ووڵاتانە بکەین کە بەردەوام لە کێشەو ئاژاوە و توندوتیژی دایە ئەو ووڵاتانەن کە سیستەمی سیاسی و حوکومەتەکەی یان ئەوەتە بەڕێگایی کودەتا و یان حوکومی (ویراسی) دروست بووە، واتە یان ھیچ بنەمایەکی ڕەوایەتی تیانیە یان گەرھەش بێت زۆر لاوازە، بۆیە بەردەوام لە توندوتیژی و کوشتن لە پێشەوەی ووڵاتانە، بۆ نموونە سەیری ڕاپۆرتەکانی (UN) بکەین کە مانگانە بڵاوی دەکاتەوە بۆت دەردەکەوێت کە ئەم ووڵاتانە رێژەی کوشتنی ھاوڵاتیانی مەدەنی زۆر زۆرە بەبەراورد بەو ووڵاتانەی حوکومەتەکەیان بنەمایی ڕەوایەتی ھەیە بەڕیگایی پڕۆسەیەکی دیمەکراسی تەندروست دروست بووە.
ڕەوایەتی سیاسی ھێز بە حوکومەت دەدات کە وەڵامی خێرایی ھەبێت بۆ داواکاریەکانی ھاوڵاتیان بەخێرایی کێشە و گرفتەکانیان چارەسەر بکات، یەکێک لە بنەمایی ھەرحوکومەتیِکی سەرکەوتو ئەوەیە کە حوکومەت تاچەند دەتوانێت وەڵامی خێرایی ھەبێـت بۆ داواکاری ھاوڵاتیان، ڕەوایەتی بەشداری سیاسی ھاوڵاتیان زیاتر دەکات وا لە ھاوڵاتیان دەکات بەردەوام ئامادەبن لە ھەر کێشەیەک کەحوکومەت رووبەرووی دەبێـەوە ھاوڵاتیان پاڵپشتی بن بۆ چارەسەری کێشەکە.
ھەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی دوازدەی ئایاری عێراق کە بە خراپترین ھەڵبژاردن دادەنرێت لە مێژووی ھەڵبژاردنی عێراق لە دوایی ساڵی ٢٠٠٣، ئەم ھەڵبژاردنە بەجۆرێک خراپە کە ھیچ پێکھاتەیەکی سەرەکی عێراق لە (کورد و سوننە و شیعە) بەتەواوی ھێزە سیاسیەکانیان پشتگیری ناکەن واتە ھێزە شیعیەکان کە زۆرینەن لە بەدەسھێنانی کورسیەکانی پەرلەمان بەردەوام براوەی ھەڵبژاردنەکانن بەڵام ئەونیش ھەموویان پشتگیری دەرئەنجامەکانی ھەڵبژاردنەکە ناکەن، تەنانەت نیوەی ئەو کورسیانەی بەدەستیان ھێناوە یان ئەوەتە ڕەخنەیان ھەیە یان تێبینیان ھەیە لە سەروی ھەمەیان (ھاوپەیمانی فەتح و دەوڵەتی یاسا) کە خاوەنی حەفتا کورسین، ھەروەھا ھەموو ھێزە سونیەکان ڕەتی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنەکە دەکەنەوە کە ئەوانیش خاوەنی حەفتا کورسی دەبن، وە چەند ھێزێکی کوردی جگە لە پارتی و یەکێتی کە خاوەنی پازدە کورسین دەئەنجامەکان رەتدەکەنەوە کە پێکھاتون لە (گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری).
کۆی ئەو ھێزانەی کە رەخنەیان ھەیە یان تێبینیان ھەیە یان دەرئەنجامەکان ڕەتدەکەنەوە نزیکەی نیوەی کۆیی کورسەکانی پەرلەمان دەبێت، وە توانیان نیسابی پەرلەمانی تەوابکەن لە (٢٨/٥) بۆ دووبارە ھەژمارکردنەوەی دەنگ بە دەست، ئاشکرایە ئەم ژمارەیە زۆر مەترسیدارە بۆ حوکومەتی داھاتوی عێراق، چونکە عێراق خۆیی گیرۆدەیی چەندین قەیرانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و ئەمنی و سەربازی بۆتەوە، گەر بەم شیوەیە بڕوات رووبورروی قەیرانی (ڕەوایەتی)ش دەبێتەوە کە ھێندەی قەبارەیی ھەموو قەیرانەکانی سەرەوە کاریگەر و مەترسیدارە، چەنکە ئەم حوکومەتە پشتگیری زۆر لاواز دەبێت نە دەتوانێت وەڵامدەرەوەی ھاوڵاتیان بێـت نە چارەسەری کێشە قوڵەکانی بکات.
بۆیە بە بۆ چونی من پێش ئەوەی ئەو ھێزانەی کە ناڕازین لە دەرئەنجامی ھەڵبژاردنەکان داوایی دەنگی خۆیان بکەن داوایی ئەوە بکەن کە پێویستە دەنگە راستەقینەکانیان بۆ دەرکەوێت پێویستە ئەو ھێزانە دوا بکەن کە بەجۆرێک ڕازین یان خۆیان بە براوەی ھەڵبژاردنن دەزانن، چونکە ئەم حوکومەتەی ئەوان دروستی دەکەن بە مردووی لە دایک دەبێـت لە زیاتر کردنی کێشە شکست ھیچی تر سەربار ناخات بۆ عێراقی ماندوو و پڕ لە قەیران.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.