ئاگاداربە ھۆ کاکی پێشمەرگە

لەلایەن ستاندار Posted on 303 جار بینراوە

ھیوا سەید سەلیم
دەوترێت لە سەردەمی کۆماری مھاباددا لە کۆبوونەوەیەکی پێشەوا قازی موحەمەدی سەرۆک کۆمارە ساواکەی کوردستان، گفتوگۆی ئەوە دەکرێت کە ناوێک بدۆزنەوە کە شایستەی قارەمانیەتی ئەو جەنگاوەرە کوردانە بێت کە بۆ رزگاری و سەرفرازی کوردستان دەستیان داوەتە چەک، وە ئامادەن بۆ ئەو ئامانجە پیرۆزە گیانی خۆیان بەخت بکەن، لە گەرمەی گفتوگۆکاندا بۆ دۆزینەوەی ئەو ناو چایەچیەکەی پێشەوا دێتە دەنگ و دەڵێت:
(پێم باشە ناوی ئەو جەنگاوەرانە بنێن پێشمەرگەیە)
لەو رۆژەوە و تا ئەمرۆشی لەگەڵ دابێت ناوی پێشمەرگە وەک سونبلێکی پێرۆزی نەتەوەیی دێت، ھەروەھا بە دەیان ھەزار تێکۆشەری کورد لە ژێر ئەوناوە گیانی خۆیان کردۆتە قوربانی کورد و کوردستان، پیرۆزی ناوی پێشمەرگە ھێندە گەورەیە ھەر بۆیشە دەبێتە ئیلھامی شاعیران و ھونەرمەندان.
ھەموو لایەک دەزانین کە لەرۆژانی سەختی تێکۆشان دژ بە دووژمنان و داگیرکەرانی کوردستان بوونە پێشمەرگە شانازیەکی گەورە بوو، تەنانەت نەک ھەر خودی پێشمەرگە بگرە کەسوکارەکانی پێشمەرگەش سەربەزانە باسیان لەرۆڵەکانیان دەکرد کە رۆژێک لە رۆژەکان پێشمەرگە بوونە.
لە ھەرێمی کوردستاندا دوای ئەوەی دەسەڵاتی حزبایەتی شتە جوانەکانی ناشیرن کرد، پرووشکی ئەو ناشیرینیانەش بەر پێشمەرگەی کوردستان کەوت، بەوەی لەدوای راپەرینەوە بۆ ملاملانێی ناڕەوای حزبایەتی بەسەدان کۆنە جاشی سەردمی خۆی پەرێزیان تێکەڵاوی پەرێزی پاکی پێشمەرگە کرا، بگرە رێز و مافی ئەو کەسانە زۆر زیاتریش بوو لەو تێکۆشەرانەی کە ھەر بە راست شایەنی ئەوە بوون پێیان بووترێت پێشمەرگە!
جا ئەو قسەیە بۆ پێشمەرگە شەھیدەکانیش نەک ھەر ڕاستە، بگەرە تۆختر و کارەسات بارتریشە، چونکە خەڵکی وا ناوی تێکەڵاوی لیستی پێشمەرگەی شەھیدکرا، کە تا دوا ساتەکانی ژیانی لەسەنەگەری دژایەتیکردنی پێشمەرگە و پێشمەرگە شەھیدەکان بووە، وە ئێستاش زۆرن ئەوانەی دوێنێ شەڕی پێشمەرگەیان دەکرد و ئەمرۆ بەتانج و نەجمەی سەرشانیان پێشمەرگایەتی و کوردایەتی بەو میللەتە دەفرۆشنەوە.
چەند رۆژێکە لە راگەیندنەکان و تۆرەکۆمەڵایەتیەکان بابەتی پێشمەرگ و رشتنی فرمێسکی تیمساحی بۆ لەدەستدانی دەنگی پێشمەرگە کاسی کردووین، لە ھەمووشی سەیرتر ئەوەیە کەسانێک ماف بەخۆیان دەدەن کە وەک خەمخۆری پێشمەرگە خۆیان نیشان بدەن کە ھەر ئەوانن ناوی پێشمەرگەیان لەکەدار کرووە. بەوەی رۆژێک مووچەیان دەبڕن و داوی دەخەن، وەک چۆن لە گەرمەی شەری داعش دەیان پێشمەرگەمان بینی لەبەر نەبوونی پەنای بۆ خۆکووشتن برد و کەچی کەسوکاری بەرپرسان لە ژیانی شاھانە دابوون و مووچەکانیشیان سەرەمانگان بۆ دەچووەوە ماڵ.
دوایین کاریش کە ئەو دەسەڵاتە پەنای بۆ برد، پێشێلکردنی ئەو مافەی پێشمەرگەیە کە ھەر ھاوڵاتیەکی ئاسایی ھەیەتی، ئەویش مافی ئازادیە لە دەنگدان و بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنەکان، بە چادوێری کردنیان و ھەڕەشەلێکردن لێیان و داواجاریش دزینی دەنگەکانیان .
ھەموو ئەو بێڕێزیەی بەرامبەر پێشمەرگە لە ساڵانی رابردوو وە لە ئێستاشدا ئەنجام دروان، ئۆباڵەکەی دەکەوێتە ئەستۆی ئەو دەسەڵاتە، بەڵگەش بۆ ئەو قسەیەمان ئەوەیە:
( کە ئەوە حزبەکانی دەسەڵاتن لە ھەرێمی کوردستان رێگری دەکەن و نایانەوێت ھێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەی ھێزێکی نیشتمانی رێکبخرێت)
دەسەڵاتە بە ھەڵوێستەی لە بەرامبەر پێشمەرگە، دەیەوێت پێشمەرگە موڵکی حزب بمێنێتەوە و ھەمیشە لە خزمەتی حزبدا بێت، نەک ھی ھەمووان و بۆ ھەمووان بێت، کاتێکیش پێشمەرگە ئەوە ناکات و لە بەرامبەر ئەو سیاسەتە دەوستێتەوە سزا دەدرێت و نانبڕاو دەکرێت .
لێرەوە تێدەگەین ئەوەی لە خەمی پێشمەرگە دایە کێیەوە ئەوەشی کە موزایەدە بە پێشمەرگە و دەنگی پێشمەرگە دەکات کێیە؟
بۆیە دەڵێین، ھۆشیار بە ھۆکاکی پێشمەرگە قسەی چەواشەکاران و فرمێسکی تیمساحانەی ئەو دەسەڵاتە خەمساردە با لە خشتەتان نەبات، وەرن با ئێوە کوڕ و کچی نیشتمان بن و بۆ ھەمووان و پارێزەری ھەمووان بن و خاوەنی ناوە پیرۆزەکی سەردەمی جارن بن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.