ئێستای گۆڕان

لەلایەن ستاندار Posted on 316 جار بینراوە

پەیکار عوسمان

– بە پۆستی فەیسبوکی گۆڕانخوازانابێت، گەڕێکی تری ململانێ ناوخۆییەکانی ئەو بزوتنەوەیە بەڕێوەیە، جا ئەم ململانێیە تەندروستە ئەگەر بە گیانی گۆڕانخوازیەوە بکرێ، بەڵام فەزاحەتە ئەگەر بە گیانی گۆڕانچێتیەوە بکرێ.
‘گۆڕانخواز’ مەبەستم ئەوانەیە کە ئەیانەوێ نمونەیەکی جیای حیزبایەتی و سیاسەت بەرهەم بهێنن.
‘گۆڕانچی’ مەبەستم تەکەتول و باڵباڵێن و تاس و حەمامەکەی ناو یەکێتی یە.

– (شەڕی دەنگە دزراوەکان لە بەغدا)و (دروستکردنی بەرەیەك لە هەرێم)و (گۆڕانکاری ناوخۆی حیزب) ئەمانە سێ ئەرکی هەنوکەیی گۆڕانن، بەڵام نابێ سێیەم لەسەر حسابی یەکەم و دووەم بکرێ!
یەعنی ململانێکان تا ئەوێ نەبرێ کە ناکۆکی لەسەر خاڵی یەکەم و دووەم هەبێت، گرنگە هەمووان لەسەر ئەو دوو خاڵە کۆکبن و پاشەکشێ ی لێ نەکەن، ئینجا خاڵی سێیەم و ململانێ لەسەر شتەکانی تر بکەن.

– خۆ نوێکردنەوە ئەگەر بۆ حیزبی تر سونەت بێت بۆ گۆڕان فەرزە، چونکە گۆڕان هاتووە بۆ ئەوەی مۆدێل بێ و نمونەیەکی جیا پێشکەش بکات، لە حکومەت و پەرلەمانیشا ناتوانێ ئەمە بکات چونکە ڕێگەی پێ نادرێ، بەڵام لە حیزبدا کەس دەسی نەگرتووە، فەرموو ئەوە ئەرزو ئەوە گەز، خۆ ئەگەر لەوێشدا هیچ نەگۆڕێت، کەواتە پەیوەندی گۆڕان بە گۆڕانکارییەوە تەنیا ناوەکەیەتی.

– بەڕێوەبەرانی ئێستای گۆڕان، سەرکەوتوبوون لەوەی کە گۆران لە توندوتیژی بپارێزن، جا ئاساییە ئەمانە بگۆڕدرێن بە وەجهی تر بە پێ ی زەرورەتی و ڕێکخراوەی و جەماوەری و ئەم شتانە، بەڵام ئاسایی نیەو خراپیشە ئەگەر گۆڕانەکە لە بەرژەوەندی توندوتیژی بێت!!
بە تایبەت لە ئێستایا کە یەکێتی کەوتۆتە دەست کۆمەڵی موراهقی شەقاوە، گۆڕان ئەبێ بەشی خۆی و بەشی یەکێتیش عاقڵ بێت.

– بۆ ئەوەی ململانێکانی ناو گۆران بە ئاقارێکی خراپا نەڕوا، تێگەیشتنێك زۆر گرنگە کە پێناچێ هەبێت!
تێگەیشتن لەوەی کە گۆڕان شوێنی دەساودەسکردنە نەك شوێنی دەسبەسەرا گرتن، میراتی کاك نەوشیروانیش لەئارادانیە تا دابەشبکرێ و شەڕی لەسەر بکرێ، بەڵکو ئەمانەتی کاك نەوشیروان لە ئارادایە کە پێویستە بپارێزرێ و بگەیەنرێ.

– ئەمانەتیش گەیەنەری ئەوێ نەك میراتگر، چونکە میراتگر شتێك ناگوازێتەوە بۆ تۆ، بەڵکو شتێك ئەبات بۆ خۆی!
تۆی گەنجیش، کاری تۆنیە شەڕ بۆ ئەمو ئەو بکەیت، بە پاساوی ئەوەی کە فڵان میراتگری موستەحەقی کاکە نەوەیە یان فیسار، چونکە ئەسڵەن میراتگر شتێكت بۆ ناهێنێ، بەڵکو شتێكت لێ ئەبات.
دەماغ شتەکە ئەمانەتەو ئەبێ ئەوان بیگوازنەوە بۆ تۆ، نەك ئەوەی شتەکە میراتبێ و تۆ بیگوازیتەوە بۆ ئەوان.

– گۆڕان تاکە حیزبی ئێمەیە کە بواری دەساودەسکردنێکی ڕاستەقینەی نێوان جیلی کۆن و جیلی نوێ ی سیاسەتی تێدایە، کەسە ناکۆکەکانی سەرەوەش، لەبری ئەوەی چەن گروپێك بن و شەڕی دەسبەسەراگرتن بکەن، ئەبوو یەك گروپ بوونایەو ڕعایەو سەرپەرشتی ئەو گواستنەوەو دەساودەسەیان بکردایە، چونکە گۆڕان بۆ ئەوە باشە کە نمونەیەکی تر بێت، نەك یەکێتییەکی تربێت.

– ئەگەر دەساودەسی ڕاستەقینە ڕوو نەدات، ساحەکە چۆڵ ئەبێ بۆ دەساودەسی موزەییەف، وەك ئەوەی پارتی و یەکێتی، کە مناڵە ورتکەی بنەماڵە ئەهێننە پێشەوە بە ناوی هێنانە پێشەوەی گەنج، یان وەکو گەنجی مەشبو‌هو هەڵتۆقیو کە لە تەجروبەی نەوەی نوێدا بینیمان.
ئێمە حیزبی گاڵتیی گەنجمان بینی، ئەگەر گۆڕان بە ڕاستی نەبێ بە حیزبی گەنج، ئیتر حیزبی ڕاستیی گەنجیش ئەبینین و گۆڕان بەیەکجاریی تێئەپەڕێنرێ و بەجێئەمێنێ.

– گۆڕان ژمارەیەکی باش سەرکردەی گەنجی دروستکرد، بەڵام بۆ پەرلەمانی کوردستان، بۆ پەرلەمانی بەغدا، بۆ سەر جادەو موزاهەرە، بۆ سەر تەلەفزیۆن و شەڕی ئیعلام.. بە کاڵی بە کوڵاوی هەر ئەم مەجموعەیەن!
دەی ئەمانیش لە مەوقعی ئێستایاندا خەریکە ئەسوێن و بێتام ئەبن، گرنگە جوڵەیەکیان پێبکرێ و بڕۆنە مەوقعێکی تری حیزبیی، هەم بۆ ئەوەی نەسوێن، هەم بۆ ئەوەش کە شوێنەکانیان چۆڵ ببێ بۆ جیلی سێیەم و ئەوانیش دروست ببن.
ئەمەوێ بڵێم کێشەی دەساودەسنەکردن هەر ئەوەنیە کە جیلی یەکەم سواوە، کێشەکە ئەوەیە کە جیلی دووەمیش ئەسوێ، جیلی سێیەمیش دروست نابێ.. ئیتر حیزبیش زیندوێتی لەدەست ئەداو وردە وردە ئەمرێ.

– گۆڕینی عومەر بە قایەر ئینجاز نیەو دەساودەست نیە، گۆڕینی عومەر بە ئارام و یوسف.. ئینجازەو دەساودەسە ڕاستەقینەکەیە، گۆڕینی خانەی ئێستا بە گروپێك لە سەرکردە کوڕو کچە گەنجەکان ئینجازە، دوو جڤاتەکە سکرتێری یەکێکیان ژن بێت ئینجازە..
(قایەرو عوسمان لەولا) (عومەرو فڵان و فیسار لەملا) ئەمانە بچوکن کە دوو تیمن و ‘شەڕی’ دەسبەسەراگرتن ئەکەن، لەکاتێکا کە ئەتوانن گەورەبن و وەکو تیمێك پێکەوە ‘ئاهەنگی’ دەساودەسکردن و گواستنەوەی ئەمانەتەکە ڕێکبخەن!

– ئەو پیرانە لەبری ئەوەی خۆیان شەڕی ڕێکخەریی بکەن، ئەگەر کۆکیش نین لەسەر گەنجێك، لانیکەم با هەر یەکەو مورەشحێکی گەنجی هەبێ و دەعمی بکات، دواجار لە ململانێکەشدا گەنجێك بیباتەوەو دەساودەسەکە ڕووبدا.
کێشەی هەردو گروپی ناکۆك ئەوەیە کەفرسەت و چانسی گەورەییان هەیە، بەڵام نازانن گەورەبن، ئەوان لەسەر بچوکیی ناکۆکن لەکاتێکا ئەتوانن لەسەر گەورەیی کۆکبن و مێژوویەکی نوێ بۆ خۆیان و بۆ حیزبایەتی و بۆ سیاسەت دروست بکەن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.