سیاسەتی دووفاقی لەبەرامبەر درێژكردنەوەی  تەمەنی پەرلەمان

لەلایەن ستاندار Posted on 358 جار بینراوە

                                       هیوا سەید سەلیم

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەبەردەم كۆتایی هاتنی تەمەنی خوولی چوارەمی دایە، بەهۆی ئەو كێشانەی لە دوایین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران درووست بوون، لە تانەدان لە شێوازەكانی هەلبژاردن و هەلوێست وەرگرتنی چەندین لیست و قەوارە لە بەرامبەر ئەو هەموو دزی و فزیەی لە هەڵبژاردن كران،  تا ئێستا  پشت ڕاستی  ئەنجامەكانی هەڵبژاردن نەكراونەتەوە كە كۆمسیۆنی باڵای هەلبژاردن ڕایگەیاندووە ، بۆ ئەوەی  ئەو خوولەی هەڵبژاردنی جێگای خوولی سێیەم بگرێتەوە  و دەستبەكار بن.

لەو دۆخەدا كە عێراقی پێدا تێدەپەڕێت، رۆژی( 30 حوزەیران) دوا وادەی تەمەنی خوولی چوارەمی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە، بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەكەی یاسایی تا عێراق نەكەوێتە بۆشایی دەستووری قسەوباس لەسەر درێژكردنەوەی  تەمەنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەكرێت،  تا ئەو كاتەی كە ئەنجامەكانی هەلبژاردن یەكلادەكرێنەوە.

لەگەڵ ئەوەی كە دەرفەت لەبەردەم درێژكردنەوەی ماوەی تەمەنی ئەنجوومەنی نوێنەران نەماوە، بەڵام دەبینین و  دەبیستیت كە ئەو پرسە دەكرێتە بابەتی موزایەدەی لایەنە سیاسیەكان بە تایبەتیش پەرلەمانتارانی پارتی و یەكێتی زۆر خۆیان بەو هەڵوێستە بادەدەن كە گوایە ئەوان دژ بەو هەنگاوە نادەستووریە بوونە بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی ئەنجوومەنی نوێنەران نراوە.

بە پێی یاسا و دەستوور بێت خوولی هەڵبژاردن ماوەكەی سنووردار و دیاری كراوە، لە هەندێك سیستەمی سیاسی چوار ساڵە و هی واش هەیە پێنج ساڵە،  لە عێراقدا خوولی پەرلەمانی بە چوار ساڵ دیاری كراوە،  لە دوای رووخانی رژێمی سەدام و پەسندكردنی دەستووری نوێی عێراق لە ساڵی 2005 هەموو چوار ساڵ جارێك لە عێرااقدا لە كاتی خۆی هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت، واتا لە ماوەی ئەو سیانزە ساڵە تا ئێستا چوار خوولی هەڵبژاردن ئەنجام دراوە، كە دوایینیان ئەوەی 2018 بوو، كە ئەو مشتومڕەی لێكەوتۆتەوە، هەر ئەوەشە دەمانگەیەنەتە ئەوە ڕاستیەی كە هەر هەنگاوێك بە ئاڕاستەی درێژكردنەوەی ماوەی تەمەنی ئەنجوومەنی نوێنەران قەبوولكراو نەبێت و ڕای جیاوازی لیبكەوێتەوە.

پارتی و یەكێتی كە لەبەغدا بە ڕوالەت دژ بە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان وستاونەتەوە، ئەم هەڵوێستەشیان  لەبەر ئەوە نیە كە پشتیوانی لە هەنگاوێكی دەستووری دەكەن، چونكە ئەگەر ئەوە لە قەناعەتیانەوە سەرچاوەی گرت بێت خۆ دەبوو لە كوردستانیش هەمان هەڵوێستیان هەبایە، ئەو بەراوردەی خوارەوە ئەوەمان پێدەڵێت كە ئەو هەڵوێستەی پارتی و یەكێتی هەڵوێستێكی دوو فاقیە، واتا لە كوردستان تا بۆیان كراوە تەمەنی پەرلەمان و حكومەت و سەرۆكایەتیەكانیان درێژكردۆتەوە و ئەوەی بەغداشمان وەك هەڵوێست پێ دەفرۆشنەوە.

لە بیست و حەوت ساڵی دوای یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی (1992)وە،  تا ئێستا چوار خوولی هەڵبژاردن ئەنجام دراوە كە عێراق لە نیوەی ئەو تەمەنە چوار جار هەڵبژاردنی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران كردووە، لەو چوار خوولەدا لە كوردستان پارتی و یەكێتی نۆ جار ماوەی تەمەنی پەرلەمانیان درێژكردۆتەوە و ئەنجوومەنی نوێنەران تاكە یەك جاریش تەمەنی خۆی درێژنەكردۆتەوە.

واتا بە پێی ئەو ئامارەی سەرەوە بێت دەبوو تا ئێستا لە كوردستان حەوت خوولی هەلبژاردن ئەنجام درابایە، وە پەنا بۆ نۆ جار درێكرنەوەی تەمەنی پەرلەمان نەبردرابا، ئەمەیان ئەوەمان پێدەڵێت كە شین و واوەیڕۆی پارتی و یەكێتی لەبەرامبەر بە نادەستووری بوونی درێژكردنەوەی ماوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ هەریسەكەیە،  نەك بۆ بڕوابوونیان بە یاسا و دەستوور، ئەگەرنا ئەو شەڕە دەستوریەیان لە ماڵی خۆیان دەكرد و ئەو هەموو جارە تەمەنی پەرلەمانی كوردستانیان درێژنەدەكردەوە.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.