سوتانی کۆگا یان خاک

لەلایەن ستاندار Posted on 340 جار بینراوە

هیوا حەسەن عەلی

لەچەند ڕۆژی رابردودا و لەماوەیەکی کەمدا کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی هەرسێ پارێزگای هەولێرو سلێمانی دهۆک گڕیان گرت و سوتان ، من ناڕۆمە ناوەڕۆکی هۆکارەکانی سوتاندنی ئەو کۆگایانە ،بەڵام ئەوەی ئەمەوێ قسەی لەسەر بکەم ڕەنگدانەوەی ئەو رووداوەیەیە لەسەر میدیاو تۆڕە کۆمەڵایەتێکان کە هێندە گەورە کرایەوە وەک ئەوەی لەم ووڵاتە ئەمە یەکەم ڕوداوی لەو جۆرەیە کە روئەدات. ئاخر لەماوەی 27 ساڵەی حوکمڕانی دەسەڵاتی کوردیدا جگە لەسووتان و ماڵوێرانی چیتر ماوە بەسەر ئەم هەرێمە بەش مەینەتەدا نەهێنن؟ ڕەنگە سوتاندنی چەند کۆگایەک دوا قۆناغی ئەو کورەیە بێت کە بەرپرسانی ئەم هەرێمە بۆ خەڵکەکەیان دروستکردووەو قانیان داوە. من ئەپرسم چی ماوە لەم ووڵاتە بە بەنزین و دەنکە شقارتەی ئەم دەسەڵاتەپێ نەسوتابێ ؟ 27 ساڵە ئێوە ڕۆلەی کورد بەکوشت ئەدەن و جەرگی دایک و باوکی ئەم میللەتە ئەسوتێنن، ئێوە گڕتان لەدوا پوشی خەرمانی سامانی ژێرخان و سەرخانی ئەم ووڵاتەتان بەرداو قەیران لەدوای قەیڕانتان کردە دیاری بۆ هاووڵاتیانی ئەم هەرێمەو مووچەی فەرمانبەرانتان سووتان.

هەر ئێوە بوون ئازادی و دەنگە ئازادەکانتان زیندەبەچاڵ کردو کاوەو سەردەشتەکانتان کردە دیاری دەستە رەشەکانتان، هەر ئێوە بوون بەڕیفڕاندۆمێکی ساختەو بە خیانەتی 16 ئۆکتۆبەر نیوەی خاکی کوردستانتان لەدەستداو زۆربەی ئەو ناوچانەتان بەدەستی حەشدی شەعبی وێرانکردو سوتانتان. هەر ئێوە بوون بۆ دەسڵات و حەزو ئارەزوی خۆتان و بنەماڵەکانتان ویژدان و ڕابردوی خۆتان سوتاندو ئەوەی جوانی بوو لەم ووڵاتە هەپرون بەهەپرونتان کرد. ئەوە ئێوە بوون هەرچی پیرۆزیەکانی ئەم ووڵاتەو هەرچی شکۆی پێشمەرگەو ئازادیخوازان و کەسایەتی تاکی کورد هەبوو لەکەدارکردو بەهایەکتان بۆ مرۆڤەکان نەهێشتۆتەوە. بۆیە سوتاندنی چەند کۆگایەک ئەوەندە غەریب و عەجیب نییە بۆ دەسەڵاتێک کە لەماوەی حوکمڕانی خۆیدا تەواوی خاک و سامانی ووڵاتێکیان بەتەڕو وشکیەوە سوتاندبێ و لەداهاتوشدا هیچ سڵێک لە سوتاندنی ئەو بەشە کەمە ناکەنەوە کە ماوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.