با هەمومان واز لە گۆڕان بێنین

لەلایەن ستاندار Posted on 318 جار بینراوە

پێشڕەو بابەشێخ

دیسان و دوبارە ئەوانەی لە حوکمڕانی ئەم هەرێمە شکستیان خواردوە دەستیان کردەوە بە هەموو ئەو قسەو قسەڵۆکانەی لە ۲۰۰۹ وە دەیکەن، کەچی نەیانتوانی تەنها قسەیەکیش بسەلمێنن . لەم کاتەدا کە هاوکاتە لەگەڵ ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنەکانی خولێکی تری پەرلەمانی کوردستان .ئەوەی لێرەو لەوێ دەبینین و دەبیستین ئەو هەوڵ و پڕوپاگەندانەن دژ بە بزوتنەوەکە لە ئێستادا، بە ئامانجی لێدان لە بزوتنەوەی گۆڕان، بێ ئاگا لە بیری بەرز و هۆشیاری بیریارانی گۆڕانکاری.

ئیتر فەرمون با هەمومان واز لە گۆڕان بێنین :

ئەگەر گۆڕان خیانەتی لە یەک ئامانج و پڕەنسیبی خۆی کردوە و لە یەک هەڵوێستی پاشەکشەی کردوە، یا لە یەک پرسی نەتەوەیی و نیشتمانی بێ دەنگی هەڵبژاردوە و لێی بێدەنگ بووە .ئەگەر بە هێنانی سوپای بێگانە و داگیرکەر خیانەتی لە کوردو نیشتمان کردوە ، یا بوە بە کەوا سوری بەر لەشکری داگیرکەرانی کوردستان. ئەگەر لە کاری ناوخۆیی بزوتنەوەکە بە بنەماڵەیی کراوە و کوڕەکانی ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا، بوون بە ڕێکخەرو کۆبونەوەکانی جڤاتی نیشتمانی بەڕێوە دەبەن و تەنانەت بەشداریدەکەن .

ئەگەر جڤات بوە بە شوێنێک گفتوگۆی تێدا ناکرێت و پڕی نیە لە ڕەئی و لێکدانەوە و کارکردن بۆ یەک ئامانج بە ڕێگای جیاواز. دەی فەرمون با واز لە گۆڕان بێنین ئەگەر کوڕەکانی ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا، خیانەتیان لە ڕۆحی باوکیان یا لە پەیامی باوکیان و بزوتنەوەکەشی کردوە و پاسەوان و کەژاوەی تڕومبێلی بێ شوماریان بەدوای خۆیان داوە، هەر ڕۆژە و لە شەقامێک و لە گەڕەکێکی شار خەڵک لەتۆز وەردەدەن و ترافیک لایتەکانی شار قەرەباڵغ دەکەن ، پێویست ترین اسعاف لە ڕێگا ماتەڵ دەکرێت و پێشڕەوی هاتو چۆ بۆ ئەوان دەبێت . ئەگەر لە کەژاوەی ئۆتۆمبێلە جام ڕەشەکانیان خۆیان شاردۆتەوە و نازانین بە کامەیان دەڕۆن و بەکام جام ڕەشی ناو کەژاوەکانیان دەگەڕێنەوە فەرمون با باوەڕ بکەین . ئەگەر دینارێکیان لە کوردستانەوە بردۆتە دەرەوەو لەوێ ڤێللاو کۆمپانیای شەخسیان دامەزراندوە و کەوتونەتە بازرگانیکردن و لە قومارخانە و یانە و باڕەکان خەریکی بەهەدەردانی سەروەت و سامانی ئەم میلەتەن و لەهەوڵی بەهەدەردان و ناشیرینکردنی مێژووی، جوانترین و پاکترین مێژوون کە خەباتی نەوشیروان مستەفایە، فەرمون با هێشتا سارد نەبینەوە و پێیان بڵێین ئێوە خەریکی کاری خۆتان بن و ئێمەش درێژە پێدەری ڕێبازو خەونە پیرۆزەکەی نەوشیروان مستەفا دەبین .

دەی با گۆڕان بچوک بکەینەوە، ئەگەر بوە بە یەکێتی و پارتی ، یا هێزی چەکداری دروستکردوە و کوڕی بنەماڵەکان خاوەنی هێزەکەن . ئەگەر بوە بە بەڵا بۆ ئەم کۆمەڵگایە، ئەگەر گۆڕان بوە بە پردێک بۆ گەندەڵی، ئەگەر گۆڕان بوە بەو حزبەی موچەی بۆ بەشێک لە هەڵسوڕاوەکانی لە شارەکانی کوردستان بڕیوەتەوەو توانای خۆ بەڕێوە بردنی سەرجەم دەزگاکانی هەیە. دەی ئەگەر کۆمپانیای وشە چیتر تەمویلی گۆڕان ناکات و بەشی سەرەکی و کۆتایی تەمویل و دابینکاری بنچینەیی دارایی دام و دەزگا جیاوازەکانی گۆڕان نیە، با هەموو بەیەک دەنگ بڵێین ئیتر نا بۆ بزوتنەوەی گۆڕان، ئەو (نا) یە دەکەین کە ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا بۆ هەر کارێک کە نادادی و نایەکسانی و ناڕەوایەتی تێدا بێت، فێری کردوین . ئەگەڕ بەڕاستی گۆڕانین و باوەڕمان بە ڕێگای گۆڕان و گۆڕانکاری هەیە، دەی با ئیتر هەموو ئەم شێوازە جیاوازوجۆراو جۆریەی جەنگە دەرونیانەی نەیارانی گۆڕان و گۆڕانکاری دژ بە تاقە ئومێد و هەڵتەکێنەری گەندەڵی و ڕیشەکێشکردنی نادادی و نایەکسانی کارمان تێنەکات و ساردمان نەکاتەوە . بائیتر ئەو کۆسپەش ببڕین کە نەیارانمان گرتویانە بەر، بۆ بێهێزکردنمان، ئەوان ئەگەر دوێنێ، بە چاوسورکردنەوە و نان بڕین و سزادان و تەزویر و هەڵ ڕشاندنی پارەو سامان نەیان توانی بگەنە ئامانجەکانیان و لە ڕێگا پیرۆزەکەی گۆڕانکاری و چاکسازی بمان وەستێنن، ئیتر دەبێت لەوە بەهێزتر بین بەو پڕوپاگەندانەی ئەم جارەیان باوەڕ بکەین .

ئەگەر ئێستا باوەڕ بەو قسە هەڵبەستراوانە بکەین ئەوە دەبێت کاتی خۆی باوەڕمان بەو قسانەش کردبێت کە لە سەر سەردانەکانی ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا بۆ پیرمام و سەری ڕەش دەکرا ، وەک خۆی لە دانیشتنێک بە پێکەنینەوە بە یەکێک لە هەڵسوڕاوەکانی دەشتی کۆیەی گۆڕانی گوت ، خەڵکانێک هەبوون باوەڕتان بەو قسانە کردبوو کە گوایە من پارەم وەرگرتوە . ئیتر وەک پێشینان گوتەنی بۆ دەبێت لە کونێکدا چەند جارێک مار پێوەت بدا، لە کاتێکدا دەزانین لە هەر وەرزێکی هەڵبژاردن پڕوپاگەندەکانی دەسەڵات بەرامبەر بە بزوتنەوەی گۆڕان دووبارەو دووبار دەبنەوە . ئەوەندە دوور نەکەوتینەوە لەم هەڵبژاردنەی گەورەترین دزینی دەنگی تێدا ئەنجامدرا، وەک چۆن ئێستا ئاسایی گەورەترین پڕوپاگەندە لە پێش هەڵبژاردنەکە لە ڕێگای مەکینە اعلامیەکانیانەوە کەخرانە گەڕ بۆ قسەکردن لەسەر کێشە ناوخۆییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بە مەبەستی پەرتەوازەکردنی هەڵسوڕاوان و سەرکردایەتی بزوتنەوەی گۆڕان . بینیمان چۆن گۆڕان هەڵبژاردنەکانی بەسەرکەوتویی تێپەڕ کردو ئەگەر دزینی ئیرادەی خەڵک نابوو، جاڕی مەرگیان درابوو . ئێستا کاتی ئەوە نیە گوێ بە پڕوپاگەندەکانی دەسەڵات بدەین، بەڵک و کاتی خۆڕێکخستنەوە و خۆ سازدانە بۆ سزادانی ئەوانەی دەیانەوێت بە لێدان لە بزوتنەوەی گۆڕان باری خراپی گوزەران و گەرمای بێ کارەبا و مانگی دەوامی بێ موچە و تەزویر و دزینی دەنگ و ئیرادەی خەڵک و ئەو نەهامەتیانەی بەسەر خەڵکیان هێناوە ئاڵوگۆڕ بکەن بە باس و خواسی لابەلای کێشەی ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان و وەک خۆ لێکردنی بزوتنەوەی گۆڕان .

دەبێت گۆڕانخوازان ئەو خەونە نەزۆکانەی نەیارانمان لە گۆڕنێن و ئیتر کارە سەرەکیەکانی ڕێگای گۆڕانکاری تەواو بکەین کە بریتیە لە گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی و دابینکردنی ژیانێکی ئاسودە و لەگۆڕنانی بیری تاک ڕەوی و حوکمڕانی خێڵەکی و نادادی کۆمەڵایەتی و نایەکسانی و ناشەفافی و بەهەدەردان و دزینی سامان و قوتی خەڵک و سەروەرنەبونی یاسا .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.