مێشی بزوتنەوەی گۆڕان و گامێشی ئەوان

لەلایەن ستاندار Posted on 336 جار بینراوە

ئارام عومەر

هەرکام لە حیزبەکانی پێش دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕان بەنموونە وەربگرین بەتایبەت یەکێتی و پارتی دەبینین چەندان پرسیاریاریان لەسەرە، هەر لە خیانەتی نیشتیمانی و کلکایەتی لەگەڵ دەوڵەتانی داگیرکەر و خیانەتی ناوخۆیی و ڕشتنی خوێنی گەنجانی هاو زمان و تاڵانکردنی نیشتیمان و ڕاونانی نەیاری سیاسی و ڕۆژنامەنووسان و کەسانی چالاکی کۆمەڵگەی مەدەنی و نغرۆکردنی وڵات لەگەندەڵی و گێڕانەوەی قۆناغی بەرەو دیموکراسی بوون بۆ چەندان ساڵ دواتر، پیشەی هەمیشەییان بوە و خۆشیان دانیان پیا ناوە. کاتێک بزووتنەوەی گۆڕان دروست بوو هەر ئەم حیزبانە گرەویان دەکرد کە گۆڕان ناتوانێ ئەوان تێپەڕێنێ و ئەویش لەسەر دینی ئەوانە و حیزبێکی تەقلیدیە. بەڵام کاتێک قۆناغی ئۆپۆزسیۆن بوونی بزوتنەوەکەیان بینی زانیان بزوتنەوەکە جیاوازە لە ئەوان و ئەوانی تێپەڕاندووە، هاتن دەستیان کرد بە پلان و پیلان گێڕان لەدژی بەڵام سەرکەوتوو نەبوون!

بزوتنەوەی گۆڕان چوارساڵی ئۆپۆزسیۆن بوونی بوو بە ڕەقەمێکی گەورە و توانی وا لەدەسەڵات بکات مل بدات بۆ داواکاری خەڵک و دان بنێت بە دزی و تاڵانی. هەرئەمەش وای کرد بزوتنەوەکە پەلکێشی دەسەڵات بکەن و لەوێوە وەک خۆیانی لێ بکەن بەڵام بزوتنەوەکە نەک هەر نەبوو بەئەوان بەڵکو بوو بەڕێگر و لەمپەڕ لەبەردەم دەسەڵاتی جووت حیزبەکە و نەیهێشت پەل بهاوێژن بۆ سیستەمی دیکتاتۆری ، هەربۆیە دەرگای پەرلەمانیان بەڕوودا داخست و وەزیرەکانیان ناردنەوە بۆ ماڵەوە، ئەگەر بزوتنەوەکە لەخەمی نیشتیمان و خوێنی ڕۆڵەکانی نەبوایە دوور نەبوو شەڕی ناوخۆش هەڵبگیرسێتەوە. سەرباری ئەم هەموو ئاستەنگە بەڵام بزوتنەوەکە لە نەش و نما نەکەوت، کاتێک دەسەڵات هەستی کرد شکستی هێناوە لە بچوک کردنەوەی بزوتنەوەکە و بەحەماسەوە خەڵک پشتگیری بزوتنەوەکە دەکات لە بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەپێی هەموو پێشبینی و ڕاپرسیە دەرەکی و ناوخۆیەکان، بزوتنەوەکە بەڕێژەیەکی زۆر دەنگ و کورسی زیاد دەکات هاتن شاگردیان دروست کرد و دەستیان کرد بەتەزویرێکی ڕێکخراو و توانیان زۆرینەی دەنگەکان بۆخیان بەران بەڵام بزوتنەوەکە هەرزوو تەزویر و ئابڕوچوونەکەی ئاشکرا کردن لەسەر ئاستی عێراق و جیهان توانی کۆدەنگیەک دروست بکات بۆ ئەوەی چیتر پڕۆسەی دیموکراسی تڕۆ نەکرێت.

ئێستا دەزانن بزوتنەوەکە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم ئەوان تێدەپەڕێنێت دووبارە کەوتونەتەوە پیلان گێڕان لەدژی. لە ڕێگای اعلامی خۆیان و شاگردەکانیانەوە شەو ڕۆژ خەریکی لێدانن لە بزوتنەوەکە، جارێک بە پێدانی قەرز و جارێک بە لێکترازان و جارێک بە بوون بە حیزبی بنەماڵە و جارێک بە تاپۆی گرد و کۆمپانیا دەیانەوێ خەڵک وا تێبگەیەنن کە بەڵێ بزوتنەوەی گۆڕانیش هەمان یەکێتی و پارتیە لە بەرگێکی نوێدا بەڵام ئەمە خەیاڵ پڵاویە و بێ ئاگان لەوەی کە جڤات و خانەی ڕاپەڕاندن و خودی کوڕەکانی نەوشیروان موستەفاش باش دەزانن کە هەڵسوڕا و لایەنگرانی بزوتنەوەکە یاخی و بزۆزن ڕێگە نادەن هیچ کەسێک بزوتنەوەکە بە لاڕێدا ببات. هەر بۆیە ئەوەی دەوترێ و باس دەکرێ لەسەر بزوتنەوەکە لەلایەن دەسەڵات و شاگردەکانیانەوە مێشێکە کردویانە بە گامێش. بیروڕا جیاوازی و ڕەخنەگرتن خاڵی بەهێزو زیندوێتی ئەم بزوتنەوەیە هەربۆیە بزوتنەوەکە نە دەکەوێت و نە دەپوکؽتەوە بەڵکو بەرە بەرە گەشەو نەش و نما دەکات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.