ئایا راستە حکومەت قەیران دروست ئەکات؟

لەلایەن ستاندار Posted on 383 جار بینراوە

شێرزاد شێخانى

زۆرجار لێره‌و له‌وێ گوێبيستى ئه‌و رسته‌يه‌ ئه‌بين كه‌ له‌كاتى قه‌يرانه‌كاندا دێته‌ سه‌ر زمانى زۆربه‌مان ، ئه‌ويش گوايه‌ ( ده‌سه‌ڵات به‌ئه‌نقه‌ست قه‌يران دروست ئه‌كات بۆ مه‌شغوڵكردنى خه‌ڵك ) . ئه‌م بيركردنه‌وه‌ ماكيافيليانه‌ ره‌نگه‌ به‌شێك بێت له‌كلتوورى سه‌قه‌تى ميلله‌تانى ناوچه‌كه‌مان، به‌تايبه‌تيش ميلله‌تى كورد كه‌ به‌درێژايى ته‌مه‌نى بوونيه‌وه‌ ژێرده‌سته‌و بێ ئيراده‌ بوه‌ له‌به‌رامبه‌ر حكومه‌ته‌ ديكتاتۆره‌كان . به‌ڵام له‌هيچ تيۆرێكى سياسيدا ئه‌م لێكدانه‌وه‌يه‌ جێگاى نابێته‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌‌رزى واقيعدا ، مه‌گه‌ر له‌ناو ميلله‌تانى زۆر دواكه‌وتوودا . ده‌ربڕينى ئه‌م چه‌مكه‌ش ته‌نها يه‌ك لێكدانه‌وه‌ هه‌ڵئه‌گرێ ، يان ئه‌وه‌تا ميلله‌ته‌كه‌مان زۆر ساويلكه‌و دونيانه‌ديو و دواكه‌وتوه‌ ، يانيش حكومه‌ته‌ كورديه‌كه‌مان ئه‌وه‌نده‌ گێل ونه‌فامه‌ كه‌وا بيربكاته‌وه‌ به‌دروستكردنى قه‌يرانى يه‌كدله‌دواى يه‌كدا فيعله‌ن ئه‌توانێ كۆنترۆڵى خه‌ڵك بكات .

 

كاتێكيش له‌ حيكمه‌تى ئه‌م هه‌ڵسوكه‌وته‌ى ده‌سه‌ڵات له‌يه‌كێك ئه‌پرسى (بۆچى پێتوايه‌ حكومه‌ت به‌ئه‌نقه‌ست قه‌يران دروست ئه‌كات ) وه‌ڵامت ئه‌داته‌وه‌ ( بۆ ئه‌وه‌ى خه‌ڵك خۆى به‌سياسه‌ته‌وه‌ مه‌شغوڵ نه‌كات )!!. ئه‌م ته‌رحه‌ سه‌قه‌ته‌ هيچ بنه‌مايه‌كى زانستى ‌و لۆژيكييانه‌ى نيه‌، چونكه‌ جارێ پێش هه‌موو شتێك كۆمه‌ڵگه‌ى كورده‌وارى ئێمه‌ تا بيينه‌قاقاى له‌ناو سياسه‌تدا نقوم بوه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌و هه‌وايه‌ى هه‌ڵيشى ئه‌مژێت ، به‌ سياسه‌ته‌وه‌ پييس بوه‌‌، بێجگه‌ له‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى سياسى له‌كوردستاندا به‌فيعلى كۆمه‌ڵگه‌ى كردوه‌ به‌ كۆمه‌ڵگه‌يه‌كى سياسى، به‌ده‌ليل ئێستا زياتر له‌يه‌ك مليۆن موچه‌خۆرى هه‌يه‌ كه‌ به‌ته‌زكييه‌ى حيزبى بونه‌ته‌ خاوه‌ن وه‌زيفه‌و دامه‌زراون، ته‌نانه‌ت پله‌ به‌رزكردنه‌وه‌ش ئه‌مڕۆ له‌هه‌ر وه‌زيفه‌يه‌كدا پێويستى به‌ ته‌زكييه‌ى حزبيه‌وه‌ هه‌‌يه‌ .

ئه‌زمونى گه‌لانى دونيا ده‌ريانخستوه‌ كه‌وا حكومه‌تو ده‌سه‌ڵات ئه‌و كاته‌ سه‌ركه‌وتوو به‌رده‌وام ئه‌بێ ، كه‌ بتوانێ باشترين ژيانى خۆشگوزه‌رانى بۆ ميلله‌ته‌كه‌ى دابين بكات ، كه‌مترين قه‌يرانيان بۆ دروست بكات . نمونه‌ى دوور ، وڵاتانى ئه‌وروپايه‌، كه‌ هه‌ميشه‌ حزبه‌كانيان له‌كێبركێدانه‌ بۆ ئه‌وه‌ى باشترين به‌رنامه‌ى خزمه‌تگوزارى له‌هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردنه‌كاندا بخه‌نه‌ روو كه‌ ميلله‌ت پێى رازى بێ ، به‌و به‌رنامه‌يه‌شه‌‌وه‌ بتوانن ده‌سه‌ڵات بگرنه‌ ده‌ست . نمونه‌ى نزيكيش، وڵاتانى كه‌نداون كه‌ سه‌دان ساڵه‌ چه‌ند بنه‌ماڵه‌يه‌ك حوكمدارى تيا ئه‌كه‌ن و، به‌و سامانه‌ى خوا پێيانى به‌خشيوه‌ له‌ نه‌وت ، توانيويانه‌ باشترين ژيانى ره‌فاهييه‌ت بۆ ميلله‌ته‌كه‌يان دابينبكه‌ن و، ئه‌و بيابانه‌ گه‌وره‌يه‌ى تيايدا ئه‌ژين ، بيكه‌ن به‌به‌هه‌شتى سه‌رزه‌مين ، ديارترين نمونه‌ش ده‌وڵه‌تى ئيماراتى عه‌ره‌بييه‌ ، كه‌ ئه‌مڕۆ بوه‌ به‌ جوانترين نمونه‌ى عه‌ره‌بى له‌ناوچه‌كه‌دا. هه‌نگاوێك دوور له‌خۆشمان نمونه‌ى ئه‌ردۆگانى سه‌رۆكى توركيايه‌ ، كه‌ هيچي كه‌متر نيه‌ له‌ ديكتاتۆره‌كانى لاى خۆمان ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌وا بۆ بيست ساڵ ئه‌چێت له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌و له‌هه‌مو هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ده‌نگى زۆرينه‌ ئه‌هێنێت ، چونكه‌ ئابوورى وڵاته‌كه‌ى له‌سه‌ر ده‌ستى ئه‌ودا له‌سفره‌وه‌ گه‌يشته‌ ترۆپكه‌وه‌ ، به‌مه‌ش ژيانێكى ئاسووده‌و خۆشگوزه‌رانى بۆ ميلله‌ته‌كه‌ى دابينكردوه‌ كه‌ ميلله‌ته‌كه‌ هه‌مو جارێك متمانه‌ى پێ ببه‌خشێته‌وه‌ .

ئه‌سڵى مه‌سه‌له‌كه‌ خه‌تاى حكومه‌تو ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى ئێمه‌ نيه‌ ، به‌قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ى خه‌تاكه‌ له‌ئه‌ستۆى خودى ميلله‌ته‌كه‌ى خۆمانه‌ . چونكه‌ ميلله‌تى ئێمه‌ تاقه‌ ميلله‌تێكه‌ كه‌ به‌رنامه‌ى حزبه‌كان له‌هه‌ڵبراژدنه‌كاندا ناخوێنێتـه‌وه‌ ، هه‌م به‌ سۆزو به‌حوكمى ئينتماى عه‌شايريه‌وه‌ ده‌نگ به‌ حزبه‌كان ئه‌دات، هه‌م خۆيشى ناكاته‌ ره‌قيب به‌سه‌ر ئه‌داى حكومه‌ته‌كانيه‌وه‌ . هيچ هه‌ڵوێستێكيشى نيه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌داى خراپى حكومه‌ت‌و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى ، له‌هه‌مووشى سه‌يرتر ئه‌وه‌يه‌ كه‌وا له‌ هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌كاندا دووباره‌و ده‌باره‌ ده‌نگ به‌هه‌مان خوڵقێنه‌رى قه‌يرانه‌كان‌ ئه‌ده‌نه‌وه‌و له‌كاتى قه‌يرانيشدا بێده‌نگى لێئه‌كه‌ن .

ساڵانێك كوردستان كه‌وتبوه‌ ژێر چه‌پۆكى زاڵمترين و به‌هێزترين ده‌سه‌‌ڵاتى‌ ديكتاتۆرى كه‌ ده‌سه‌ڵاتى سه‌دام حوسێن بو ، هيچ تاوانێكى كۆمه‌ڵكوژى نه‌ما ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ بۆ بنبڕكردنى ميللله‌ته‌كه‌مان نه‌يكات ، ده‌سه‌ڵاتێكى دڕنده‌ى وه‌كو ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى سه‌دام كه‌ ده‌وترا چواره‌م گه‌وره‌ترين سوپاى له‌ئاستى جيهاندا هه‌يه‌و، ده‌سه‌ڵاتێك تا سه‌ر ئێسقان دژ به‌ بوونى كورد بوه‌، له‌ماوه‌ى چه‌ند سه‌عاتێك به‌ خاكه‌نازو پێمه‌ڕه‌و دارو چه‌قۆى خه‌ڵكى رانيه‌ له‌ رييشه‌وه‌ هه‌ڵكێشرا، راپه‌رينه‌ جه‌ماوه‌ريه‌كه‌ به‌بێ هيچ هێزێكى پشتيوان توانى گه‌وره‌ترين ده‌يكتاتۆر له‌كوردستان رابماڵێ، سه‌يره‌ هه‌مان ئه‌و ميلله‌ته‌ ده‌سته‌وه‌ستانه‌ به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتێك كه‌ نانى بڕيوه‌و، سامانى ئه‌دزێ، قه‌يرانى ژيارى بۆ دروست ئه‌كات و وڵاته‌كه‌ى لێكردوه‌ به‌ جه‌هننه‌مێكى سه‌ر زه‌مين ؟؟!!!. فرسه‌تى زۆر بۆ ميلله‌ته‌كه‌مان هاته‌ پێش بۆ ئه‌وه‌ى نه‌ختێ ژييرانه‌تر بير بكاته‌وه‌ چۆن له‌ده‌ستى ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ سته‌مكاره‌ خۆى رزگار بكات ، چه‌ندين هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى و خۆجێى ئه‌نجامدران، به‌ڵام ميللته‌كه‌مان هه‌مديس ده‌نگى به‌ خوڵقێنه‌رى قه‌يرانه‌كان داوه‌ ، دواتريش هه‌مان رسته‌ى دووباره‌ كردۆته‌وه‌ ” حكومه‌ت قه‌يران دروست ئه‌كات بۆ مه‌شغوڵكردنى خه‌ڵك ” !!. قه‌يرانى دارايى و بێ موچه‌يى ، قه‌يرانى كاره‌باو ئاو ، قه‌يرانى خزمه‌تگوزارى و رێگاوبان ، قه‌يرانى خراپى كواليتى به‌نزين وسوته‌مه‌نى ، قه‌يرانى ده‌رمانى ئێكسپايه‌ر ، ته‌نانه‌ت قه‌يرانى هه‌واشمان ‌هه‌يه‌، وا نه‌زانن ژيينگه‌مان زۆر پاكه‌و كێشه‌مان نيه‌، ئه‌و هه‌وايه‌ى هه‌ڵيشيئه‌مژين پييسه‌و له‌جگه‌ره‌ خراپتر سييه‌كانمان ره‌ش ئه‌كات ، به‌هۆى زۆرى موه‌ليده‌و دووكه‌ڵى سه‌ياره‌ى سه‌ر شه‌قامه‌كان .

ئه‌مانه‌ به‌گشتى قه‌يرانه‌كانى ئه‌مڕۆى ميلله‌ته‌كه‌مانه‌، هه‌موشى خه‌تاى حكومه‌تێكى ساقيت وفاشيل و بێ به‌رنامه‌يه‌ كه‌ به‌عه‌قڵى خێله‌كى و عه‌شايه‌رى كاره‌كان ئه‌بات به‌ڕێوه‌ .ئيتر هيچ پێويست به‌وه‌ ناكات خۆمان له‌گێلى بده‌ين و خه‌تاكه‌ بده‌ينه‌ ده‌ست قه‌ده‌ر .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.