بارزانی ھیرشی توندی کردەوە سەر چەند سەرکردەیەکی حیزبێک و بەناپاک وەسفیان دەکات

لەلایەن ستاندار Posted on 204 جار بینراوە

ستاندەر

لە ڕاگەیەنراوێک کە بۆ کۆنفڕانسی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی کۆمەڵە کوردییەکانی وڵاتانی سۆڤییەتی پێشوو ناردوویەتی مەسعود بارزانی بەبێ ئەوەی ناویان بھێنێت ھێرشدەکاتە سەر چەند سەرکردەیەکی یەکێتی کە بە بەرپرسیاری رووداوەکانی دوای ریفراندۆم دەزانێت و بە ناپاک وەسفیان دەکات

دەقی راگەیەنراوەکەی مەسعود بارزانی بخوێنەوە:
بەناوی خودای بەخشندە و میھرەبان

بەڕێزان سەرۆک و ئەندامانی کۆنفڕانسی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی کۆمەڵە کوردییەکانی وڵاتانی سۆڤییەتی پێشوو

میوانان و ئامادەبووانی بەڕێز

ئەم کاتەتان باش..

دەستخۆشی لە بەستنی کۆنفڕانسی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکانی وڵاتانی سۆڤییەتی پێشوو دەکەم و پێزانینم ھەیە بۆ ھەوڵی یەکە بە یەکەی ئێوەی ئازیز بۆ ڕێکخستن و یەکخستنی کاروبار و چالاکییەکانی کۆمەڵە کوردییەکان لەو وڵاتانە و ھیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.

بە داخێکی زۆرەوە گەلی کورد بە زۆر و بە بێ ئیرادەی خۆی دابەش کراوە و ئەو دابەشبوونە وای کردووە گەلی کورد تووشی کارەسات و زوڵمی گەورە بێت و کورد بۆ بەرگری لە مانەوەی خۆی بەرخودانی کردووە و شۆڕشە یەک لەدوای یەکەکانی کورد بەڵگەی ئەو ڕاستییەن. جینۆساید و ئەنفال و کیمیاباران و ئاوارەکردن، پەلاماری تیرۆریستان و ئەو کارەساتەی بەسەر خوشک و برا ئێزیدییەکانمان ھات و دەیان کارەساتی تر و ڕووداوەکانی دوای ڕیفراندۆمی ھەرێمی کوردستان ھەر ھەمووی بۆ تواندنەوە و لەناوبردنی گەلی کورد بووە. بەڵام پشت بە خودای گەورە و خۆڕاگریی گەلەکەمان و قارەمانێتیی پێشمەرگە گەلی کورد زیندووە و ئیرادەی تێکنەشکاوە و لە خەباتی خۆی بەردەوامە.

گەلی کورد ھەمیشە ئاشتی و پێکەوەژیانی ویستووە و ھەرگیز نەیویستووە ستەم لە گەلانی تر بکات و دەیەوێت بە ئاشتی و سەربەرزی بژیێت. ئەرکی ھەموو لایەکمانە بە باشترین شێوە پەیامی ئاشتی بگەیێنین و جیھانیان لە دۆزە ڕەواکەی گەلی کوردستان تێبگەیێنین. لەگەڵ ئەوەیشدا ھەوڵی ئەوە بدەین پەیوەندیی کولتووری و سیاسی و دۆستایەتی بە باشترین شێوە لەگەڵ گەلانی جیھان دروست بکەین.

زۆر خۆشحاڵم کە ئێوەی بەڕێز لە ھەوڵی ئەوە دان لە ڕێگەی یەکگرتن و خۆ ڕێکخستن لەسەر شێوازی سەردەمیانە ببن بە پردێکی پتەو بۆ پەپوەندیی کورد و ئەو وڵاتانەی کە لەنێو جیۆگرافیای سۆڤییەتی پێشوودان.

لێرەدا بە دەرفەتی دەزانم کە جەخت لە پەیوەندیی مێژوویی نێوان ھەرێمی کوردستان و ڕووسیا و وڵاتانی تری سۆڤییەتی پێشوو بکەومەوە کە ئەو مێژووە لەسەر دەستی جەنابی بارزانیی نەمر بناخەی بۆ دانرا و گەییشتە لووتکە. ھەروەھا پێزانینیشم ھەیە بۆ سیاسەتی حکوومەتی ڕووسیا و وڵاتانی تری ئەو ناوچەیە لەبەرانبەر دۆزی کورد و ڕێگەپێدانیان بۆ چالاکی سیاسی و کولتووری و ئەو سیاسەتە بەرز دەنرخێنم.

بە پێویستیشی دەزانم سوپاسی بێ پایانی خۆم ئاراستەی ئێوەی خۆشەویست بکەم بۆ ھەستی نەتەوایەتی و نیشتیمانپەروەریتان و دەستخۆشیتان لێ دەکەم بۆ ھەوڵەکانتان بۆ پاراستنی ڕەسەنایەتی و زمان و کولتووری کورد لەنێو خۆتان. ھەروەھا ھەڵوێستی ئێوەی خۆشەویست بۆ پاڵپشتیتان لە خوشک و براکانتان لە ھەرێمی کوردستان لە کاتی ڕیفراندۆم لە یاد ناکەین و جێگەی شانازی و خۆشحاڵیمانە. ڕیفراندۆم دەربڕینی ڕای ڕەوای گەلێکی مەزلووم بوو بە ئاشتیانەترین شێواز، ڕاستە ڕووداوەکانی دوای ڕیفراندۆم و ناپاکیی ھەندێ کەس زیانی گەورەی لە گەلی کوردستان دا، بەڵام دڵنیاتان دەکەم ئێستا گەلی کوردستان بە ئیرادەیەکی بەرزتر و بە ھۆشیارییەکی زیاتر ماوەتەوە و ڕووی لە داھاتوویەکی گەش و پێشکەوتنە.

لە کۆتاییدا ئەوە دووپات دەکەمەوە کە ئێوە خوشک و برا و ئازیز و جێگەی ئومێدی ئێمەن، و پشتیوانی لە کار و چالاکییە فەرھەنگی و سیاسییەکانتان دەکەین و ھیوادارم کۆنفرانسەکەتان بە بڕیار و ڕاسپاردەی باش کۆتایی بێت و دەروازەیەکیش بێت بۆ یەکخستنی وتاری ئێوە و کوردەکانی ئەوروپا و ھەموو جالیەی کورد لە وڵاتانی جیھان.

بمێنن بە خێر و خۆشی
مسعود بارزانی

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.