هەڵبژاردنی پەرلەمان سەرکێشی یان پلانی عاقڵانە!!!!!..

لەلایەن ستاندار Posted on 293 جار بینراوە

ستارە عارف

لایەنە سیاسیەکانی کوردستان خۆیان بۆ هەڵیژاردنێکی نوێ لەڕێکەوتی٣٠/٩/٢٠١٨ ئامادە دەکەن، گەلیش ژیانێکی تاقەت پڕوکێن و هیلاک دەگوزەرێنێت و خەون بە چاککردنی ژیانی ڕۆژانەیی و چارەنوسیەوە دەبینێت، دیارە ئەم هەڵبژاردنەی بە ڕێوەیە لەهەردو بنەماڵەی دەنگ و ئیرادە دز بترازێت سودی هیچ لایەنێکی سیاسی و میللەتیشی تێدا نیە، سودمەندبونی هەردو بنەماڵە تاڵانچیەکە لەو هەڵبژاردنە و هەڵبژاردنەکانی ڕابردو و داهاتوی دوریش، بە دزی و ساختە و گزیکاری دەنگی میللەتەوە بەستراوە، نەک بە دەنگ و سەنگ و قورسایی خۆیان لەمەیدانەکەدا، لەبەرئەوەی هێشتا دەرەنجامی دەنگدانی ڕێکەوتی١٢/٥/٢٠١٨ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەلایەن دادگای فیدراڵی عێراقەوە ڕانەگەیەنراوە، لەوەیش ناچێت هەروا زو دەرەنجامی ئەو مەهزەلە مەزنە یەکلایی بکرێتەوە، بۆیە هەرێمی کوردستان بە گوێرەی یاسا ناتوانێت بەرەو هەڵبژاردنی پەرلەمان بە بێ ڕاگەیاندن و یەکلایبونەوەی هەڵبژاردنەکەی بەغدا بچێت.

لەبەرچەند هۆیەکی سەرەکی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە٣٠/٩/٢٠١٨، بۆ هێزی ئۆپۆزسیۆن و میللەت زیانی زۆرترە، چونکە:

یەکەم: هەرچەندە هەردو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی بە درێژای حوکمی قەرەقوشیان گزیان لەمیللەت کردوە و بە تەزویر دەنگیان هێناوە و هەرگیز دەرەنجامی ڕاستەقینەی هیچ هەڵبژاردنێک بە ڕونی دەرنەکەوتوە، بەڵام کارەساتی دزینی دەنگی میللەت لەلایەن هەردو بنەماڵەوە و بە تایبەتی لەلایەن بنەماڵەی تاڵەبانیەوە بەهاوکاری قاسمی سلێمانی، خەڵکی کوردستانی زیاتر بێ متمانە و نائومێد کرد، وێڕای ئەوەی٢٧ساڵە کار بۆ بـێ باوەڕکردنی میللەت بە هەڵبژاردن و بە پیلانی تورک و ئێران و عێراق کاریان لەسەر لەدواوەهێشتنەوەی کۆمەڵگە و تاک بە جۆرێکی ترسناک کردوە، لەم چەند ساڵەی کۆتایشدا زۆر بێبەزەیانە میللەتیان برسی و بێ موچە و بێکار کردوە و هەمو ئامڕازێکی دوژمنانەیان لەدژی گرتۆتەبەر، کەواتە میللەت هیلاکە و لەهەڵبژاردنی عێراقدا ڕونبویەوە کەمی ڕێژەی دەنگدان، بەهۆی نەچونی زۆرینەی دەنگدەرانی سەر بە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان بو.

دوهەم: سەرەڕای ئەم هۆکارانە تازە هەڵبژاردنێکی پڕ دزی و گزی کراوە و لەڕوی دەرونی و ئامادەگیەوە خەڵک توانای جارێکیتر دەنگدانێکیتری نیە، لەکاتێکدا ئەزمونێکی ئابڕوبەرانەی لەبەرچاوە، بۆیە دیسانەوە هەر دەنگدەرانی سەر بە هەردو بنەماڵە و خاوەن بەرژەوەندیە ماددی و ئیمتیاز و مشەخۆرەکان بۆ دەنگدان دەچنەوە و زیانە گەورەکە بەر ئۆپۆزسیۆن دەکەوێتەوە، لەگەڵ ئەوەی هەمو لایەنەکان بە دەستەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە دەڵێن بۆ هەڵیژاردن ئامادەین، لێ لەوە ناچێت لەڕوی دەرونی و متمانەوە هیچ کامیان ئامادەی هەڵبژاردنێکی تری لەو جۆرە بن، کە ئۆپۆزسیۆن باش دەزانێت دەرەنجامەکەی لە١٢/٥/٢٠١٨باشتر نابێت.

سێهەم: کە ئۆپۆزسیۆن دەرەنجامی هەڵبژاردنی ئایندەی پەرلەمانی لەبەرچاو بێت و بزانێت لەگەڵ دو بنەماڵەی تەزویرچی دەچێتەوە هەڵمەتێکیتری دزی دەنگ و نائومێدکردنی زیاتری میللەتەوە، ئەوەیشی لا ڕون بێت، ڕێژەی بەشداری خەڵک کەم دەبێت، بەهۆی ماندوکردن و برسیکردن و تیرۆرکردنی مادی و مەعنەویانەوە لەلایەن هەردو بنەماڵەوە، کەواتە خۆ فریودانە بچێتە ئەو هەڵمەتەوە و پێویستە بیر لەڕێگەچارەی تر بکاتەوە.

گرنگە لایەنە ناڕازیەکان بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی و هاوپەیمانی و ئەوانیتر، یان هەوڵی بایکۆتکردنی ئەو هەڵبژاردنە بدەن و نەچنە کردەیەکی دۆڕاوە، بۆ ئەوەی نەبنە باعیسی ماندوکردن و بێ باوەڕکردنی زیاتری تاکی کورد و لەشوێنی ئەو سەرکێشیە بێ ئەنجامە، خەریکی خۆ ڕێکخستنەوە و بەخۆدا چونەوە بن و پڕۆژەی تازە بۆ لەڕەگەوە هەڵتەکاندنی حوکمی تاڵانکاری و داگیرکاری هەردو بنەماڵە ئامادە بکەن.

یان ئەگەر بایکۆتیش ناکەن و داوا لەخەڵک ناکەن بۆ ئەو جۆرە لەهەڵبژاردن نەچێت، ئەوا دەکرێت لەم ڕیزە کۆبونەوەیەی دەستیان پێکردوە، بیر لەئامڕازێکیتری گونجاو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکان لەمانگی١٢ی داهاتو یان کاتێکیتری گونجاو و دورتر بکەن، چونکە هەڵبژاردن هەر چونە سەر سندوق و دەنگدان نیە، بە پێچەوانەوە دەبێت دەنگدەر ئامادەگی دەرونی و جەستەیی و مەعنەویی و باوەڕی هەبێت و پڕۆسەکە بە ڕێگەچارە و کەرەستەیەک بۆ گۆڕانکاری لەژیانی خۆی و میللەتەکەی و چاکەی سیستەمە گشتیەکە بزانێت و بە ئومێد و وزەوە بەشداری لەهەڵمەت و دەنگداندا بکات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.