ھەڵەبجەی دوای بە پارێزگابوون!!

لەلایەن ستاندار Posted on 332 جار بینراوە

یاسین نادر ڕەحمان

تا ئەم ساتەی کە من وتارە دەنووسم نازانم ناوی ئەم شارە پارێزگا لێ بنێم یان ھەر بەناوەکەی جارانی قەزاو شار بە گووندو شاروچکەو ناحیەکانی لە سەرنجدانی نووسینەکەمدا ئاماژەی پێبکەم، گەر لە ووڵاتان سیستەمی ویلایەت و Provincefبۆ ئەم جیاکاریەی شوێنێک لە شوێنەکانیتر کرابێت و ئەوا ھەندێک پێوەر و بنەماش لە کوردستاندا بۆ ئەم جۆرە جیاکاریەی ناوچەیەک لەناوچەکانیتر کراوەو بەپێی دۆخە ئابووریی وسیاسیی و ئیقلیمی و ڕەمزبوونی ئەو ناوچە لە ناوچەکانیتر جیا کراوەتەوە، گەرچی ھەر یەک لەم ناوچانە لە سیستەمی ئیداریی وڵاتان و ھەرێمەکان ڕەنگە لە قۆناغگەلێک لەمێژووی ئەو ھەرێمەو وڵاتە لە پێوەری بچووکتری وەک شارو شاروچکەو شارەدێدا ڕەنگە بووبن، بەڵام مێژووی شارستانیەت و پێشکەوتنی ھەر ناوچەیەک و دۆخی خوازراوی ناوچەکە و ڕادەی پێویستی و پارسەنگی و ھۆکارگەلی تر وای لێدەکات ھەمدیس ئەو ناوچە لە ناوچەکانیتر جیا ببێتەوە، ئیتر لە سەرنجدانی ویلایەت و پێوەری بچووکتری ئەو شار و قەزا دەربچین کە جیاواز لە ھەلومەرجی پارێزگایە دەبینین، لە مێژووی ھەر وڵاتێکی دنیادا بەتایبەت عێراقی فیدراڵدا پارێزگا ڕۆڵێکی تایبەت و دابەشبوونێکی سیاسیانەی تایبەت بەخۆی ھەیەو ھەیبووە، بە کورتی لە ڕوویی دەسەڵاتی سیاسییەوە پارێزگا، پارێزگارێکی ھەڵبژێردراوی بۆ دادەنرێت کە بەرپرسی بەجێھێنانی یاساکانی لە سنووری پارێزگاکەی ھەیەو بۆ ناوچە بچووکەکانی ژێر دەستی خۆی بە ھۆی بوونی قایمقام و بەڕێوبەرایەتی بچووکتر و پەیوەست بە قایمقامیەتەوە چاودێری بەسەر کاروبارە ئیداری وسیاسی و ئابووریەکان و….ناوچەکە دەکات، ھەرچەندە خوودی پارێزگاش پەیوەست بە وەزارەتەکانەو دەسەڵاتە وەرگیراوەکان لەوانەوە بۆ سنووری پارێزگاکەی خۆی بەپێی سروشتی ناوچەکان و شارۆچکەو شارەدێکان شۆڕ دەکاتەوە و ھەوڵ لە جێبەجێکردنیاندا دەدات، گەرئەمانەش پێناسەیەکی بچووک و گشتی لە ئەدای ناوچەیی سنووری وسیاسیی پارێزگایەک بێت ئەوا وڵاتی عێراقیش لەئێستادا بە ھەڵەبجەشەوە خاوەن ھەژدە پارێزگایە کەپێنج لەو پارێزگایانەی عێراق پارێزگا کوردیەکانن و سەر بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستانن، ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاکانی ھەرێم جگە لە پارێزگای ھەڵەبجە لە ھەندێکیان سەروو یەک ملێون نەفەر تیایدا دەژین وەکوو (کەرکووک و دھۆک) و ھەندێکی تر لەوانیش تا نزیکەی ٤ملیۆن نەفەر دەبنەوە وەک (ھەولێر وسلێمانی) ھەرچی ھەڵەبجەشە ژمارەی دانیشتوانی نزیکەی٥٠٠،٣٣٨ نەفەر دەبێت و خاوەن تایبەتمەندی تایبەت بەخۆیەتی و ھەر تایبەتمەندبوونەش لەودا وایی کردووە لە پاش بوونی بە پارێزگا لێکدانەوەی جیاواز ھەڵبگرێت، گەر وردتر لەم پارێزگایە بڕوانین دەبینین ئەم پارێزگایە لە ١٣/٣/٢٠١٤بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتی نیچیرڤان بەرزانی لەبەر تایبەتمەندی تایبەتی ئەم شارە وەک شاری شەھیدان، بڕیاری بە پارێزگابوونەکەی بەھۆی شارێکی ڕەمزی و نموونەی و زۆرترین زیانلێکەوتەیی سیاسی لە سەردەمی بەعس و پاش بەعس بۆ دەرکرا و لە ١٦/٣/ ٢٠١٤ی ھەمان ساڵیش مەرسوومی سەرۆکایەتی بۆ بوونی بەپارێزگایەکی یاسایی و قانوونی بۆ دەرچوو، پاش ھەموو ئەمانەش لە ١/ ٦/٢٠١٥ فەرمانی دەستبەکاربوونی پارێزگار و دوو جێگرەکەی بۆ دەرچوو و لە ١١/٦/ ٢٠١٥ دەست بەکاربوون، ھەرچەندە جێی وەبیرھێنانەوەیە کە پەرلەمانی کوردستان لە ٥/ ٢/ ٢٠١٥بڕیاری دەرکردنی یاسای ئیداریی پارێزگای ھەڵەبجەی دەرکرد و دواتر پاش تاوتوێکردنی لە ١٦/٣/ ٢٠١٥دا لە ھەڵەبجە ئەم یاسایەی بۆ بەرژەوەندی کاروبارە یاسایی و ئیداریەکانی ھەڵەبجە بە واژووی سەرۆکی پەرلەمان و تاوتێکردنی پەرلەمانتارەکان پەسەند کرد، کە ئەم یاسایە لە ١٢مادەی سەرەکی پێکھاتبوو و زۆر ھەلومەرجی شیاوی ئیداری و بودجەیی و بواری پەرەپێدان و گەشەپێدانی بۆ ھەڵەبجەو ھەڵەبجەییەکان بەدیھێناو ھاوڵاتیان و سەرجەم چین و توێژەکانی لەمبارەیەوە خۆشحاڵ کرد.

ئەمانە بەرکوڵێکی یاسایی و ئیداریی لەبارەی پارێزگای بەڕەمزکراوی ھەڵەبجە بوو بەڵام ئایا تاچەندە ئەم مەرسووم ویاساو بەڕەمزکردنی ئەم شارە، ھەڵەبجەی تایبەتتر لە شارەکان و پارێزگاکانی تری ناوچەکە کرد، دۆخی ئێستاکەی ئەم شارە لەم ڕووە ئاماژەپێکراوانە قسەگەلێکی تری بۆ گووتن لەمبارەیەوە دەکات، چوونکە پاش کۆتا ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەھۆی دواکەوتنی ھەندێک کاروباری ئیداری و حکوومی نەتوانرا لەوکاتەدا وەک پارێزگایەک نوێنەری تایبەت بەخۆی ھەبێت بەڵکوو لە چوارچێوەی قەزاییدا مامەڵەی لەگەڵدا کرا و چەند نوێنەرێکی لە ئەنجوومەنی سەر بە پارێزگای سلێمانی توانییان مافی ئەندامێتی ئەنجوومەن لە چوارچێوەی پارێزگای سلێمانیدا بەدەست بھێنن.

لە ئێستاشدا با بە ڕاشکاوانە بیڵێم، ئەگەرەکانی ئەوەش زۆرە لە ھەڵبژاردنەکانیی ئەمجارەی کوردستاندا وەک زۆر کاروباری تری ئیداری و سیاسیی ناوچەکە، ڕەنگە ھەڵەبجە وەک پارێزگایەکی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵدا نەکرێت و ھەروەکو ئەوەی کە بینیمان لە ھەڵبژاردنەکانیی ئەمدوایەی عێراقدا ڕوویدا، ھەڵەبجە ھەروەکوو شارێکی ئاسایی جاران مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.

ئەوەی جێی تێبینیشە ئەم شارە پاش ھەڵبژاردنی خوولی پێشووی ھەڵبژاردنەکانیی کوردستان بڕیاری ئەنجوومەنی کاتیی بۆ درا، چوونکە پاش پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکان بڕیارەکە ھەروەک گووتم جێبەجێکرا و تا ئێستاکەشی بە دواوە بێت پارێزگایەکی بە وەکالەت بە ھۆی ناکۆکیی سیاسییەوە بە ھۆی ڕێک نەکەوتنی لایەنەکان لە سەر دابەشکردنی پۆستەکان دەبینین.

ھەر وەک گووتم ئەگەر ئەمانەی سەرەوە بەرکوڵێکی ئیداریانەو سیاسیانە بێت و ئێستاکەو لەماوەی ئەم سێ چوار ساڵەدا حکوومەتی ھەرێم گەر دەیەوێت لە چوارچێوەی پارێزگایەکدا خزمەتی ئەم شارە بکات، بۆ ھێشتاکە ئاسەواری ئەم ئاڵوگۆڕیانە نابینین، خەڵکی ئەم پارێزگایە ھەلھەلەی خۆشی و شادییان بۆ بوونی شارەکەیان بە پارێزگا، بۆ ئەوە لێدا چیتر پارێزگابوون ببێتە ھۆیەک بۆ خزمەتی زیاتری خەڵکی دەڤەرەکە نەک شتی تر و ئەم دۆخە بێ خزمەتییەو ناسەقامەی ئێستایی ئەمشارە.

حیزبەکان بەھەموویانەوە گەر دەیانەوێت بەپەیامێکی ڕێکخراوانە ئەم شارە پێشبخەن بۆ واز لە تەماح و تمۆحکاری لەبەرژەوەندییەکانی تایبەت بەخۆیان لە مەر دەسەڵاتدارێتی شارەکە ناھێنن و ھیچ نەبێت ئاشتەوایی حیزبی و دەسەلاتدارێتی با لەمشارەدا گەر کرا لە ھەڵبژاردنەکانیی داھاتوودا بەرقەرار بێت و خەڵک بزانێت لەپێناو ئەوان و لەبەر بەرژەوەندیی ئەوان کاردەکەن.

ھەموو تۆڕ و ڕێکخراوەکان کە خۆیان بەناوی ( لێدەر و نالێدەر و ھەڵوێست و بێ ھەڵوێست و شەقام و غەیرەشەقام و ڕازی و ناڕازی و خزمەتگووزار و ناخزمەتگوزار و بەکورتی حیزبی و ناحیزبیەکان) دەناسێنن و ئەم ھەموو چالاکیانەیان گەر لە خزمەتکردنی شاردا ھەستدەکەن بێ ئەنجامە!! بۆچی دەنگیان کپ ناکەن، ئەم شارە ڕەنگە خەڵک ئاوات بە نەبوونی حیزب و ھەندێک ڕێکخراوی چیتر بخوازێت، چوونکە دواجار دەبینین وا شار ٢٥٠ پڕۆژەی خزمەتگوزاری وەستاوەو بە ھەزاران گەنجی دەرچووی بەبێ دامەزراندن و بەتاڵ ماوەتەوەو سنوورە ئابووری ھێنەرەکانی ڕۆژێک بە بڕیاری بەغدا بە بیانووی یەکپارچەیی پاش ڕیفراندۆم و ڕۆژێک بە بەبڕیاری حکومیی و ڕۆژێک بە بڕیاری حیزبیی و شتانیتر داخراون و کێڵگە نەوتییە دۆزراوەکانی بێ بەرھەم و بێکار و بێخاوەن لە کار کەوتوون و بەجۆرێک لەکار خراون و دانیشتوانی گووندەکان دۆخی ژیان سەختی و خراپیان ئەوانی دیسانەوە پەلکێشی شار کردووەتەوەو بەرھەمی جووتیارانی بێ پارەو بەدەستھات بەسەر دەستی جووتیارانیدا ماوەتەوەو ڕۆژبەڕۆژیش بەڵێنی حیزبی و نائیداریانەی بەرپرسان لە سەردانیکردنی شارەکەش، ئەوە دەردەخەن ھەڵەبجە پارێزگایەکی جیاوازەو بێ خزمەتی و ناڕوونی لە ئیدارەدانی سیاسی و خزمەتنەکردنی ئەم جیاوازیەی پیشانی ھەموو کەسێک داوەو ڕەنگە لە داھاتووشدا ئاواتی ئەوە لای ھەموو تاک و ھاوڵاتییەک بخوازرێت، ئەم پارێزگایە لە دەستپێکی بونیادیدا گەر دەزانرا ئاقاری بە ئاوا ئاکامێک دەگات و بەربەستی ئیداری و سیاسیی و ئابووریی تەنگی پێ ھەڵدەچنێت، خۆزگا ناوی گەورە نەکرایەو ھەر وەک جارانی بمایاتەوەوە، خەڵک نە چاوی لە حیزب و کووبونەوە حیزبیەکان و ڕێکخراوە ناڕێکخراوەکانی نەبوایا کە ھەر ڕۆژە پەیامێکی ناشەریفانەو کەموکورتانە لە دەرد و مەینەتییەکان بەخەڵکی شارەکە بدەن.

ئەوەی جێی سەرنجیشە سەردانکردنی ئەم چەند ڕۆژەی وەفدێکی ھەڵەبجە لە ئاستێکی باڵا بۆ خزمەتگوازریەکانی ئەمشارە کە لە ژێر سێبەری ھەژموونی دەوڵەتی فیدڕاڵدا ھەڵەبجە خەمەکانی بڕەوێنرێتەوە و خزمەتگوازاری پێشکەش بکرێت، ئەوە پیشاندەدات کە چیدی ھەڵەبجە بەھەموو پێوەرێک لە خزمەتگوازرییەکانی بە پارێزگابوونی لەلایەن حکومەتی ھەرێمەوە وەختە بێبەش و ئیھمال بە یەکجاری دەکرێت و ئەگەرەکان بۆ ئەوە دەچن گەر لە دەسەڵاتدارێتی ھەرێمدا ئەم شارە وەک پارێزگا مامەڵەی لەگەڵدا لە زۆر سێکتەری خزمەتگوزاری و خوشگوزەرانیدا بۆ نەکەن، ئەوە دەسەڵاتدارانی بەغدا بە بێ گەڕانەوە بۆ دەسەڵاتدارانی ھەرێم، ئەمشارە وەک پارێزگایەکی جیاواز و ستەملێکراو خزمەت بکەن و ڕووی ناشەریفانە خزمەتکردنەکان کە بەپێی پێویست لە ئاستی خەڵک و ڕۆڵەو شەھیدانی شارەکەدا نەبوون، ئەوان بەڕێگای تر بە پڕۆژەی چاکتر و کردنەوەی دەزگا و دائیراتە فیدڕاڵیەکانیان بۆ خەڵکی ئەم شارە قەرەبوو بکەنەوە.

لە ڕابردووشدا لە نووسینەکانمدا ئەوەم گووتوە، نە بەسەردانکردنی بەرپرسانیی حکوومەتی ھەرێم و ھەندێک لە وەزیرەکانی، کێشەکانی ئەم پارێزگایە بەرەو چارەسەربوون دەڕوات، نە ئەوە کە حیزبەکان و دەسەڵاتدارەکان و خەمخۆرانی ئەم شارە بەھۆی دەستێوەردانە سیاسییە جۆراوجۆرەکان پاش ھەڵبژاردنی مانگی ٩ی٢٠١٨ی ئەمجارەش ھەڵەبجە ئاوا بڕوات دەکەنەوە بە پارێزگایەکی نموونەیی ھاوشێوەی حەڤدە پارێزگاکەی تری عێراق.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.