د.مھدی قادر لە سەر قودس و جولەکە زانیاری نوێ باس دەکات

لەلایەن ستاندار Posted on 1182 جار بینراوە

رافاییل باتان به‌ڕێوبه‌ری په‌یمانگای”هرتزل” ده‌ڵێت: (ئه‌وه‌ی كه‌ زانستی مرۆڤناسیی سروشتیی دەستی پێگەیشتووە‌ ڕوونی کردۆتەوە، به‌پێچه‌وانه‌ی بیروباوه‌ڕی باوه‌وه‌ هیچ ڕه‌گه‌زێك نیيه‌ به‌ناوی ڕه‌گه‌زی یه‌هودی).

دوای گەڵەکۆمەکی ڕۆژئاوا دژ بە خیلافەتی عوسمانی، لەلاوازکردنی تا ڕوخاندنی هەوڵێکی زۆردرا کە خاکی فەلەستین داگیربکرێ له لایەن جوولەکەکان، ئەم داگیرکاریەشیان بەهاوکاری ڕۆژئاوا بوو، ئەوکات ئەم هەڵەیان بۆ نەڕەخسا، بەڵام دوای کۆتایی پێهێنانی خیلافەتی عوسمانی دەرفەتیان بۆ ڕەخسا ئەوەبوو توانیان ئەم هەوڵەیان له (۱۹٤۸/٥/۱٥) بکەنە کردار وبۆشیان چووەسەر.

دوای نەمانی خیلافەتی عوسمانی ئەم داگیرکاریه بۆ جوولەکان ئاسان بوو، چونکە پێشتر پارەیەکی زۆر خراپە بەردەمی بەرپرسانی دەوڵەتی عوسمانی کەچی ڕەتیان کردەوە، بەڵام دوای ئەوەی دەوڵەتێک نەما بەناوی دەوڵەتی عوسمانی و، چەند دەوڵەتێکی دەسکەلا لەناوچەکە دوورستکران، ئەوانەی کرانە سەرکردەی ئەو وڵاتانە خرانە خزمەت داگیرکاری جوولەکە ولەسەرکێشی ودگیرکاری چاوپۆشیانکرد. بؤ  دڕێژەی ئەم باسه گفتوگۆ لەگەڵ د.مهدی قادر مامۆستای زانکۆ وشارەزا لە بەراوەردی ئاینەکان دةکەین.

دیدار: فاخر برادۆستی

فاخر برادۆستی: جیاوازی نێوان ناوی ” قودس، ئەقسا، ئۆرشەلیم ” چییه؟

بۆچی لە قورئانی پیرۆز ناوی ئەقسا هاتووە، نەک دوو ناوەکەی تر، وەک خوای گەورە دەفەڕرمووێ: [سُبْحَانَ الَّذِي أَسْرَى بِعَبْدِهِ لَيْلًا مِنَ الْمَسْجِدِ الْحَرَامِ إِلَى الْمَسْجِدِ الْأَقْصَى الَّذِي بَارَكْنَا حَوْلَهُ..].

ئایا ناوی قودس وەک شارە، ناوی مزگەوتەکە ئەقسا؟ یان هۆکاری تر هەن بۆ دوو ناوەکەی تر؟!

 

د.مهدی قادر: شاری قودس لەمێژووی دور ونزیکدا کۆمەلێک ناوی زۆری لێنراوە، کە هەرناوەو ئاماژەیە بۆ قۆناغێکی مێژوو و فەرمانڕەوایی ئەو دەوڵەتانەی کەدەسەلاتیان بەسەرشارەکەو ناوچەکەدا هەبوە.

مێژووی شاری قودس زۆر کۆنەو دەگەرێتەوە بۆ (۷۰۰۰) هەزار ساڵ بەر لەئەمرۆ، ئەم شاره لە لایەن یەبوسیەکانەوە دروستکراوە کە (هۆزیکی کەنعانی عەرەبی بوون، پاش ئەوەی لەجەزیرەی عەرەبیەوە کۆچ دەکەن بەرەو باکور لەوشوێنە بەرزەدا گوندێکی گەورە دروستدەکەن ناوی دەنێن یەبوس).

ناوەکانی شاری قودس ئاماژەن بۆ باگكراوندی ئەو دەڵەتانەی کەفەرمانڕەوایی شارەکەیان کردوە، هەردەسەلاتێک هاتوە هەوڵی داوە ناوەکەی پێشوو بسرێتەوە، بەڵام گرنگترین ئەوناوانەی کە تۆمارکراون ئەمانەن.

یەکەم: یەبوس: کەکۆنترین ناوە کەلەم شارە نرابێت، کە بەناوی بنیاتنەرانیەوە یەتی، کە(٥٠٠٠) پێنج هەزار ساڵ پێش زاین دروستیان کردوە، بۆماوەی (٤۰۰۰) چوار هەزار ساڵ بەدەست هۆزە کەنعانیەکانەوە بوە، وەکو هۆزەکانی (یەبوس و حسی و ئەموری..) ئەوناوە بەردەوام بوە تا ئەوکاتەی داود پێغەمبەر (علیە السلام) چوە ناوشارەکەو ناوەکەی گۆری بۆ (شاری خودا و شاري داود) لەهەمان کاتدا پێشی دەگوترا (ئۆرشەلیم) وەبەڵگەی ئەوەی کەتاپێش داود ناوی یەبوس بوە، ئەوبەسەرهاتە کورتەیه کەلەسفری قازیەکاندا هاتوە (۱۹/۱۰)

پێم سەیرە تەورات ناوی یەبوس کە زۆرکۆنە پشتگوێ دەخات تاسەردەمی داود (علیەالسلام) پێم وایە ئەمە کارێکی رەگەزپەرستی وئەنقەستە.

دووەم: (ئۆرشەلیم): ئەم ناوەش عیبری نیەو لەلایەن عەرەبەکانەوه لە شارەکەنراوە، بەشاهیدی خودی تەوارات. هەرچەندە هەندێک خەلک واگومان دەبەن ناوەکە یەهودی یان عبریە، بەلام مێژوو وانالێت و جولەکەکان بەمەبەست دەیانەوێت وا لەخەڵک بگەیەنن کەئەم ناوە هی ئەوانە، بەڵام هەرخودی تەورات بەدرۆیان دەخاتەوە. بۆنموونە لەکتێبی (التکوین ۱٤/۱۸) کەیەکەم کتێبی تەوراتە باسی ئەوەدەکات، کاتێک ابراهیم (علیه السلام) (۲۰۰۰-۱٨۲٥پ.ز) عێراق جێ دەهێلێت و ڕوودەکاتە خاکی فەڵەستین، تەورات دەلێت: مەلکی صادق پاشای شالیم پێشوازی لە ئیبراهیم کرد. کەواتە ئیبراهیم هاتە شارەکە ناوی شالیم بوو، هەرچەندە بەڵگە مێژوویەکان ئەمە دەسەڵمێنن کەهەرئەوکات ناوی يۆرشەلیم بووە. واتەشاری ئاشتی (یورو) یان (ٲور) واتە شاری (شالیم) بەناوی خودایەکی کەنعانیەکان بوە. بەکۆی هەردووشەکە دەبێتە (یورشالیم ) یان (یورسالم) یان (ٲورشایم) بەپێی لەهجەی ئەو گەڵ ونەتەوە جیاوازانەی کە ناوی ئەوشارەیان نوسیوەتەوە. بۆنمونە لەنامەکانی گردی عەمارنە لەسەدەی نۆزدەی پێش زاین به (یوروسالم) هاتووە, و لەهۆلکۆڵراوە ئاشوریەکان بە (ئوروسەلیمو) هاتوە، لای یۆنانیەکان بە (hirousalim)  وەلەزمانی ئەورووپیەکان بە(jerusalim) هاتوە.

من پێم وایە ئەم ناوەش هیچ پەیوەندی بە جوولەکەوە نیە، هەرچەندە لەتەورات دا هاتوە ولەسەرزاری خەڵکی بنەرەتی ناوچەکەوه نەقڵیان کردوە.

سێیەم: ناوە تەوراتیەکان:

بێگومان له تەورات دا کۆمەڵێک ناو هاتووە كه ناوبانگێکی گەورەیان نییه، ئەم ناوانە لەماوەی  فەرمانڕەوایی (۳۰۰) ساڵەی جولەکه دا بەکارهاتوون وەک: ( سەهیۆن، شاری داود، شاری خودا، ئەرئیل، مۆریا).

چوارەم: ئیلیاء ، یان (ئیلیا، ئلیا):

پاش ئەوەی جولەکەکان بە تەواوی له خاکی فەڵەستین دەردەکرێن، له چەندين قۆناغی جیاوازدا لەسەر دەستی ئاشوری وبابلییەکان، و دوای ئەوەی لە ساڵی(۷۰) زاینی لەسەر دەستی ئیمپراتۆر تیتوس وێران دەکرێت.

جارێکی دیکه ئیمپراتۆر(ئیلیوس هادریانۆس ۷٦- ۱۳٨ز) وەک موستەعمەرەیەکی یۆنانی ئاوادانی کردەوە و پەیکەری جوبیتەری خودای یۆنانیەکانی تێدا دادەنێت، ڕێگە بە مەسیحی وجولەكەکان نادات بەهیچ شێوەیەک دەسەڵات و بوون تقوساتی ئاینیان هەبێت، پەرستگایەکی بتپەرستي دورست دەکات وەناوی شارەکە دەنێت( ئیلیا کاپیتۆلینا) واته ئیلیای گەورە.

وئەم ناوه تاسەردەمی ئیمپراتۆر قوستەنتین( ۲۷٤-۳۳۷ز) بەردەم دەبێت. پاش ئەوەی کەله ساڵی (۳۲٥) زاینی بو بە مەسیحی ئیتر ناوی ئۆرشەلیمی بۆ گێرایەوە. هەرچەندە ناوی ئیلیاء هەر بە بەردەوامی هەبوو، تەنانەت لە سەرچاوە ئیسلامییەکان دا وەک کتابەکانی ( تەبەری و سیرەی ابن هیشام و بەلازەری و یاقوتی حەمەوی، تەنانەت لە چەند فەرموودەیەک دا به ناوی ئیلیا هاتووە.

هەروەک چۆن لە عەهدەی عومەریشدا ناوی ( ئیلیا) تۆمارکراوە.

پێنجەم: قودس:

کاتێک عومەری کوڕی خەتاب لە ساڵی(۱٦ هیجری بەرامبەر ٦۳۷زاینی) شاری ئیلیای ئازادکرد بەئاشتی و ڕێکەوتن لەگەڵ مەسیحیەکان، ئیتر ناوی شارەکە دەبێت بە قودس، یان( بیت المقدس) هەرچەنده ناوی ئیلیا هەر بەردەوام بوو.

قودس: واتە پاک، پیرۆز، بەڵام ناوی “ئەقسا” تەنها بۆ مزگەوتەکە بەکاردێت، ئەقسا واته دوورتر. (المسجد الٲقصی) واتە مزگەوتە دورەکەیان لەمەکەوە، کەئەمە ئامەژەیەکی تێدایه کە مزگەوتێکی تر دروست دەکرێت له شاری مەدینە، کە نزیکترە لە مەکە. ئەمەش موعجیزەیەکی قورئانییە و هیچ کەس ئاماژەی پێ ناکات.

ناوی شاری قودس ناوێکی ئیسلامییە و له مێژووی ئیسلامییدا بە (بیت المقدس) و (ئیلیا) ناوی هاتووە، بەڵام دڵنیانیم له ناوی (ئۆرشەلیم).

له فەرموودەدا ناوي (بیت المقدس) هەندێک جار وەک ناوی شار هاتووه، بۆ نموونه دەفەرموێت:(فتح بیت المقدس) ، هەروەها بە مانای مزگەوتەکەش هاتووە، کە دەفەرموێت:(واستقبل بیت المقدس ستة عشر شهرا) کەواتە ناوی ئەقسا تایبەتە به مزگەوتەکە، شارەکه ناگرێتەوه.

 

فاخر برادۆستی: وڵامت بۆ ئەو کەسانە چیە کە دەڵێن: قودس بە ئەسڵ هی چولەکەیە، نەک موسڵمانە عەرەبەکان؟!

سەرچاوەی مێژووی باوەڕپێکراو هەیە بیسەڵمێنێ کە قودس هی جولەکەیه، یان هی موسڵمانە عەرەبەکان؟

 

د.مهدی قادر: ئەو کەسانەی ئەم قسەیه دەکەن نە ئاگاداری مێژوون نه ئاگاداری تەوراتن، لەو لاشەوە دەست بەرداری عەقیدەی خۆیان بون.

بێگومان کتێبەکانی مێژوو هەموویان کۆکن لەسەر ئەوەی ( ئۆرشەلیم ـ قودس) زۆر لە پێش سەرهەڵدانی جوڵەکە دروست بوە، تەنانەت تەوراتیش ئەم ڕاستییە دەسەڵمێنێت.

هەموو مێژوونووسان کۆکن لەسەر ئەوەی کە (ئۆرشەلیم ـ قودس) له لایەن یەبوسیەکانەوە (٥٠٠٠) هەزار ساڵ بەر لەزاین بونیاتنراوە.

واتە چوار هەزار ساڵ پێش لە هاتنە دونیای موسا(علیه السلام) (۱۲۷٥-۱۱٥٥ پ.ز) بێگومان دورستبونی جولەکە زۆر بۆدوای موساش دەگەڕێتەوە لە فەڵەستین. چونکە پێغەمبەر موسا(علیه السلام) نەچۆتە ناو خاکی فەڵەستین، پێش ئەوە وەفاتی کردووە.

وکاتێک داوای لە قەومەکەی کرد کەبچنه ئەو خاکه پیرۆزەوه، گوتیان:( (قَالُوا يَا مُوسَىٰ إِنَّ فِيهَا قَوْمًا جَبَّارِينَ وَإِنَّا لَنْ نَدْخُلَهَا حَتَّىٰ يَخْرُجُوا مِنْهَا فَإِنْ يَخْرُجُوا مِنْهَا فَإِنَّا دَاخِلُونَ) سورة المایدﺓ:۲۲. کەواتە پێش جولەکە خەڵکی تری تێدابووە.

کاتێک موسی (علیە السلام) داوای جیهادی لێکردن، گوتیان: ( فَاذْهَبْ أَنتَ وَرَبُّكَ فَقَاتِلَا إِنَّا هَاهُنَا قَاعِدُونَ ) المایدﺓ:٢٤.

بۆیه موسا فەرمووی: ( خودایه تەنها دەسەڵاتم بەسەر خۆم وبراکەمدا هەیه و ئەم گەلە گوێرایەلَیم ناکەن، خودایە لەم گەلە ستەمکاره جیام بکەرەوە) المائدﺓ: ۲٥.

لەوانەیە هەندێک باسی چونی “ئیبراهیم و ئیسحاق و یەقوب” بکەن بۆ خاکی فەڵەستین پێش موسا(سڵاوی خوای گەورە لە هەمویان بێت) بەڵام ڕاستی بونی ئەم پێغەمبەرانە لەو خاکە پیرۆزە بەم شێوەیەیه کە لە تەورات وله مێژوودا هاتووە:

۱.ئیبراهیم(علیه السلام) خەڵکی ئوری کلدانییەکانە لە عیراق و خەڵکی فەڵەستین نییە.

۲. ئیبراهیم بە میوانی چۆتە خاکی فەڵەستین و میسر، هەر بۆیە کاتێک کەخێزانەکەی وەفات دەکات شوێنی قەبرێک بۆ ناشتنی بە پارەدەکرێت. (التکوین:۱۹/۲۳) لە حسییەکان کە خاوەنی ئەسڵی ئەوخاکەن و کەنعانی بوون، تەورات دەڵێت: (کاتێک ئیبراهیم گەیشتە شاری شەكیم_ نابلسی ئێستا _ کەنعانییەکان لەسەر ئەو زەویانە بوون) التکوین:٦/۱۲.

۳. خێزانی ئیبراهیم لە ماوەی سەدساڵدا تەنها بریتی بوو له:( هاجر و ئیسماعیل و سارا و ئیسحاق). پاشان لە ئیسحاق یەعقوب له دایک بووە، ئەویش دوانزە کوڕی بووە, هەموویان له عیراق نەک فەڵەستین، پاش ئەوەی دەگەرێتەوە بۆ فەڵەستین و پاشتریش یوسفی کوڕی دەکرێت بە کۆیلە لەمیسرو پاشان دەبێتە عەزیزی میسر , ئيتر بەتەواوی ئەندامانی خێزانەکەیەوە کە ژمارەیان (۷۰) کەس بوە لە ساڵی(۱۷۱۰پ.ز) کۆچ دەکەن بۆ میسر وهاتنی موسی(علیه السلام) (۱۲۷٥-۱۱٥٥ پ.ز) لە میسردا ماونەتەوە.

کەواتە نەوەکانی ئیسرائیل لەوماوەیەدا ژمارەیان كه (۷۰)کەس بووە بە گوێرەی تەورات خاوەنی چ شتێکی فەڵەستین بوون؟! كه هەرگیز لەقودس نیشتەجێ نەبوون. چونکە قودس شوێنێکی سەخت بووە بۆ مەروماڵات وئاژەڵداری. ئەوان بەزۆری لە خەلیل ونابلس بوون، نەک قودس. بەگوێرەی سفری قضاﺓ(۱۹/ ۱۰) کەسێکی جولەکە دەڵێت:(چۆن دەچینە شاری یەبوسییەکانەوە کە یەک ئیسرائیلی تێدانییە).

 

٤. جوولەکەکان لەسەردەمی داود پێغەمبەر (۱۰۰٤-۹٦۳پ.ز) چوونە ناوشاری قودس, و دوای وەفاتی سلێمان پێغەمبەر (۹۲۳پ.ز) دەوڵەکەته بوو به دووپارچە و وقودس بووە پایتەختی مەملەکەتی یەهودی تا ساڵی (٥٨٦پ.ز) و ئیتر بۆ هەمیشە ئەبو خوزنەسر کۆتایی بەبوونی یەهودی هێنا وەکو دەوڵەت و هەموو جولەکەکانی گواستەوە بۆ بابلی خواروي عیراق.

٥. دوای هێرشەکانی ئەسکەندەری مەکدۆنی بۆ ناوچەکە ساڵی (۳۳۲پ.ز) دەستی بەسەر شاری قودسدا گرت وئیتر بوە موستەعمەرەێەکی یۆنانی.

٦. ساڵی (٦۳پ.ز) قەیسەر بۆمبی ڕۆمانی گەیشتە شارەکە و وێرانی کرد و لە چەند قۆناغێکدا بوە شارێکی ڕۆمانی و پەیکەری بتپەرستی تێدا دانرا وشارەکەش ناونرا(ئیلیا کاپیتۆلینیا).

راستە جولەکەکان بونیان وەک خیزان و گروپی ئایینی لەناوچەکە هەر بەردەوام بوە, بەلام زوو لە لایەن رۆمانیەکانەوە سەرکوت کراون, وەک کوشتارەکانی (ئەنتۆنیۆس ئەبیفانۆس, تیتۆس سالى (٧٠ز) و هادریانوس سالى (١٣٥ز).

۷.موسڵمانان بە سەرۆکایەتی (عومەری کوڕی خەتاب) شارەکەیان ڕزکارکرد بەئاشتی لە ساڵی (۱٦کۆچی ــ ٦۳۷ ز) کە خۆی له ڕێکەتنێکدا بینیەوە وبە(عەهدەی عومەري) ناسراوە، کە ئازادی ئاینی و پێکەوەژیان گرنگترین خاڵەکانی ئەو ڕێکەوتنەن. ئیتر بۆماوەی چوارده سەدە ئەم شاره لەلایەن موسڵمانانەوە بەڕێوەبراوه، ومافی هەموو پێکهاتەکان ڕێزی لێگیراوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کەیسینجری بەڕەگەز یەهودی، پرسیاری لە سەرۆکی ئەوکاتی لوبنان( سلێمان فەرنجیە) کرد: که بەڕای ئەو کێ باشه شارەکە بەڕێوەبەرێت.؟

وڵامی دایەوە: عەرەبە موسڵمانەکان!

پاشان گوتی: مەسیحیەکان باوەڕیان بە پێغەمبەرایەتی محمد نییه و جولەکەکان باوەڕیان بە پێغەمبەراتی مەسیح و محمد نییە.

بەڵام موسڵمانان باوەڕیان بە پێغەمبەرایەتی موسا وعیسا هەیه.

تەنها ئەوان شایەنن ئەم شارە بەرن بەڕێوە.

بەڵێ ئەمە ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگره، موسڵمان چونکە باوەڕی بەو پێغەمبەرانە هەیه، شوێنەوارەکانیان بە پیرۆز دەزانن، چەندان مزگەوت بەناوی ئەو دوو پێغەمبەرەوەیه.

ئایا جولەکە چ ڕێزێک لە مزکەوتي ئەقسا و کەنیسەی قیامە دەگرێت، که نەباوەڕیان بە عیسا هەیە، ونە به محمد (سەلامی خودایان لیبیت)، نەک هەر ئەوە بەڵکو کەسانی جگە لە جولەکە بە ئاژەڵ دەزانن هەر وەک له تەلمودەکەیاندا هاتووە.

 

فاخر برادۆستی: جوولەکە بۆچی فەلەستینی هەڵبژارد؟

ئەگەر بیانوویان ئەوەیه کەپێشتر جووی لێبووە، خۆ هەرێمی کوردستانیش جووی لێبووە؟!

د. مهدی قادر: جوولەکەکان هەمیشە پێیان وابووە خاکی فەلەستین هی ئەوانە، خاکی بەڵێنپێدراوی خودایە( الأرض الموعود) بۆیان، ئەمەش بە پشت بەستن بەو پێش بینی و مژدەدانەی کە لە تەوڕات دا هاتووە، بەڵێنە چەند بارەکانی خودا بۆ ئیبراهیم (عليه السلام) لە نیلەوە تا فوڕات واته عيراق و ميسر، نەک تەنها قودس یان خاکی فەلەستین، و ئەم بەڵێنانە دوپات کراونەتەوە بۆ ئیسحاق و پاشانیش بۆ یعقوب ( ئیسرائیل )، دواتریش لە سەردەمی موسا و یەشیوعی کوڕی نون بە کردار جوولەکەکان  بەرەو خاکی فەلەستین وڵاتی میسر جێ دەهێڵن، وە ماوەی ۳۰۰ ساڵ فەرمان ڕەوای هەندیک شاریان کردووە. پاشانیش وەکو ئایین و نەتەوە بۆ ماوەی هەزار ساڵ لەگەڵ ئایین و نەتەوەکانی دیکەدا لە ژێر فەرمانڕەوایی فارس و ڕۆم و ئەوانی تردا ژیاون.

بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە خودای گەورە بەڵێنی داوە بە پێغەمبەر ئیبراهیم بەتەنها, و نەوە ستەمکارەکانی ناچنە ژێر ئەو بەڵێنەی( وَإِذِ ٱبْتَلَىٰٓ إِبْرَٰهِۦمَ رَبُّهُۥ بِكَلِمَٰتٍۢ فَأَتَمَّهُنَّ ۖ قَالَ إِنِّى جَاعِلُكَ لِلنَّاسِ إِمَامًۭا ۖ قَالَ وَمِن ذُرِّيَّتِى ۖ قَالَ لَا يَنَالُ عَهْدِى ٱلظَّٰلِمِينَ) [ البقرە: ۱۲٤ ]

 

پاشان گریمان ئەو بەلینانە راستن؟ بەلام دەپرسین: بۆچی ئەو بەڵێنە تەنها بۆ ئیسحاقی کوری ئیبراهیمە و ئیسماعیلی کوری ئیبراهیمی لێ بێ بەش دەکرێ؟ کە هەردوکیان بران و ئیسماعیلیش نۆبەرەیە. کە باپیرەی عەرەبە، هەرچەندە عەرەب و جولەکە ئامۆزای یەکترن هەردووکیان سامین و نەوەی ( سامی کوڕی نوحن ).

و دەبێت ئەو تێبینیە گرینگەش لە یاد نەکەین کە خودای گەورە دەفەرمووێت: ( مَا كَانَ إِبْرَٰهِيمُ يَهُودِيًّۭا وَلَا نَصْرَانِيًّۭا وَلَٰكِن كَانَ حَنِيفًۭا مُّسْلِمًۭا وَمَا كَانَ مِنَ ٱلْمُشْرِكِينَ ) [ ال عمران: ٦۷ ].

هۆکاری هەڵبژاردنی خاکی فەلەستین بۆ بونی جوولەکە لەو خاکە ناگەڕێتەوە، چونکە جوولەکە لە دوای هێرشەکانی نەبوخوزنەسری بابلی (٥٨٦پ.ز) و سەرجۆنی دووەمی ئاشوری (۷۲۲پ.ز ) و پاشانیش وێرانکاریەکانی ژەزڕال تیتۆس ( ۷۰ ز) جوولەکە ژمارەیان یەکجار کەمی کردو بە جیهاندا بڵاو بوونەوە، ئەو کاتەش کە ئیمپڕاتۆر قوستەنتین لە ساڵی ( ۳۲٥ ز ) دا بوو بە مەسیحی ئیتر بە تەواوی جوولەکەی لە ناوچەکە دوورخستەوە، چونکە بە بکوژی مەسیح و مەسیحیەکانی دەزانین.

 

فاخر برادۆستی: بێ هەڵوێستی سەرکردەی وڵاتانی عەرەبی لە هەمبەر داگیرکاری ئیسرائیل بۆ ؟

د. مهدی قادر: سەرانی عەرەب لە ئێستادا دەستیان بە کڵاوەکەی خۆیانەوە گرتووە با نەیبات، خەمی کورسیە شڕەکەی خۆیانە، هەموویان پەیوەندی ژێر بە ژێریان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، پاشان هیچیان ناتوانن لە قسەی ئەمەریکا دەربچن کە ئیسرائیل بە کوڕە گەورەی ئەو هەژمار دەکرێ. سەرانی وڵاتانی عەرەب تەنها بۆ سەرکوتکردنی گەڵانی خۆیان شێرن، بۆ دوژمنەکانیان ڕێوین، زۆرترین چەک و تەقەمەنی دەکڕن کە ساڵانە لە ملیار دۆلار تێپەر دەکات. کەچی بە دوعا موحارەبەی ئیسرائیل دەکەن. سەرانی عەرەب هەر لە سەردەمی شەریفی مەکەوە ( حسین بن علی ۱۸٥٤ – ۱۹۳۱ز ) کە بە فیتی ئینگلیز شۆڕشی دژی عوسمانیەکان بەرپاکرد و بەڵێنیان پێدا دەوڵەتێکی عەرەبی یەکگرتووی بۆ دابەمەزرێنن و بیکەن بە مەلیکی عەرەب، بەڵام دەستی لە بنی هەمبانەکەوە دەرچوو، فەیسەڵی کوڕی یان کرد به مەلیکی عێراق ( ۱۹۲۱ – ۱۹۳۳ز ) و عبداللەی کوڕی(١٨٨٢-١٩٥١ز) کرا بە مەلیکی ئەردەن لە سالە ١٩٢١ وە تا ١٩٥١) کە بە عبداللەی یەکەم مەشهورە و باپیری مەلیک حسینی پاشای پیشوی ئەردەنە. کە لە بنەرەتدا خەلکی حیجازن, لە پاداشتی هاریکاریان بۆ ئینگلیز کران بە پادشای عیراق و ئەردەن.

ئەم دوو کورەی شەریفی مەککە(فەیسەل و عبدلله) وەک باوکیان پەیوەندی زۆر باشیان لەگەڵ سەرانی جولەکە هەبوو. مەلیک فەیسەڵ لەگەڵ (حایم وایزمان ١٨٧٤-١٩٥٢ز) سەرۆکی ڕێکخراوی زایۆنزمی جیهانی _ کە دواتر دەبیتە سەۆکی ئیسرائیل ١٩٤٩-١٩٥٢)- ڕێکەوتنی هەبووە لە کۆنگرەی ئاشتی لە پارس لە ساڵی ۱۹۱۹ دا, هەر ئەوکاتە ڕێکەوتنی هاوکاری نێوان عەرەب جولەکە ئیمزاکراوە، کە جەخت لە جێبەجێکردنی بەڵێنی بەلفۆر و هاندان بۆ هیجرەتی جولەکە بۆ فەلەستین دەکەنەوە.

کاتێک زایۆنزمی جیهانی خەریکی کۆنگرەی یەک لەسەر یەک بوو بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی جولەکە و لەتکردنی دەولەتی عوسمانی کەچی شێخەکانی عەرەب لە ساڵی ۱۹۰۲ٓیەکەم کۆنگرەیان بۆ بەسترا لە  پاریس بە ناوی دژایەتی بە تورک کردن (تەتریک) و دژایەتی دەوڵەتی عوسمان بە هاوکاری بەریتانیا و فەرەنسا بۆیە سەرانی عەرەب خۆیان فرۆشیاری خاکی فەلەستین.

تەناەت لە ڕێکەوتنەکەی ئیمامی عومەر و قەشە صفرینتۆسی مەسیحی لە کاتی ڕزگارکردنی شاری قودس مەسیحیەکان داوایانکرد لە شارەکەدا هیچ جولەکەیەک نیشتەجێ نەکرێ. وە مەسیحیەکان و فاتیکانیش تا چەند ساڵێکیش لە مەوبەر دژی نیشتەجێبوون و دروستبوونی دەوڵەتی جولەکە بوون. لە ساڵی ۱۹۲۲ دا فاتیکان بە فەرمی داوای لە ( عصبة الأمم = کۆمەڵەی گەلان ) کر کە ڕازی نەبێت نیشتیمانێک بۆ جولەکە لە فەلەستین دروست بکرێ، و لە ساڵی ۱۹٤۳ دا فاتیکان جارێکی دیکە لە ڕێگەی موزەکەرەیەکەوە بۆ حکومەتی ئەمەریکا دژایەتی خۆی بۆ دروستکردنی دەوڵەتی جولەکە لە فەلەستین دووپاتکردەوە.

بۆیە هەڵبژاردنی فەلەستین پەیوەندی بەوەوە نەبوە کە ژمارەیەکی زۆری جولەکەی لێ یە، بە پێچەوانەوە سەرەڕای ئەو کۆچە بە لێشاوەی کە پەنجا ساڵ بوو دەستی پێکردبوو و پارەی بۆ خەرج دەکرا لە سەر ژمێریەکی فەرمیدا کە ساڵی ( ۱۹٤۷ )ئەنجامدراوە ژمارەی جولەکەکان لە قودسی کۆن ( ۲٤۰۰ ) دوو هەزار و چوار سەد کەس بوو، بەڵام ژمارەی عەرەب ( ۳۳٦۰۰ ) سی و سێ هەزار و شەش سەد کەس بوە. خاڵێکی زۆر گرینگ هەیە کە زۆرێک لە خەڵکی لێی بێ ئاگان.

 

ئەویش ئەوەیە جولەکەکان خۆیان چەند شوێنێکی تریان دانا بوو بۆ ئەوەی کۆچی بۆ بکەن و دەولەتی تیدا دروست بکەن وەک ئەرجەنتین و ئۆگەندا.

وەک تیۆدۆر هەتزل ( ١٨٦٠-١٩٠٤ز) دامەزرێنەری بزوتنەوەی زایۆنزمی جیهانی لە کتێبە بەناو بانگەکەیدا ( دەولەتی جولەکە ۱۸۹٦ ) دا دەڵێت: جولەکەکان گەڵێکن بێ نیشتیمان، وە کێشەکەیان چارەسەر نابێت تەنها لە ڕێگەی نیشتیمانێک کە کۆی بکاتەوە ئەو نیشتیمانەش دەبێ خاکی بەڵێن پێدراوی خودابێت ( فەلەستین ) خۆ ئەگەر لەوەرگرتنی فەلەستین دا سەرکەوتوو نەبووبن دەکرێت ئۆگەندا یان ئەرجەنتین ببێتە نیشتیمانی ئێمە )

بەڵام بەڵێنی بەلفور لە ساڵی( ۱۹۱۷ ) و هەڵوەشاادنەوەی خەلافەتی عوسمانی ( ۱۹۲۳ ) و یارمەتیەکانی هەندێک سەرکردەی عەرەب و پشتیوانیەکانی ئەمەریکا و ڕوسیا و زایۆنزمی جیهانی سەهیۆنیەتی مەسیحی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی جولەکە لەبەرواری  (۱۹٤۸/٥/۱٥)دا لە سەر خاکی فەلەستین کرد بە ئەمری واقع.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.