ڕۆشنبیرو سەنگەر گواستنەوە

لەلایەن ستاندار Posted on 341 جار بینراوە

هیوا حەسەن علی

 

لەدوای ڕاپەڕینەکەی 1991 وە دیاردەیەک لەنێو کادرو لایەنگرانی ئەوسای حیزبەکانی کوردستان هاتە ئاراوە کە پێیان ئەوت سەنگەر گواستنەوە،هەر بۆ ئەو مەبەستە حیزبەکان کەوتوبوونە بەخشینەوەی پلەو ئیمتتیازێکی زۆر بۆکڕینی کادران و لایەنگرانی لایەنەکانی دیکەو هێنانیان بۆ ڕیزەکانی حیزبەکەیان، دیارە ئەوحیزبانەش کاریان لەسەر ئەو کادرانە دەکرد کە هەم کەم ئەزموون بوون و هەم لە ڕووی فکریشەوە توانای ڕۆشنبیری و سیاسیان لەئاستێکی نزمدا بوو.

 

دواتر ئەم دیاردەیە لەشەڕی ناوخۆ زیاتر پەرەی سەندو سەنگەر گواستنەوە گەیشتە پێشمەرگەو فەرماندە سەربازیەکانیش کە وەک چەکێکی دەرونی ڕۆژانە لایەنە شەڕکەرەکان لەپاڵ شەڕی جەبهەیی ڕۆژانە هەواڵی لەو جۆرەیان دژی لایەنی بەرامبەر لە ڕاگەیاندنەکانیانەوە بڵاو دەکردەوە ، ئەم جۆرە هەواڵانە ناڕەزایی زۆری لەنێو خەڵک و بەتایبەتی چینە ڕۆشنبیرەکان لێکەوتەوە، بیرمە لەکۆڕێکی سیاسیدا لە سەرەتای نەوەدەکان لەهۆڵی ڕۆشنبیری خوالێخۆش بوو شاعیری گەورەی گەلەکەمان حەسیب قەرەداخی لە موداخەلەیەکدا ووتی سەنگەر گواستنەوە ووشەیەکی نابەجێیە چونکە لەئێستادا دوو سەنگەر هەیە سەنگەری بەعس و سەنگەری کوردایەتی ،بۆیە داواکارم لەبری ئەو ووشەیە بڵێن خەبات گواستنەوە، پێم وایە دوای ئەو روونکردنەوەیە ئیتر کەناڵەکان ووشەی خەبات گواستنەوەیان بەکار دەهێنا. دواترو لەدوای پرۆسەی ئازادی عێڕاقەوە ئەم دیاردەیە هەر بەو نوخبە تایبەتەی کادرانی حیزبەوە نەوەستا تاوای لێهات هەڵکشا بەرەو کادرانی ناوەڕاست و تا ئاستی سەرکردایەتیش پەرەی سەند کەتاکو ئێستاش بەردەوامی هەیە و بگرە زیاتریش بووە بەهۆی ئەو کەش و هەوا سیاسیەی کە هاتۆتە ئاراوە بە تایبەتی دوای ئەوەی چەندین حیزبی سیاسی نوێ هاتونەتە سەر گۆڕەپانی سیاسییەوە لەهەرێم.

 

تائێرە من بە ئاسایی دەزانم ئەگەر ئەو کەسە بڕوای بە بەرنامەو هەڵوێستەکانی حیزبەکەی نەمابێت و روو لە حیزبێکی دیکە بکات کە لەعەقڵ و بیرکردنەوەی ئەوەوە نزیک بێت،واتا ئەگەر گواستنەوەکە فکری و ئایدۆلۆجیا بێت ، نەک بۆ ئیمتیازو دەستکەوتی زیاتر کە پێم وایە ئەمەی دووەمیان زیاترە. بەداخەوە لەم دواییەیش هەمان دیاردە واتا سەنگەر گواستنەوە بەشێوازێکی جیاواز سەری هەڵداوە کە جێگای سەرسوڕمانە بەڵام ئەمجارەیان بەتەنها کەسێکی ئاسایی یان حیزبی نییە ، بەڵکو ئەو کەسانەن کە لە چینە دیارەکانی نێو کۆمەڵگان و خەڵکی گوێیان لێ دەگرن و بە کەسانی ڕۆشنبیر و قەڵەم بەدەست ناسراون ، ئەویش سەنگەر گواستنەوەی لیستە ، واتا کەسێک کاندیدە لە لیستێکی دیاریکراو بەڵام کاتێک دەنگی پێویست بەدەست ناهێنێت و دەرناچێ کەچی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو بەس بۆ ئەوەی بگاتە پەرلەمان بێ گوێدانە بەها سیاسی و ئەخڵاقیەکان تەنها بۆ بەرژەوەندی خۆی لەم لیستەوە سەنگەر دەگوازێتەوە بۆ لیستێکی دیکەو دووبارە خۆی کاندید دەکاتەوە.

 

ئاخر ئەو بەناو رۆشنبیرە حیزبیانەو تەنانەت هەندێک لە ڕۆشنبیرە سەربەخۆکانیش کە ڕۆژانە خۆیان وەک داکۆکیکارێکی سەرەکی مافەکانی خەڵکی دەناساندو خۆیان ووتەنی لەبەرەی گەلدا بوون، سەری زمان و بنی زمانیان بەرژەوەندیە باڵاکانی خەڵکی کوردستان بوون و شەوانە لە شاشەی تیڤیەکانەوە دژی دەسەڵات و گەندەڵی و دژی بەرژەوەندیە تایبەتییەکانی دەسەڵاتداران قسەی بریقەداریان فڕێ دەداو وایان پیشان ئەدا کە ئەوان لەهەوڵی هۆشیارکردنەوەی خەڵکیدان و کۆدەنگییەکی جەماوەری دروستدەکەن بۆ بەگژاجونەوەی گەندەڵکاران ، کەچی لەپڕێکداو بۆ گەیشتن بە نانە چەورەکەی پەرلەمان بێ گوێدانە مەبدەئی رابردویان زۆر بەئاسانی و لەهەر هەڵبژاردنێکدا کاکی بەناو ڕۆشنبیر سەنگەر دەگوازێتەوەو وەک کاندیدی لیستێکی دیکەی جیاواز لە لیستی پێشوی هەڵمەتی هەڵبژاردن دەست پێ دەکات ، تەنانەت کاندید هەیە لەماوەی نێوان دوو هەڵبژاردن ئەگەر تەماشایەکی فەیسەکەی بکەی دوو پۆستەری وێنەی خۆی بە دوو ئارم و لیستی جیاوازەوە دەبینی. ئاخر کەسێک خۆی بە نوخبەو جیاواز لەخەڵکی ئاسایی بزانێ ، چۆن ئەبێ بۆ دەستکەوتێکی ماددی شەق لەبیروڕاو هەڵوێستەکانی پێشوی خۆی بدات و هەر جارەو خۆی و قەڵەمەکەی هەرزان فرۆشی لیستێک بکات. بێ ئاگا لەوەی خەڵکی کوردستان باش لەوە حاڵی بووە کە تۆیەک بۆ بەدەستهێنانی کورسییەکی پەرلەمان ئامادەی هەرجارەو سەنگەری لیستەکەت بگوازیتەوە بۆ لایەنێکی دیکە ڕەنگە ئەو لایەنەش پێشتر کەوتبێتە بەرهێرشی قەڵەمەکەت و وەک شەیتان بە خەڵکت ناساندبێت.

 

بۆیە چیتر خەڵکی کوردستان متمانە بەو کەسانە ناکات و باش تێگەیشتوون کە ئەو جۆرە بەناو رۆشنبیرانە جگە لە کالایەکی هەرزان چیتر وەک بیرمەندێک تەماشا ناکرێن ، بۆیە ئەو کەسانە با دڵنیابن جگە لەدەستدانی پێگەو کەسایەتی و ڕابردوی خۆی ، لەدەستدانی ئەو قەڵەمەیشە کە سەردەمانێک ئەو کەسەی وەک ڕۆشنبیرێک لەناو خەڵکدا ناساندبێت ، لە بەرامبەریشدا هێشتا زۆرن ئەو ڕۆشنبیرو خاوەن قەڵەمە ڕەسەنانەی کە بەردەوام داکۆکیکارێکی سەرسەختی داخوازیەکانی خەڵکن و بەردەوام بە قەڵەمە بوێرەکانیان عەرشی دەسەڵاتیان لەرزاندووەو جگە لە دڵسۆزی و هەوڵی گۆڕینی ئەم سیستەمەی حوکمڕانی بەشێوەیەک کە خەڵکی کوردستان بەرەو دونیایەکی جوانترو خۆشتر بەرێت و مێژویەکی جوانیش بۆ خۆیان تۆمار ئەکەن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.