پەرواێزێک بۆ خۆشویستنی نیشتیمان

لەلایەن ستاندار Posted on 397 جار بینراوە

عەبدولحەکیم زراری

کاتێک ھەژموونی گەندەڵکاران و ھەڵپەرستان و بەرژەوەندخوازان باڵدەکێشێت بەسەر تەواوی وڵات و ھیچ پنتێک لە رووبەری گشتی نامێنێتەوە کە تیایدا نیشتیمانپەروەران و دڵسۆزان و ئاشقانی خاک لە بیرمەندان و رۆشنفیکران و ئەکادیمیستەکان قسەی جیددی خۆیان بکەن و بە دونیابینی و تێڕوانینە ھیومانیستەکانیان نەخشەرێگای ئایندە دابڕێژن بۆ ئەوەی نەوەی داھاتوو بە گەشبینییەوە بێتە سەر زەمینەیەک کە ماکی پێشکەوتن و ئاوەدانکردنەوە و خۆشگوزەرانی پێوەبێ و ژیانێکی ئاسوودەی بۆ فەراھەم بھێنێت، بەڵکو بەپێچەوانەوە ئەوانەی دژ بە ئایندەی بونیاتنانی گەشی ئەم وڵاتەن و خەمی خاک و خەڵکیان نییە و بگرە ھیچ شتێک بە نیشتیمانیان نابەستێتەوە تەنھا ھەڵپەی ھێنانەدی بەرژەوەندییە کەسییەکانی خۆیان نەبێت. ئەوان دێن لەبری دەستەبژێرانی دڵسۆز و بە ئەمەک راوبۆچوونی خۆیان دەدەن و قسەی یەکەم و کۆتایی لەسەرچارەنووسی ئەم میللەتە دەکەن، ئەمانە ھیچ لە بایەخی نیشتیمان ناگەن و لە واتا و مەغزای خۆشویستنەکەی نازانن، ھەروەک ئۆلیڤەر وندل ھۆڵمز پزیشک و نووسەر و شاعیری ئەمەریکی بەناوبانگ سەبارەت بە خۆشویستنی نیشتیمان دەڵێت: (نیشتیمان ئەو شوێنەیە کەخۆشمان دەوێت، ئەو شوێنەیە کە قاچەکانمان بە جێی دەھێڵێت بەڵام دڵەکانمان ھەر لێی دەمێنێتەوە). کەچی ئەمڕۆ بەداخەوە زۆرێک لە بەرژەوەندخوازان ھەن بە قاچ لەسەر نیشتیمانن کەچی دڵیان لە شوێنی ترە و بۆ شوێنی دیکە لێ دەدات.
موحەمەد ماغوت شاعیر و ئەدیبی سوریش سەبارەت بە نیشتیمان و خۆشویستنی، جوانی بۆ چووە کاتێک لە پەیڤێکی خۆیدا ئاماژە بەوە دەکات کە: دوای ئەوەی بەکرێگیراو و خۆفرۆش و سیخوڕ و دز و تاڵانچی و تەزویرچی و نێرباز و گەواد و داوێن پیس و دەلالەکانی خۆراکی بەسەرچوو و پاشماوەکانی کیمیاوی و بازرگانی کردن بە ئەندامانی جەستەی مرۆڤ و جوگرافیا و مێژوو و نەتەوە، سەری زمان و بنی زمانیان ھەر قسە و باسی نیشتیمان و خەونی ھاوڵاتیان و رووبەرووبوونەوەی داگیرکەران و شەمەزارکردنییان بێت، کەواتە ئێمەی نووسەر و شاعیران چیمان بۆ دەمێنێتەوە تا قسەی لەسەر بکەین؟ مەگەر قسە لەسەر نەخۆشییەکانی قاچ و دەم و شێتی مانگا بکەین!!!!.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.