دەنگدان وەکوو ئامرازێک بۆ گەرم کردنی بازاری سیاسی جووت حزبی دەسەڵات:

لەلایەن ستاندار Posted on 340 جار بینراوە

ڕێباز محمد ڕەشید

لە ناوەڕاستەکانی سەدەی بیستەمدا، سیاسەتمەداران و بیرمەندانی سیاسی پێیان وابوو ئایدیۆلۆژیای سیاسی و فکری دیموکراسی بەرەو ھەڵدێر براوە و لە بیری ڕۆژئاواییەکاندا ئاوابووە. واتە سەرلەبەری پرۆسە تێکبەستراوەکانی فراژووتنی گەلانی ڕۆژئاوا بەرەو لەناوچوون براون. دەشێ ئەم شیمانە کاریگەرە سەرەداوێک بووبێت بۆ زان و ھاتنەکایەی جڤاک«کۆمەڵگە» ی پیشەسازی، بەڵام ھەمدیسان تێرمی جڤاکی پیشەسازی ھاوکار نەبووە بۆ چاوەسەری دۆزی ھەژاری و دەستکورتیی. بە تێپەڕبوونی کات و ھاتنە ئارای چەندان مێتۆد و ڕێبازی سیاسی، بووتە ھۆی پەیدابوونی گۆڕانکاری لە سیستمی سیاسی ڕۆژئاواییەکان کە کاریگەری ئەرێنی و نەرێنی ھەبووە بەسەر ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا. نموونەیەک لەم گۆڕانکارییە بریتی بووە لە گۆڕانی سیستمی حکومڕانی عێراق لە میلیتاری و دکتاتۆرییەوە بەرەو دیموکراسی و ھەڵبژاردن و دەستاودەست کردنی دەسەڵات. ئەوەی جێی بایەخە، ئەم جۆرە میتۆد و سیستمە لە ساڵانی ١٩٩١-١٩٩٢ ەوە لە کورستان ھاتۆتە ئاراوە. یەکەم ھەڵبژاردن لە کورستان کە لە ساڵی ١٩٩٢ ئەنجام دراوە، تەنھا ھەردوو حزبی یەکێتی نیشتیمانی و پارتی دیموکراتی کوردستان وجودیان ھەبووە و سیستمی پەرلەمانی پەیرەو کراوە تاوەکو دواین ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمان. ئەوەی جێگەی داخە ئەوەیە حکومەتی کوردی خۆماڵی چەقبەستوانە لە «٢٧» ساڵی ڕابردووەوە وەکوو خۆی ماوەتەوە و بیری گۆڕانکاری ھێشتا نەھاتۆتە زان. بەردەوام لە ٤ خۆلی ھەڵبژاردن و تێپەربوونی چەندان کابینەی حکومەتی کوردی، خۆڵ کراوەتە چاوی ھاونیشتیمانیان و دەنگی ڕەوای خەڵک بۆ مەرامی سیاسی و بەرژەوەندی ھەردوو حزبی دەسەڵات خراوەتە گەڕ و دروستکردنی سازمانی بازاری سیاسی و ئابوری کاری پێشینەیان بووە. دەشی بوترێ سیستمی حوکمڕانی جووت حزبی دەسەڵات ئاوێتە و ھاوشێوە بە سیستمی سەرمایەداری کراوە و ڕەوتی وەرگرتووە. پەیدابوونی چینایەتی و جوداوازی تاک و نایەکسانی لە ژیان و ماف و خنکاندنی ئازادی ڕادەربڕین ڕێڕەوێک بوون بۆ خزمەتکردنی فۆڕمی میلیتاری دەسەڵات. پاشان لەباربردنی کۆرپەی ئابووری و باوەرنەبوون بە پلاندارێژی داڕمانێکی نایەتی بووە لە مەیدانی سیاسەتی خۆماڵی کوردی. لەم ماوە حوکمڕانییەدا، سەرلەبەری جڤاکە قانوونییەکان و سەروەری یاسا بۆ خزمەتی دوو بنەماڵە بەکارھاتووە و تەواوی یاساکان گۆڕاون بۆ یاسای پاوانخوازی«مۆنۆپۆل» و نەتوانراوە ڕێبەستی بەھەدەردانی سامانی گشتی بکات. دەنگدان و ھەڵبژاردن جگە لە بەرژەوەندی ئەوان و دەورووبەریان ھیچ بارێکی ئایەتی لێ نەزاوە. لەم نێوەندەدا، چەندان ھێزی ئۆپۆزیسیۆن و دەنگی ناڕەزانەتی ھاتوونەتە بوون و ھاوکۆ نەبوون و نەبوونی کۆدەنگی ئەم ھێزانە، ھێندەی تر خزمەتی بەم دەسەڵاتە گەندەڵە کردووە. لە دژایەتی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن، جگە لە نان بڕین و نەھێشتنی قووتی خەڵک و لەباربردنی ھیچی تری لێ شین نەبووە. تەواوی تەنز و فۆڕمەکانی پێکھێنانی کۆمەڵگەیەکی پتە و ھاوسەما بوونی دەسەڵات لەگەڵ جڤات لەناوبراون. بە ناوی شۆڕش و شاخپەسەندی و خەباتەوە، چەندان ساڵە قووتی میللەت دەبەن و ئەوەی لە شاخ ویستیان بەدەستیان ھێنا، لە شاریشدا ھەر خۆیان حاکم و سەروەرن و و ھێزە ئۆپۆزیسیۆنە مۆدێرنەکانیش وەکوو کاڵایەکی بێ گیان و بێ کاریگەری چەقبەستوو چوونەتە باری مت بوون و سڕبوون. ئیدی ڕوون نییە ئەو باروودۆخە چەقبەستووەی ئۆپۆزیسیۆن ھاوبەشی بەرژەوەندی و امتیازاتە یاخوود بێ دەسەڵاتی و بێ ھیوا بوونە!؟

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.