پردی پردێ: سیمبۆڵی شکستی مۆدێلی ناسیۆنالیزمی ھەرێمیی کوردیی

لەلایەن ستاندار Posted on 414 جار بینراوە

ئاراس فەتاح

پرد فرەمانا و وەزیفەیە، ھەڵگری خەسڵەتێکی دووفاقەییە. لەکاتی پێویستدا دروستدەکرێت و لە دۆخی مەترسییشدا دەتەقێنرێتەوە. پرد دەشێت بەیەکبەستنەوەی دوو جوگرافیای سروشتیی بێت بەیەکتر، یاخود دابڕانی دوو جوگرافیای سیاسیی، کولتووریی، ئەتنیی یان ئایینی بێت لەیەکتر. پرد چەندە شوێنی گرێدان و بەیەکگەیشتنە، ھێندەش دەتوانێت ببێت بە سنووربەندیی و لێکدابڕان. پرد چەندە دەتوانێت سیمبۆڵێک بێت بۆ ڕق و دڵڕەقیی، ھێندەش دەتوانێت جێگایەک بێت بۆ خۆشەویستیی و لێکتێگەیشتن. پرد لەیەککاتدا دروستکردنی پەیوەندیی و سنووربەندییە لە نێوان ”ئێمە“ و ”ئەوانیتر“دا کە ھەردوو وەزیفەی دابڕان و بەیەکگەیشتنی لەھەناوی خۆیدا ھەڵگرتووە.

نموونەی یەکەم:
لە کۆتایی نەوەدەکاندا کتێبێکی زۆرم بە زمانی عەرەبیی و کوردیی بۆ نووسینەوەی ماستەرەکەم لە کوردستان کڕی و ویستم لەگەڵ خۆمدا بیانبەمەوە بۆ فرانکفۆرت. لە دوای پەڕینەوە بە پردی برایم خەلیلدا کە دواخاڵی پشکنینی سنووری تورکیا و کوردستانی عێراقە، جانتاکەمیان پشکنیی و بینییان کە جگە لە کتێب ھیچی تری تیا نییە. ئەمەش بوو بە شوێنی گومانێکی گەورە. ئەفسەرێکی ئاساییش ھات کە دیاربوو کوردیی دەزانی، یەکە بەیەکەی کتێبەکانی پشکنیی و کتێبە کوردییەکانی جیاکردەوە و پێی ڕاگەیاندم کە ئەم کتێبانە بە زمانێک نووسراوان لە وڵاتی ئەواندا بوونی نییە و لای ئەوان نامۆیە و نایناسن. لەو چرکەساتەدا ھەستمکرد زمانی کوردیی وەک پیسییەک وێنادەکەن کە پاکێتی نیشتیمانی ئەوان دەشێوێنێت، یان ڤایرۆسێک بێت و لەودیوەوە ھێنابێتم و ھەڕەشە لە جەستەی کولتووری ئەوان بکەم. کابرای ئاساییش فەرمانی بە ژەندرمەکان کرد کە دەبێت چۆن بەسەر ئەو پردەدا ئەو کتێبانەم ھێناوە، ئاوھاش بەسەریا بگەڕێمەوە و بیانبەمەوە بۆ شوێنی خۆیان. بۆئەوەی تاکسییەکە و نەفەرەکانی کە لەگەڵمدا بوون زیاد لە پێویست دوانەخەم و فریای فرۆکەکەشم بکەوم، پێشنیاری ئەوەم کرد، مادام ناھێڵن کتێبەکان لەگەڵ خۆمدا ببەم، بەناچاریی لای ئەوان بەجێاندەھێڵم و بەدەستی خاڵی دەگەڕێمەوە بۆ ئەڵمانیا. ژەندەرمەکان بەمەش ڕازیی نەبوون. پاش مشومڕێکی زۆر و ھەوڵی تێگەیاندنیان بەوەی کە ئەم کتێبانە بۆ لێکۆڵینەوەی زانستیی بەکاردەھێنرێن، سەرەنجام ئەوان بە بزیەکی تاڵەوە دوو ھەڵاوێردیان خستە بەردەمم؛ یەکێکیان فڕێدانی کتێبەکان بوو لەسەر پردەکەوە بۆ ناو ڕووبارەکە و دووھەمیشیان بردنەوەیان بوو بەسەر پردەکەوە بۆ ئەودیو سنوور. کاتێک بەپیادە کتێبەکانم بردەوە ئەو دیو سنوور و کێشەکەم لە بەرپرسانی سنووری خۆمان تێگەیاند، کەچی ھیچ کەسێکیان ئامادەنەبوو کتێبەکانم وەکو دیاریی لێوەربگرێت، یان بیانبات بۆ کتێبخانەی گشتیی زاخۆ یان ھەر جێگایەکی تر کە پێشنیارمکرد. ناچار لەبەر پێی پێشمەرگەیەکی پارتیی دامنان و پێمگوت ئەمە دیاریی منە بۆ منداڵەکانت، ئەویش گوتی مامۆستا چی لەم کتێبانە بکەم؟ بەکەڵکی ئەوان نایەت! پاشان داوای لێبوردنم لە پێشمەرگەکە و کتێبەکانم کرد و بەپەلە بەسەر پردەکەدا گەڕامەوە بۆ تورکیا، بۆئەوەی فریای تاکسییەکەم بکەوم کە لەودیو سنوور چاوەڕێی دەکردم.

مۆدێلی ناسیۆنالیزمی نەژادپەرستیی چەندە مانای کێشانی سنووری دەستکرد و دروستکردنی پردی جیاکارییە لەنێوان تێرمی ”ئێمە“ و ”ئەوانیتر“دا، ھێندەش مانای شکاندنی پردی پەیوەندییە لەنێوان کولتوور و زمان و جوگرافیای دەرەوەی خۆیدا و دروستکردنی کولتوورێکی باڵای نەتەوەییە کە تەنھا جێگای یەک زمان و یەک نەژادی تێدا دەبێتەوە. بۆئەوەی ناسیۆنالیزمی ئەتنیی بەرھەمبێت، دەبێت ھەموو ئەو پەیوەندییە ئینسانیی و کولتووریی و زمانییانە وێرانبکرێت کە لە نێوان ”ئێمە“ و ”ئەوان“دا بوونی ھەیە. بۆئەوەی دەوڵەتێکی ناسیۆنالیستیی لەدایکبێت دەبێت ھەموو سنوور و پردەکانی پەیوەندیی لەژێر کۆنتڕۆڵی سەرباز و دەزگاکانی ئاساییشدا بێت کە ”ئێمە“ و ”ئەوانیتر“ بەیەکتر دەبەستێتەوە. ئەوەی ناسیۆنالیزمی ڕەگەزپەرستیی بەرھەمیدەھێنێت پرد نییە لە نێوان کولتوور و نەتەوەکان، بەڵکو شکاندنی ھەموو پردەکانە کە ئەگەری دروستبوونی پەیوەندییەکی ھاوسەنگ و ئینسانیی و پلوراڵ بەرھەمدەھێنن.

نموونەی دووھەم:
پردەکەی شاری مۆستار لە وڵاتی بۆزنەوھەرسەک کە بە ”پردی دێرین یان کۆنەپرد“ ناسراوە، یەکێکە لە مێژووییترین پردەکان لە جیھاندا. ئەم پردە ساڵانێکی زۆر ڕەمزی دابەشکاریی نێوان ڕۆژئاوا و ڕۆژھەڵات بوو. پردەکەی مۆستار تەنھا جیاکردنەوەی جیھانی مەسیحیی و ئیسلامیی نەبوو لەیەکتر، بەڵکو ڕەمزی دابەشبوونی کرواتە کاتۆلیکەکان و سێربە ئۆرتۆدۆکسەکانیش بوو. لە جەنگی ناوخۆیی یۆگۆسلاڤیای ئەو کات، ئەم پردە ڕۆڵێکی ستراتیژیی دەگێڕا، ھەربۆیە لە ساڵی ١٩٩٣دا لەلایەن گاردی کرواتییەکانەوە تەقێنرایەوە. دوای جەنگ و بە دیاریکراوی لە ساڵی ٢٠١٣ ژمارەیەکی زۆر لە تاوانبارانی جەنگ لە دادگای نێونەتەوەیی لە شاری دێن ھاگ حوکمدران کە یەکێک لە خاڵەکان بریتی بوو لە تاوانی تەقاندنەوەی ئەو پردە. سەرئەنجام سەرۆکی ئەوسای حکومەت، یادرانکۆ پرلیچ بە ٢٥ ساڵ و وەزیری بەرگریی بە ٢٠ ساڵ و چەندین جەنەراڵیش بە ٢٠ ساڵ حوکمدران.

نموونەی سێھەم:
لە مێژووی نوێی ھەرێمی کوردستانیشدا بۆیەکەمینجار تەقاندنەوەی پردێک نەک ھەر دەبێت بە خاڵی وەرچەرخان لە پەیوەندیی کورد بە بەغداوە و گۆڕانکاریی گەورەی لەو وێنایەی کە لەسەر ھێزی بەرگریی و ئازایەتیی کورد ھەبوو دروستکرد، بەڵکو بووە ھۆکاری گۆڕانکاریی قووڵ لە وێنای کورد لەسەر خۆی و پەیوەندیی کورد بە خۆشیەوە. دووبارە دروستکردنەوە و کردنەوەی پردەکەی پردێ لەدیدگای ناسیۆنالیزمی نوێی عێراقییەوە مانای دروستکردنی پەیوەندیی نییە لەنێوان ھەرێمی کوردستان و عێراقدا وەکو سەرانی ناسیۆنالیزمی کوردیی پروپاگەندەی بۆدەکەن، بەڵکو مانای دروستکردنەوەی پەیوەندییە لەنێوان دووپارچەی لەیەکدابڕاوی سنوورێکی سروشتیی ناو دەوڵەتی عێراق. کردنەوەی ئەم پردە مانای سەرکەوتنی ناسیۆنالیزمی کوردیی نییە کە ئاڵاکەی لە حەمرینەوە گواستەوە بۆ سەر پردی پردێ، بەڵکو مانای سەرکەوتنی سیاسەتی سەروەرێتیی سەربازیی و ئابووریی دەوڵەتی عێراقییە بەسەر سەرکێشیی ھێزێکی لۆکاڵیی لەناو دەوڵەتەکەیدا و بچووکردنەوەی ھێز و سنووردارکردنی ڕووبەری جوگرافیی دەسەڵاتێتی.

کردنەوەی پردی پردێ ڕەمزی داننانی بەغدا نییە بە سەروەریی ھەرێم، بەڵکو سیموڵی داننانی ھەرێمە بە بەغدا وەک سەروەری خاک و ئاسمانی دەوڵەتی نوێی عێراق. کردنەوەی ھاموشۆی سەر پردەکە ڕووداوێکی نیشتیمانیی نییە، چونکە بە کۆنتڕۆڵکردنی نیوەی خاکی ھەرێم و سامانی ژێر زەوی و سەر زەویی و ئاسمانیی کوردستان لەلایەن بەغداوە دەستیپێکرد و بە ملکەچکردن و ئیملاکردنێکی بێوێنەی سیاسیی بۆ براوەی جەنگ کۆتاییھات.

پرد چەندە کەرەسەیەکە بۆ دروستکردنی پەیوەندیی، ھێندەش کەرەسەیەکە بۆ تێکشکاندنی پەیوەندیی. چەندە ھێمایەکە بۆ ئاوەدانیی، ھێندەش دەتوانێت ڕۆڵی وێرانکاریی بگێڕێت. کاتێک لە جەنگدا بەرگریی لە پردێک دەکرێت، مانای ئەوەیە کە ڕۆڵێکی ستراتیژیی لە تەرازووی ھێز دروستدەکات. ھەرکاتێکیش ئەو پردەی کە بەرگریی لێدەکرێت بوو بە ھەڕەشە و مەترسیی، ئەوا چارەنووسی تەقاندنەوە دەبێت. پرد رێگایەکە بۆ دروستکردنی پەیوەندیی لەنێوان چەق و کەنار، بەڵام کاتێک مەترسیی بۆ چەق دروستدەبێت پێگەی کەنار گرنگیی خۆی لەدەستدەدات و پردەکە دەروخێنرێت، بۆئەوەی بەرگریی لە نێوەند بکرێت. چەمکی چەق یان نێوەند لە دیدی پارتییدا بریتییە لە ھەولێر نەک کەرکوک یان سلێمانی. ئەم نێوەندە دەتوانێت بچووکتریش بێتەوە و بەرەو دھۆک و لەوەش بچووکتر بەرەو ناوچەی بارزان ھەڵکشێت، گەر جەبری پاراستنی چەقی دەسەڵات فشاری بۆ بھێنێت.

گومانی تێدا نییە ناسیۆنالیزمی نوێی عێراقیی دوای بەعسیزم کە شیعیزمی عێراقیی بەھەموو ڕەوتەکانییەوە ڕابەرایەتی دەکات، بەدوای ھەلێکدا دەگەڕا کە سەروەریی خۆی بەسەر خاک و ئاسمانی خۆیدا وەدەستبھێنێتەوە و نیشتیمانپەروەرییەکی نوێی عێراقیی بە مۆدێلی شیعە نماییشبکات. ئەم ھەلەش ریفراندۆکەی پارتیی و یەکێتی و ھەموو ئەو ھێزانەی بە ھەڵەستراتیژییەکانی بارزانیی فریویان خوارد، خستیانە سەر سینییەکی زیڕین و بردیانە بەردەمی حەشدی شەعبیی و عەبادییەوە کە لەدوای ڕزگارکردنی موسڵ وەکو پاڵەوانێکی نەتەوەیی شاباشی خۆی پێکرد.

بەپێچەوانەی ڕووداوی پردەکەی شاری مۆستار کە پاش نۆژەنکردنەوەی بەئامادەبوونی نوێنەرانی ٦٦ دەوڵەت لە ئاھەنگێکی بێوێنەدا کرایەوە، پردی پردێش دوای ساڵێک لە بێمانایی سیاسیی و مێژووییدا وەکو ”ناڕووداوێک“ بە ئامادەبوونی چەند پۆلیسێک دەکرێتەوە و بەبێ ھیچ دادگاییکردنێکی ڕەمزیی یان ھەقیقیی تێدەپەڕێت. ھەربۆیە وەک ھەر پردێکی ئاسایی کە پێویستی بە نۆژەنکردنەوەیە، دووبارە دەکرێتەوە و دەبێت بە ھەواڵێکی تێپەڕ لەناو ھەواڵەکانی تری ڕۆژانەی ناو میدیاکاندا. سەرەڕای ئەو ھەموو وێرانکاریی و قوربانییەی کە بە لەدەستدانی نیوەی خاکی ھەرێم و داخستنی فرۆکەخانەکان و سنوورەکان کۆتایی ھات، تەنھا بارزانی بە فشاری ئەمریکا و ھێزە ئیقلیمییەکان دەستی لە سەرۆکایەتیی ھەرێم کێشایەوە و نەجمەدین کەریمیش ھەڵھات و کورسیی پارێزگاری کەرکوکی بەجێھێشت، جگە لەم دوو ئەکتەرە ھیچ کەسێک یان ھێزێکی تر بەرامبەر بەو شکستە مێژووییە دادگایی سیاسیی و ئەخلاقیی نەکرا و لێپێچینەوەی یاسایی و سەربازیی لە ھیچ ھێزێک و کەسێک نەکرا کە بوونە ھۆکاری ئەم کارەساتە نیشتیمانییە لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانی تر و کۆی ھەرێمی کوردستان و عێراق.

پێدەچێت شوێنگەی پردێ لە دیدو ستراتیژی پارتییدا مۆدێلی دووھەمی دێگەڵە بێت. گەر دێگەڵە ئەو سنوورە بێت کە لەناو ناسیۆنالیزمی تێکشکاوی ھەرێمییانەی (قطري) کوردییدا کێشرا و شکستی پڕۆژەی نەتەوەسازیی تێدابەرجەستەبوو، ئەوا دوبارەدروستکردنەوەی پردی پردێ بەیانی ئەو پەیوەندییە بەزیوەیە کە ناسیۆنالیزمی شکستپێھێنراوی ھەرێمیی کوردیی بە ناسیۆنالیزمی نوێی عەرەبی عێراقییەوە دەبەستێتەوە. ناسیۆنالیزمی ھەرێمیی کوردیی بەپێی ستراتیژیی مانەوەی خۆی خوێن لەسەر پردەکان دەڕێژێت و کەی بیەوێت دەیانتەقێنێتەوە و کەی بەرژەوەندیشی واخواستی تەنازولی مێژوویی دەکات و پاش دروستکردنەوەشیان لەشوێنی پەڵەخوێنەکاندا ئاڵای کوردستان ھەڵدەکات و وەکو سەرکەوتنێکی وەھمیی نەتەوەیی بە خەڵکی ئێمەی دەفرۆشێتەوە.

پردی پردێ سیمبۆڵی شکستی پەیوەندییەکی شکاو و ئاڵۆزی نێوان ناسیۆنالیزمی ھەرێمیی کوردیی و نیشتیمانپەروەرێتیی نوێی عێراقییانەی قۆناغی دوای بەعسیزم و داعشیزمە. گواستنەوەی ئاڵای کوردستان بۆ پردێ ئەگەری ئەوەی ھەڵگرتووە کە کەرکوک لە شوێنی ململانێی نێوان کورد و عەرەبی شیعە و سوننەوە گەشەبسەنێت بۆ کوانووی ململانێی توندی نێوان کورد و تورکمانیش بە سپۆنسەری دەوڵەتی تورکیی.

شکستی مۆدێلی ناسیۆنالیزمی ھەرێمیی کوردیی ساڵانێکی زۆر پێش تەقاندنەوەی پردی پردێ دەستپێدەکات. ئەم ناسیۆنالیزمەی پارتیی و یەکێتیی لە ھەڕەتی دەسەڵاتی خۆیدا بەتەنھا ھەموو ئەو پردانەی نەتەقاندەوە کە بۆ رێکخستنی ماڵێکی دیموکراسیی لە ھەرێمی کوردستاندا پێویست بوو، بەڵکو ھەموو ئەو پردانەشی وێرانکرد کە لەڕووی سیاسیی و کولتووری و لێکتێگەیشتنەوە لەگەڵ نەتەوە و ئایینەکانی تر لەدەرەوەی ھەرێمدا پێویستبوون، بۆ دروستکردنی مۆدێلێکی نوێ لە پێکەوەژیان و بنیاتنانی دونیایەکی یەکسان و دادپەروەر و پلوراڵ.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.