ساردتان دەکەنەوە تا خۆیان گەرم وگوڕتربن

لەلایەن ستاندار Posted on 341 جار بینراوە

پێشڕەو بابەشێخ

لەوکاتەوەی لە بەرامبەر یەکێتی و پارتی هێزێک وەک ململانێ کەری سەرەکی لەبەرامبەریان دروستبوو، لەوکاتەوەی هێزێک ( نایەکی ) گەورەی بۆ دەسەڵات و کاری نابەجێ و نا دادی و نا یەکسانیەکانیان بەرزکردۆتەوە . لەوکاتەی بزوتنەوەیەک بوو بە داینەمۆی شۆڕشێک بۆ هۆشیاری و بە ئا گا هێنانەوەی خەڵک لە نا شەفافی و دزینی داهات و بەهەدەردان و بەتاڵانبردنی سەروەت وسامانی نیشتمان ، ئەو دەسەڵاتدارانەی بوون بە دێوەزمە بۆ ئەم میلەتە هەر زوو کەوتنە خۆ بۆ ساردکردنەوەی دەنگدەر لە هەڵبژاردن و چونیان بۆ دەنگدان . کەوتنە خۆ تا ئەم پڕۆسە دیموکراسیە لە پێش چاوی خەڵک ناشیرین بکەن . کەوتنە خۆ تا بە تەزویروکاری دزێویان بە خەڵک بڵێن هەرچی بکەن ئێمە حوکمتان دەکەین، هەرچی بکەن چۆن بوین بەبار بەسەرتانەوە ئاواش لە کۆڵتان نابینەوە . ئەوان هەموو کات هەوڵیان داوە ساردمان بکەنەوە لە دەنگدان، ساردمان بکەنەوە لە گۆڕینی دەسەڵات بە شێوەی مەدەنیانە و لە ڕێگەی سندوقەکانی دەنگدان بارتەقای ئەوە گەرم و گوڕبوون لە حوکمی زۆردارانە و شێوازی حوکمڕانی خێڵەکیانە .

ئەوان گەرم و گوڕن لە بەکارهێنانی هەموو شێوازێک بۆ مانەوەیان لە دەسەڵات بارتەقای گەرم و گوڕیان بۆ بەهەدەردانی سەروەت و سامانی میلەت و هاوشێوەی گەرم و گوڕیان بۆ گیرفان پڕکردن و خۆ دەوڵەمەندکردنیان . ئەوەی لە ئێستا دەگوزەرێ و لەم پێش هەڵبژاردنە چارەنوس سازەی پەرلەمانی کوردستان دەیبینین و دەبیستین ، حزبە دەسەڵات بەدەستەکانی هەرێم ئەوەندەی کەوتونە خۆ بۆ ساردکردنەوەی دەنگدەران بەگشتی و دەنگە ناڕازیەکان بەتایبەت بۆ بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنەکان و نەچونە سەر سندوقەکانی دەنگدان ئەوەندە کاریان نەکردوە بۆ دەنگدان بە حزبەکانیان . ئەوەندەی کار بۆ ساردکردنەوەی خەڵک دەکەن بە شێوازی جیاواز جیاواز ئەوەندە کاری دیموکراسی و داواکاری بونی نیە بۆ دەنگدان بە لیستەکان .

ئەوەی کاری بۆ دەکەن لە ڕێگا جیاوازو کەناڵە جیاوازەکانیان ساردکردنەوەی دەنگی خۆڵە مێشی و ناڕازیە بۆ چونیان بۆ دەنگدان ئەوەندەش گەرم و گوڕن و لە هەوڵدان وبەردەوامن بۆ مانەوەیان لە دەسەڵاتی خێڵەکی خۆیان .ئیتر دەبێت ئەو دەنگۆیانەی کە دروست دەکرێن گوایە هەڵبژاردن هیچ شتێک ناگۆڕێت هەرچی بکەن ئەمان لە دەسەڵات دەمێننەوە ،ئەوەی تەمای هەیە بەدەنگدان دەستاو دەستی دەسەڵات بکرێت با چاوەڕێ نەکات، کۆمەڵێک قسەن و فڕێدەدرێنە ناو شەقامی کوردی بۆ ساردبونەوە ، هەوڵدەدەن ئەو قسانە بە گوێی دەنگدەر بچرپێنن کە ئەوانەی هاتون وا بە ئاسانی دەستبەرداری دەسەڵات نابن ، ئەوان دەوڵەتانی تریان لە پشتە ، ئەمانە جگە لە پڕوپاگەندەیەک بۆ ساردبونەوە هیچی تر نین کە دەسەڵاتداران بەم جۆرە دەیانەوێت کۆمەڵگا ژەهراوی بکەن . پڕوپاگەندەیەک دەکەن و بوون بە تابوری پێنجەم لە هەوڵدان تا ساردمان بکەنەوەو خۆیان گەرموگوڕتر لە جاران لەم شێوازە فەشەلەی حوکمڕانیە بەردەوام بن ، گەرم و گوڕتر لە جاران لە هەوڵدان بۆ دەسبەسەرداگرتنی سەروەت و سامان ، بۆ خاکفرۆشی و بەهەدەردان . بۆیە دەبێت خەڵکی ئێمە لەوە هۆشیارتر کە زۆر هۆشیارە بە یاری و گەمە سیاسیەکانیان ، بە ئاگاتر لە وەی ئەو قسە وپڕوپاگەندانەی دەیکەن بۆ ساردبونەوەی کۆمەڵگایەک بە ئاگایە لە کاروکردەوەوسەقەتی و شکستی حوکمڕانیان .

دە ئیتر بابزانن هیچ شتێک ساردمان ناکاتەوە و سوڕترین لەسەر بەرنامە و ڕێچکە و ڕێگای گۆڕانکاری و دژایەتی گەندەڵی و نادادی کۆمەڵایەتی . وەک کوردەواری گوتەنی دەستان کەشفە ئیتر ئەو جۆرەی دژایەتیتان ناتوانێت خەڵکی ناڕازی و دژ بەو جۆروشێوازەی حوکمڕانیتان ساردبکاتەوە .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.