پارتی دەیەوێت ھەولێر لەچەند سەرکردەیەکی کۆمەڵ قەدەغە بکات

لەلایەن ستاندار Posted on 411 جار بینراوە

پارتی دوایین داشەکانی بەرامبەر کۆمەڵ ئیسلامی دەخاتە گەڕ

راپۆرتی: سەلمان کۆچەری

مانگی  خەرمانان بە سەرەتایەکی نوێ لە دروستبوونی ناکۆکی و ململانێ لەنێوان کۆمەڵی ئیسلامی دەست پێدەکات و پارتی دیموکراتی کوردستان مەبەستیەتی لەڕێی ھەڵدانەوەی کەیسە کۆنەکان و خەتێکی پێشووی بزووتنەوەی ئیسلامی فشار لەسەر کۆمەڵی ئیسلامی دروست بکات و کۆمەڵ ناچاربکات لەوەی پاشەکشە لە ھەڵوێستەکانی بکات لە بەرامبەردا ئەو حیزبە سورە لەسەر درێژەپێدانی ھەڵوێستەکانی پێشووی لە ھەڵوەشاندنەوەی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم, مەلەفی نەوت و پرسی مووچەو داھات.

پێشووتر پارتی لەڕێی ھەوڵی شەخسی و چەند کەسایەتیەکی نزیک لە حیزبەکەی بەسەردانیکردنی ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی ویستوویەتی وەھا لە کۆمەڵی ئیسلامی بکات لە سیاسەتی دژایەتیکردنی ئامانج و بەرنامەکانی پارتی لە ھێرمی کوردستان پاشەکشە بکات بەڵام ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی وەھا جوابیداوەتەوە کاتێک کۆمەڵ بە ھەڵویستەکانیدا دەچێتەوە کە دەنگە دزراوەکان بگەرێنرێنەوە، بابەتی مووچە و قەیرانەکان کۆتاییان پێبھێنرَت.

بێئومێدبوونی پارتی لەوەی بتوانێت کۆمەڵی ئیسلامی لە ھاوکێشەی دژایەتی بینێتە دەروە وایکردووە بەشێکی دەست رۆبشتووی نێو پارتی بیر لە داڕشتنی چەند بەرنامەیەک بکەنەوە بۆ دوو مەبەست، یەکەمیان ترساندنی کادیر و لایەنگیرانی کۆمەڵی ئیسلامی لەڕێی دروستکردنی چەند مەلەفێکی تیرۆری، بەشی دووەمی کەمکردنەوە نفوزی کۆمەڵ لە سەنتەری ھەولێر و دەوروبەری، پلانی A پارتی دیموکراتی کوردستان داڕستنی چەند سیناریۆیەکە کە تێیدا ئەندام و لایەنگیری کۆمەڵی ئیسلامی دەخرێنە ناو سیناریۆیەکانەوە کە پێدەچێت روداوەکەی پارێزگای ھەولێر سەرەتایەکی ئەو بەرنامەیە بێت ھەروەک بەشێکی زۆری سەکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی قەناعەتیان وایە کاتێ سیناریۆ لە ھەولێر دروستبوون پەلاماری کۆمەڵ دەدرێت و مەبەستێکیان بەلای کۆمەڵی ئیسلامیدا.

پلانی B پارتی دیموکراتی کوردستان لەڕێی دام و دەزگاکانی وەزارەتی ناوخۆوە دەبێت کە چەندین کەیسی کۆن لەسەر سۆران عومەر, سلیم شوشکەیی, سعدون و چەندین کادیری تری ئەو حیزبە دووبارە دەجوڵێنن کە پێشووتر لەبەر نەبوونی بەڵگە و دەلیل داخراون, لە لایەکی ترەوە پارتی دەیەوێت لەڕێگەی ئەو ڕوداوانەی ھەولێر ڕودەدات وەھا پەیام بداتە ئەمریکا کە حیزبە ئیسلامیەکان ھەرێم بەتایبەی کۆمەڵی ئیسلامی خەتێکی تووندڕەون و نزیکن لە داعش ئەوەش بە کۆکردنەوەی زانیاری و سیڤی دروستکراو لەسەر ئەو کوردانەی داعش بوون و کوژراون.

دەرچوونی بڕیاری دەست بەسەرکردن بۆ پەرلەمانتار سلیم شوشکەیی, داواکاری لابردنی پارێزبەندی لەسەر سۆران عومەر, دەستگیرکردنی دوو ئەندامی تری کۆمەڵ لە ھەولێر رویەکی تری فشارەکانە کە ڕەنگە پەیوەندی نێوان کۆمەڵ و پارتی بەرەو بەستن ببات تا ئاستی ئەوەش بەشێک لە سەرکردەکانی کۆمەڵ ھەولێریان لێ قەدەغە بکرێت.

سلیم کۆیی ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی دەڵێت : بابەتی ئەو کەیسانە تاک لایەنەن و لەلایەن پارتیەوە خۆش کراون تاکە مەبەستیش فشار خستنە سەر حیزبەکەمانە بۆ ئەوەی لەھەڵوێستەکانی پاشەکشە بکات.

سلیم کۆییی دەڵێت ئەگەر پارتی بۆ ی بلوێت و بچێتە سەر ئەوا نەک ھەولێر بەڵکو بەغداشمان لێدەگرن و  لە ھەموو شوێنێکەوە بەدوای کەوادیر و لایەنگیری کۆمەڵی ئیسلامیەوە دەبن، بەڵام کۆمەڵ پشت ئەستورە بە جەماوەر و  قاعیدەکەی .

لەماوەی ٤ ساڵی رابردوو زۆرترین کادیر و لایەنگیری کۆمەڵی ئیسلامی لە لایەن   دام و دەزگا ئەمنیەکانی ھەولێر دەستگیرکراون کە تا ئیستاش بەدەیان ئەندامی ئەو حیزبە لەزیندانەکانی پارتیدان، وە ١٢٧  مامۆستای ئاینی بانگی ئاسایش کراون و ١٠ مامۆستای ئاینیش کە زیاتر ئەندامی کۆمەڵی ئیسلامین لە میمبەری مزگەوتەکان دورخراونەوە و ھەشیانە ھەولێری جیھێشتووە.

لە ئیستادا بەلای بەشێک لە کادیرانی کۆمەڵی ئیسلامی بەھۆی زیادبوونی فشارەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ھەولێر بۆتە ناوچەیەکی مەترسیدار بۆیان پێیانوایە لەھەر کاتێکدا بێت دەرگای زیندان واڵایە بۆیان.

رێبوار حسێن کارگێرێکی راگەیاندنی کۆمەڵی ئیسلامیەو پێوایە ئەندام و لایەنگیرانی کۆمەڵی ئیسلامی لەسەر ئەوە پەلامار دەدرێن و تۆمەت دەخرێتە پاڵیان کەوا پشتگیری لە زاڵمیەتی و خۆسەپێنی پارتی دیموکراتی کوردستان ناکەن بۆیەشە ھەر  چاوەڕێی ئەوە لە پارتی دەکرێت کە ئەندامانمان سزا بدات و  بیانخاتە زیندانەوە تەنیا لەسەر داکۆکیردن لە مافی خەڵکی زوڵملێکراو، رێبوار حسێن پێوایە کۆمەڵی ئیسلامی باجی قورسی ھەڵویستەکانی لە بەرەی گەدا دەدات.

زانیاری ھەیە پارتی فشارەکانی لەسەر کۆمەڵی ئیسلامی پەرەپێبدات و تووندتری بکات تا ئەوەی مەلەفی دروستکراو بۆ سەرۆکی لیستی کۆمەڵ ئیسلامی بۆ ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمان دروست بکات تا ئاستی ئەوەی فشارەکانی پارتی لەسەر کۆمەڵی ئیسلامی ئەوەندە  تووند بێت ئەو حیزبە ناچار بکات لەوەی بایکۆتی بەشداری لە ھەڵبژاردنەکاندا بکات، وە رەنگە بەشێک لەسەرکردەکانی کۆمەڵ چوونیان بۆ ھەولێر تەرک بکەن تا ئەوەی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و کۆمەڵ ئاسایی ببێتەوە. لە لایەکی تریشەوە بەشێک لە مەکتەبی سیاسی کۆمەڵ ھەوڵدەدەن پەیوەندییکانیان لە گەڵ پارتیدا ئاسایی بکەنەوە بەو مەبەستەی ئەندامانی خۆیان لە پەلامارەکانی پارتی و دەزگا ئەمنیەکان بپارێزن و دۆخەکە ھێور بکەنەوە بۆ ئەوەی بتوانن بەگەرمی جوڵەی زیاترەوە کار بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن.

تێبینی: ئەو راپۆرتە لە گۆڤاری لڤین بڵاوکراوەتەوە

salmankochary@yahoo.com

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.