پارانۆیای سیاسیی

لەلایەن ستاندار Posted on 368 جار بینراوە

ئارام قادر حەمەسور

پارانویا نەخۆشییەکی عەقڵییە و ھەلسوکەوت و سایکۆلۆجییای کەسی توشبوو تێکدەدات، بەدوژمن زانینی بەرامبەر و خۆ پەرستی دوو سیفەتی ترسناکی کەسی توشبوون. ئەوەی پارانۆیای ھەبێت بەردەوام خۆی پێ گەورەیەو خۆی بەڕاست دادەنێت، کەسێکە بەردەوام گومانی لەبەرامبەر ھەیە، بەردەوام دۆنکیشۆت ئاسا ھێرشدەکات و نێرجسیەتی ھەیە، ھەمووان لای ئەو ھەڵەن و تەنیا خۆی پێڕاستە. بەدوژمن سەیرکردنی بەرامبەرو پاساوە نادروستەکانی زۆر ھەست پێکراون، بەردەوام شەڕ لەگەڵ وەھمە دروستکراوەکاندا دەکات و دەڵێت من خاوەن حەقیقەتم.

ئەم نەخۆشییە سایکۆلۆجییە لەھەندێک کەسدا دەردەکەوێت، بەردەوام کێشە دروستدەکات بۆ دەوروبەری، دۆخێکە لەچوارچێوەی شیزۆفرینادایە. ئەو کەسانە بەھەموو جیاوازیی و ڕەخنەیەکی بەرامبەر توڕە دەبن و ھێرشی ناڕەوا ئەنجام دەدەن.

پارانۆیای سیاسیی زۆر مەترسیدارەو زیانی زۆرە، چونکە کەسێک لەچوارچێوەی حیزب یان سەرۆک یان پۆستێکی حکومیدا ھەڵسوکەوتی ترسناک ئاڕاستە دەکات. سیاسییەکانیش وەک تاکەکانی تر شایستەی شێت بوون و توشبونن بە نەخۆشییە سایکۆلۆجییەکان، بەڵام پارانۆیای سیاسییەکان زیانی زۆرترەو بەناوی حیزبێک یان وڵاتێکەوە قسە دەکەن.

کەس ھێندەی سیاسییەکان شەڕی وەھمەکان ناکات، کەس ھێندەی سیاسییەکان بەڕەخنە توڕەنابێت. لوتبەرزی سیاسییەکان بریتییە لە پاڕانۆیای سیاسیی و نەخۆشییەکی سایکۆلۆجییە، کاتێک بەبێ خوێندنەوەی قوڵ سیاسییەک بڕیارێکی چارەنوسساز دەدات و لوتبەرزی سیاسیی فەرز دەکات دەگاتە پارانۆیا. کاتێک بەناوی وەھمی مەترسیی دەستی دەرەکی پەلاماری خۆپیشاندەران دەدرێت ئەوە پارانۆیایە. ھەندێک کات سیاسیی توشبوو بە پارانۆیا تەنانەت بڕیاری کوشتنی بەرامبەر دەدات، وەک کوشتنی ڕۆژنامەنوسێک، لەبەرئەوەی بەمەترسیی داناوە بو سەر حەقیقەتە ساختەکانی خۆی.

لەھەرێمی کوردستاندا پارانۆیای سیاسییمان زۆرە، توشی نێرجسییەتی حیزبیی و بەدوژمن دانانی کۆمەڵگا بوون. لەدوای ڕاپەڕینەوە حیزبە دەسەڵاتدارەکان شەڕی لوتبەرزی سیاسیی دەکەن و ھەزاران کەسیان کردۆتە قوربانی وەھمەکانیان، وەک وەھمی ئاسایشی نیشیمانی تێکدەچێت و دەستی دەرەکی لەپشتە. ئەمانە پاساو بوون بۆ پڕکردنەوەی نەخۆشییە سایکۆلۆجییەکەیان. یان یەکڕیزیی و ناسیۆنالیزم دوو پاساوی دروزنانە بوون بۆ لێدان لەبەرامبەرو قەڵەوکردنی خۆیان.

تا ئێستاش پارانۆیای سیاسیی لەناو گشت حیزبەکاندا ھەیە بەڕێژەی جیاواز، کە لوتبەرزی سیاسییەکان و بەدوژمن نیشاندانی بەرامبەر دەردەخەن. بۆئەوەی پاڕانۆیای سیاسیی حیزبیک یان سەرۆک حیزبێک ببینیت، وتارێکی ڕەخنەیی لەسەر بنوسە، ئەوکات لوتبەرزی ئەو حیزب و سەرکردەیە دەبینیت لەگەڵ پاساوەکانی بەدوژمن کردن. لەکوێ سیاسییەکت بینی بانگەشەی حەقیقەتی ڕەھای دەکردو لوتبەرزی سیاسیی دەنواند، گومانت لە پاڕانۆیای سیاسیی ئەو کەسە نەبێت، ھەر سیاسییەکیش بەردەوام لەخەڵک ترسا و خەڵکی بەدوژم دانابوو، بەزەیت پێدابێتەوە چونکە نەخۆشە. چونکە سیاسیی بەپاڕانۆیا بوو متمانەی بەکەس نیە. بۆئەوەی گۆڕانکارییەکی بچوکیش ڕووبدات دەبێت ئەم سیاسییە بە پاڕانۆیابووانە لە سیاسەت دوور بخرێنەوە، چونکە تووشی تێکچوونی عەقڵیی بوون.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.