ھۆکارە دەستوریەکانی ئەگەری دواخستنی ھەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان..

لەلایەن ستاندار Posted on 341 جار بینراوە

نەوزادی موھەندیس

• ئاشکرایە ھەرێمی کوردستان تاکە ھەرێمی فیدڕاڵی دانپێادانراوە لەدەستوری ھەمیشەیی عێراقی ساڵی ٢٠٠٥دا و تا ئێستاش بەشێکی دانەبڕاوە لە دەوڵەتی عێراقی فیدڕاڵ کە خاوەن سیستەمی پەڕلەمانیە و لەسەر بنەمای دیموکراسی و کاری پێکەوەیی پێکەوەنراوە.ھەربۆیە ھەموو دەوڵەتێکی دەستوری و خاوەن دەستور دەبێت بەپێی مادە و بڕگەکانی دەستورەکەی ڕێوشوێنە دەستوریەکان پیادەبکات و سەرپێچیان لێنەکات،بۆئەوەی سیفەتی دەستوری بوونی دەوڵەتەکە و ڕێوشیوێنەکانی کارکردنی نەکەونە ژێر پرسیار و گومان و دەرچوون لەدەستورەوە.
• لەئێستادا دەوڵەتی عێراقی و لەدوای ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق لە ١٢/٥/٢٠١٨دا و دواکەوتنی ڕاگەیاندنی ئەنجامە پەسەندکراوەکانی لەلایەن دادگای فیدڕاڵیەوە لە ١٩/٨/٢٠١٨دا واتە دوای ٩٧ ڕۆژ، ھێشتا پەڕلەمانی نوێ دەستبەکارنەبوە.ھەربۆیە بۆئەوەی لە ڕێوشوێنە دەستوریەکان لانەدرێت،پێویست دەکات کە ئەم ڕێوشوێنە دەستوریانە بگیرێنە بەر،بەمەبەستی سازدانی یەکەم کۆبونەوەی پەڕلەمان و ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و دواتریش پێکھێنانی کابینەی حکومەتی نوێی عێراق.
• بەپێی بەش و مادە و بڕگەکانی دەستور دەبێت ئەم ھەنگاوانە بنرێت بەرەو پێکەوەنانی حکومەتی ئایندەی عێراق:
١. بەشی یەکەم/ دەسەڵاتی یاسادانان بەھەردوو بەشەکەی لە پەڕلەمان و ئەنجومەنی ئیتیحادی کە تائێستا دانەمەزراوە.کە زۆر گرنگە.ئەم بەشە لە ١٨ مادە پێکھاتوە ((مادە ٤٨ تا ٦٥)).
• لەمادەی ٥٤ دا ھاتوە: کە سەرۆک کۆمار دەبێت لەماوەی ١٥ ڕۆژدا لەپەسەندکردنی ئەنجامی ھەڵبژاردنی گشتیەوە،داوای بەستنی یەکەم کۆبونەوەی پەڕلەمانی نوێ بکات. جا لەبەرئەوەی دادگای فیدڕاڵی لە ١٩/٨/٢٠١٨دا ئەنجامی ھەڵبژاردنە پەڕلەمانیەکەی پەسەندکرد،بۆیە ١٥ ڕۆژەکە دەگاتە ٤/٩ و دەبێت تائەوکاتە پەڕلەمان کۆببێتەوە،خۆ ئەگەر ٧ ڕۆژی پشوەکانی جەژنی قوربانی لێدەربکەین ئەوا ماوەی ١٥ ڕۆژەکە دەگاتە ١١/٩.و ئەم ماوەیەش ناتوانرێت درێژبکرێتەوە.
• پەڕلەمانی نوێ بە سەرۆکایەتی بەتەمەنترین ئەندامی کۆدەبێتەوە و سەرۆک و دوو جێگر ھەڵدەبژێرێت.
• لەمادە ٥٥ دا ھاتوە:پەڕلەمان لەیەکەم دانیشتنیدا سەرۆک و جێگری یەکەم و دووەم ھەڵدەبژێرێت بەزۆرینەی ڕەھای دەنگی ئەندامانی بەشێوەی نھێنی و ڕاستەوخۆ.
• مادە ٥٦ تا ٦٥ باس لە چۆنێتی ئیشوکارەکانی پەڕلەمان و دەسەڵات و ئەرکەکانی دەکات.
٢. مادە /٧٠
پەڕلەمان لەنێوان کاندیدانی سەرۆک کۆماردا،لەخولی یەکەمدا بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی دەنگی ئەندامانی سەرۆک کۆمار ھەڵدەبژێرێت، گەر نەتوانرا لەیەکەم خولدا ئەو کارە تەواو بکرێت ئەوا لەخولی دووەمدا دووکاندیدی خاوەن زۆرترین دەنگ کێبکڕکێ دەکەن و بەزۆرینەی دەنگی ئەندامان سەرۆک کۆمار ھەڵدەبژیرێت.
٣. مادە / ٧١ سەرۆک کۆمار لەبەردەم پەڕلەماندا سوێندی یاسایی دەخوات.
٤. مادە/ ٧٢/ دووەم / ب
سەرۆک کۆمار بەردەوام دەبێت لەکارەکەیدا تا ھەڵبژاردنی پەڕلەمانی نوێ و کۆبونەوەی یەکەمی، ئەوکات دەبێت لەماوەی ٣٠ ڕۆژدا لەدوای یەکەم کۆبونەوەی پەڕلەمانەوە سەرۆک کۆمار ھەڵببژێرێت.
٥. لقی دووەم/ ئەنجومەنی وەزیران
مادە/ ٧٦ / یەکەم
سەرۆک کۆمار کاندیدی (( زۆرترین ژمارەی ئەندام پەڕلەمانی)) ڕادەسپێرێت بۆ پێکھێنانی ئەنجومەنی وەزیران لەماوەی ١٥ ڕۆژ لە دوای ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارەوە.
ھەربۆیە دەبێت پێش ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لەپەڕلەماندا زۆرترین کوتلەی پەڕلەمانی دیاری بکرێت.
دووەم/
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی ڕاسپێردراو ھەڵدەستێت بە ناونانی ئەندامانی کابینەکەی لەماوەی ٣٠ ڕۆژ لە ڕێکەوتی ڕاسپاردنیەوە.
سێیەم/
ئەگەر کاندیدی یەکەم بۆ سەرۆک وەزیران سەرکەوتوونەبوو لەکارەکەیدا لە و ماوە دیاریکراوەدا کابینەکەی پێکبێنێت،سەرۆک کۆمار کاندیدێکی نوێ ڕادەسپێرێت بۆ پێکھێنانی کابینەی حکومەت لەماوەی ١٥ ڕۆژدا لەدوای شکستھێنانی کاندیدی یەکەمەوە.
چوارەم/
کادنیدی نوێ بۆ سەرۆکی حکومەت ناوی وەزیرەکان و بەرنامەی کابینەکەی دەخاتە بەردەم پەڕلەمانەوە بۆ متمانە پێدان، کابینەکە و بەرنامەکەی بە پەسەندکراو دادەنرێن کاتێک پەڕلەمان متمانە دەداتە وەزیرەکان و بەرنامە وەزاریەکە بەزۆرینەی ڕەھای دەنگی ئەندامانی.
پێنجەم/
ئەگەر کابینە وەزاریەکە لەلایەن پەڕلەمانەوە متمانەی وەرنەگرت،ئەوا سەرۆک کۆمار کاندیدێکی تر ڕادەسپێرێت بۆ پێکھێنانی کابینەی حکومەت لەماوەی ١٥ ڕۆژدا.
• بەم شێوەیە گەر پەڕلەمان لە ٤/٩دا یەکەم کۆبونەوەی خۆی ئەنجام بدات و سەرۆک و دوو جێگرەکەی ھەڵببژرێرت و زۆرترین کوتلەی پەڕلەمانیش ڕابگەیەنرێت،ئەوکات ٣٠ ڕۆژی تر پێویستە بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار.
دواتر بە ٣ قۆناغی یەک لەدوا یەک بۆ ڕاسپاردنی سەرۆکی حکومەت بۆ پێکھێنانی کابینەی حکومەت کە ھەریەکە ماوەی ((٣٠ڕۆژ، ١٥ ڕۆژ و دواتر ١٥ ڕۆژ))ی تریان پێویستە. کەواتە ئاسایی ١٥ ڕۆژ بۆ کۆبونەوەی پەڕلەمان و ٣٠ ڕۆژ بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و ٣٠ ڕۆژ بۆ پێکھێنانی حکومەت،ئەوا ماوەی ٧٥ ڕۆژی تر پێویستە بۆ لەدایکبونی حکومەتی ئایندەی عێراق. خۆ ئەگەر ٣٠ ڕۆژی تریش حساب بکەین بۆ کاتی شکستی کاندیدی یەکەم و دووەم بۆ پێکھێنانی حکومەت ئەوا ١٠٥ ڕۆژ پێویستە بۆ لەدایکبونی حکومەتی نوێی عێراق لە ١٩/٨/٢٠١٨وە.
کەواتە لانی کەم حکومەتی ئایندەی عێراق لەدوای ٧٥ ڕۆژی تر واتە لە ٤/١١/٢٠١٨ لەدایک دەبێت و ئەوپەڕەکەشی لە ٤/١٢/٢٠١٨دا چاوی گەشی بەدونیا ھەڵدێنێت.
• ھەربۆیە لە ئێستادا ئەمریکا و ئێرانیەکانیش فشار دەخەنە سەر سەرکردایەتی کورد بۆ دواخستنی ھەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان،لانی کەم بۆ ٣ تا ٦ مانگی داھاتوو. بۆئەوەی ھەموو ئەرکیان ببێتە یەکلاکردنەوەی حکومەتی ئایندەی عێراق و سەرقاڵ نەبن بە کێشە و گرفتی ھەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستانیشەوە کە مەترسیان ھەیە کە بەدەردی ھەڵبژاردنەکەی پەڕلەمانی عێراق بچێت و کێشە و گرفتی زیاتریان بۆ بخوڵقێنێت و ٦ مانگی تریش سەرقاڵی پێکەوەنانی حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش ببن،جابۆئەوەی لەیەک کاتدا سەرقاڵی حکومەتی ئایندەی عێراق و کوردستان نەبن،پێیان باشە و ئامۆژگاری یان فشار دەکەن کە ھەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان دوا بکەوێت ، بۆئەوەی بۆشایی دەستوری و یاسایی و حوکمڕانی لە عێراق و کوردستانیشدا دروست نەبێت.
• ئەوەی ئاشکراشە زۆرینەی حیزب و سەرکردەکانی کوردستانیش لەگەڵ دواخستنی ھەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستاندان ،چونکە دۆخی ناوخۆیی نێو ماڵی حیزبەکان لەلایەک و دۆخی سیاسی و ئابوری نێوماڵی کوردستانیش زۆر پتەو و یەکگرتوو و بەھێز و جێگیر نین و ھێشتاش تای ھەڵبژاردنی ١٢/٥ بەرینەداون و دەرونەکانیشیان ئارام نەبنەتەوە و پێویستیان بەکاتی زیاترە بۆ ھێوربونەوە و ئامادەبونیان بۆ ھەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان. جا بۆیە دواخستنی پەڕلەمانی کوردستان ھیچ کاریگەریەکی گەورەی نابێت لەسەر گۆڕانکاریەکانی عێراق و ناوچەکە و دواخستنیشی بە قازانجی زۆرینەی حیزبەکان دەبێت تا جەماوەریش خۆی ئامادەبکاتەوە بۆ ھەڵبژاردنێکی نوێ.بۆیە ماوەی ئەم ھەفتەیەی داھاتوو یەکلاکەرەوە دەبێت لەسەر دواخستن یان ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان لە ٣٠/٩/٢٠١٨دا.چونکە وادەی دەسپێکی ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەکان لە ٥/٩دا دیاریکراوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.