ڕێبەری ئێران؛ بەرپرسی سەرەکی سیاسەتی دەرەکی

لەلایەن ستاندار Posted on 1398 جار بینراوە

محەممەد حسەینزادە/ دکتورای پێوەندی نێودەوڵەتی

سەرەڕای ئەوەی کە دەوترێت لە ئێراندا ھێز لە نیوان سێ دەسەڵاتی بەڕێوەبەر (حکومەت)، دەسەڵاتی قانوون¬دانان(پەرلەمان) و دەسەڵاتی دادوەریدا دابەش کراوە و ھەر کام لەو دامەزراوە و ڕێکخراوانە ئەرکی پێسپێردراو و دیاری کراوی خۆیان بەڕێوە دەبن، بەڵام بە کردەوە و لە ڕاستیدا وا نیە. لە ئێراندا زۆر جار ئەو جیاوازی ھێزە کە بنەماو و پێناسەکەری وڵاتانی دیموکراتیکە بەرچاو ناکەوێت و ئەو دامەزراوانە بە پێی ئارەزوو و خواستی خۆیان لە کار و باری یەکتردا دەستێوەردان دەکەن. بۆ وێنە یەکێک لە کێشە سەرەکیەکانی ئێستای ئێران ئەوەیە کە دەزگای دادوەری دەزگایەکی سەربەخۆ نیە و تەنانەت ھێزی سپا و ئەرتەشی ئێران و بە تایبەت دەزگای ئیتلاعات(زانیاری) ئێران ئەو دەزگایەیان خستووەتە ژێر چاودێری و دەسەڵاتی خۆیانەوە و ئەوەش بووەتە ھۆی ناڕەزایەتی زۆربەی چاودێرانی سیاسی و چالاکانی ماڤی مرۆڤ لە ئێراندا. لە بەشەکانی دیکەشدا ھەمان تێکەڵاوی دەسەڵات و دەستێوەردان بەرچاو دەکەوێت ھەر بۆیە خوێندنەوەی سیستەمی سیاسی و بە تایبەت تێگەیشتن لە چۆنیەتی پرۆسەی بڕیاردان لە سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکی لە ئێراندا سەخت و دژوارە.

لەو نێوەدا ڕێبەری کۆماری ئیسلامی دەسەڵاتێکی بەربڵاو و بێسنووری ھەیە. تەنانەت داڕشتن و جێ بە جێ کردنی سیاسەتی دەرەکی وڵاتی ئێران کە لە ڕووی یاساییەوە دەبێت لە ئەستۆی وەزارتی کار و باری دەرەکیدا بێت (کە خۆی لقێکی دەسەڵاتی بەڕێوەبەریە) کەوتووەتە ژێر کۆنتڕۆلی ڕێبەری ئەو وڵاتە. بە شێوەیەک کە ھیچ بەرنامە و پلان و گەڵآلەیەکی سیاسەتی دەرەکی کە ڕێبەری ئێران پەسەندی نەکات جێ بە جێ ناکرێت. بە زمانی سادە دەکرێت بلێین کە سیاسەتی دەرەکی ئێران لەسەر بنەمای جیھان بینی و ئایدۆلۆژی ڕێبەری ئیسلامی ئێران دانراوە و ئەرکی سەرەکی وەزارەتی کار و باری دەرەوەی ئێرانیش جێ بە جێ کردنی بنەماکانی ئەو ئایدۆلۆژی و جیھانبینیەتە.

یاسا و دەستووری نێوخۆیی ئێران بە شێوازێک داڕژراوە کە دەسەڵاتێکی بەربڵاو و بێ سنووری بە ڕێبەری ئێران داوە و ھەر بە پێی ئەو دەستوورە ڕێبەری ئێران پێگە و جێگایەکی بانتر لە ھەموو تاک و دامەزراوە و دەزگا و ڕێکخراوەکانی ئەو وڵاتە ھەیە و ھەر سیاسەتێک کە ئەو بە ڕەوای بزانێت تەنانەت ئەگەر دەگەڵ دەستووری نێوخۆیی ئێرانیش نەخوێنێتەوە و یەک نەگرێت دەبێت بە کردەوە ئەنجام بدرێت و جێ بە جێ بکرێت. پێناسە کردنی ئەم جێگە و پێگەیە بۆ ڕێبەری ئێران بە جۆرێک دەگەڕێتەوە بۆ ئایدۆلۆژی و بە تایبەت مەزھەبی شێعە کە بە پێی دەستوور مەزھەبی ڕەسمی وڵاتی ئێرانە. لە ڕوانگەی شێعەکانەوە لە ئێستادا کە ئیمامی “مەھدی”(ئیمامی دوازدەھەمی شێعەکان) غەیب بووە و نادیارە تا ئەو کاتەی کە خۆی ئاشکرا دەات و بە خۆی دەر دەخات ھەموو دەسەڵات و بەرپرسیاریەتیەکانی دەکەوێتە ئەستۆی “ولایەتی فەقێ” کە بە جۆرێک سەرپەرەشتی ھەموو مۆسڵمانان و بە تایبەت شێعەکان دەکات. ھەر لەو ڕوانگەوە ھەموو پێکھاتە و سیسەمی سیاسی ئێران ڕەوایی و شەرعیەتی خۆی لە “ولایتی فەقێ”وە دەگرێت کە ھاوکات ڕێبەری وڵاتەکەیشە.

زۆربەی ئەو ماڤ و دەسەڵاتانەی کە دراون بە ڕێبەری ئێران لە بەندی ١١٠ دەستووری نێوخۆیی ئێراندا دیاری کراون کە زۆربەیان بە شێوازی ڕاستە و خۆ و ناڕاستەوخۆ پێوەدنیان ھەیە بە سیاسەتی دەرەکی ئێرانەوە. بۆ نموونە بە پێی دەستوور دیاری کردنی سیاسەتی گشتی و ھەمەلایەنە¬ی حکوومەت، چارەسەری کێشەکانی نێوان پارلمان و حکوومەت و دادگا لە سەر جۆری خوێندنەوەی یاسا و ڕووداوە ناوخۆیی و دەرەکیەکان، فەرماندە¬یی ھەموو ھێزە چەکدارەکان (ھێزی ئاسایش و سپا و ئەرتەش)، فەرمانی دەستپێکردنی شەڕ یان ئاشتی دەگەڵ وڵاتانی دیکە، چارەسەری زۆربەی کێشە و قەیرانەکانی ئێران(وەک قەیران ئەتۆمی)، ئیمزا و پەسەند کردنی حۆکمی سەرۆک کۆماری یان لابردنی سەرۆک کۆمار لە دەسەڵات و ھەروەھا دەرمانی گشت پرسی ھەمووی لە ژێر دەسەڵاتی ڕێبەری ئێراندایە. ئەم دەسەڵاتە بەربڵاوە خۆی لە خۆیدا پێگە و ڕۆڵی تایبەتی ڕێبەری ئێران لە سیاسەتی پرۆسەی دارشتن و جێ بە جێ کردنی سیاسەتی دەرەکیدا دەر دەخات.

دەبێت ئەوەش لەبەر چاو بگرین کە بە پێی خوێندنەوەیەک کە ئێستا لەسەر پێگەی ڕێبەری لە ئێراندا ھەیە زۆربەی بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی ئێرانی لەسەر ئەو باوەڕەن کە دەسەڵاتی ڕێبەری نابێت لە چوارچێوەی یاساییدا قە¬تیس بکرێتەوە و سنووردار بکرێت و “ولایەتی فەقی” یان “ڕێبەری کۆماری ئیسلامی” بۆی ھەیە تەنانەت لە دەرەی یاسا و بانتر لە دەستوور لە سەر ھەموو دیاردە و ڕووداوەکانی ناوکی و دەرەکی ئێران بڕیار بدات. بۆیە دەبێت ڕێبەری ئێران وەک یەکەمین و سەرەکترین بەرپرسی سیاسەتی دەرەکی ئێران چاو لێ بکرێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.