پێش ٢٠٠٣ زۆرداری، پاش ٢٠٠٣ تاریکـی و نادیاری/عێراق

لەلایەن ستاندار Posted on 1100 جار بینراوە 0 سەرنج
samane wasta bakr

سامانی وەستا بەکر

عێراق وەک دەوڵەتێک لەسەر نەخشەی جیھان بوونی ھەیە بەڵام لە واقیعدا وەک کیانێکی سەربەخۆ بوونی نیە و ھیچ سەروەریەکی نەماوە نە سیاسی نە زەمین و نە ئاسمانیش.
ئەو لەزگەیە یان ئەو سیکۆتینەی چەندین ساڵە چەند پارچەیەکی جیاواز لەیەک لە شێوەو بوون و ئتنیکا پێکەوە ناوەو وەک وڵاتێک لەسەر نەخشەی جیھان نمایشی پێکراوە لەوە ئەچێ کاتەکەی بەسەر چووبێ و لە ئێستاشا ھیچ لکێنەرێکی وابەھێز بوونی نیە کە تا جارێکیتر ئەو پارچە لەیەک نەچووانە پێکەوە بچەسپێنێ.
وڵات واتە کۆمەڵێ خەڵک کە چالاکیەکانیان لە چوارچێوەی ھەرێمێک و جوگرافیایەکی سەربەخۆ لە سنورێکی دیارکراوا لەژێر ڕکێفی ڕژێمێکی سیاسی دیارکراو کە خەڵکەکە ڕێئەکەون لەسەری بۆ بەرێوەبردن بەڕێوەئەچێ بەجۆرێک کە ئەو ڕژێمە سیاسیە سەرپەرشتی چالاکی ڕامیاری و ئابوری و کۆمەڵایەتی ئەکا بە مەبەستی گەشانەوە و پێشخستنی بەرژەوەندی ھاوڵاتیان و چاککردنی ژیان و گوزەرانیان.
دەوڵەت پێویستی بە جوگرافیایەکی نیشتمانی و نەتەوەیەک ھەیە کە ھەڵگری ناوەکەیــبـێ بەڵام عێراق خاوەنی نەتەوەیەک نیە بەناوی نەتەوەی عێراقەوە بەڵکو پێکھاتووە لە نەتەوەی جیاواز جیاوا لە زمان و کلتورو ئتنیک و مێژوو جواگرافیاشەوە.
عێراق خاوەنی جوگرافیایەکی نیشتمانیش نیە بەو واتایەی کە پێکھاتەکانی ئەو وڵاتە بە خاکەکەی بە نیشتمانی نەتەوەیی و بە جوگرافیای سیاشی خۆیانی بزانن بەڵکو ھەر پێکھاتەیەکی عێراق بەشێک لە زەمینی ئەو وڵاتە بە موڵک و بە سنوری جوگرافی خۆی ئەزانێ و تەنھا سۆزی نەتەوەی بۆ ئەو سنورە جوگرافییە دیاری کراوەی خۆی ھەیە و یا ئەوەتا ھەوڵەیا سوودی مادی لە پارچەکانیتر وەرگرێ یان ئەوەتا ئەگەر دەسەڵاتی ھەبێ بە خراپترین شێوەی چەوسانەوەو سزای سیاسی و دزی گەندەڵی ئەکا لە سنوری پێکھاتەکانی دەرەوەی خۆیدا.
ھەڵبەتە ھۆکارەکان زۆرن بەڵام یەکێک لە دیارترین و کاریگەرترین ھۆکاری ئەو پشێویەی ئێستا لە عێراقدا بوونی ھەیە گزی و دزی دەنگەکانی ١٢ی ئایارە بەجۆرێک حیزبە سیاسیەکان ھیچ بژاردەیەکیان بۆ خەڵک نەھێشتەوە ھاتنە سەر شەقام نەبێ. ئاخر ئەبوو دوای ئاشکرابوونی ئەو گزی و دزییە گەورەیەی دوای ھەڵبژاردنەکان ڕێز لە خواستی خەڵک بگیرایە بەڵام بە پێچەوانەوە ڕەفتارکرا.
شتێک زۆر گرنگە کە باس کرێ ئەویش ئەوەیە کە جارێکیتر عێراق ناچێتەوە قۆناغی پێش ١٢ی ئایار چونکە لەدوای ئەو بەروارەوە قۆناغێکی نوێ ھاتۆتە کایەوەو کە بەرەو لێکترازان و شەڕی ناوخۆو دابەش بوون ھەنگاوئەنێ چونکە چێتر ئەو متمانەیە لەنێوان تاکەکانی ئەم کۆمەڵگە لاوازو بەزۆر لکێنراو بەیەکەوە بوونی نەما و چونکە ئیتر کات بۆ بەرژەوەندی ھاوبەش نەماوەو کۆی پێکھاتەکان بە نەتەوەو ئاین و مەزھەبەوە دابەش بوون بەسەر چەندین بەرەی جیاوازی ھەرێمی و نێو دەوڵەتیا و چیتر بڕیار لەدەستی خۆیانا نەماوەو بەڵکو ئەوەی ئەتوانن بیکەن پاراستنی بەرژەوەندی ھێزەکانی پشتی خۆیانە.
لە دروست بوونی عێراقەوە حکومەتە یەک لەدوای یەکەکان و دەسەڵاتە خۆویست و سەرکوتکەرەکان گەلانی عێراقیان ڕووبەڕووی چەوسانەوەو داپڵۆسین و کپ کردنی دەنگی ئازاد کردۆتەوەو بەڵام ھیچیان نەیان توانی ھێندەی ئەم ١٥ ساڵەی بەناو ئازادی دوای ڕزگارکردنی عێراق ساڵی ٢٠٠٣وە عێراق لەبەر چاوی دانیشتوانەکەی بخەن و ڕەش و ناحەزی بکەن و ھەستی جوداخوازی ھەڵوەشانەوەی وڵات لەناخی تاکەکانیا بچێنن.
ھەرچەنە بەندە باوەڕم بەبوونی شۆڕش نیە بەڵام ئەگەر ئەوەی دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی سەدام لە ساڵی ٢٠٠٣ وە ناوزەندی شۆڕشبکرێ ئەوا ئەوە کارەساتە چونکە عێراقی لە زۆردارییەوە بەرەو تاریکی و نادیار برد.
دەسەڵاتدارانی عێراق بە ھەرێمی کوردستانیشەوە ھیچ پەیوەندییەکیان بە خەڵکەوە نەماوە و تەنانەت سۆزی ھاوڵاتی بوونیشیان لێداماڵراوە بەجۆرێک ڕەفتارەئەکەن لە دزین و بەتاڵانبردنی سامانی وەڵات کە تا ئێستا ھیچ دەسەڵاتدارێکی تر و بگرە داگیرکەراکانیش نەیان کردووە. کاتێ تەماشایی بەڕێوەبردنی ئەو وڵاتە ئەکەی ھەستی ئەوەت لا دروست ئەبێ کە ھێزێکی داگیرکەری ئیمپریالی سەدەکانی پێشوو دەستی بەسەر وڵاتدا گرتوەو تەنھا کاری دزین و تاڵانکردنی سامانی سەرژەمین و ژێرزەمینی ئەو وڵاتەیە و خەڵکەکەی لەسەر دیکتاتۆری لە ڕێگەی ھەڵبژاردنەوە ئەکەن و حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانیش تەنھا بۆ جوانکاری وەک بەشدارێکی دۆڕاوی مسۆگەری ھەڵبژاردنەکان بەکارئەھێنرێن.
ھەندێ جاریش عێراق لە پرۆژەیەک ئەچی کە نێوان چەن کۆمپانیایەکی بازرگانیا دابەشکراوەو ڕیکەوتوون لەسەر دابەشکاری کار و ھەریەکە لەناوچەی خۆی کەمترین کارو زۆرترین قازانج بکا و خاونی پرۆژەکەش کە عێراقە لە مناڵێکی بی دایک و باوک یان گێلە پیاوێک یان بەزیویەکی شەڕ یان کەسێکی ئابڕوو تکاو ئەچی کە نەتوانێ ھیچ بەرگرییەک لەخۆی بکا، ئێران و تورکیاو ئەمریکاش نمونەی ئەو کۆمپانیایەن.
ئێران نەک ھەر ڕۆڵی سەرەکی لە سیاسەت و دیارکردنی حکومەتی عێراقا ھەیە بەڵکو بەھێزی چەکدارو چەندین میلیشیاش بوونی ھەیە کەی پێی خۆشبێ و چۆنی بوێ و کوێی بوێ بۆردمانی ئەکا وەک ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردووا کۆیە کردی. ئێران بە جۆرێک خۆی خزانۆتە ناو ووردو درشتی ئەم وڵاتەوە کە لەدوای سوتاندنی قونسوڵخانەکەی لە بەسرە تووشی سەرسوڕمان و ئابڕچوون بوو لەناوخۆی ئێرانا چونکە بەلای ئێرانەوە سەیر بوو کە خەڵکانی پەروەردە کراوی خۆیان و شیعە مەزھەب لێیان ھەڵگەڕێنەوە وەک ئەوەی بڵێی ئەوەی کردیان بە بابادا چوو. لەلایەکی ترەوە بەشێکی زۆری دابەزینی بەھای تمەنی ئەو وڵاتە لەدوای سزاکانی ئەمەریکاوە ئەگەڕێتەوە بۆ ئەو دەسخستنە ناوەوەی ئێران لە کاروباری عێراق ھەربۆیە بۆ لەبیربردنەوەی سوتانی قونسوڵخانەکەیان لە بەسرە جارێکیتر بە قەتڵ و عام کردنی کورد و بۆردومانی ھەردوو باڵی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە کۆیە تۆڵەیان کردەوە چونکە چاوساغ و ھاوکاریان لە باشوری کوردستان ھەیە و زۆریش لەوە دڵنیان کە ھیچ ھیزێکی ھەرێمی و نێودەوڵەتی لەسەر کورد نایەنە دەنگ. جێی ئاماژەیە کە ھاوپەیمانان وەڵامدانەوەی خێرایان بەرامبەر ئەو ھێرشە موشەکییە نەبوو کە ئەمەش ئەوەمان پێئەڵێ ئەو ھێرشە موشەکیانە بە موشەکی کورت ھاوێژ کراوەو ھەر لە ناو سنوری خاکی عێراقەوە کراوە کە ئەمەش بەڵگەی لاوازی پووکانەوەی عێراقە.
تورکیا چەندین بنکەی سەربازی و قەرەقولی لە بادینان و سۆران و داناوەو بێ ھیچ گوێدانە یاسایەکی نێو دەوڵەتی ئۆپراسیۆنی سەربازی ئەکا و بەڵکو لەسەر خاکی عێراق ئاڵای وڵاتەکەشی ھەڵەکا کە ئەمەیان لە ھیچ شوێنێکی دنیایا ڕێگەپێدراو نیە، تورکەکان بەجۆرێک حکومەتی ھەرێمیان دەستەمۆو زەلیل کردووە کە ھەرکاتێ بیانەوێ بۆ کۆکردنەوەی دەنگبێ بۆ ھەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە یان بۆ پڕکردنەوەی غەریزەی ئاژەڵی خوێن ڕشتنیانبێ ھەرێمی کوردستان بۆردومان ئەکەن و ئۆپراسیۆنی سەربازی تیا ئەنجام ئەیەن نەک ھەر ئەوەنە بەڵکو چاویان بڕیوەتە کەرکوک و ئەگەر لەتوانایانابێ ئەو شارە ئەخەنە ژێر قەڵەم ڕەوی خۆیان وەک ئەوەی لە بەشێکی قوبرسا ئەیکەن.
سعودیە چۆنی بوێ لەڕێی ھاوکارو حیزبە دەستەمۆکراوەکانەوە سیاسەتی خۆی بەڕێئەکا. ھەرچی ئەمریکاو ڕوسیاو ئیسرائیلیش ھەیە بەرژەوەندی خۆیان ھەیە و سنوری عێراق بەخواستی دڵی خۆیان سنور ئەبەزێنن و سیاسەتی ئابوری و سەربازی خۆیان ئەبەن بەڕێوە. ئەمە ئەوە ئەگەیەنێ بێجگە لە پرۆتۆکۆڵێکی نێودەوڵەتی چیتر شتێک بوونی نەماوە بەناوی عێراقەوە و ئەوەشی ھەیە لەژێر تیغی چەقۆو لەتکردنایە.
ئێستا پرسیارە گرنگە ئەوەیە ئایا لە ئەگەری ھەڵوەشانەوەی عێراقا “تەنھا وەک گریمانەیەک” کورد وەک کیانێکی جیاواز و بەزۆر لکێنراو بەو وڵاتەوە چۆن ڕەفتار ئەکا؟ ئایا دەرسی لە ھەڵەکانی پێشوو وەرگرتووە؟ تۆ بڵیی جارێکیتر خاکی کوردستان بخاتەوە ژێر ڕەحمەتی دەنگدان و مادەیەکی ھاوشێوەی ١٤٠؟ بەداخەوە مێژوو پێمان ئەڵێ کورد یەکێکە لەو نەتەوانەی کە کەمترین سوودی لە ڕابردووی خۆی کردووە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *