هاوپه‌یمانی و پاشخان ئیسلامیه‌كانی ناوی

لەلایەن ستاندار Posted on 338 جار بینراوە

ئەبوبەكر عەلی

دامه‌زراندنی هاوپه‌یمانی له‌پێناو دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری، ئومێد به‌ دواڕۆژی بزوتنه‌وه‌ی ریفۆروخوازیی كوردستانی، لای كۆمه‌ڵی كادر و خه‌ڵكی پاشخان جیاواز بوژانده‌وه‌. كه‌ سروشتی ململانێكانی رابردوو شه‌كه‌ت و ڕاڕای كردبوون. له‌ڕاستیشدا هاوپه‌یمانی له‌ڕووی فكری یه‌وه‌ كه‌ جه‌ختی له‌ نائایدۆلۆژیبوون و ده‌وڵه‌تی مه‌ده‌نی و كاری هاوبه‌شی دیدگا جیاوازه‌كان له‌ چوارچێوه‌ی پرۆژه‌یه‌كی سیاسی ریفۆرمخوازی هاوبه‌شدا ده‌كرده‌وه‌، ئه‌و شته‌ بوو كه‌ هه‌ندی كه‌س و ناوه‌ند و نوخبه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ بیریان لێده‌كرده‌وه‌ و چاوه‌ڕوانی بوون. به‌شێ له‌ پاشخان ئیسلامیه‌كانیش كه‌ هه‌ندێكیان پێشتر له‌ حیزبه‌كان هاتبوونه‌ ده‌ره‌وه‌ و هه‌ندێكی تریشیان دوای راگه‌یاندنی هاوپه‌یمانی پێوه‌ی په‌یوه‌ست بوون، ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و پێناسه‌ی سه‌ره‌وه‌ بوو.
به‌ڵام له‌گه‌ل ده‌ستپێكردنی گه‌رم و گوڕی سه‌ره‌تاكان، ساخته‌كاریه‌‌ گه‌وره‌كه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق، ئیستێكی به‌م هێزه‌ كرد و تاڕاده‌یه‌كی به‌رچاویش ( هه‌روه‌ك به‌شی له‌ هێزه‌كانی تریش) تاساندی .
به‌ڵام ئه‌وه‌ی پرسیاری جددی خسته‌ سه‌ر چاره‌نووس و ئاینده‌ی ئه‌م قه‌واره‌ سیاسیه‌، بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵی گفتوگۆی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی بوو، له‌گه‌ڵ به‌شێ له‌ یه‌كێتی و بڕیاری بایكۆتكردنی هه‌ڵبژاردنه‌كان و داخستنی كه‌ناڵی خه‌ندان بوون، كه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ش پێشمه‌رجی یه‌كێتی و ڕه‌نگه‌ هه‌ندێ هێزی ناوچه‌یی تریش بێت، بۆ ئه‌وه‌ی كاك دكتۆر به‌رهه‌م ببێته‌ به‌ربژێری پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراق. كه‌ پێشتر به‌رێزیان له‌ زیاد له‌ جارێ جه‌ختی له‌وه‌ كردبۆوه‌ كه‌ پۆست و پله‌ و پایه‌ به‌لای ئه‌وانه‌وه‌ گرنگ نیه‌. به‌ڵكو ئه‌وه‌ی به‌لای ئه‌وانه‌وه‌ مه‌به‌سته‌ كاركردنه‌ بۆ چاكسازی و گۆڕینی فۆرمی حوكمڕانی و به‌دیهێنانی حوكمڕانیی باشه‌.
هه‌رچۆنێ بێت ئێمه‌ له‌م كورته‌ نوسینه‌دا دادوه‌ری ده‌رباره‌ی ئه‌م هه‌نگاوه‌و (اداء)ی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی ناكه‌ین. به‌ڵكو ده‌خوازین قسه‌یه‌ك له‌سه‌ر یه‌كێ له‌ پێكهاته‌كانی هاوپه‌یمانی بكه‌ین، كه‌ ئه‌ویش پاشخان ئیسلامیه‌كانی ناویه‌تی.
ئه‌وه‌ی ده‌شمانه‌ویت لێره‌دا سه‌باره‌ت به‌م خوشك و برایانه ‌سه‌رنجی بۆ ڕابكێشین، تیڕوانینی هێزو لایه‌نه‌ ئیسلامیه‌كان بنكه‌ی حیزبی وجه‌ماوه‌ره‌كه‌یانه‌‌ بۆ ئێستای هاوپه‌یمانی و چۆنیه‌تی داوه‌ریكردن ومامه‌ڵه‌ كردنه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وخوشك وبرایانه‌یان كه‌ساڵأ نێكی زۆر خه‌م و ڕێبازی هاوبه‌ش كۆیكردونه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌دا سه‌رنجه‌كانمان كورت ده‌كه‌ینه‌وه‌:
1. ده‌ربڕینی ڕاو بۆچوون ده‌رباره‌یان به‌وپه‌ڕی رێز و حورمه‌ته‌وه‌، خۆدوورگرتن له‌ هه‌ر پلار و كۆمێنت و ره‌فتار و ده‌سته‌واژه‌یه‌ك، بۆنی ناوزڕاندن، پێخۆشبوون، قه‌در نه‌گرتن و هه‌ستبرینداركردنی تێدا بێت.
2. پێشوازی گه‌رم و گوڕ و برایانه‌ و پڕ ڕێز له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی له‌و به‌ڕێزانه‌ خوازیاری ئه‌وه‌ن بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناو چوارچێوه‌ حیزبی و ڕێكخراوه‌كانی خۆیان.
3. كردنه‌وه‌ی ده‌رگای گفتوگۆ له‌گه‌لیاندا به‌ ئه‌ندازه‌ی ئاماده‌گی ئه‌وان، به‌تایبه‌تیش له‌لایه‌ن به‌رپرسانی لایه‌نه‌ ئیسلامیه‌كان، سه‌باره‌ت به‌ كۆی دۆخه‌كه‌ و باری سه‌رنجی ئه‌وان ده‌رباره‌ی ریفۆرم و كاری سیاسی و چۆنیه‌تی خۆڕێكخستنه‌وه‌.
4. سه‌یركردنی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵیان وه‌ك كه‌سانێ كه‌ چوارچێوه‌یه‌كی دیاریكراوی سیاسیان هه‌ڵبژاردووه‌ به‌ مه‌به‌ستی به‌هێزكردنی ره‌وتی ریفۆرمخواز و به‌كارهێنانی به‌شێ له‌ وزه‌ و توانا ئیسلامیه‌كه‌ له‌نێو بازنه‌یه‌كی كراوه‌تری كاری سیاسی و زه‌مینه‌سازكردن بۆ پێكهێنانی ره‌وتێكی ریفۆرمخوازی نیشتمانی گه‌وره‌تر له‌دواڕۆژدا، به‌به‌شداری گه‌وره‌ و ئاره‌زوومه‌ندانه‌ی ئیسلامیه‌كان و هه‌موو ئه‌و خه‌ڵكه‌ به‌په‌رۆشه‌ی چاویان له‌دواڕۆژێكی رووناكتر بۆ وڵاته‌كه‌یان بریوه‌.
5. ئه‌م خوشك و برایانه‌ خۆیان و به‌شی له‌ بێ لایه‌نه‌كان درێژه‌ به‌ هاوپه‌یمانی بده‌ن، لێی بێنه‌ ده‌ره‌وه‌ و حیزبێكی نوی دروست بكه‌ن، له‌ چوارچێوه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیدا خۆیان رێكخه‌نه‌وه‌، یاخود له‌گه‌ل ئیسلامیه‌كان ته‌وژمێكی نوێی نیشتمانی دیموكراتی و ریفۆرمخواز به‌ هه‌ناسه‌یه‌كی ئیسلامیه‌وه‌ پێك بێنن، كه‌ ده‌بێته‌ باشترین وه‌ڵام بۆ ئه‌ركه‌كانی ئه‌م قۆناغه‌ و داهاتوو، له‌ هه‌موو حاڵه‌تێكدا تا ئه‌و كاته‌ی به‌ سه‌ره‌تاكانی ریفۆرمخوازی و به‌هاكانیه‌وه‌ پابه‌ند بن. به‌به‌شێ له‌ وزه‌ و تواناكانی ئه‌و ته‌وژمه‌ داده‌نرێن و پێویسته‌ له‌خه‌میاندا بین.
6. پێم وایه‌ ئه‌ركی خودی ئه‌و به‌ریزانه‌یه‌ كه‌ ئه‌وه‌ی روویدا به‌ ئه‌زموونیكی سه‌ره‌ڕێی خۆیان بزانن و بڕیاری هه‌ڵه‌یان پێنه‌دا و نه‌ یانخاته‌ هه‌ڵوێستی كاردانه‌وه‌و، به‌ربه‌ست له‌نێو خۆیان و ده‌وروبه‌ریان دروست نه‌كه‌ن. هه‌ندی لێدوانی كه‌م لێپرسراوانه‌ی ئێره‌و ئه‌وێش گرژ و نائومێدیان نه‌كات.
7. ئه‌وان و ئێمه‌ش له‌ چه‌ند ساڵی رابردوودا بڕوامان وابوو گۆڕانكاری به‌ قه‌واره‌ی وه‌ك هاوپه‌یمانی و قه‌واره‌كانی تری هاوشێوه‌ی ناكرێت، سه‌یری هه‌مو ئه‌م هه‌وڵانه‌مان واده‌كرد كه‌ ده‌بێته‌ به‌شێك له‌ پرۆژه‌ه‌یه‌كی سیاسی ریفۆرمخوازی نیشتمانی گه‌وره‌ی وا توانای گۆڕانكاری و به‌شداریه‌كی راسته‌قینه‌ و كاریگه‌ری له‌ ژیانی سیاسیدا هه‌بێت. ئه‌و ئه‌ركه‌ش تاكو ئیستاش وه‌كو خۆیه‌تی. ئیسلامیه‌كانیش له‌به‌رده‌م قۆناغێكدان داوای دووباره‌ خۆپێناسه‌ كردنه‌وه‌و خۆریكخستنه‌وه‌یان لێده‌كات، له‌و پانتاییه‌ كراوه‌شدا هه‌موومان ده‌گه‌ینه‌وه‌ به‌یه‌ك و پێكه‌وه‌ بیرله‌ ئاینده‌ی وڵاته‌كه‌مان و ته‌وژمی ریفۆرمخواز و ئێستای ئیسلامیه‌كان ده‌كه‌ینه‌وه‌ و خواحه‌زكات بڕیار ده‌ده‌ین.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.