چی باشتان كرد؟

لەلایەن ستاندار Posted on 355 جار بینراوە

هێدی قادر

‎کوردەواری دەڵێت دار ھەڵبڕە دز خۆی دەردەخات! قسە و باسەکانی لای خوارەوە سەنگی مەحەکن بۆ کەسێک بیەوێت بزانێت تایتڵی بابەتەکە ڕوو لە کێیە. مێژوو شاھێدە و شەرم لە کەس و ڕەحمیش بە کەس ناکات، تاوانکاران فڕێ دەداتە زبڵدانی خۆیەوە. تایتڵەکە زیاتر دەردەدڵە وەک لەوەی پرسیار بێت، ھەر بەڕاستی ئێوە چی باشتان کردوە؟!

‏‎ئەگەر گوزەرێک بکەین بە مێژوودا ئەوا دەردەکەوێت کە بەڕاستی ئێوە نمونەی خراپترین سیاسی و حوکومڕانن لەو وڵاتە پڕخێرو بەرەکەتەدا، تەنانەت لە خەباتگێریشتاندا بەھۆی ملھوڕیتانەوە بۆ وڵاتانی دراوسێ و دابەشبونتان بەردەوام بونەتە مایەی مەینەت و حەسرەت بۆ ئەم میللەتە بەش خوراوە. شەڕی ناوخۆ باشترین نمونەیە لە مێژووی چەپەڵتان، ھەر ئەو کاتە دەرکەوت کە ئێوە جگە لە مەسڵەحەتی شەخسی و حیزبی خۆتان ھیچیترتان لە ھەگبە دا نەبووە، خۆ ئەگەرنا ئاخۆ ڕێکەوتنی دوو حیزبی بچوکی ھەرێمێکی پڕ خێرو بێر و خەڵکێکی سادەی کەم ژمارە ھەرگیزا و ھەرگیز ئەوەندە ئەستەم نەبووە تا لە نەبوونیدا ڕۆڵەی بەجەرگی ئەم خاکەی پێ بدەن بەکوشت لە پێناوی ھیچدا.

‏‎ھەر ئەوەندەشنا بەڵکو لایەزال ئەو عەقڵە کۆن و دۆگمایە لەناو ئەندامانتان زیندوە بەجۆرێک کە لە ئەگەری بچوکترین نەگەیشتنە یەک و ڕێکنەکەوتن ئەوا جارێکیتر سنور جیادەکەنەوە و لایەک بۆلای دایکە تورکیا و لاکەیتر بۆلای ئێرانی دایکی! بەس نەبوو ڕاپەڕینەکەش خۆڕسکی شەقام بوو خۆ ئەگەرنا نان و پیازێکی باشیشتان بەویشەوە دەخوارد، بەڵام نا نەک ھەر نان و پیاز ئەی بۆ ھیچ ماوە تاڵانی نەکەن لەم وڵاتە و نەیکەنە دۆلار و بانکەکانی ئەوروپا و ئەمریکای لێپڕ نەکەن؟!

‏‎ دەپرسم ئاخۆ ئێوە چی باشتان کردوە تا شانازی پێوە بکەن؟! داھاتی سەربەخۆتان باش، ئێوە نەبوون بە جووتە بوونە مافیای نەوت و سامانی سروشتی وڵات و ھەمووتان ئاودیوی ئێران بەتەنکەر و تورکیا بەبۆڕی نەکرد، ئەی چی بۆ میللەت بوو؟ تاکە دەسکەوت کە بە میللەت بڕا لەو سەودا ناڕەوایە بریتیبوو لە بڕانی بەشە بودجەی عێراق ٪‏١٧ لەوەشەوە بوەھۆی بڕانی مووچەی فەرمانبەران، پاشان بەناوی ڕاستکردنەوەوە بەھەموو قوەتی خۆتان لەبەر دزی و گەندەڵی و بندیوار توانیتان بە سێ مانگ چارەکە مووچەیەک بدەن، ئەوەیە ھونەری داھاتی سەربەخۆتان دوای ٢٧ ساڵ حوکومڕانیتان؟!

‏‎کاتی ئەوەیە قسە زلەکانی چەند ساڵی ڕابردووتان بێنمەوە بیر، زوڵمە ئەگەر باس نەکەم ئێوەبوون ھەوڵی دروستکردنی دەوڵەتتاندا! ھەر بەو ئاسانیە، حاڵی خۆمان ھێندە باش نەبوو کاتێک کەش و کوفی دروستکردنی دەوڵەت کەوتە مێشکتانەوە کە جگەلە قسەی زل و مزایەدەی سیاسی و ناوبانگی مێژوویی ھیچیتر نەبوو. ئێوەبوون ویستان بمانکەنە خاوەنی دەوڵەت لەکاتێکا خەلک پارەی پێنەبوو، خەلک ناڕازیبوو لەھەمووشت، وێڕای ھەموو ئەمانەش باج و خەراج دووھێند کرابوو، خاوەنی ئابوریەکی باش نەبووین، ھیچ جۆرە ئامادەکاریەک نەکرابوو، نەک ھەر لەدەرەوە بەڵکو لەناوخۆش دژایەتی دەکرا. دەوڵەت دەوڵەتی حیزبی بوو نەک نیشتیمانی،

‏‎ئیتر دەرئەنجامە خراپەکانی دواتر دەرکەوتن، فڕۆکەخانەکان و سنورەکان داخران، گەورەترین لێکەوتەش بریتیبوو لە ١٦ ئۆکتۆبەر کەبوەھۆی ئاوارەبوونی ھەزاران کورد لە کەرکوک و خواروی کەرکوک، شەھیدبوونی کۆمەڵێک پێشمەرگە، لەدەستدانی ٪‏٥١ خاک و گەڕانەوەی چەندین بیرە نەوت بۆ بن دەستی حوکومەتی عێراق. کارێکیان نەکرد پێشوەختە پاڵپشتی نێودەوڵەتی بەدەست بێنن بۆ وەھا بارودۆخێکی نەخوازراو. کۆتایی ھەموو ئەمانەش دووبارە گەڕانەوە بوو بۆ بەردەم بەغداد بە چاو شۆڕی و سەرشۆڕی و مەمنونیەوە و ئیلغا کردنەوەی ڕیفراندۆم دوای ئەم ھەموو قسە زل و بێکەلکە.

‏‎کوا ئازادی ڕادەربڕینتان؟ چەند ڕۆژنامەنوس و قەڵەم بەدەستان لەسەر ڕا دەربڕین خەڵتانی خوێن کرد، ئێوە شەق وەشێن و چەک بەدەست بوون بۆ خەلکی خۆتان ھەرکەس دەنگی ناڕەزایی ھەڵبڕێت دەنگی دەبڕن. ئەی کوا گەنجەکانتان؟ بە ھەزاران گەنج ئامادەیە بڕواو بە ئەوپەڕی ترس و لەرزەوە لە بەحری ئیجە بپەڕێتەوە، ئەمە لەپێناوی چیە؟ ئەمانە بۆچی؟ تۆ بڵێی لەبەر ئەوە نەبێت کە وڵاتمان زۆر ئارامە و خۆشگوزەرانە؟!

‏‎ھەموو ئەمانە بەس نەبوون تا کار گەیشتە ئەوەی سەرۆکی پەرلەمان و ئەوانەش کە بەدڵی ئێوە نەبوون لە ئەندامانی پەرلەمان و وەزیرەکانی حوکومەت بنێرنە ماڵەوەو وڵات بەبێ پەرلەمان بەرن بەڕێوە، ھەر بەڕاستی ئێوە یان ھیچ لە حوکمڕانی نازانن یان بەجدی زۆر لێی شارەزان! ئێوە تواناتان ھەیە ھەرێمێک ببەن بەڕێوە بەبێ گەورەترین دامەزراوە کە پەرلەمانە، تا ئەوکاتەی خۆتان کارتان پێی کەوت ئینجا کاراتان کردەوە، ئەوەیە وڵاتی ففتی بە ففتی.

‏‎نوێترین کاری دزێو و قێزەونیشتان بریتیە لە ساختەکاری و تەزویری ھەڵبژاردن، بەجۆرێک جورئەت دەکەن قوتی خەلک ھەموو بە ھەدەر بدەن لە پێناوی کڕینی شێوازی تەزویر تەنانەت لە جیھازی ئەلیکتڕۆنیش! دەتانەوێت حوکمڕانی و دەسەڵاتداری بە دەنگی دزراوی خەلکەوە بکەن، تاکەی دەتانەوێت ئاوا بەردەوامبن، کەی واز لە حوکمی بنەماڵەیی دێنن، کەی واز لەو میللەتە بەش مەینەتە دێنن؟ کوا کارەباتان کە جگە لە عاموودی بێ کارەبا ھیچیتر نین، کوا ئاوتان، کوا مافی خەلک، کوا دەنگی خەلک؟؟؟ ئێوە چین، ئێوە لە چ توخمێکن……؟!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.