کرین و فرۆشی مرۆڤ و بازبازێن لە سێبەری ھەڵبژاردندا

لەلایەن ستاندار Posted on 296 جار بینراوە

ئەحمەد رەجەب

ئاشکەرایە خەڵک لە بازاردا پیازو پەتاتەو سەوزەو میوەو برنج و رۆن و جلو‌بەرگ و شتومەکی دیکە ئەکرێت و، ئەوەش کارێکی سروشتییە لە ھەموو وڵاتانی جیھاندا بەڵام لە وڵاتی ئێمە بازرگانی بە مرۆڤەوە ئەکرێت وحزب و بەرپرسان لەو رووەوە دەستی باڵایان ھەیە بە تایبەت حزب و بەرپرسانی خاوەن موڵک وسامان و پارەی مۆڵ.

لە ساڵانی رابردوو دیکتاتۆر سەدام حوسەین و حزبی بەعسی عەرەبی بوو بوون بە خاوەنی عێراق و، بە ھێزو سوپاکەی تا ساڵی ٢٠٠٣ بە ئارەزووی خۆیان رەفتاریانکردو خەیروبێری عێراقیان ھەڵلووشی و، لەو رۆژە بەدوواوە عێراق کەوتە دەستی شیعەو مێزەر بەسەرو ئەمریکاو وڵاتانی دەوروپشت بەناو “”دراوەسێ”” و، لێرەدا باسی عێراق و کرین و فرۆش و سەرکردە بودەڵەکانی ناکەم و، مەبەستی من کوردستانە.

لە پاش راپەرینە مەزنەکەی جەماوەری گەلی کوردستان و، گەرانەوەی حزبەکان بۆ شارەکان، ھیچ حزبێک خاوەنی بستێک زەوی نەبووەو، گیرفانی ئەنداماکانی خاڵی وبەتاڵ بووەو، لە رۆژانی پێشمەرگایەتی کەس بیری لای پارەو سامان نەبوو، ھاوکات حزبە کوردستانییەکان و حزبی شیوعی عێراق پێکەوە لە بەرەیەکدا بوون، بەناوی بەرەی کوردستانی و، کاتێک پارەو دەسەڵات کەوتە بەر دەستی ( پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان) شەقیان لە بەرەی کوردستانیداو پەکیانخست و، بەبێ گوێدان بە نەرێت و باوی کۆمەڵایەتی و، دوور لە ئەخلاقی ھاوخەباتی و ھاو سەنگەری رۆژانی سەختی پێشمەرگایەتی ھەر یەک لەلای خۆیەوە ھێزێکی بەناو پێشمەرگەوە دروستکرد، ھێزی ٧٠ سەر بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان و، ھێزی ٨٠ سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان.

بەو شێوەیە ئەو دوو حزبە بوون بە خاوەن ھێزو، ھیچ رۆڵێکیان بۆ پێشمەرگەی حزبەکانی تر نەھێشتەوەو، لێرەدا جێی ئاماژەیەو بۆ مێژوو پێویستە راستییەک بووترێت، دەربارەی رۆڵی درەوشاوەی حزبی شیوعی دژ بە دیکتاتۆر سەدام حوسەێن و رژێمی خوێنرێژی حزبی بەعسی عەرەبی و، بەرگری و داکۆکیکردن لەمافەکانی گەلێ کوردستان، پێویستە ئەو راستییە بخرێتەروو، ئەوەی شیوعییەکان کردییان لە چالاکی و پەلاماردانی دوژمنان و، ئازادکردنی شاروچکەکان، ھیچ کات حزبە “” گەورەکان”” بۆیان نەکرا، چونکە حزبی شیوعی توانی وەک ھێزێکی رێکخراو لە سەر بنەمایەکی بتەو پەرە بە تێکۆشان بدات و، ھێرش بکاتە سەر رەبیەو مۆڵگاکانی دوژمن و بە تەنھاو، بە ھاوکاری لایەنەکانی تر شارۆچکەکان رزگار بکات و، حزبی گەورەش ھەیە بەتەنھا نەیتوانیوە شارۆچکەیەک رزگار بکات.

لە ساڵی ١٩٩٢ پەرلەمانی کوردستان دەستبەکار بوو، ولە پاش نەمانی بەرەی کوردستانی و، دروستبوونی ململانێی سیاسی لە سەر داھاتەکانی گومرکی ئیبراھیم خەلیل لە نێوان پارتی و یەکێتی لە ساڵی ١٩٩٤ جەنگی ناوخۆو،‌ پێکدادانی چەکداری لە نێوان ھەردولاو لە ھەرێمی کوردستان روویداو، جەنگی ناوخۆ لە ھەریمی کوردستان بووە ھۆی کوشتنی ھەزاران گەنج و پێشمەرگەو، پەکخستنی پەرلەمان و، ھەردوو پارتەکە ھەوڵیان ئەدا لە ڕێگەی بەکارھێنانی ھێزەوە دەستبگرن بەسەر سەرچاوەکانی داھاتی ھەرێمی کوردستانداو،، پاشان کوردستانیان کرد بە دوو بەش و، دوو حکومەت و، تا ئێستا سامانی ھەرێم ئەخۆن.

لە پاش ئەوەی ھەردوو حزبی خاوەن ھێزو دەسەڵات بوون بە خاوەنی پارە و، ئێستاشی لە گەلدا بیت دەستیان کرد بە کارێکی بەدناوو پر لە شەرمەزاری، کەوتنە کرین و فرۆشتنی مرۆڤ و، ئەم ھەنگاوەش رێی خۆشکرد بۆ بازبازێن لەم حزب بۆ ئەو حزب و، کاتێک ھەڵپژاردن نزیک ئەبێتەوە بازاری ئەم بەزمەش ھەڵئەکشێ و، بۆ ئەو مەبەستەش دەستئەکەن بە دابەشکردنی خانوو، ئۆتۆمبێل و زەوی و دەمانچەو ولاپتۆپ و شتی ترو، ئەم کارەش موراڵ وئەخلاقی خەڵک و کۆمەڵگا ئەگۆرێت و ئەیشێوێنێت..

ئەمرۆ لە کوردستان کەسانێکی دەرکراو لە رێزەکانی حزبی شیوعی ، بوونەتە ئەندامی سەرکردایەتی وکارگێروو کادێری دەزگاکانی راکەیاندنی حزبە کوردستانییەکانی ترو، ئەگەر باسی ھەڵبەزودابەزی ئەندامانی تێکرای حزبەکان بکرێت، ئەوا پێویستە سەرژمێر بکرێن و، بزانن چەند کەس بۆ پارەو پۆست خۆێ فرۆشتووەو چەند کەس سەرقاڵی بازبازێە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.