كورد لە نێوان (نامەكەی تێلەرسۆن و دادگای فیدراڵی)

لەلایەن ستاندار Posted on 423 جار بینراوە

كورد لە نێوان

(نامەكەی تێلەرسۆن و بڕیاری دادگای فیدراڵی)

ساڵێک بەسەر نامەکەی رێکس تێلەرسۆن’ی وەزیری پێشوی دەرەوەی ئەمریکا تێدەپیڕێت، كە تێدا چەندین دەستكەوتی گەورەو گرنگی بۆ هەرێمی كوردستان تێدا بوو، بەڵام سەركردایەتی كورد رەتی كردەوە.



ستاندەر

ساڵێك بەسەر نامەكەی رێكس تێلەرسۆن’ی وەزیری پێشوی دەرەوەی ئەمریكا تێدەپیڕێت، لێكۆڵەرێكی سیاسی دەڵێ،”ئەو بەڵێنانە گرنگتر بوو لە بلفۆر، كەچی سەركردایەتی كورد ئەو نامە زێڕینەی ڕەتكردەوە، بەڵام ڕازی بوو بە بڕیارەكانی دادگای فیدرالی”.

Image result for rex tillerson and Barzani

مسعود عەبدوڵخاڵق، لێكۆڵەرێكی سیاسی، بابەتێك لە ساڵوەگەڕی ناكەی رێكس تێلەرسۆن’ی وەزیری پێشوی دەرەوەی ئەمریكا لە ژێر ناونیشانی (كورد لە نێوان نامەكەی تێلەرسۆن و دادگای فیدراڵی) بڵاودەكاتەوە، دەڵێ،”ساڵی پار لەو رۆژەدا تێلەرسۆن’ی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا نامەیەكی بۆ مسعود بارزانی نارد، كە زیاتر لە 700 ووشە پێكهاتبوو، بەڵێنی زۆری گەورەو گرنگی بۆ كوردستان تێدابوو”.

ئەو لێكۆڵەرە سیاسییە، گرنگترین خاڵەكانی نامەكەی رێكس تێلەرسۆن’ی وەزیری پێشوی دەرەوەی ئەمریكا دیاریدەكات:

1. دان هێنانی بەمافی چارەنوس
2. دان هێنان بەوەی كە لەساڵی 1921ەوە كورد لە عێراق لە ستەم دایە.
3. باسی چارەی كۆنفیدرالی نێوان (كوردستان و عێراق)ی تێدایە .
4. باس لە دیاری كردنی سنوری كوردستانیش كراوە.

مسعود عەبدوڵخاڵق، دەشڵێت، “هەڵبەتە ئەو بەڵێنانە گرنگ تر بوو لە بلفۆر (كە لە 35 وشە پێكهاتبوو)، كەچی سەركردایەتی كورد ئەو نامە زێڕینەی ڕەتكردەوە، بەڵام بە بڕیاری دادگای فیدرالی ڕازی بوو، كە لە مادەی پێنجەم واهاتوە (هەمو ئاسەوارەكانی ریفراندۆم هەڵدەوەشێتەوەو دەبێت هەرێمی كوردستان پابەندی بێت) پابەندیش بوو”.

١. رێککەوتنی مانادار لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات و داهات.
٢. جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠.
٣. چارەسەرکردنی کێشەکانی دیکەی وەك پێشمەرگە، فڕۆکەوانی مەدەنی، نوێنەرایەتی دبلۆماسی،، هتد.

ئەو لێكۆڵەرە سیاسیە له كۆتاییدا بە سەرسوڕمانەوە دەڵێت، “هەرگیزا و هەرگیز نەمن و نە كەسییتر لەوە تێدەگات، كە بۆچی سەركردایەتی كورد ئەو نامەیەی رێكس تێلەرسۆن’ی ڕەتكردەوە، كە چارەنوسی كوردستانی مسۆگەركردبوو، كەچی بە بڕیاری دادگای فیدرالی ڕازی بووە.

ئەوەی خوارەوە دەقی نامەكەی تیلرسۆن بەئینگلیزی و كوردی

بەڕێز سەرۆك بارزانی،
من بە نوێنەرایەتی ئەمریکا [ئەم نامەیە] دەنووسم تا رێزی بێپایانی خۆم بۆ تۆ و بۆ گەلی هەرێمی کوردستانی عێراق دەرببڕم. پێکەوە، لە چەند دەیەیەکدا، پەیوەندییەکی مێژووییان سازکردووە و مەبەستمانە و پابەندین بەوەی ئەم پەیوەندییە بەردەوامبێت تا بەهێزتربێت لە چەند دەیەی داهاتوودا. لە سێ ساڵی رابردوودا بەتایبەت، هاوبەشی بەهێزمان و بڕیاری ئازایانەت بۆ هاوکارییکردنی تەواو لەگەڵ هێزە ئەمنیەکانی عێراق وایکرد شەڕی دژی داعش پێچەوانە بکەوێتەوە. شەرەفمەندییە و هەرگیز قوربانییەکانی پێشمەرگە لەبیرناکەین لەکاتی خەباتی هاوبەشماندا دژی تیرۆریزم.
لەئێستادا و بۆ ئێمە بابەتی ریفراندۆم دەربارەی داهاتووی هەرێمی کوردستان هەیە، کە بڕیارە 25ی ئەیلول بکرێت. نیگەرانی خۆمان دەربڕیوە. ئەم نیگەرانیانە شەڕی بەردەوامی دژی داعش لەخۆدەگرێت، ئۆپەراسیۆنی داهاتووی حەویجە لەخۆدەگرێت، ژینگەی هەرێمیی ناجێگیر و پێویستی بەچڕی تەرکیزخستنە سەر سەقامگیرکردنی ناوچە ئازادکراوەکان لەخۆدەگرێت تا دڵنیابین لەوەی داعش هەرگیز نەتوانێت بگەڕێتەوە. بەوجۆرە، بەڕێزەوە داوای قبوڵکردنی بەدیلێك دەکەین، کە پێمانوایە باشتر یارمەتی بەدەستهێنانی ئامانجەکانت و دڵنیایی دەداتە سەقامگیریی و ئاشتی لەبەردەم ئەم شەڕە پێویستەی دژی داعشدا.
پرۆپۆزەڵە بەدیلەکە چوارچێوەیەکی نوێ و خێرا دادەڕێژێت بۆ دانوستان لەگەڵ حکومەتی ناوەندی عێراق بە سەرکردایەتی سەرۆکوەزیران عەبادی. ئەم چوارچێوە خێرایەی دانوستان ئەجێندایەکی کراوەی تێدایە و پێویستە زیاد لە ساڵێك بمێنێتەوە، بە ئەگەری نوێکردنەوەوە. ئامانجەکەی چارەسەرکردنی تەواوی کێشە مۆلەقەکانە لەنێوان بەغدا و هەولێر و سروشتی پەیوەندی ئایندەیە لەنێوان ئەو دوو لایەنەدا. هەروەها تاوتوێی پێویستیە دارایی و ئەمنییە هەنوکەییەکانت دەکەین.
بەڕێز سەرۆك، لە نائومێدی ئەم دەیەیەی دواترت تێدەگەین، راستە، لە 1921ەوە زوڵمی مێژوویی بەرامبەر گەلی کورد کراوە لە عێراق. دان بە بابەتی دۆزینەوەی پێویستیەکی بنەڕەتییدا دەنێین بۆ پێشکەوتن، کە بتوانێت چارەسەری پێویستی و داواکارییەکانی هەموو رەگەز، باوەڕ و ئێتنیکەکانی ئەم خاکە کۆنە بکات. ئەمە زۆر پێویستە بۆ سەقامگیریی هەرێمەکەت، لەگەڵ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئاسایشی نیشتیمانی ئێمە. لەبەر هەموو ئەو هۆیانە، ئەوە سیاسەتی ئەمریکایە لەژێر ئەم ئیدارەیەی سەرۆك ترەمپدا کە هەر شتێك لە دەسەڵاتماندا هەبیت بیکەین تا یارمەتی ئێوە و حکومەتی ناوەندی بدەین کێشە هەنووکەییەکانتان چارەسەر بکەن و تا دڵنیایی بدەین لەوەی هەموو قورسایی و دەسەڵاتێکمان پابەندە بەم چوارچێوە نوێیەی دانوستانەوە.
جیا لەوەش، ئامادەین ئاسانکاریی بکەین بۆ پشتگیریی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، تا زیاتر یارمەتی ئەم پرۆسەیە بدات لەگەڵ بەشدارییکردنی تەواوی نەتەوە یەکگرتوەکان و هاوبەشە گرنگەکانمان، وەك بەریتانیا و فەرەنسا. ئەمە دەرفەتێکی ناوازەیە کە بەڕێزەوە داوا لەئێوە دەکەین قبوڵی بکەن وەك بەدیلێك بۆ ریفراندۆمەکە، کە پێمانوایە کاردانەوەی جددی دەبێت – و تەنانەت، خراپتریش، پاشەکشە بە ئامانجەکانمان دەکات.
بەڕوانین لە مێژووی گەلی کورد، تێدەگەین لەوەی ئەم دیالۆگە پێشنیازکراوە بە دوا هەل دەزانیت. بەڵام پێمانوایە ئەمە هەلێکە شایستەی تاقیکردنەوەیە – بەتایبەت لەدەمی سەرکەوتنە مێژووییەکانتان دژی داعش، هاریکاریی بێوێنەی نێوان هێزە ئەمنیەکانی عێراق و پێشمەرگەی کورد و پشتگیریی بەهێزی نێودەوڵەتی. بەدڵنیاییەوە لە کۆتایی ئەم پرۆسەیەدا، گەر گفتوگۆکان نەگەیشتنە ئەنجامێکی قبوڵکراوی دوولایەنە یان شکستیان هێنا بەهۆی کەمی متمانی بەغداوە، بێگومان دان بە پێویستی ریفراندۆمدا دەنێین.
لە بەرامبەر پابەندیمان بۆ پشتگیرییکردنی ئەم چوارچێوە جدییەی دیالۆگدا – وەك بەدیلێك تا ریفراندۆمی بڕیارلێدراو دوابخرێت – داوات لێدەکەین پابەندبیت بەم خاڵانەی خوارەوە:
یەکەم، دانوستان لەگەڵ بەغدا وەك بنەمای گەیشتن بە لێکتێگەیشتن و گەیشتن بە رێککەوتنێكی هاوبەش دەربارەی داهاتوی پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دەمێنێتەوە. جا ئەمە مانای فیدراڵیزمێکی راستەقینەی کارپێکراو بێت یان هەر هاوکێشەیەکی دیکەی کۆنفیدراڵی، یان سەربەخۆیی، هەر دەبێت لەڕێی دانوستانی ئاشتیانەوە بێت.
دووەم، هەرێمی کوردستان و پێشمەرگی کورد بەردەامدەبن و بە هاوبەشێکی سەرەکی دەمێننمەوە لەنیو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شکستهێنان بە داعش، پاڵپشتی شیاوی هاوپەیمانێتیەکە دەکەن، تۆش بەردەوام دەبیت لە هەماهەنگیی مێژوویت لەگەڵ هێزە ئەمنیەکانی عێراقدا. ئەمریکا پلاندادەنێت بۆ خێراکردنی هەوڵەکانمان بۆ پشتگیرییکردنی میکانیزمی هاوبەشی ئەمنی، بەتایبەت لە ناوچەکانی وەك شەنگال، کە هێشتا ناسەقامگیرن دوای داعش. دەبێت پێکەوە بە هاوبەشی کاربکەین بۆ دڵنیابوون لە سەقامگیریی ئەم ناوچانە هەستیارانە.
سێیەم، سنوورەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق بە دانوستان لەگەڵ بەغدا دەستنیشان دەکرێن، هاوتەریب بەو پرۆسەیەی لە ماددەی 140دا چێکراوە. ئەمریکا لەگەڵ نەتەوە یەکگرتوەکان و هاریکاریی لەگەڵ حکومەتی عێراق، پشتگیریی پرۆسەیەکی خێرای چارەسەرکردنی ئەم کێشانە دەدات لەو ماوەیەی لە سەرەوەدا باسی لێوەکراوە.
چوارەم، چاوەڕواندەکەین بەردەوامبیت لە هەوڵدان بۆ هاریکاریی لەگەڵ حکومەتی ئێستای عێراق، بە پێشەنگی سەرۆکوەزیران حەیدەر عەبادی، بە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی نیشتیمانی 2018 و کاریگەریی ئەرێنی لەسەر بەغدا کاتێك دێتە سەر بابەتی پێکهێنانی حکومەتی نوێ دوای ئەم هەڵبژاردنانە. دەوڵەتداریی و سەرکردایەتییت پێویست دەبێت لە قۆناغی دوای داعش بۆ هەموو ناوچەکە.
هاوتەریب بە چوارچێوەی دانوستانەکە، پشتگیریی و ئاسانکاریی چارەسەری ئەم کێشانەی خوارەوە دەدەین لەماوەی ساڵێکدا:
١. رێککەوتنی مانادار لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات و داهات.
٢. جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠.
٣. چارەسەرکردنی کێشەکانی دیکەی وەك پێشمەرگە، فڕۆکەوانی مەدەنی، نوێنەرایەتی دبلۆماسی،، هتد.
پێمانوایە ئەم نامەیە و بڕیاری بوێرانەت بۆ قوبڵکردنی ئەم بەدیلە دەبێتە بەردی بناغەی دەرفەتێکی مێژوویی لەنێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لە دەمی قوربانیدانی هاوبەش و سەرکەوتنمان لەدژی داعش. بە نوێنەرایەتی ئەمریکا، سەرۆك دۆناڵد ترەمپ و تەواوی تیمی ئاسایشی نیشتیمانیمان، شەرەفمەندبووین بە کارکردن لەگەڵتان.
لەگەڵ رێزماندا،
رێکس تێلەرسەن

Image result for rex tillerson

 

Related image

ئەمەش دەقە ئینگلیزیەكەیە:

Microsoft Word - US Draft Letter.docx

Microsoft Word - US Draft Letter.docx

 

 

 

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.