گۆڕان لە ماوەی یەک ساڵی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان چیکرد، و چی گۆڕی ؟

لەلایەن ستاندار Posted on 292 جار بینراوە

عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا

ئێستا لەھەرێمی کوردستان ھاوڵاتیان وپارتەسیاسیەکان سەرقاڵی بانگەشەوخۆئامادەکردنن بۆ ھەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کەبڕیارە لە ( ۳۰-۹-۲۰۱۸) بەڕێوەبچێت.
دەستپێکی خولی چوارەم کەدەکاتە ڕۆژی سوێندخواردنی یاسایی ئەندامانی خولەکە لە ( ٦-۱۱-۲۰۱۳) بوو ، بەڵام ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بەھۆی ململانێ وڕێکنەکەوتنی لایەنەسیاسیەبراوەکان کەوتە ( ۲۹-٤-۲۰۱٤) واتا دوای زیاتر لە(٦)مانگ بەسەر سوێندخواردنی پەرلەمانتاران ئینجا دەستەی سەرۆکایەتی ھەڵبژێردرا ، و دواترودوای ڕێککەوتنی لایەنەبراوەکانی ھەڵبژاردن پێکھاتەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کەھەڵبژێردران بریتی بوون لە د.یوسف محەمەدسادق سەرۆکی پەرلەمان لە پشکی بزوتنەوەی گۆڕان ، د.جعفرئیبراھیم ئیمینکی جێگری سەرۆک لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان ، فەخرەدین قادرمارف سکرتێری پەرلەمان لەپشکی کۆمەڵی ئیسلامی .
کارکردنی پەرلەمانی کوردستان گەر لەوساتەوەی دەستەی سەرۆکایەتی ھەڵبژێردرا تا ئەو ڕۆژەی خوێندنەوەی یەکەم بۆپڕۆژەکانی ھەمواری یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم کرا ، ئیتر لەو ڕۆژەوە واتالە ( ۲۳-٦-۲۰۱٥ )وە بەناڕاستەوخۆیی پەرلەمانی کوردستان پەکخرا و ڕێگری و کۆسپی زۆر بۆ بەڕێوەچونی کارەکانی دروستکران چونکە دەستبرا بۆکورسی سەرۆکی ھەرێم ، تائەوکاتەی بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆو بەبڕیارێکی تاکە کەسی وحیزبی لە ( ۱۲-۱۰-۲۰۱٥) بەتەواوی کڵۆم لەدەرگاکەی دراو ڕێگەلەسەرۆکەکەی گیرا تەنانەت بشچێتە شاری ھەولێر.
لێرەدا مەبەستمە ھەندێ لەو گۆڕانکاری و کارانەی کە تەنھا لەماوەی ساڵێکی تەمەنی پەرلەمانی کوردستاندا کەسەرۆکەکەی لەپشکی گۆڕان بوو کران بیانخەمەڕوو ، ھەڵبەت نابێت ڕۆڵی بەرچاوی سکرتێری پەرلەمانیش لەبەرچاونەگیرێت لەو گۆڕانکاری و کارانەدا.
بۆیە ئاماژە بەھەندێ لەو گۆڕانکاریانە دەکەین کەکراون وکەسیش ناتوانێت نکوڵیان لێبکات ، چونکە ھەمووی لەپڕۆتۆکۆلی پەرلەماندا پارێزراون وماون، لەوانەش ؛
ــ پەرلەمانی کوردستان لەوساڵەدا ببوە پەرلەمانی ھەموان بەشێوەیەک کوردانی باکور ، باشور، ڕۆژھەڵات ، ڕۆژئاوا بەپەرلەمانی خۆیانیان دەزانی ودەرگای واڵاکرابوو بۆ ھەموان ولەپێشوازی ھەموانیشدا بوو بێ جیاوازیکردن.
ــ سێ لیژنەی گرنگ وپێویست بۆ لیژنەھەمیشەییەکانی پەرلەمان زیادکران کەبریتی بوون لەلیژنەکانی ( پەیوەندییەکان وڕەوەندی کوردی ، ناوچەدابڕێنراوەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم ، لیژنەی کاروباری پەرلەمان تایبەت بەبەدواداچونی ھەمووکارەکانی پەرلەمان ) جگەلەوەش بۆدروستکردنی پردێکی بەھێزی پەیوەندیکردن لەنێوان پارێزگای کەرکوک وپێکھاتەکانی ناوی لەگەڵ پەرلەماندا نوسینگەیەکی پەرلەمان لەوشارەدا کرایەوە .
ــ برەودان بەکاری تیم ووەک یەک سەیرکردنی فراکسیۆنەکانی نێوپەرلەمان کەژمارەیان (۱۷)فراکسیۆن بوو ، ھەروەھا خستنەبەرنامەی کاری پڕۆژەکانی فراکسیۆنەجیاوازەکان بەپێی پێویست .
ــ بەکراوەیی ھێشتنەوەی ھەموو دانیشتنەکانی پەرلەمان تاکو خەڵکی ئاگاداربن لەنێو ھۆڵی پەرلەماندا چی دەگوزەرێت و چ پڕۆژەیەک گفتوگۆی لەسەردەکرێت ، تەنانەت ھەوڵیشدرا تاکو کۆبونەوەی لیژنەجیاوازەکانی پەرلەمانیش کە ( ۲۲)لیژنەبوو بەکراوەیی بێت و ڕۆژنامەنوسانیش ئازادبن لەئامادەبونی کۆبونەوەکان .
ــ فراکسیۆنی گۆڕان یەکەمین فراکسیۆن بوو کەبەفەرمی وبەواژۆی سەرجەم ئەندامانی لەگەڵ سەرھەڵدان وقوڵبونەوەی قەیرانی دارایی ودواکەوتنی موچەی فەرمانبەروموچەخۆران داوای بانگھێشتکردنی وەزیری دارایی کرد کەلەپشکی گۆڕانیش بوو لە ( ٦-۹-۲۰۱٥)دا لەڕێگەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانەوە ، بەڵام لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتەوە ڕێگیری لێکراتاکو بێتە نێو ھۆڵی پەرلەمانی کوردستان .
ــ بەبەراورد بەخولەکانی پێشوو تەخشان وپەخشانکردنی پارە بەڕێژەی ( ۷٥٪)وزیاتریش کەمکرایەوە ،و لەبری کڕینی ئوتومبێلیش بۆپەرلەمانتاران ئەوپارەیە درایە خانەوادەی سەربەرزی شەھیدانی دەستی گروپی تیرۆریستی داعش ، وبۆ خانەوادەی ھەرشەھیدێک بڕی (۲۰۰۰۰۰۰)دووملیۆن دینار دیاریکرا بۆپێدانیان .
ــ لەو ماوەیەدا (۷۰۷) پرسیار لەلایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران ووەزارەت ودەستەکانی حکومەتکران کەزیاتر لە (۲۰۰)پرسیاریان لەلایەن ئەندامانی فراکسیۆنی گۆڕانەوەکراون ، ولەو (۷۰۷)پرسیارە ( ٥٦۰)پرسیاریان وەڵامەکانیان گەڕێندراونەتەوە بۆ پەرلەمان و پەرلەمانتاران ، ئەمەجگە لەوەی کەھەرلەلایەن ئەندامانی فراکسیۆنی گۆڕانەوە دەیان یاداشت و پڕۆژە دراوەتەحکومەت تاکو کارییان لەسەربکات ،و چەندین دۆسیەی گرنگ وھەستیاریش دراونەتە دادگاکان ودەستەی دەستپاکی ولایەنەکانی تری پەیوەندیداربۆ لێکۆڵینەوە .
ــ لەدانیشتنەکانی پەرلەماندا (۸)جار وەزیری وەزارەتە جیاوازەکان بانگھێشتکراون و ئامادەبوون ، و (۳٥)جارییش وەزیر بانگھێشتی لیژنەجیاوازەکانی پەرلەمان کراون . جگەلەئامادەبونی ئەنجومەنی ھەرێمی بۆنەوت وگاز بۆپەرلەمان و لیژنەپەیوەندیدارەکان .
ــ خوێندنەوەی یەکەم بۆ ( ۱٤۷) پڕۆژەیاساوبڕیار کراوە ، ( ۱۸) یاسا دەرچوێنراوە کەیاسای گرنگ وپێویست بوون لەوانە ( یاسای کوردستان بو سندوقی داھاتە نەوتی وگازییەکان ، یاسای ئیدارەی پارێزگای ھەڵەبجەلەھەرێم ، یاسای پاراستنی مافی پێکھاتەکان ، یاسای بودجەی پارتەسیاسیەکانی ھەرێم ، یاسای نوسینەوەی دەستوری کوردستان بۆڕاپرسی …… ھتد…) ئەمەجگە لەدەرکردنی( ۳۷) بڕیاری گرنگ لەوانەش بڕیاری ژمارە (۱۹) کەتایبەت بوو بەھاوتاکردنی موچەی ھێزەکانی پێشمەرگە بەھێزەکانی ناوخۆ ، بڕیارەکانی ژمارە ( ۲٤ ، ۲٥)کەتایبەت بون بە ناردنی ھێزی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ و داننان بەکانتۆنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان .
ــ دەستبەکاربونی لیژنەی نوسینەوەی دەستورو نوسینەوەی بەشێکی زۆری دەستورەکە ، ھەروەھا دەستکرا بەھەموارکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان وپێکھێنانی لیژنەیەک بۆئەو مەبەستە چونکە لەخولی چوارو خولەکانی پێشوشدا پەرلەمان خاوەنی پەیڕەوێکی پڕلەبۆمبی توقیتکراوبوو ، بەشێوەیەک پەرلەمان وپەرلەمانتارانی بەتەواوەتی کۆت وبەندکردبوو .

ئەمانە مشتێکن لەخەرواری ئەو جیاوازی وکارو گۆڕانکارییانەی کەلەپەرلەمانی کوردستاندا کران لەوماوەکورتەدا ، بەڵام پەکخستنی پەرلەمان و کڵۆمدانی دەرگاکەی جگەلەوەی عەیبەیەکی گەورەی ھێنایە سەرشانی ئەو بەرپرسانەی چارەکە سەدەیەکە باس لەدیموکراسی ، سەروەری یاسا ، مافی مرۆڤ و دەستاودەستکردنی دەسەڵات دەکەن ، بوەھۆکارێکیش بۆباڵادەستی حکومەت وبەرپرسەکانی تاکو بەخواستی خۆیان و بێ چاودێری ولێپێچینەوە کۆمەڵێک بڕیاری نایاسایی و نالۆژیکی دەربکەن کەکاری ئەوان نیە ، لەوانە سەپاندنی سیستمی پاشەکەوتی موچە ، زیادکردنی باج وڕسومات ، زیادبونی ڕێژەی بێکاری وھەژاری وگەندەڵی و……… .
داخستنی پەرلەمان وەک گەورەترین دامەزراوەی یاسادانان لەھەرێمدا شتێکی نەھێشتەوە بەناوی ئەزمونی ھەرێم وشانازیکردن پێوەی ، وەکاریگەریشی کردە سەر نەمانی ھاوکاریەکانی باشور بۆڕۆژئاواوناوچەکانی دیکەش ، وەک ئەوەی نوێنەری کانتۆنەکانی ڕۆژئاوا (غەریب حەسۆ) لە(۱۰-۱-۲۰۱۷) ئاماژەی بۆکرد لەکاتی سەردانیکردنی چەند پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنەجیاوازەکان بۆنوێنەرایەتی ڕۆژئاوا لەسلێمانی بەمەبەستی پیرۆزبایی ساڵڕۆژی دامەزراندنی کانتۆنەکان لەڕۆژئاواو ڕاشکاوانە وتی ( لەوکاتەوەی پەرلەمانی کوردستان پەکخراوە ، ھاوکارییەکانی باشوریش بۆ ڕۆژئاوا وەستاوە )
وەکاری کونسوڵیەکانیشی قورسترکرد بەوتەی ( جانێت ئەلبێردا)ی کونسوڵی ھۆڵەندا لەھەرێم کەڕاشکاوانە لەکاتی سەردانی بۆنوسینگەی سلێمانی پەرلەمانی کوردستان لە ( ۱٥-۲-۲۰۱۷) داووتی ( داخستنی پەرلەمان کاری دیبلۆماتە ئەوروپیەکانی سەختکردوە ) .
ھەرگیز پارتەدەسەڵاتدارەکان نەویستویانەو نەتوانیویشیانە پەرلەمان بکەنە مەرجەعی باڵای بڕیاردان ، نەڕێگەشیان داوە پارت ولایەنەکانی تر بەوکارە ھەستن وشکۆ بۆدامەزراوەیەکی گرنگی وەک پەرلەمان بگێڕنەوە .
بەھیوای ھەڵبژاردنێکی پاکوبێگەرد بۆخولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان وکردنی پەرلەمان بەشوێنی یەکلاکردنەوەی کێشەوگرفتەکان ، وەتەواوکردنی ئەو کاروھەنگاوانەی کەلەخولی چوارەمدا تەواونەکراون .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.