پارتی و یاسای ژماره‌ 10 و پرسی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار

لەلایەن ستاندار Posted on 341 جار بینراوە

سه‌نگه‌ر رسول

 

رۆژی 11ی ته‌ممووزی ئه‌مساڵ وه‌كو هه‌ر رۆژێكی ئاسایی دیكه‌ی ئه‌مساڵ تێپه‌ڕی له‌كاتێكدا له‌و رۆژه‌دا په‌رله‌مانی كوردستان یاسای ژماره‌ 10ی ساڵی 2018 یاسای هه‌ڵپه‌ساردنی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستانی په‌سندكرد! كه‌ به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ ده‌بووایه‌ ناره‌زایی گه‌وره‌ له‌به‌رامبه‌ر ده‌رچوواندنی ئه‌و یاسایه‌ نیشاندرابا له‌لایه‌ن ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ چه‌سپاندنی سیستمی په‌رله‌مانی و هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم بوون له‌ناو په‌رله‌مان، به‌داخه‌وه‌ هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كی لێنه‌كه‌وته‌وه‌. ئه‌گه‌ر بپرسین كێشه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌و یاساییه‌ چییه‌و چ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ پرسی سه‌رۆكایه‌تی كۆماره‌وه‌ هه‌یه‌؟ ئه‌وا ده‌بێت بگه‌رێینه‌وه‌ مادده‌ی سێیه‌می یاسای ژماره‌ 10ی ساڵیب 2018 یاسای هه‌ڵپه‌ساردنی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، كه‌ ده‌قی مادده‌كه‌ وا ده‌خوێنرێته‌وه‌: “پێویسته‌ خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان له‌ماوه‌ی دوو وه‌رزی گرێدانی ساڵی یه‌كه‌میدا له‌ژێر رۆشنایی پێوه‌ره‌ گشتییه‌ ده‌ستوورییه‌كان، بریار له‌سه‌ر چاره‌نووسی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بدات”، له‌و مادده‌یه‌ ئه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ هه‌ر گفتوگۆو دانووستانێكی ئاینده‌ له‌باره‌ی پرسی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌برگه‌یه‌كی مه‌تاتی یاسایی ” له‌ژێر رۆشنایی پێوه‌ره‌ گشتییه‌ ده‌ستوورییه‌كان ” كه‌ له‌مادده‌كه‌ هاتووه‌؛ كامه‌ ده‌ستوور؟ كام ووڵات و كام هه‌رێم؟ كه‌واته‌ پرسی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم دوای ده‌رچوواندنی ئه‌و یاساییه‌ زیاتر كه‌وتۆته‌ به‌رژه‌وه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌كاتێكدا ده‌بووایه‌ له‌جیاتی ده‌ركردنی ئه‌و یاسایه‌ یاسای هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ناو په‌رله‌مان ده‌رچووێندرابا.

بۆ چی یاسای هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ناو په‌رله‌مان؟ ئه‌گه‌ر هاتباو ئه‌و یاسایه‌ كاری له‌سه‌ر كرابا ئه‌وا بێگوومان پارتی ده‌بووایه‌ له‌نێوان سه‌رۆكی حكومه‌ت و سه‌رۆكی هه‌رێم یه‌كییان هه‌ڵبژێرێت (پێشووتر ئه‌و بابه‌ته‌ زۆر به‌ووردی له‌سه‌ری نووسراوه‌)، به‌ڵام به‌هۆی ده‌ركردنی یاسای ژماره‌ 10 ئه‌مساڵ پارتی هه‌م ده‌رفه‌تی له‌به‌رده‌م ماوه‌ یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بدڵی خۆی كراسێكی لێبدوورێت هه‌میش دڵنییایه‌ له‌وه‌ی كه‌ له‌ئێستادا ئه‌و پۆسته‌ بۆ هیچ لایه‌كی دیكه‌ نابێت چونكه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌! هه‌ر ئه‌م یاسایه‌ ده‌بێته‌ هۆی یه‌كێك له‌گرفته‌كانی دارشتنی ده‌ستووری داهاتوو یاری پێده‌كرێت. پارتی به‌هۆی په‌سندكردنی یاسای ژماره‌ 10-ه‌وه‌ جڵه‌وی گرفت و ناكۆكییه‌كانی پرسی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كردووه‌ و ئه‌مه‌ش وایكرد پارتی ئه‌مجاره‌ شه‌ره‌كه‌ بباته‌ به‌غداو له‌بری پۆستی به‌ستووی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ئه‌مجاره‌ شه‌ره‌كه‌ له‌سه‌ر پۆستی سیادی سه‌رۆكی كۆمار ده‌كات، له‌به‌رئه‌وه‌ی واقیعی ئێستای نه‌خشه‌ی سیاسی هه‌رێم دانانی سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتووی هه‌رێم زیاتر به‌لای پارتییه‌وه‌ هه‌ر بۆ ئه‌ویش ده‌بێت به‌تایبه‌تی به‌هۆی دابه‌شبوونی ده‌نگی لیسته‌كان له‌زۆنی سه‌وزو كورسی كۆتاكان، كه‌واته‌ ئه‌و یاسایه‌ی سه‌ره‌وه‌ هه‌لێكی باشی بۆ پارتی ره‌خساند كه‌ یارییه‌كانی له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم په‌ره‌ پێبدات و كه‌ناڵی دوووه‌می دیبلۆماسی كورد كه‌ پۆستی سه‌رۆكی كۆماره‌ وه‌ربگرێت.

پارتی بۆچی پێداگری ده‌كات؟ یه‌كێكی دیكه‌ له‌هۆكاره‌كان ئه‌وه‌ ده‌بێت كه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی پۆستی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان لای پارتییه‌و به‌وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆكی كۆمار ده‌یه‌وێت جۆرێك كاریگه‌ری له‌پرۆسه‌ی ده‌رچوواندنی یاسادانانی عیراقی بكات؛ به‌جۆرێك كه‌ هه‌م جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان رۆڵی ده‌بێت له‌به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كان و هه‌میش سه‌رۆك كۆمار مافی تانه‌ لێدانی یاساكانی هه‌یه‌و به‌مه‌ش ده‌توانێت تاك لایه‌نه‌و به‌بێ گه‌رانه‌وه‌ بۆ لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كانی دیكه‌ چه‌ند یارییه‌كی بچووكی له‌به‌رژه‌وه‌ندی حزبه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ حزبه‌ عیراقییه‌كانی دیكه‌ی پێبكات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.