ھەڵە تێگەیشتنێک

لەلایەن ستاندار Posted on 397 جار بینراوە

نەبەز جەلال

جۆری ھەڵمەت و کرداری کەسی سیاسی، لەگەڵ واتای زانستی پەروەردەیی ھزرو بزاوتی شۆڕشگێڕانەی کەسی شۆڕشگێڕ، لەم چوارچێوە جوگرافیی و دابەشکراوەدا، دوو چەمک و دوو کەوانی تیری پێچەوانەیی ئاڕاستەو ڕێگە جیاوازن، لە پێکانی ئامانجێکی دیاریکراودا، بەئاڕاستەی چنینەوەی خەبات و تێکۆشانی ” کەسیی و گشتی ” لە فۆرمە خزمەتگوزارییەکانیاندا بۆ” خەڵک ” و بەرگریکردن و مانەوەی بەرژەوەندییە ” کەسی “یەکان بۆ خوود.!

ئەو کەسەی بەواتاو کرداری” سیاسی” کار بۆ پرۆسەی سیاسی دەکا، لەم دەڤەرە ( ھەرێمی باشوور ) دەبێت ئامادەیی و توانستی گەمەی راکێشانی سەرنجی دوژمنەکانی ھەبێ، گەر پێویستیش بێت بە وویست و پلانی حزبی و بەرژەوەندی کەسی خۆی بھاوێژێتە باوەشی پڕ سۆزی دایکانەی دوژمن و مل کەچی خواست و فەرمانەکانیان بێ، بەپێی سیاسەتی رۆژ دەست و پەنجە نەرمبکات و خۆی بگونجێنێ و ببێتەوە ھاوبەشی نەیارانی، لە پرۆسە گوماناوییە سیاسییەکانیشدا لەنگەری با و شەپۆلی بازرگانبێ بۆ دەستکەوت.

” کورد ” گوتەنی: لەم ھەرێمەدا سیاسەت بێ دایک و باوکی ھەتککراو و بەچە زۆڵە، سیاسیەکانیش، لە نێو ئەم جۆری میتۆدو ناونانەدا وونن و کەس خاوەندارێتی ڕاستەقینەیان ناکا، چوون ھەر جارەو بەجۆرێک گەمەی نمایش دەکەن. ئاشناکردنی بەمشێوازە سیاسییە جگە لە نوزەیەکی شەرمن، پەیامی ئامادەسازی پلانێکی ھەناو ڕژاویشە بۆ پەنجە نەرمکردن و سەرلەنوێ ناساندنەوەی بێ مۆڕاڵی سیاسییە، لە ھەناوی سەرکردە باڵاکان و بڕیاری ئۆرگانەکانی حیزبە، بۆ بێنرخکردن و بچوککردنەوەی کارەکتەری سیاسی پیتێنراوە، لە نێو تاک پەرستن و داھێنانی پەروەردەی و پیرۆزی دۆزینەوەی فەرماندەی بێ ڕکابەر بۆ سیاسەت.

سیاسی بلوریی لەم ھەرێمە بەویست و دەستی دەستە باڵاکانی ئۆرگانی حیزب ئەچێنرێت، دەچنەوە خزمەت پاراستنی کارو بەردەوامی گەشەو گەمەی بەرگریکردنی ڕەوایەتی مانەوە بەوەھمی کاریزمای پیتێنراو و تێپەڕیوەکانی ڕابوردو. دەبنەوە ھەمان کەرەستەی گەشەی خەونی بەردەوامی دروستکرنەوەی دەسەڵاتی سیاسی لەسەر ھەمان بنج و توخمە بۆماوەکەی ڕەچەڵەکی سەپێنراو.

جۆر و شێوازی جیاواز، لە فۆرم و بەرھەمی کارەکتەری سیاسی مڵۆزم ، لە پێگەو ڕەوتی بەردەوامی شکست و رێچکەی نوێی داھێنراو، لە ژێر تیشکی کاریگەری و بینینی پیرۆزییەکانی نێو خوێندنگا ئۆرگانییەکانی حیزب..

شێواندنی قۆناغەکانی گواستنەوەی سیاسی و دەستکاریکردنی ئاڕاستەکەی و دەست خستنە ناو پرۆسەی سیاسییەوە، بۆ مەرامی سیاسی، لەنێو بازنە دیاریکراوەکەیدا، سنور ڕێژکردنەوەی درزو و کەلێنە ئۆرگانییەکانی جووڵەی سیاسین لە پانتاییە حیزبییەکەیدا بۆ دەستکەوتی قێزەوون .
کەس و پەروەردەی شۆڕشگێڕیش تەواو پێچەوانەی ناوەرۆک و بەرپرسیارێتی کار و کردەوەی کەسی سیاسی حیزبین، بێگومان ئەویان دەبێتە شانازی بۆخەڵک و خاک و نیشتیمان ئەمیشیان دەبێتە شەرمەزاری و پەڵەیەکی ناشرین بۆ ھەموو.

بۆ ڕێککردنەوەی ئەم جیاوازی و جیاکردنەوەی ھەڵەی تێگەیشتن وگەوجاندنە ئۆرگانییە، دەبێت لەدەرەوەی بینین و سنوری بەرکەوتنەکانی ململانێ سیاسی ” باشوری کوردستان” سەرنجێکی وردتر بدەین لە دیوی ھزرو پرەنسیبی پەروەردەیی و کەرەستە پێکھاتوەکانی گەشکردنی پرۆژەیەکی نوێ بۆ گەڕانەوە و ڕزگارکردنی ئومێدی چاوەڕوانیی گەل و گەیشتن بەدونیا بینیی راستەقینە و دەربازکردنی ڕەوشتی سیاسی و سیاسەتکردن، لەو قۆزاخە بۆگەنەی بۆتە ڕێچکە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.