ھەڕەشە، لە کێ؟ بە پاڵپشتی کێ؟

لەلایەن ستاندار Posted on 343 جار بینراوە

مەلا فرمان

موخابن بەشێک لە بەرپرسە حیزبی و سیاسیەکان، لە ناویاندا کەسە یەکەمەکانیش ھەن، گەر بە لاپەڕەی مێژوی سیاسی و حیزبیاندا بچیتەوە دەبینیت، ئەم لاپەڕانە زیاتر پڕکراونەتەوە بە:
1- ھەڕەشە و پەنجەراوەشاندن.
2- توانج و سوکایەتی پێکردن.
3- تۆڵەسەندنەوە لە یەکتر.
4- عینادی و ملھوڕی
5- کینەی سیاسی.
6- پاشەقولگرتن و لە پشتەوە خەنجەر لێکدان.
7- تەخوینکردن.
8- درێژدادڕی و قسەکردنی زۆر.
9- نەرمی نواندن بەرامبەر نەیاران و دوژمنان و ھاوکاری و دەستڕاکێشانیان.
سەرۆکی پارتی و چەندینی تر بێ لێکدانەوە و تیگەیشتن لە کات و شوێن کە دو چەمکی گرنگن لە قسە و لێدوانی سیاسی و دەبێت حیسابیان بۆ بکرێت:
– ھیج حیساب بۆ رای دەوروبەر و بریار بەدەستەکان ناکات، عینادی دەکات، سوردەبێتەوە و ھەڕەشەی ئەنجامدانی ریفڕاندۆمی دا.
– لە ناوجەرگەی سلێمانی لە کاتی بانگەشەی ھەڵبژاردن ھەڕەشە لە ھێزە سیاسیەکانی ئەو دەڤەرە دەکات.
– بەرامبەر بەغدا و تورکیا و ئێران لەسەر حیسابی برا و ھاونیستمانیانی نەرمی دەنوێنێ و پێدەچێت گەر سەغڵەت بێت جارێکی دیش دەستیان راکێشێتەوە.
– دوای کۆڕەوی یەکێتی لە ١٩٩٦ سەرۆکی پارتی لێبوردنی گشتی بۆ یەکێتیەکان دەردەکات، جگە لە مام جەلال، کەچێ دوای ھەفتەیەک یەکێتی گەڕایەوە نێوان کۆێی و ھەولێر، دێگەڵە بو بەسنور.
سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەرەڕای زیرەکی لە یاریکردنی سیاسی بەم و بەو ، لاپەڕەی ژیانی سیاسی بەدەر نەبوە لەو کەموکوریانە، لەوانە:
– کاتی دەرپەڕاندنی پارتی لە ھەولێر، جەنابی دەڵێت ” مەگەر جارێکی تر پارتی بە دوربین سەیری ھەولێر بکات”
– ھێنانی ئاغای مەتەری و وتاردان لە سلێمانی ” انشاءاللە بارون میبارد”، لێرەوە بارانی غەزەب باری و ٣١ ئاب دروست بوو.
– لە کاتی کۆڕەوەکەی یەکێتی دوای ٣١ ئاب ، جەنابی خۆشحاڵ دەبێت و دەڵێت ” مەسعود بارزانی توشی خیانەتی گەورە بو، ٦٦ سڕایەوە”.
تەخوینکردن
تەخوینکردن لای زۆربەی سیاسیەکان ھاوشێوەی ھەڕەشە و خاڵەکانی سەرەوە بوە بە کەلتوری سیاسی. لە بابی تەخوینکردنیش، فەرمون لەگەڵ ئەم نمونە دیارانە:
– تەخوینکردنی نەوشیروان مستەفا دوای بەجێھێشتنی یەکێتی لەلایەن سکرتێری ئەوسای ئەو حیزبەوە.
– تەخوینکردنی کوڕان و بنەماڵەی مام جەلال لەلایەن سەرۆکی پارتیەوە.
– تەخوینکردنی بنەماڵەی بارزانی لەلایەن بنەماڵەی تاڵەبانیەوە: ٣١ ئاب و شەنگاڵ و قڕکردنی یەزیدیەکان لەلایەن داعشەوە.
لە بەرامبەردا نەوشیروان مستەفا دوای ئەزمونێکی زۆر، بەفێربون لە رابردو، دێت بە کردەوە خاڵێک دادەنێت و دێتە سەر دێڕ.
قوتابخانەیەک دادەمەزرێنێ و دەیەوێت تێیدا، خوێندکار فێربێت:
1- چۆن کۆتایی بە کینەی سیاسی و کۆنە قین بێنن.
2- دورکەوتنەوە لە بەخشینەوەی تەخوین. وەک ” ئەوەی لەگەڵم نەبێت خائینە و دەستی لە پشتەوەیە …..ھتد” .
3- بڕوانینە داھاتو نەک ھەر رابرد وخەباتی شاخ بە نەوەی ئەم سەردەمە و داھاتو بفرۆشینەوە و بیکەینە منەت بە سەریانەوە.
4- سیستەمێکی حوکمڕانی تەندروست بێ بونی ھێزی ئۆپۆزسیۆن باسێکە لە خەیاڵ. ھەڵەی ئەم سەرکردانە لەوەدایە دەیانەوێ دیموکراسی ببەخشنەوە، نەوت و سامان و دەسەڵاتیش بۆ خۆیان قۆرغبکەن.
بە پشتیوانی کێ؟
پشتیوانی ئەو سەرۆکە و سیاسیانە لەو ئەشکەوتە بەفرینە دەچێت ، کاروانجی بۆ حەسانەوە روی تێدەکات و بۆ خۆ گەرمکردنەوە تا بەیانی ئاگری تێدا دەکاتەوە…. دوا جار ئەشکەوتە بەفرینە دەبێتە لافاو.
تا ئێرە و تا ئەمڕۆ ئەمەی سەرەوە بەشێکن لە رابردویەکی تاڵ. ئەمەی ئێستاش رودەدات لە سەر دەستی پاشماوەکانی ھەردو رەحمەتی مام جەلال و مەلا مستەفا جگە لە دوبارەکردنەوەی ئەو رابردوە، چاوەڕوانی داھاتویەکی باشی لێناکرێت. بۆیە ئەم دەستانە ئەو دەستە ئەمینە نین دەسەڵاتی ئەم ھەرێمەیان بدرێتە دەست.
بۆ ئەوەی ھەم ھەرێم و ھەم پارتی و یەکێتی وەک دو حیزب بە ئارامی بژین و بێنەوە سەرخۆ، پێویست بەوە دەکات ئەم دو پاشماوەیە لە سندوقەکانی دەنگدانەوە رابچڵەکیندرێن و ببێتە سەرەتایەک بۆ گۆرینی ھەڵسوکەوتەکانیان و بەخۆدا چونەوە لە ٤ ساڵی داھاتو.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.