بۆچی یەکێتی و پارتی زۆرینە نین

لەلایەن ستاندار Posted on 262 جار بینراوە

سەلاح زانا

دوای ئاشکرا بوونی ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئاماژە سەرەتاییەکان وا نیشان دەدەن کە رێژەی یەکێتی و پارتی (٦٠٪) تێپەڕاندوە . بە گوێرەی ئەمە زۆرینەی خەڵکی کوردستان دەنگیان داوە بەم دوو لایەنە . کەچی بە لەبەر چاوگرتنی راستیەکان ئەم دوو ھێزە زۆرینە نین . بۆ پشت راست کردنەوەی ئەم بۆچوونە ئاماژە بەم سێ خاڵەی خوارەوە دەکەم :

١. وەک سەرجەم ھەڵبژاردنەکانی پێشوو، یەکێتی و پارتی لەم ھەڵبژاردنەشدا ساختەکاریەکی زۆریان ئەنجامدا . چاودێران و میدیاکانی ئۆپۆزسیۆن سەدان بەڵگەی ساختە و پێشێلکاریان خستۆتە روو . وە ھەندێ لە ئەندامانی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانیش دانیان بەم راستیەدا ناوە . بە رەچاو کردنی ئەم ساختەکاریە بێ شومارە، بە لایەنی کەمەوە (۱٥٪) ی دەنگەکانیان زیادی کردوە . ئەمە جگە لەوەی بە ھەزاران دەنگی لایەنەکانی تریان پووچەڵ کردۆتەوە یان وون کردوە . بە سەرنجدان لەم راستیە، ئەوا رێژەی دەنگی راستەقینەی ئەم دوو حیزبە دێتە خوارەوە بۆ نزیکەی (٤٥٪) .

٢. بەھۆی دووبارە بوونەوەی ساختەکاری زۆر لە ھەڵبژاردنەکاندا، وە شکستی ھێزە نەیارەکان لە بەگژا چوونەوەی ئەم دیاردە دزێوەدا، خەڵکی نارازی تارادەیەکی زۆر بێ ئومێد بووە لە پرۆسەی ھەڵبژاردن، بەو ھۆیەوە رەنگە (۲٠٪) دەنگدەر بایکۆتی پرۆسەکەی کردبێ . کە ھەموو ئەو دەنگانە لە ھەژماری ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆن کەم بوونەتەوە . ئەگەر بێتوو رێژەی ساختەکاری تارادەیەکی باش کەم بێتەوە و جۆرێک گەشبینی بەرامبەر بە پرۆسەی ھەڵبژاردن بێتە ئاراوە و رادەی بایکۆت کەم بێتەوە، ئەوا بە لایەنی کەمەوە رێژەی ئەم دوو لایەنە دێتە سەر (۳٥٪) . بەمەش دەردەکەوێ کە ئەم دوو ھێزەی دەستەڵات بە شێوەیەکی راستەقینە زۆرینە نین .

٣. زۆرینەی ئەو خەڵکەی لە دەوری ئەم دوو ھێزە کۆبوونەتەوە، بە ھۆکاری بەرژەوەندی ماددی پەیوەستن پێیانەوە . لە راستیدا ئەم دوو حیزبە لە رێگەی کۆسپ دروست کردن لە بەردەم بە نیشتیمانی کردنی دامەزراوەکانی وڵات و سەروەری یاسا و چاکسازی دارایی و کارگێری، پشتیوانی دەیان ھەزار کەسیان دەستەبەر کردوە . ھەر کاتێ دەستەڵاتی سیاسی بە کردەوە ھەنگاو بنێ بۆ پرۆژەی نیشتیمان سازی و ئەنجام دانی ریفۆرم، ئەوا زۆرینەی ئەو کەسانەی کە بەرژەوەندیەکانیان لە دەست دەدەن، لەم دوو ھێزە دوور دەکەونەوە . ئەو کات رێژەی جەماوەری راستەقینەیان دادەبەزێ بۆ نزیکەی (۲٠٪) .
واتە لە سایەی سیستەمی گەندەڵ و سەروەر نەبوونی یاسادا، ئەم دوو ھێزە وەک ( زۆرینە ) خۆیان سەپاندوە، نەوەک لە راستیدا ئاستی جەماوەریان زۆر لە خوارەوەیە .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.