سیاسەتی باش و سیاسەتی خراپ

لەلایەن ستاندار Posted on 275 جار بینراوە

بەھرۆز جەعفەر

بە پێی «ئەرستۆ» و «ئیبن خەلدون» سیاسەت چاکەی گشتیەو فەزیلەتە، سیاسەت بریتی یە لە چاکەی گشتی و پاسەوانێتی کۆمەڵگە.
مەسەلەن کاتێک شکایەت ئەبەنە لای مەلامستەفای بارزان کە فوڵان کەس لەپاڵ ناوی تۆ و شۆڕشەوە دوو زللەی لێداوین و پەنجا دیناریش سەرانەی لێ سەندوین لە گەڵاڵەی لای حاجی ئۆمەران، مەلا مستەفاش ئەڵێت «ئەوە پەنجا دینارەکەت و وەرە دوو زللەکەش لە من بدە». ئەمە گەڕانە بەدوای چاکەی گشتی دا، کاتێک ئەردۆگان لە (٢٠٠٧) واز لە ھەڕەشە ناھێنێت و ھێز ئەنێرێتە ناو خاکی کوردستان کاک مەسعود بارزانی ئەڵێ «ئەگەر ئەوان دەست لە ھەولێر وەربدەن ئێمەش دەست لە کاروباری ئامەد وەرئەدەین» ئەمە پاسەوانێتی کۆمەڵگەیەو، ھەمومان لە پشتیەوە ئەوەستین.
سیاسەتی خراپ ئەوەیە کە پارتی دیموکراتی کوردستان لەدوای بەھاری عەرەبی (٢٠١١) ەوە لە دوای (١٧ ی شوباتی ٢٠١١) ەوە پەیڕەوی ئەکات. ڕۆژێک تاڵەبانی پەیوەندییەکان لە بەغدا لەگەڵ مالیکی چاک ئەکات ڕۆژی دواتر پارتی تێکی ئەداتەوە، ڕۆژێک خەڵک داوای چاکسازی ئەکات، ئەوان ھەر بەردەوامن لە تاڵانی داھاتی کوردستان و، شکست بە سیاسەتی ئابوریی ھەرێم ئەھێنن (ببینە بەپێی وەزارەتی سامانە سرووشتیەکانی ھەرێم ئەبو لە ٢٠١٥ ەدا ڕۆژانە ١ ملیۆن بەرمیل نەوت ھەناردە بکرێت، ئەوە ٢٠١٨ یە تازە ٣٢٩ ھەزار ھەناردە ئەکرێت!)..
لینین، ئەڵێ «خیانەت ئەوەیە بچیتە شەڕێکەوە کە دڵنیایت تیایدا ئەدۆڕێیت». بتەوێ لە گۆمێکی لیخن بدەیت کە ئەگەری نقومبون زۆر زیاترە وەک لە پەڕینەوە، ڕیفراندۆم ئاوابو، ئێمە ئەبێت کاتێک دەست بە جووڵەی سەربەخۆیی بکەین، کە لە ھەموو کێڵگەکاندا زەوی بەیار و ڕەق مان کێڵابێت، ھەرێمی کوردستان (٢٧) ساڵە کیانێکی ھەیە بەقەد یەک دەستگای ھاکەزایی کاریگەری پۆزەتیڤی لەسەر ڕای گشتی جیھانی دانەناوە، لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی ئەکتەرەکان و ڕۆڵەکانیان ناناسێ و، پۆلێنی نەکردووە تا کاریان لەسەر بکات. لەسەر ئاستی وڵاتانی دراوسێ گەمەی جیۆپۆڵەتیک ی و بازاڕی ڕام نەکردووەو، کۆدەکانی ھەماھەنگی ھاوبەشی نەدۆزیوەتەوە، لەسەر ئاستی عێراق و وڵاتانی عەرەبی لەباتی دۆستایەتی و سیاسەتکردن لەگەڵیان، ھەمیشە ئیستفزازی کردون، یانی ئەوە چ حیکمەتێکە ئاڵای ئیسرائیل بەرزبکەیتەوە لەھەرێمێکدا کە دەوردراوە بە سەدان ملیۆن عەرەب!. ببینە: «عەبدولکەریم قاسم» ساڵی (١٩٥٨) ھاتە سەر حوکم سوور بوو لەسەر ئەوەی مافی کوردەکان بدات، خوالێخۆشبو مەلا مستەفای بارزان لە سۆڤیەتەوە گەڕایەوە و لە قەسری سەباحی نوری سەعید نیشتەجێی کرد لە بەغدا، مانگانە (٦٥٠) دیناریان پێ ئەدا، دەنگی کوردی بەغدا کرایەوە، ڕێکخراوەکانی ئافرەتان و قوتابیان و ڕۆژنامەی خەبات مۆڵەتی کارو چالاکیان لە بەغدای پایتەخت پێدرا، یاسای چاکسازی کشتوکاڵ دەستکاری ئەکرا، لە ماددەی (٣) ی دەستوری کاتی عێراق دا ھات کە «کوردو عەرەب شەریکن لە خاکی عێراق دا»…تەنانەت زۆری نەمابو دائیرەتولمەعاریفی کوردستان لە کەرکوک بکرێتەوە، جەمال عەبدولناسر ئەوپەڕی ڕێزی لە بارزانی باوک نا کە لە سۆڤیەت گەڕایەوە. ئێ سەرەڕای ئەم ھەموو کارە گرنگانە کورد بەھەڵە شۆڕشی ئەیلولی ھەڵگیرساندو، ھەرلەخۆیانەوە کۆمەڵێ چەکدار لە بەرەی دھۆکەوە پەلاماری ھێزەکانی عێراق ئەدەن بەبێ ئیزنی مەکتەبی سیاسی پارتی شەڕ دەست پێدەکەن!.
ساڵی (٢٠٠٨) بو خوالێخۆشبوو تاڵەبانی کۆبوونەوەیەکی پێکردین وەک ڕۆژنامەنوسان، ئەوەی تێی گەیشتین ئەوەبو کە لەو قۆناغەدا کورد لە مالیکی باشتری دەست ناکەوێ، ئەیەوێ خزمەتی کوردستان بکات، ھەندێ ھەڵەی ھەیە بگەڕێمەوە بەغدا بانگی ئەکەم و دوبارەی ناکاتەوە، ئێ پارتی دیموکراتی کوردستان دەستی کرد بەوەی شاخ لەشاخی مالیکی و حکومەتی مەرکەزی گیر بکەن، تا لە گرێژنەوە دەرچوو…
کە «د.حەیدەر عەبادی» بو بە سەرۆک وەزیران، لەبری ھەماھەنگی باش، دونیایەک نوێنەری دەم نوقاوی بێ ئاگای پارتی لە بەغدا ھەبوون، گەیاندیانە ئەوەی کورد بە سەربەخۆ نەوت بفرۆشێ، ئابوری سەربەخۆ و، کەڵکەڵەی سەربەخۆیی سیاسی، وای کرد شکست بە ئابوری و سیاسەت لە ھەرێمی کوردستان بێت (ئاخەر چین ناتوانێ ئابوری سەربەخۆی ھەبێت کێ ئەم چەمکەی خستە سەر زاری ئێوە!!؟).
ئێستاش کە «د. عادل عەبدولمەھدی» وەک کەسایەتیەکی بیرتیژی بێلایەن، دووربین، بۆتە سەرۆک وەزیران، کە زۆر دۆستی کوردەو، زۆر حەز بە خزمەتی کورد ئەکات، خەمی سەرەکی ئەوەیە لەبری ھەماھەنگی و سیاسەتی باش، پارتی دیموکراتی کوردستان دیسان وا بکات ئەم سەرۆکوەزیرانەش بەلەسەو توڕە بکاتە گیانی کورد!.
سیاسەتێکی تری خراپی کورد، بە دیاریکراوی بارزانی ئەوەیە یەکێتی و یەکبوونی ناو کوردو کوردستان تێک ئەدەن، یانی ببینە بارزانی بەھۆی خراپی دەوروبەرەکانیەوە، بەھۆی ئەوەی تێوەی ئەگلێنن لەشەڕێکەوە و ئەیدەن بە دارو بەردا، کە لەڕاستی دا ئیشی ئەو نییە، مەسەلەن بارزانی دێتە سولەیمانی بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردنی حیزبەکەی لەبری گوتاری کۆکەرەوە، لە باتی بنەمای خیتابەکەی وابێت وەک موگناتیس ھێزی ڕاکێشانی بەرەو خۆی ھەبێت، دێت ھەڕەشە ئەکات!. دێت بەنزین ئەکات بە ئاگرێکدا کە زیاتر لە نیو سەدەیە ئاسەوارەکەی بە جەستەی کوردو کوردستانەوە دیارە، دێت ململانێیەک لەگەڵ وەچەی دووەمی تاڵەبانیەکان دەست پێدەکات کە ھاوتەمەنی ئەو نین.
ئەوجا «بەرھەم ساڵەح» ێک کە لەتەمەنی دا لە ھیچ ململانێەکدا نەبووە دژی پارتی و بارزانی، جگە لە تەقدیر و بەرز نرخاندنی بارزانی ھیچی تر نەبووە، چ پێویست ئەکات بارزانی بەرەیەکی تری ناحەزایەتی دەست پێ بدا !؟. لە دیاریکردنی کاندیدێک بۆ دژایەتی یەکێتی و بەرھەم ساڵەح بارزانی سێ جار ھەڵەی کرد، جارێک ھەڵەی بەرانبەر کوردستان کرد، پیشانی شەقامی عێراقی و جیھانیشی دا کە کورد ناتوانێ یەکڕیز بێت، پارتی لێرەدا نیشانی دا کە بەرگری لە کوردناکەن بەڵکو بەرگری لە حیزب و پۆست ئەکەن. جارێکیش غەدرێک بو لە خودی خۆیان چونکە بە دۆڕاوی ھاتنە دەرەوەی کاندیدەکەی بارزانی نیشانی دا کە بارزانی مەرجەعی کورد نەماوەو، سەنگێکیان لای عێراقیەکان و ئێران و ئەمریکا نییە. ئینجا جارێکی تر بەرەیەکی دیکەی ململانێی دەست پێکرد لە نێوان وەچەکانی خۆی و ماڵباتی تاڵەبانی دا، کە نەوەی تازە تاقەتی ئەم جەنگ و ململانێ نێوخۆییانەی نەماوە (بە ڕێژەی بایکۆتی دەنگدان و تەزویرکردنەکاندا دیارە). لەسەرێکی تریشەوە شەقامی شیعەش بەرانبەر کورد بە گومانە!. ببینە «ھادی عامری» لە ٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٨ ھاتۆتە ھەولێر سێ کۆبونەوەی جیاجیای لەگەڵ ھەریەکە لە بەڕێزان مەسعود بارزانی نێچیرڤان و مەسرور بارزانی ئەنجامداوە، وەکو بڵێیت ئەم برادەرە ھاتبێت لێکۆڵینەوە بکاو بەدوای ڕاستیەکدا بگەڕێت!. وە نەبێت یەکێتی نیشتمانی کوردستان یش بێ بەش بێت لەم ھەڵانە بەھۆی نەبونی سەرکردایەتیەکی شیاو، بەڵام بمانەوێ و نەمانەوێ پانزە ساڵی ڕابردوو ھەمولایەنەکان و بەھەمومانەوە دوای پارتی کەوتوین سیاسەت ئاڕاستە بکا، کامەی بێلایەنە دەیان جار بۆ کارێکی فەرمی ڕێگەی بۆ لای پارتی کوتاوەو ئەنجامەکەشی ھیچ بووە…ئەگەر سوکایەتیش نەبووبێت!.
پارتی دیموکراتی کوردستان، نەک (٤٥) کورسی (٤٥٠٠) کورسیشی ھەبێت، ناتوانێت بەردەوام بێت لە ئیدارەدان و ئاڕاستەکردنی پەیوەندییە گشتی و جیھانی و عێراقیەکانی، ناتوانێت وەڵامدەری ڕاستەقینەی خواستەکانی خەڵکی کوردستان بێت، ناتوانێت بەشێک بێت لە مانەوە، ھەتاوەکو لەو دونیایە لە ڕاوێژکار و ھەرزەو مفتخۆری بێ ئاگا خۆی نەتەکێنێت. بەھەمان شێوە یەک بەرمیل نەوت ببێتە ھەزار دۆلار کورد ناتوانێ سودی لێوەربگرێ، بەھۆی سیاسەتی ھەڵەوە، پارتی وەک یەکەیەکی سیاسی ھەڵەی نێوخۆیی ئەکات ئەوە پەیوەستە بەخۆیەوە، کاتێک ئەو ھەڵە ستراتیجیانە بە زیان بۆ سەر گەلی کورد ئەشکێتەوە، ئەوە ئیتر ھەموان بێزارین لەم سیاسەتە. تکایە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.