سزا قوڕسەکەی جەماوەر بۆ حزبە کوردستانیەکان

لەلایەن ستاندار Posted on 309 جار بینراوە

شێرزاد شیخانی

ھەڵبژاردنەکانی ئەمدواییەی پەرلەمانی کوردستان چەند راستیەکی بۆمان دووپاتکردەوە ، کە بەشێک لەنوسەرانو چاودێرانی سیاسی دەمێکە باسیان لێوەکردوە ، بەتایبەتیش ئەو ھەڵوێستە لاوازانەی حزبە کوردستانیەکان بەرامبەر بەفیرعەونبونی پارتی وسەرۆکەکەی . سەدان وتار نوسران ، سەدان رۆشنبیر بەدرێژایی ماوەی رابردو زەنگی مەترسیەکانی بەدیکتاتۆربونی پارتییان لێدا ، دەیانجار باسمان لەوەکرد کەوا ھەر حزبێک لەپارتی نزیک ببێتەوە بەئاگرەکەیەوە ئەسووتێ ، بەڵام بەداخەوە کەس گوێی لێنەئەگرتین ، بۆ ھەندێ بەرژەوەندی بچوکی حیزبی وشەخسی جەماوەر‌یان لەخۆیان رەنجاندو کردیانە قوربانی بەرژەوەندییەکانی پارتی .

کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکگرتوو، دوا بەدوای ئەویش جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان، ئەو تەوەرە سەرەکییانەی باسیان لەدەرئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی ئەمجارەیان کرد ، ئاماژەن بۆ ئەو چاڵە گەورەیەی ئەم حزبانە تێی کەوتن ، کاتێک لەپارتی نزیکبونەوەو ئەم باجە قوڕسەیاندا کە نیوەی کورسییەکانیان لەدەست چوو.

ئەگەر سەیری ئەنجامە سەرەتاییەکان بکەین ، ئەبینین رێژەی کورسیەکانی گۆڕان نیوە بەنیوە دابەزیوە. رێژەی کورسییەکانی یەکگرتوو بەھەمان شێوە، ھەندێ حزبیش ھەر بەیەکجاری جەماوەرەکەی لەدەستداوەو نەیتوانی یەک کورسیش بەدەست بھێنێ ، ئەمە ھەموی دەلالەتی ئەوەیە ئەو حزبانەی لەپارتییەوە نزیک دەبنەوە یان موجامەلەی ئەکەن و ناتوانن ھەڵوێستێکی نیشتمانی دژ بەپارتی وەربگرن ، لە نەتیجەدا ئەمجۆرە باجە قوڕسە ئەدەن. لەبەرامبەریشدا ئەبینین ئەو حزبانەی ھەڵوێستی ئازانەیان ھەبو بەرامبەر بە دیکتاتۆرییەتی پارتی دەنگیان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردوە، نمونەش کۆمەڵی ئیسلامی کە ھەر لەسەر ھەڵویستە جوامێرانەکانی تا ئەخیر لەحزەش بەردەوامبو. نەوەی نوێش کە ئازایانە ھاتە مەیدان ھەر لەمەسەلەی ریفراندۆمە شوومەکەوە تا ریسواکردنی سەرانی پارتی خەباتی کردو، توانی ئەنجامێک بەدەست بێنێ کە پارتی تووشی شۆک کرد .

ئەم حزبانە لەو حەقیقەتە نەگەیشتون کەوا پارتی بەتەزویرو ساختەکاری ئەتوانێ لەھەمو ھەڵبژاردنەکاندا دەنگی خۆی مسۆگەر بکات، ئەم مەھزەلەیەی ئەخیریش کە بە ٤٤ کورسی پارتی تەواو بو، ھەر ھەمان مەھزەلەکانی پێشترە ، پارتی ئەگەر یەک دەنگی جەماوەریشی لەگەڵدا نەبێ ، بە ئیرھاب وپارەو کڕینی ویژدانی ئەمو ئەو، ئەتوانێ ھەمودەم خۆی وەکو ھێزی یەکەم لەسەر ساحەکەی کوردستان بھێڵێتەوە، بەڵام حزبەکانیتر تەنانەت توانای تەزویرو ساختەکاریشیان نیە ، ھەر گورزێکی جەماوەری بەریان بکەوێ ، یەکسەر کاریگەریەکەی بەسەر کورسییەکانیانەوە دەرئەکەوێ . پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئایا پارتی و دەسەڵاتەکەی ھی ئەوەن حزبەکان جەماوەرەکەی خۆیان بکەنە قوربانی بەرژەوەندیەکانی ؟. ئایا ئەم حزبانە لەچی تۆقیان چوەو، ناتوانن لای جەماورەکەیان بگرنو، شێلگییرانە دیفاع لەمافو بەرژەوەندی جەماوەرەکەیان بکەن ؟. ئایا ئەم حزبانە بەچاوی خۆیان نابینن پارتی ودەسەڵاتە تاکڕەوەکەی چ زوڵمێک لەو میللەتە ئەکەن ؟. نابینن ئەم ھەمو مافیایانەی دەسەڵات چۆن سەروەتو سامانی میللەتەکەیان ئەدزن ، بۆچی لەھەندێ مەواقیفدا لای پارتی ئەگرن لەسەر حیسابی ئێشو ئازاری میللەتەکەیان ؟.

بزوتنەوەی گۆڕان چ ئیستفادیەکی ئەکرد ئەگەر پارتی لەریفراندۆمەکەی سەرکەوتوبوایە، بەبەرچاوی خۆیانەوە نەیانبینی سەرۆکی پەرلەمانەکەیانو وەزیرەکانیان لەحکومەت شاربەدەر کران ؟!. بۆچی جورئەتی شاسوار عەبدولواحیدیان نەبو، کە ھەندێ لەقەڵەمفرۆشەکان بەناوی ( خاوەن مەدینەت ئەلعاب ) ناوی ئەبەن، خۆ ئەو گەنجە زۆر حەکیمانەتر لەوانەی پەنجا ساڵ زیاترە لە سیاسەتو شۆڕشەکاندا ژیانیان بەسەربردوە، لەبەرامبەر پارتی وسەرۆکەکەی وەستاو، جەماوەریشی ھانئەدا بۆ دژایەتیکردنی ریفراندۆمەکە. ئەوەش پاداشتەکەی بو کە بە تەنھا چوار مانگ لەدامەزراندنی ئەو ھەمو دەنگەی ھێنا کە حزبیتر بە پەنجا ساڵی خەبات وھیتریش بە سی ساڵی تەمەنیەوە ، نەیتوانی بەقەدەر نیوەی دەنگەکانی ئەو بەدەست بێنێ ! .

ئەو شەڕەی یەکیتی لەبەغدا بەرامبەر پارتی کردی سەبارەت بە پۆستی سەرکۆمار، ئەگەر پێش ھەڵبژاردنەکەی پەرلەمانی کوردستان بیکردایە، ئێستا ھاوکێشیەکە قڵپ ئەبوەوەو ئەو ٤٤ کورسییەی پارتی بەتەزویر بردی ھەموی بۆ یەکێتی ئەبو ، ئەمە معیارە کە ھەر حزبو لایەنێک دژی دیکتاتۆریەتی پارتی بێت ، ئەو ئەیباتەوە ، چونکە حەقیقەتی پارتی بۆ ھەمو لایەک ئاشکرابوە ، ئەوەتا بەدرێژایی حەفتا ساڵی تەمەنیەوە نەیتوانیوە لەناوچەکانی سلێمانی پێگەیەک بۆ خۆی دابنێ ، چونکە خەڵکەکەی رۆشنبیرن ، تەنانەت لەھەولێرو دھۆکیش بەبێ تەزویرو ساختەکاری ناتوانێ خەڵک بۆ لای خۆی رابکێشێ.

بایکۆتی نیوەی دەنگدەرانی ھەڵبژاردنیش باشترین بەڵگەیە لەسەر ئەوەی پارتی وەکو ھێزی یەکەمی دەسەڵات لەبەرچاوی خەڵک کەوتوە ، نازانم ئەو حزبانەی ئەبنە کلکی پارتی چ سوودێکیان لێ وەرگرتوە تا ببنە پاشکۆی لەمەسەلە چارەنوسسازەکاندا؟!.

سیاسەت ھەڵوێستە ، ھەڵوێستیش ئازایەتی ئەوێ .. جەماوەریش چاوکراوەیە چیتر بە درۆی ھەڵمەتەکانی ھەڵبژاردن ھەڵناخەڵەتێ و سزای ئەو حزبانە ئەدات کە تەعبیر لەخواستو ویستەکانیان ناکەن .

ئیدی کەس ئەو کەسە کە ئەلفوبێیەکی بەسە..

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.