حەبل حەبلێنەیە لە سەر تورکیا ئەویش دەیەوێ ، تەوازوون وەرگرێ

لەلایەن ستاندار Posted on 332 جار بینراوە

مەهدی کاوانی

 

تا ئێستا لەو حەبل حەبلێنە ، ڕووسیا بەهێزترە . ئەمەریکا زۆر شتی بە دەستەوەیە ، لە هەموویان گرنگتر ، زیاتر بزواندنی پرسی کورد ، بەڵام هێشتا نایەوێ ئەو تەوازوونەی گرتووتیە بەر لە نێوان کوردان و تورکیا لە دەست بدات . ڕوسیا بە هەموو توانایەکی دەیەوێت تورکیا بە تەواوەتی لە بن دەستی ئەمەریکا دەربێنێ . ئەگەر ئەو ویستیەی روسیا لە دوا جاردا ، سەری گرت ، مانای مانگی هەنگوینی کوردانی بەدواوە دێت . کە لاڤرۆڤ دەڵێ ، ئەمەریکا کار بۆ ئەوە دەکات باکووری فورات لە سوریا جیاکاتەوەو ئەزمونێکی دەولەتداری تیا دروست بکات و بیکاتە هەوێن بۆ دروست بوونی دەولەتی گەورەی کوردی لە تەواوی کوردستان ، کە ئێمە ئەوە قبوڵ ناکەین دەناو دوو کەوانە ڕوسەکان ، زیاتر جۆرە ئاگادار کردنەوەیەکی تورکیایە بەوەی ئەگەر لە گەڵ ئێمە بن ،لێناگەڕێین ئەو بە ولادەت بوونە دەولەتیە کوردیە ، دروست ببێت .

بۆ عیراقیش ئەو ترسە دروست دەکات . ناوی ئێرانی نەهێناوە پێدەچی لە بەر ئەوەی بێت کە دەناو کۆنتڕۆلی ئەمەریکیدا نەبن . بە بۆچوونی خۆم ئەوەی لاڤرۆڤ زیاتر بۆ ترساندنی تورکیایەو پێشم وانیە هەموو سەرەداوەکانی پشتکردنی تەواوەتی لە کوردان بە تایبەتی هی ڕۆژئاوا بسەنێتەوە بە تایبەتی لە مەڕ ڕێکخستنیان دەناو سیستەمی فیدرالیزمی سوریا . چونکە ئەگەر ئەوە بکات ، کوردەکان بە ناچاری و بە تەواوەتی هەموو هێلکەکانیان دەخەنە ناو سەبەتەی ئەمەریکی . بەڵام پشت کردن لە کوردان لە عەفرین و ئەو لێدوانەی سیرگی لاڤرۆڤ زیاتر ، دوور کەتنەوەیە لە کوردان بۆ بەرژەوەندی تورکیا . ئەمەریکیەکانیش نەیان شاردەوە لە عەفرین ، گۆتیان ئەمە نەبووین کە پشتمان لە کوردان کرد بەلکو ڕووسەکان بوون بەڵام پێشمان خۆش بوو ئەوە ڕوویدا تا کوردان بزانن ماهیەتی رووسەکان چۆنچۆنیەو پێشمان خۆشە کوردەکان بەس ئێمە هەڵبژێرن ، نەک ڕووسەکان .

بە بۆچوونی خۆم ئەگەر ئەمەریکیەکان بتوانن تورکان لە بن باڵی رووسان دەربێنن ، ئەو کاتە کوردانی سوریا بە جۆرە ئۆتۆنۆمیەکی مەرجدار دەناو سیستەمی سوریا ڕێکیان دەخەن و بە پێچەوانەشەوە دەڵێنە تورکان ، موبارەکی ڕووسەکان بن و با کوردیش بۆ ئێمە ، ئەوجە بە چاوی خۆتان ببینن چیتان بە سەر دێت . ڕووسەکان وەها تێ دەگەن ئەگەر تورکیا بخەنە پاڵ خۆیان و لە ناتۆ و بن دەستی ئەمەریکا دەری بێنن و بیخەنە ناو تەحالوفی رووسی ئێرانی بەشار ئەسەد ، مانای وایە تەوازونی ناوچەکە زیاتر بەلای ڕووسەکان دەکەوێ نەک ئەمەریکیەکان . بۆچوونی وەها لە ڕووی هەنووکەییەوە ڕاستە ، بەڵام بۆ دوور مەدوا ، نا . بۆ نمونە ئەگەر بهاتبایە ئەمەریکیەکان لە شەڕی داعش ، لەگەڵ تورکان هاوکار بوونایەو پێیەوە ئەو ئەزموونەی رۆژئاوای لێ دروست نەبووبایە ، لەو کاتە ئەگەر ڕژێمی بەشار ئەسەدیش ڕووخابا ، دەولەتێکی جمهوری ئیسلامی سوننەی لە سوریا لێی دەکەوتەوە کە ئیسرایل هەرگیز ئەمەی پێ قبوڵ نەدەکرا چونکە ئەمەکەی دوایی لە نێوان دەولەتێکی سوننی ئیسلامی و بە شار ئەسەدێکی لاواز ، ئەوەکەی ئاخیری هەڵدەبژارد .

لە بیریشمان نەچێت تورکیا ئێستاکە تەوەخوجوهەکەی زیاتر ئیسلامیەو لەو چەند ساڵەی دوایی بە تایبەتی ئەو بە ناو کودەتایەی تورکیا ، ئەرۆگان جەزرەبەی کوشندەی لە بنەماکانی سیکۆلاریزم لە تورکیا داوە.. ئەدی داڕمانی ئابووری لە تورکیاو ناجێگیربوونی سیاسی دەناویانداو دەیان کێشەی تر ،. ئەمانە هەر هەموویان وا لە ئەمەریکا دەکا ئیسرایلیشی لە گەڵ کە بیر لە دۆستێکی تر بکەنەوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان لە ناوچەکە کە ئەویش کوردەکانن . کوردەکانیش خاەن قەزیەنە مینبەری جیهانیش و نەتەوە یەکگرتووەکانیش ناتوانن نکۆلی لە داخوازی کوردان بکەن بە تایبەتی ئەگەر ئەمەریکیەکان لە پشتیانەوە بن . ئەمەریکا ئەگەر کێشەی کوردان ، بگرێتە دەست ، دەتوانێ بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی لەناوچەکەو بە تێچوویەکی هەرە کەمەوە بە دلیلی لە ڕێگای یەکینەکانی پاراستنی گەل ناوچەیەکی هەرە گرنگی سوریای خستۆتە ژێر کۆنتڕۆلی خۆیەوە ، وە دەست بێنی. بەش بە حالی خۆم گەشبینم لە ئایندەک کورد ، چونکە وڵاتانی کە کوردیان پێوە لکێندراوە ، خەریکە بە تەواوەتی دەپوکێنەوە .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.