“رابەر و سەرکردایەتی بزوتنەوەی ئیسلامی حیزبەکەیان بەو رۆژەگەیاند”

لەلایەن ستاندار Posted on 313 جار بینراوە

ستاندەر
د.ئەحمەد وەرتی پەرلەمانتاری پێشووی بزوتنەوەی ئیسلامی ڕەخنە لە ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی حیزبەکەی دەگرێت و ڕایدەگەیەنێت ” کادیران و ئەندامانی بزووتنەوە لە بری ئەوەی بوێرانە پەنجە بخەنە سەر برینەکان و ڕەخنەی جددی بگرن لە ڕابەر و سەرکردایەتی بزووتنەوەی ئیسلامی کە حیزبیان بەم ڕۆژە گەیاند کە لە دوو کورسی ھێنایانە سەر یەک کورسی و لەویشەوە ھێنایانە سەر ھیچ”
راشیدەگەیەنێت ” ڕەخنە لە وانە دەگرن کە ھیچ دەستێکیان لەم شکستانەدا نییەو، بەڵکو پەراوێز خراون و ھەرچی پڕۆژەیەکی چاکسازیشیان ھەبووە ڕەتکراوەتەوە و گوێی پێ نەدراوە، دەی نابێ بەدوای ھۆکارە سەرەکیەکانی شکستەکاندا بگەڕێن و، لەوێشەوە چارەسەر بدۆزنەوە؟”

دەقی نوسینەکەی د.ئەحمەد وەرتێ بخوێنەوە:

لە بارەی شکستی ئەمجارەی بزووتنەوەی ئیسلامییەوە..

نەمویست ھیچ بڵێم سەبارەت بەم شکستەی ئەمجارەی بزووتنەوەی ئیسلامیی لە ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و پاشەکشەی بەرچاوی لە گۆڕەپانی سیاسیدا، بەڵام ھەندێ جار ناچار دەبیت قسە بکەی و، ڕوونکردنەوە بدەیت، یان دیدی خۆت دەرببڕیت..
لە وەڵامی برایەکدا ئەم چەند خاڵەم نووسی کە گلەیی کردبوو بۆچی وەزیر و پەرلەمانتارەکانی بزووتنەوە بەشداریان نەکردووە لە بانگەشەی ھەڵبژاردندا و ھیچ کارێکیان نەکردووە، لە کاتێکدا وەزیر و پەرلەمانتارە خانەنشینکراوەکانی فڵان حیزب لێدوانی وایان داوەو بەرگریان لە حیزبەکەیان کردووە:

کاک …. سڵاو، با من لە بەشی خۆم وەڵامێکی کورتت بدەمەوە:
یەکەم/ جارێ نە پشتمان لە حیزب کردووەو نە وازمان ھێناوەو نە سپڵەش بووین.
دووەم/ ئێمەش غەریبە نەبووین کە بووین بە پەرلەمانتار لە ناو ئەم حیزبەو بەشی ئەوە کار و ڕابردوومان ھەبووەو ھەیە، ئیدی پێویست بە ڕوودادان ناکات، کاری خۆشمان بە ئەمانەتەوە ئەنجام داوە.
سێیەم/ ئەوان کە بەرگری لە حیزبەکەیان دەکەن، دەزانن بۆ دەیکەن و بۆ کێی دەکەن و بۆچی دەیکەن، ئەوان خاوەنی سەرکردەو حیزب و کاری پێکەوەیی و تاڕادەیەک دامەزراوەیین ، ڕاوێژیان پێ دەکەن و حورمەتیان دەگرن و سوود لە ئەزموونیان وەردەگرن، بۆیە ئەوانیش دێنە پێش و مافی خۆیانی پێ دەدەن، نەک وەک حیزبەکەی من و تۆ کە لە پەرلەمان ھەوڵی ئیزاحەیان بدەن و بیانشکێنن و، دواتریش لە ھیچ شتێکا لێیان نەپرسنەوەو حیسابیان بۆ نەکەن!
چوارەم/ من لەم ھەڵبژاردنەدا عەرزی چەند برایەکی سەرکردایەتی و (م.س)م کرد بۆچی ئەوەندە بێ نیاز بوون لە خەڵکی و ئێمە مانان تەنانەت بۆ ھەڵمەتی ھەڵبژاردن و کەرنەڤاڵەکانیش بانگتان نەکردین وەک ئەوەی لە بانگەشەی ھەڵبژاردنی پێشوو بۆ ئەنجومەنی نوێنەران تا ڕادەیەک ئەوە کرا؟ بێ نیاز بوون و خۆ بە ھەموو شت زانین ئەنجامی باشی نابێت.
پێنجەم/ ئێوە کادیران و ئەندامانی بزووتنەوە لە بری ئەوەی بوێرانە پەنجە بخەنە سەر برینەکان و ڕەخنەی جددی بگرن لە ڕابەر و سەرکردایەتی بزووتنەوەی ئیسلامی کە حیزبیان بەم ڕۆژە گەیاند کە لە دوو کورسی ھێنایانە سەر یەک کورسی و لەویشەوە ھێنایانە سەر ھیچ، دێن ڕەخنە لە وانە دەگرن کە ھیچ دەستێکیان لەم شکستانەدا نییەو، بەڵکو پەراوێز خراون و ھەرچی پڕۆژەیەکی چاکسازیشیان ھەبووە ڕەتکراوەتەوە و گوێی پێ نەدراوە، دەی نابێ بەدوای ھۆکارە سەرەکیەکانی شکستەکاندا بگەڕێن و، لەوێشەوە چارەسەر بدۆزنەوە؟
شەشەم/ تا حاڵی حیزب لە بەڕێوەبەران و ھەڵسوڕێنەرانی و، کادیرەکانی و، ھەڵوێستەکانی..بەم شێوازە و بەم نەمەتە بێت، دەبێ چاوەڕوانی خراپتریش بین، بەداخەوە کە ئەمە دەڵێم بەڵام حەقیقەتێکی تاڵەو، خەمی پێوە دەخۆین، چونکە لە منداڵییەوە تا بە ئەمڕۆ کارمان تێدا کردووەو شانازیمان پێوە کردووە، بەڵام حیزب وەسیلەیەو ئامانج نییە، کاتێ ئامانج ون دەبێت، بەرژەوەندی و فەوزا جێی دەگرێتەوە، دواجار کارەساتی بەدوادا دێت، ناشکرێ تا سەر ئەسیری چوارچێوەیەکی داخراو بیت.
لە گەڵ ڕێز و خۆشەویستیم بۆ بەڕێزتان و ھەموو براو خوشکێکی بەڕێز و دڵسۆز و خەمخۆری دین و حاڵەتی ئیسلامی و ئەم میللەتە داماوە..

دوا خاڵ دەڵێم: دوای ھەر شکست و پاشەکشەیەک، ھەر حیزب و گروپ و کۆمەڵێک دەتوانێ ھەستێتەوە و، خۆی ڕێک بخاتەوە بە مەرجێک زەمینەی ھەستانەوەی لەبار بێت و، کەرەسەی ھەستانەوەو دووبارە خۆ بیناکردنەوەی لەبەر دەستدا بێت و پەند لە ڕابردوو وەربگرێت، بەڵام بەم حاڵەی ئێستاوە، بزووتنەوە کە ناتوانێ بە باشی ئیدارەی خانەنشین و پاسەوانی بارەگاکانیشی بدات و قەناعەتیان پێ بکات دەنگ بە لیست و کاندیدەکانی بدەن، ئەستەمە بتوانێ خۆی ساز بداتەوەو گورج و گۆڵ بێتەوە مەیدان..
دۆستیش ئەوەیە بتھێنێتە گریان، نەک بتھێنێتە پێکەنین..

ھەولێر – ٢٢/ ١٠/ ٢٠١٨.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.