ھێزی عەقڵی کۆمەڵگا ودەسەڵات

لەلایەن ستاندار Posted on 425 جار بینراوە

کمال محمد

پەیوەندی عەقڵ و کۆمەڵگا ئاشکرایە تاعەقڵ بەرەوپێشەوە نەچێت کۆمەڵگا گەشە ناکات ،ئەمە خاڵێکە ھەرچاودێرێک یان تاکێکی ئاسایی ھەستی پێ ئەکات، بۆیە لەھەرێمی کوردستانیش کاریگەری ئەم ھێزە بەدیارکەوتوە لەکاولکارییە ئابوری و سیاسی و ئیکۆلۆژییەکانی دەسەڵاتدارانەوە ، تەنانەت ئەم واقیعە سەلمێنراویشە و ناتوانرێ نکوڵی لەلایەنی راستی بکرێت ،بۆیەدرێژەکێشانی ئەم جۆرە سیستەمە کاولکارییە بێسنورە دەشێت بەمردنی کۆمەڵگا ئەنجامگیر بکرێت و تەنانەت کۆتایی بەکۆمەڵگاش بھێنێت وەک بوون !.

گرنگی ژیری مرۆڤ لەوەدایە کەتوانای ھەست پێکردنی پێشێلکردنی ئەم ھێزەی ھەبێت کەلەلایەن دەسەڵاتەوە کاری لەسەر ئەکرێت،ھەرئەم ھەستی ژیرییەش وەک باڵابونی خودی تاک شرۆڤە ئەکرێت،بۆیە تابەرزی ئاستی ئەم ھێزە لەگەڵ قۆناغەکانی کۆمەڵگاو دەسەڵاتی سیاسی دەرکی پێ نەکرێت،ناتوانرێت تواناکارییەکی شایستە سەبارەت بەدەرفەتەکانی چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگاو دەسەڵات ھەڵسەنگێنرێت ،

لەوانەیە کەسانێک ھەبن بپرسن ،پەرەسەندنەکانی کۆمەڵگای سیاسی شێرپەنجەیی چ پەیوەندییەکی بەعەقڵی تاکەوە ھەیە؟ کەئەم پەرەسەندنەش ھەنگاو بەھەنگاو سەرلەنوێ شێوە بەتەواوی کارەکتەری سیاسی نوێ و پاوانی سیاسی ئەدات، بۆیە لەوەڵامی ئەم پرسیارەدا دەردەکەوێت کەھەمیشە ھێزی عەقڵ پەرەسەندنێکی سەرسوڕھێنەر بوە کاتێک بەلایەنی ژیری و ئەرێنی بەکارھێنرابێت کۆمەڵگایەکی دیموکراتی بەدواداھاتوە ،بەڵام کاتێک بەلایەنی نێگەتیڤ بەکارھێنرابێت کۆمەڵگای بەرەوپێشێلی یاساورێساکان بردوە .

لەم ھەرێمەدا سەرمایە و دەسەڵات دیاردەیەکە لەرێگەی پەنابردنەبەر فێڵ و درۆ و توندوتیژییەوە پەرەیان پێدراوە لەمیانی بەکارھێنانی عەقڵەوە وەک رەنجدەرێکی بێ کرێ و بێ بەرامبەرەوە! کەتاڕۆژگاری ئەمرۆش بەشێکی سەرەکی زیھن و ھەلومەرجی گونجاوی پێشکەش بەپارتە دەسەڵاتدارەکان کردوەودەشێت ھەرئەم ھێزی عەقڵەش بەشێواندن و لارێکردنی دەسەڵاتی سیاسی و حکومرانی ناوببەین .بۆیەکاتێک لەمیانەی ئەم پارادایمەوە سەیری مێژووی سیاسی دەسەڵاتدارانی ئەم ھەرێمە بکەین ئەوەمان بۆ روون ئەبێتەوە کەھێزی عەقڵی کۆمەڵگا، عەقڵی کەڵەکەکردنی سەرمایەو دەسەڵاتی سیاسیە دەمامکدارەکان بوە .

سەبارەت بەھێزی عەقڵی کۆمەڵگا بەخشینی بەھایەکی مەزنە بەوھێزە کەپێش ھەمووشتێک دێت، چون خودی کۆمەڵگا ئەو گۆڕەپانەیە کەعەقڵی تێدا چڕبۆتەوە، بۆیە بێ ئومێدی ھیچ واتایەکی نییە کاتێک دەنگێک لەگشت پیرۆزییەکانەوە ئەچۆڕێت و ئەڵێت عەقڵمان پێ بەخشین بۆئەوەی لەرێگەی چاکەبەکاری بێنن! لەراستیدا پێویستە ئەم دەنگەببیستین و لێی تێبگەین، تەنانەت دەنگی ویژدانیش کەبەھۆشمەندی کۆمەڵگان اودەبرێت! بۆئەوەی ھەرچی ھزری ئەم قۆناغەیە کەدیموکراتی دوچاری بنبەستبون کردوە چیتر بەوشێوە بەرێوەنەچێت، چون بەخشینی ھەر بەھایەکی مەزن بەعەقڵ ھەبونی ئەوبەھایانەیە کە کۆمەڵگایەک بنیاد ئەنێت کەبتوانرێت بەکۆمەڵگای دیموکراتی ناوببرێت .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.